توندوتیژی، گرفتە چارەسەرنەکراوەکەی ژن...٣

ئەرکی سەرەکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ژنانە کە بە جیاوازییە فکرییەکانەوە لە هۆشیارکردنەوەی ژنان و کۆمەڵگا یەکگرتووبن، ڕاگەیاندنەکانیش تەنها لەپێناو کۆکردنەوەی بینەر ئاڕاستەی دۆزی ژن نەکەن، کار بۆ خستنەڕووی چارەسەرییەکان بکرێت نەک کۆکردنەوەی بینەر.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ژنان لە جیهاندا کاریگەری لەسەر پرسەکانی ژنان دادەنێن، پردی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان، دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، سەرەکیترین ئەرکی ڕێکخراو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە لەو دۆزەی کاری بۆ دەکات.

 

لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئاماری فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان نزیکی ٣٠٠ ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان هەیە، بەڵام ئەو ڕێکخراوانەی کە کاردەکەن و دەبیندرێن، ژمارەیان زۆر کەمترە، سەرباری ئەوەی زۆرینەی جارەکانیش ڕێکخراوەکان ڕەخنەی کارنەکردنیان بە جدی لێدەگیرێت.

 

پێویستمان بە بەردەوامی و هەماهەنگی هەیە

ڕێکخراو، کۆمەڵێک کەسن لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراو کاردەکەن، بە چەندین شێوازی جیاوازی وک، سیمینار، کۆڕ، وۆرکشۆپ، چالاکی هونەری، هەڵمەت، گەڕان، بڵاوکردنەوەی پڕۆشەر و بانگەشە لە ڕێگای دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە کار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، بەرەوپێشبردنی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ دەکات.

 

ڕووناک عەبدولکەریم، چالاکوانە و ئەزموونی زیاتر لە ٢٥ ساڵی لە کارکردن لە ڕێکخراوەکانی ژناندا هەیە، هۆشیاربوونی ژن بە بناغەی هۆشیاری کۆمەڵگا دەزانێت، کە بێت ڕێکخراوەکان دوور لە هەر فکر و هزرێک کار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مافەکانی ژن بکەن، نەک تەنها کار بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان بکرێت، دەبێت کۆمەڵگا لە مافەکانی ژن هۆشیاربکرێتەوە.

 

"ئەگەر یەکێکیان هۆشیاربێت و ئەوی تریان هۆشیار نەبێت، دیارە کۆمەڵگاکەمان لە بوارەکەی لارە سەنگ دەبێت، لەبەر ئەوەی زۆر گرنگە کە پیاوانیش وەکو ژن هۆشیار بکرێنەوە".

 

بەشێک لەو چالاکیانەی کە ئەنجام دەدرێت لە ئوتێلە پێنج ئەستێرەکان ئەو کەسانە تێیدا بەشداردەبن کە ڕۆشنبیرییان هەیە، بۆیە ڕووناک عەبدولکەریم هیوا بە دیدێکی ڕەخنەییانە دەخوازێت، "هیوادارم لە داهاتوودا ئەم سیمینارانەی کە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەکرێت، تەنها بۆ کەسانی نوخبە نەبێت بەڵکو بچینە لای هەموو توێژێک، گەڕەک و کۆڵانێک".

 

دەبێت ناوەندە حکومیەکان کار لەسەر پرسی ژن بکەن

وەک ئەو باسی دەکات، کە ڕێکخراوەکان زۆرینەی ئەو چالاکیانەی کە پێویست بووە ئەنجامیان داوە، بەڵام ‌پێویستیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی ژنانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەیە، تا باشتر و کاریگەری تر کار بۆ هۆشیارکردنەوەی بکەن.

 

ئەو نایشارێتەوە کە لە پێشتردا پەیوەندی نێوان ئەو لایەنانە و ڕێکخراوەکان لاواز بووە، بەڵام بۆ ساڵی نوێ دەکرێت بە چالاکانە و هەوڵی هەمووان کۆمەڵگا زیاتر هۆشیاربکرێتەوە، نابێت پشوو بدەن، "پێویستمان بە بەردەوامی هەیە، نابێت پشوو بدەین و بێئومێد بین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم توێژە هۆشیار بکەینەوە، کە دایک دوور لە توندوتیژی پەروەردەبوو، منداڵێکی دوور لە توندوتیژیش بەرهەم دێت".

 

پێویستە میدیا میکانیزمی بۆ چۆنیەتی گرنگیدان بە دۆزی ژن هەبێت

ڕاگەیاندن، ئامڕازێکە بۆ گەیاندنی پەیام بە وەرگر، دەکرێت لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ئامارەکانەوە پرسی ژن بهێننە پێش چاوی وەرگرەکانیان، بە ڕاپۆرت و بەدواداچوونەکایانیانەوە لە هۆکاری بنەڕەتی کێشەکانیان بکۆڵنەوە و چارەسەرەکان بخەنە ڕوو.

 

لە ڕێگای بانگەشە و سپۆت، کورتە فیلم و دراماکانەوە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە،  بەڵام ئەوەی ئێستا لە میدیای کوردی دەبیندرێت جێگای ئومێد نییە، میدیاکان شەڕی کۆکردنەوەی زۆرترین بینەر دەکەن، هەواڵەکانیان بە ئاڕاستەی کۆکردنەوەی زۆرترین وەرگر دادەڕێژنەوە.

 

بەشێک لە میدیاکان بیانوو بۆ توندوتیژییەکان بەرامبەر ژن دەهێننەوە، توندوتیژییەکان بە ڕۆتینێک بۆ ئاسایی کردنەوە لە چاوی کۆمەڵگا نیشاندەدەن، بۆ نمونە لە کاتی سوتاندنی ڕوخساری ژنێک لە بەغدا، کە دیاردەیەکی نامۆیە بۆ کۆمەڵگای کوردی، دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆ ساناکردنەوە ئەو تاوانە، هەواڵی هاوشێوە دادەنێت، بەمەش ناڕاستەوخۆ ئاڕاستەی ڕایگشتی دەکات، کە چۆن بیربکەنەوە.

 

هانا شوان، ئەزموونی نزیکی ٢٠ ساڵ لە کاری ڕاگەیاندن هەیە و پێشتر سەرنوسەری گۆڤاری ڕێوانی تایبەت بە ژنان بووە، ئەرکی ڕاگەیاندنەکان لە بەدواداچوون بۆ پرسەکانی ژنان لێکدەداتەوە، کە ناکرێت تەنها وەک هەواڵێک پرسی ژن لە میدیایەکدا تێپەڕببێت، لە کاتێکدا دەبێت دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و کۆتایی کێشەکان بڵاوبکەنەوە، "ئەو کاتە کۆمەڵگا جۆرێک لە ئارامی بۆ دەگەڕێتەوە، چونکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا نائارامیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، یەکێک لەو نائارامییە توندوتیژی دژ بە منداڵ و بە ژن، میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی لە جیاکردنەوەی هەواڵی ڕاست، لە هەواڵی فەیک هەیە".

 

ئاڕاستەی داڕشتنەوەی هەواڵەکان، یەکێکن لەو ڕێگایانەی کە وەرگر بێ ئەوەی درکی پێبکات، ڕاگەیاندنەکان بەکاریدەهێنن بۆ ئاڕاستەکردنی ڕایگشتی بە خواستی بەرژوەندییەکانی خۆیان، لەم ئاڕاستەکردنەشدا بەرپرسی دەزگاکە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، "سەرنوسەر و بەرپرسی سایت، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە چۆنیەتی ئاڕاستەکردن و ستراتیژی دەزگاکە چییە بۆ ئەو بابەتانەی لە ساڵێکدا تەرحدەکرێت".

 

جیاوازی جێندەری لە دەزگاکاندا بوونی هەیە

نا باڵانسی جێندەری لە دەزگا میدیاکاندا بە تەواوی بوونی هەیە، لەبەرئەوە هانا شوان بە پێویستی دەزانێت کە میدیا خۆی نوێ بکاتەوە، بە هۆشیارییەکی ئاست بەرزترەوە کاربکەن، نەک ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، حزب بڕیار لەسەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن دەدات، بابەتەکان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییە حزبییەکان دەبێت، لایەنی هۆشیاری فەرامۆشدەکرێت.

 

بە ئەرکی ڕاگەیاندنکارەکانیشی دەزانێت، کە فشار بکەن بۆ ئەوەی دەزگا میدیاییەکان ستراتیژی چی بێت، هاوکات دەبێت کەسانی بە توانا لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا کاربکەن، تا بتوانن بە باشترین شێوە بابەتەکان بخەنەڕوو و بیرۆکەی نوێ هەبێت، "ژنان و کچانیش بەشداری سەرەکیان هەبێت لە بۆردە باڵاکانی کەناڵەکانە و لە دانانی ستراتیجی کەناڵەکاندا لە ژوورەکانی هەواڵ و ڕاپۆرتەدا بوونیان هەبێت".

 

ت.پ