دانپێدانانی سیخوڕەکان کوشتنی ژنانی کامپی ئاوارەکان ڕوون دەکاتەوە

زنجیرە دیکومێنتاری "دەستی تاریک"ی کەناڵی ڕۆناهی تیڤی، کە دانپێدانانی گروپێک سیخوڕ دەردەخات لە باشووری کوردستانەوە لەلایەن میت و پەدەکەوە ئاڕاستە دەکرێن، دەریدەخات کە کوشتنی ژنان لەناو کامپی ئاوارەکاندا لە پشتییەوە داگیرکاری هەیە.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- سیخوڕی وەک ژەهر، لە هەر کۆمەڵگەیەکدا هەبێت، ئاقاری کۆمەڵگە بۆ ژێردەستی هێزی بەکرێگرتە ڕادەکێشێت، سیخوڕی ڕەگێکی مێژووی هەیە، کە بە پێی هەر سەردەم و قۆناغێک شێوازی جیاوازی، لە ڕێگەی تۆڕی زانستی، ڕاگەیاندنی، هونەری، بارزگانی، ڕۆشنبیری، سێکسی و هەواڵگری و چەندین لایەنی دیکەی، لەخۆدەگرێت. سیخوڕی پێگەی گرنگی لە بواری بەدەستخستنی زانیاری هەواڵگری لەسەر هێزی بەرامبەر هەیە، هەمیشەش هێزی بەکرێگرتە بە بەکارهێنانی خاڵی لاواز کە لە سەردەمی ئێستادا پارە و سێکسە، دەستکەوتی خۆی بەدەستدەهێنێت.

 

کوردستان کە لە ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادایە، چەندین ساڵە بە شەڕی سەربازی، کولتووری، هونەری، ڕۆشنبیری، ڕاگەیاندن و ئابووری خوازی کۆنترۆكردنی گەلی کوردە، قۆناغی ئێستای شەڕی سەربازی بۆ دەوڵەتی تورکیا لاوازە و هەمیشە لە بەرامبەر هێزە ڕزگاریخوازەکانی گەلی کورددا ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە، بۆیە ڕێگاکانی دیکە بەکاردەهێنێت، تا بتوانێت دەستکەوتێک بەدەستبهێنێت، پارە چەکی دەستی ئەو دەوڵەتەیە، سێکسیش کە لایەنی سۆزداری تیادا بەکاردەهێنێت، ڕێبازێکە بۆ شەڕی تایبەت و فراوانکردنی تۆڕە سیخوڕییەکانی.

 

پێشەنگانی کورد لە پشت بەئامانجگرتنیانەوە تۆڕی سیخوڕی هەبووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا یەکە تایبەتەکانی یەبەشە و هێزە ئەمنییەکانی شەنگال بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆڵەکردنەوە" هەڵمەتێکیان لە دژی تۆڕە سیخوڕییەکانی میت و پاراستنی پەدەکە دەستپێکرد و لە ئەنجامدا بەشێک لە سیخوڕانی ئەم تۆڕە دەستگیرکران، دانیان بەوەدا نا، کە کاریان لە دژی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و بە ئامانجگرتنی فەرماندە و پێشەنگەکانی ئێزدییەکاندا هەبووە.

 

نوێترین گروپی سیخوڕیش کە تۆڕەکەیان ئاشکرابوو، گروپێک بوون، لە ڕۆژئاوای کوردستان کاریان بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی فەرماندەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە و پێشەنگەکانی کۆمەڵگە دەکرد. لە زنجیرە دیکومێنتاری "دەستی تاریک"ی کەناڵی ڕۆناهی تیڤی، دانپێدانانی گروپێک سیخوڕ بڵاوکرایەوە، کە لە باشووری کوردستانەوە لەلایەن میت و پاراستنی پەدەکەوە ئاڕاستە دەکرێن و کاری سیخوڕییان پێدەکرێت و بۆ ئەوەش گەنجی ڕۆژئاوا و پارە و ژن بەکاردەهێنن.

 

بەپێی ئەو دانپێدانانەی کە لە زنجیرەی دەستی تاریکدا خراوەتەڕوو، لە کامپی بەردەڕەش و دوومیز سەر بە پارێزگای هەولێر لە باشووری کوردستان، هێزەکانی دەزگای پاراستن لە باشووری کوردستان پەیوەندی بە گەنجانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و ئەوان دەهێننە باشووری کوردستان، لەگەڵ میتدا لە ڕێگای پارە، ماددەی هۆشبەر و دەستدرێژی کردنە سەریان، بەشداری ئەم توڕە سیخوڕییانەیان دەکەن و دەیانبەنە ناوەندی دەزگای پاراستن لە سێمێلی پاریزگای دهۆک، پاش ١٥ ڕۆژ پەروەردەکردنیان، لە ڕیگەی مۆبایل و ئینتەرنێتەوە کاری سیخوڕییان پێدەکەن.

 

هەر لەو دانپێدانانەدا دەردەکەوێت، کە لە ڕێگەی پەیوەندی سۆزدارییەوە ژنان ڕادەکێشنە ناو تۆڕەکانی خۆیان و پاشان دەستدرێژی دەکەنە سەریان و ڤیدیۆیان دەکەن، کە لە ئەگەری ڕانەپەڕاندنی هەر یەکێک لە ئەرکە سیخوڕییەکاندا وێنە و ڤیدیۆی ژنان بڵاودەکەنەوە.

 

شوکریە بەهجەت، کە خەڵکی شاری حەسەکەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، یەکێکە لە سیخوڕەکانی ئەو تۆڕە و خۆی لە دانپێدانانەکەدا باسی لەوەکردووە، لە باشووری کوردستان لەلایەن سیخوڕێکەوە بەناوی ئایهان کە لەگەڵ میت و پاراستن کاردەکات، دەستدرێژی دەکرێتە سەری، دواتر بە ناوی هاوسەرگیرییەوە دەکرێتە سیخوڕ، ئایهان کە دیمەنی دەستدرێژیەکەی گرتووە، بۆ کارەکانی خۆی بەرامبەر شوکریە بەکاری هێناوە، شوکریە لە ناوەندی پاراستن لە سێمێل مەشقی سیخوڕی وەرگرتووە، بەپێی دانپێدانانەکەی، زانیارییەکی زۆری لەلایەن پاراستن و میتەوە لێ وەرگیراوە، هەروەها لە بەردەم کامێراکان لە ناوەندی پاراستن لە سێمێل جارێکی دیکە لەلایەن ئەندامێکی پاراستنەوە دەستدرێژی کراوەتە سەری، تەنانەت دوای ئەوەی وەک سیخوڕ ڕەوانەی ڕۆژئاواش کراون، هەڕەشەیان لێکراوە کە هەر کاتێک بیانەوێت گرتە ڤیدیۆییەکانی بڵاو دەکەنەوە.

 

ئەگەر لێکدانەوەیەک بۆ کارەکانی پەدەکە و میت بکەین لە بواری سیخوڕیدا، کە چۆن گەنجان بە پارە ڕادەکێشنە ناو تۆڕەکانی خۆیان و بۆ ژنانیش، بە تایبەت ژنانی گەنج، لە ڕێگەی گرتەی دەستدرێژی سێکسییەوە بەردەوام ناچار بە کاری سیخوڕییان دەکەن، ئەگەریش کارەکەیان ئەنجام نەدەن ئەوا ڤیدیۆکانیان بڵاودەکەنەوە، دەردەکەوێت کە کوشتنی گوماناوی ژنان لە باشووری کوردستان بە تایبەت لەناو کامپەکانی دهۆک و هەولێردا، لە پشتییەوە فشارەکانی میت و پەدەکە هەن، بێگومان ئەم دۆخە بۆ ژنانی کامپی ئێزدییەکانیش ڕاستە و لە ڕێگەی تۆڕی سیخوڕی و ڤیدیۆکردنیان لە کاتی دەستدرێژی سێکسیدا هەوڵی بەکارهێنانیان بۆ پیلانە گڵاوەکانی خۆیان دەدەن.

 

ئەو ژنانەی لە کامپەکاندا بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە

لێرەدا ناوی بەشێک لەو ژنە ئێزدی و ڕۆژئاواییانە دەخەینەوە بەرچاو، کە لە کامپەکاندا ژیاون و بە گوماناوی کوژراون، یاخود هەواڵەکانیان لە میدیاکاندا بە خۆکوشتن بڵاوکراوەتەوە و دواتر هیچ زانیارییەک لەسەر کەیسەکانیان بڵاونەکراوەتەوە.

 

-ژنێکى گەنجی ئێزدى بەناوى نەجات بەرجەس، خەڵکى ناوچەى خانەسۆرى شەنگال، کە لە ساڵى ٢٠١٤ەوە بەهۆى هێرشى چەتەکانى داعشەوە ناچار بوو بوو کۆچبەری پارێزگاى دهۆک لە باشوورى کوردستان ببێت، لەدواى ٣ رۆژ لە رفاندن و دیارنەمانى، ٩ی نیسانی ٢٠١٨ تەرمەکەى دۆزرایەوە، بەپێى شوێنەوارى سەر تەرمەکە، ئەو ژنە گەنجە ئێزدییە کوژراوە.

 

ساڵی ٢٠٢١

لە جەژنی نەورۆز و یەکەم ڕۆژی بەهاردا ئایجان عەبدولمەلیکی ١٥ ساڵ، کە خەڵکی ڕۆژئاوایە و دانیشتووی کامپی دۆمێزە لە سنوری پارێزگای دهۆک، دەوترێت لەکاتی تەقەی خۆشیدا گولـلە بەر سەری دەکەوێت و بەهۆی سەختی برینەکەشیەوە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١ لە نەخۆشخانەی ڤین لە دهۆک گیانی لەدەستدا. لە بارەی ڕووداوەکەوە دایکی ئایجان دەڵێت: "ئامادەکاری نەورۆزمان دەکرد، گوتیان دەچین هەندێک شت دەهێنین، گوتمان باشە بەڵام زوو بگەڕێنەوە، دەرگامان کردەوە ئەو یەکەم کەس بوو هاتە ژوورەوە و کەوتە سەر زەوی".

 

سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکی خوێناوی بوو بۆ ژنانی گەنجی ئێزدی کەمپنشین، کە سێ ژن لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە کامپەکانی شاری دهۆک خۆیان کوشتووە، بە ناوەکانی ئەسمەهان خدری ٢٠ ساڵ لە ٤ی کانوونی یەکەم لە کامپی ئسییان سەر بە شارۆچکەی شێخانی دهۆک، ڕۆژێک دواتر و لە ٥ی کانوونی یەکەمدا ئەحلام خێرۆی  ١٥ ساڵ لە کامپی شاریا بە پەت خۆیان دەخنکێنن، ٧ی هەمان مانگیش سەلما سوعاد والیی ١٥ ساڵ لە كۆمەڵگەی بریسڤی ٢ شارۆچکەی زاخۆ و گەنجێکیش بە ناوی شەمۆ بەدەل سلێمان – ٢٠  ساڵ لە کەمپی قادیا، کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن

 

٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١، فه‌خریه‌ ده‌خیل ڕه‌شۆ، تەمەن ١٧ ساڵ خوێندکاری پۆلی ٧ی بنەڕەتی، کە بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگالەوە ئاوارەی دهۆک بووە و لە کامپی خانکێ دەژیا، بە حەبل خۆی خنکاندووە و کۆتایی بە ژیانی هات.

 

ساڵی ٢٠٢٢

٦ی ئادار، لە کامپی خانکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە، کە ٢٩ ساڵ پێکەوە ژیاون بە دوو گولـلە کوژرا.

 

-لە ٥ی ئایار، ژنێکی ئێزدی بە ناوی "ع.ق.ع" تەمەن ٦٢ ساڵ لەناو کەمپی ئاوارەکانی بێرسڤ لە زاخۆ، بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.

 

-١٨ی حوزەیران، له‌ نهۆمی ١٧ی كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبونی MRF لە شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هه‌ولێر ئاگرێک كه‌وته‌وه‌ و بەهۆیەوە ژنێک دوای تووشبوونی بە تەنگەنەفەسی گیانی لەدەستداوە، ژنەکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و ٣٠ ساڵە.

 

٥ی ئاب، باوک و کچێکی شەنگالیی بە ناوی فاروق میرزا خەلەف و ئاخین فاروق، کە دانیشتووی کامپی چەمیشکۆی ئیدارەی زاخۆ، بێسەروشوێن بوون و دوای چەند ڕۆژێک تەرمی فاروق میرزا خەلەف لە باخچەیەکی شاری دهۆکدا دۆزرایەوە، کچە ٦ ساڵانەکەشی دوای دەستدرێژی کوژراوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢١دا تۆڕی ژنانی ئێزدی گومانی لە زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بە تایبەت ژنانی ئێزدی ناو کامپەکان بۆ دروستبوو، داوایان کرد هەرچی زووە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی پشت خۆکوشتنی ژنانی گەنج بکرێت، چونکە وەک خۆیان دەڵێن: خۆکوشتن لە ئاینەکەیاندا تاوانە، بەڕێوبەری ئەوکاتی تۆڕی هاوکاری ژنانی ئێزدی ڕیحام حەسەن، ئەوەی خستووەتەڕوو: کێشەکانی سیستمی پیاوسالاریی دەبنە هۆکاری کوژرانی ژن بەدەستی پیاو یان ئەوەی، کە ژنان کۆتایی بە ژیانی خۆیان بێنن، وتووشیەتی: ئەگەر ژنێکی گەنج لە دەستی چەتەکانی داعش هەڵهاتووە و ڕووی لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە کردووە، ڕووبەڕووی ئەم ڕووداوانە دەبێتەوە، جێی گومانە.