ڕوناک مەجید: خوێندکار و خوێندن بوونەتە تاقیگە

ڕوناک مەجید کاندیدی سەربەخۆ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە کەموکورتییەکانی کەرتی خوێندن دەکات، پێی وایە قوتابی بووەتە تاقیگە بۆ تاقیکردنەوەی سیستمەکانی خوێندن، کە لەگەڵ گۆڕانی هەر وەرزیرێکدا سیستمی خوێندن گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

ڕوناک مەجید کاندیدی سەربەخۆ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە کەموکورتییەکانی کەرتی خوێندن دەکات، پێی وایە قوتابی بووەتە تاقیگە بۆ تاقیکردنەوەی سیستمەکانی خوێندن، کە لەگەڵ گۆڕانی هەر وەزیرێکدا سیستمی خوێندن گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی-ڕوناک مەجید کاندیدی سەربەخۆ لە بازنەی دووی پارێزگای سلێمانی، نزیکەی ٣٠ ساڵە مامۆستایە لە شارەکانی سلێمانی و کفری، دواتر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پەروەردەی بنەڕەتدا بەدەستهێناوە.

ئەو وەک مامۆستایەکی بە ئەزموون کە ساڵانێکە لەگەڵ سیستمە جیاوازەکانی وەزارەتی پەروەردە وانەی وتووەتەوە، باس لە کەموکورتییەکانی کەرتی پەروەردە دەکات، کە قوتابی بووەتە شوێنی تاقیکردنەوەی سیستمە جیاوازە شکستخواردووەکان.

 

کەموکورتییەکانی کەرتی خوێندن

مامۆستا ڕوناک ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە چەندین کێشە لە کۆی پڕۆسەی خوێندندا هەیە، لەوانە دەرچوواندنی منداڵ لە پۆلی یەکەم و دووەم و سێیەم بە هەر شێوەیەک، هەروەها هەوڵدان بۆ بە ئینگلیزی کردنی وانەکانی بیرکاری و زانست، کە ئەمانە مێشکی قوتابی ئاڵۆز دەکەن.

 

هەروەها ڕەخنە لە سیستمەکان دەگرێت کە چۆن لەگەڵ گۆڕانی هەر وەزیرێکی وەزارەتی پەروەردەدا سیستمی خوێندن گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەپێی ئەقڵ و حزبی وەزیرەکە گۆڕانکارییەکان ڕوودەدەن، "زۆرینەی پرسە پەروەردەییەکان بە حزبی کراون"، ئەمەش قوتابی کردووەتە تاقیگە، سەرباری ئەوەی کەرەستەکانی خوێندن و بینای قوتابخانەکان لە ئاستێکی نزمدان، یاخود لە هەندێک قوتابخانە هەر نییە، واتە ئامادەسازیی بۆ ئەو سیستمە ناکرێت کە دادەنرێت بۆ پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن.

 

سیستمەکانی خوێندن شکست دەهێنن

هۆکاری شکستی سیستمەکانی خوێندن بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە سیستمەکان لەلایەن کەسانی پسپۆڕی ناو کۆمەڵگاکەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو لە دەرەوە دەهێندرێت بۆیە لەگەڵ کۆمەڵگادا ناگونجێت و سەرکەوتوونابێت، لەبەر ئەوەشە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ تا دێت پەروەردە بەرەو دواوە پاشەکشە دەکات، دەشڵێت: "سیستمەکە لەگەڵ باروگوزەرانی ئێمەدا ناگونجێت، لەگەڵ کوردستان وعێراقیشدا ناگونجێت، تەنانەت لە بواری ئامادەکاریشدا بۆ خوێندن یەکناگرێتەوە".

 

هاوکات باس لەوەش دەکات، گرنگی بە بەشە پیشەییەکان نادرێت، بەڵکو قوتابی تەنها خوێندن تەواو دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ پیشەیەک فێرببێت، بەڵکو بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا دەخوێنێت، دواتریش ناتوانێت کاری پێبکات، بۆیە بێ هیوا دەبێت لە خوێندن و پیشەیەکی دیکە بۆ ژیانی دەدۆزێتەوە، بۆیە دابینکردنی بیمەیەک بۆ دەرچووان بە کارێکی گرنگ دەزانێت.

 

قوتابی توانای نوسین و ڕاڤەکردنی نەماوە

یەکێکی دیکە لەو کێشانەی کە مامۆستا ڕوناک ئاماژەی بۆکرد، بەهۆی سیستمی پرسیاری تاقیکردنەوەکان، کە هەمووی هەڵبژاردنە  قوتابی توانای نوسین، گوزارشتکردن و ڕاڤەکردنی بابەتەکانی نییە، بۆیە پێی وایە لە ئێستادا کەرتی پەروەردە پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە.

 

"پێویستمان بە یاسایەک بۆ ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی خوێندن هەیە"

لە دەرئەنجامیشدا باشترین چارەسەر لای مامۆستا ڕوناک دانانی یاسای تایبەت بە پەروەردەیە بۆ ڕێکخستنەوەی کۆی پڕۆسەی خوێندن لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو سیستمەی کە دادەنرێت لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆڕەوە بێت کە هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگابن.

هاوکات بەشێکی لە ئەرکەکەی خستە ئەستۆی مامۆستاکان، کە هەوڵبدەن پەروەردەیەکی باش و تەندروست فێری قوتابییەکان بکەن، مامۆستا، توێژەری کۆمەڵایەتی، وەرزش دۆست و هونەردۆست بن، هاوکات پاشخانێکی باشی ڕۆشنبیری و زانیارییان هەبێت.