ژن، ژیان، ئازادی

"ژن، ژیان، ئازادی" ئەو سێ وشەیەی کەهێزی سەدان پەرتوک و بڵاوکراوەو کۆڕو سیمیناری هەیە، بەتەنها ئەوسێ وشە تەواوی توندووتیژییەکان تێکدەشکێنێت لەسەر ژن.

ئاڤان کەریم 

 

ناوەندی هەواڵ-لەمێژووی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن دژبە سیستمی نێرسالاری لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ دروشمێک نەیتوانیوە هێزی مانەوەو ڕێکخستنی ناڕەزایەتیەکانی ژنانی هەبێ بەڕادەی دروشم وفەلسەفەی  ژن ژیان ئازادی، ئەو دروشمە نەتەنیا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو ئێستا پەلی کێشاوە بۆتەواوی جیهان و کەوتۆتە سەر زاری یارو نەیاری ژنان، کاتێک نەیاران دژبە دروشمی ژن ژیان ئازادی دەوەستنەوە واتای ئەوەیە ئەوان لەبەردەم ئەو دروشمەدا هیچیان پێنەکراوەو نەیانتوانیوە ڕێ لەبڵاوبونەوەی بگرن، هەرەوەکو چۆن دژبەرانی ئازادی ڕاستەقینەی مرۆڤ وکۆمەڵگەی دیموکراتیک نەیانتوانی ڕێبەرێکی مرۆڤایەتی وەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەزیندان کپبکەنەوە، هەرئاواش نەیانتوانی فەلسەفەکەی بەر پێ بگرن، ژن ژیان ئازادی ئەو فەلسەفەو دروشمەی کە ڕێبەرێک لەزیندانەوە کردی بەدەروازەی ڕۆشنگەری بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازادو سەرهەڵدانی شۆڕشێکی حەتمی وهەنوکەیی بۆژنانی جیهان‌.

ژن، ژیان، ئازادی  هێزی لەبن نەهاتووی ژنانە دژ بەتوندوتیژی
ژن بۆخۆی پایەی سەرەکی پێکهێنان و ڕیشەی بنەڕەتی خێزان وکۆمەڵگایە  پڕیەتی لەهێزوئیرادە ومتمانە بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی توندوتیژیەکان دژبەژنان وسەپاندنی سیستمی باڵادەستی پیاو، هیچ هێزێک لەژندا هێندەی دروشمی ژن ژیان ئازادی وورەوخۆڕاگری بەژن نەبەخشیەوەو هێندەی ئەوفەلسەفە ووزەی قەتیس کراوی ژنی بەگەڕ نەخستەوە، ژن ژیان ئازادی تەنها دروشمێک نیەبەڵکو لەگەڵ ووتنی دروشمەکەدا ژنان هەست بەهێزێک دەکەن لەسروشتیاندا  کەهیچ بەربەستێک نامێنێت نەتوانن تێکیبشکێنن، بەربەستەکانی ژن بۆئازادی دەیان ساڵە ڕۆژلەدوای ڕۆژلەزیادبونەوهەرجارەی  لەژێر ناوو ناونیشانێک ولەژێر دروشمێکی درۆینەدا وبەناوی ئازادی ومافی ژنەوە کۆمەڵگای پێ فریودەدرێ وژن دووبارە دەکاتەوە بەکاڵا و سیستم بەکاری دەهێنێت، ژن ژیان ئازادی هەموو ئەوبەربەستانەی تێکشکاندو دووبارە ڕۆڵی ڕاستەقینەی ژنی بەخودی ژن ناساندەوە، ئەوهێزە قەتیس بوەی لەژندا هەبوو کردیه کڵپەی هەڵگیرسانی شۆڕش وسەرهەڵدان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەوسێ وشەیەی بەتەنها خۆی بوە مانیفیستۆی ئازادی وخەباتی ژنان
ژن، ژیان. ئازادی توانی ببێتە مانیفیستۆیەک و ڕێنیشاندەرێکی ڕاستەقینەی ژنان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئاشکرایە لەکۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک وکۆمۆناڵیدا ژنان ڕێبەرو ڕێکخەری بناغەی ئەو کۆمەڵگەن، هیچکات کۆمەڵگەیەکی وەها لەوشێوە پێکنایەت ئەگەر ژن ئازادو سەربەخۆ نەبێت، هەربۆیە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوە مانیفیستۆو ڕێنیشاندەری ژنان ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخوێندەوارو نەخوێندەوارەوە، کاتێک ژنانی نەخوێندەوارو چەوساوە دروشمی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە هیچ جیاوازیەک نابینرێت لەتێگەشتنیدا بەراورد بەژنێکی خوێندەوار، چونکە وتنەوەی خودی دروشمەکە وانیشان دەدات کە ژنە چەوساوەو نەخوێندەوارەکەش مانیفیستۆیەکی هەبوبێت بۆ هۆشیاربونەوەو ئازادی،قوڵبونەوە لەمانای ئەم دروشمەدا دەمانگەیەنێت بەوڕاستیەی کە ژنان بێ جیاوازی هاودەنگن لەپێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی وکۆمۆناڵی کەتیایدا ژن دەستەبەری تەواوی مافەکانی دەکرێ وژن تیایدا سەرکردەو پێشەنگە وهاوتایە لەگەڵ پیاودا تێدەکۆشن لەتەواوی بوارەکانی ژیاندا، لەهەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان دروشمی  ژن، ژیان، ئازادی تاکە هێزە بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەو توندوتیژی.

ژن، ژیان، ئازادی
ژن واتە پایەی سەرەکی و ڕیشەیی کۆمەڵگە وخێزان، ژیان بێ ژن واتە لەناوچۆنی مرۆڤایەتی ،ئازادی کۆمەڵگاش بەندە بەئازادی ژنەوە،کەواتە هەرسێ ووشەکە دەتوانن ببنە ئامڕازێکی بەهێز بۆ نەهێشتنی توندوو تیژی لەسەر ژنان ،بەتەنیا ئەودروشمە تەواوی ئاڵنگاریەکان تێدەپەڕێنێ ودەتوانێ ژنی هۆشیارو بەئیرادە بونیات بنێ،هەرکات لەزاری ژنێکەوە ئەم دروشمە دەبیسترێ ئیتر لەوژنەدا هێزوئیرادەوبڕوابەخۆبوون بەڕوونی دیارە ،ئیرادەش تاکە سەرچاوەیە بۆزاڵ بوون بەسەر توندوتیژیەکاندا ،ئیتر هەرجۆرێک بێ لەتووندوتیژی،هەربۆیە لەهەفتەی بەرەنگاربونەوەی توندووتیژیدا پێویستە ژنان بەهیزوئیرادەوبڕوابەخۆبوونەوە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بکەنە سەرمەشقی خەبات وتێکۆشانیان دژبە نادادی و توندوتیژیەکان.