پڕۆژەی گاپ، لەناوبردنی ژیانی هەزاران کەس و گۆڕینی جوگرافیای کوردستان

یەکێک لە جەنگەکان، جەنگی بەدەستهێنانی ئاو دەبێت، تورکیاش بۆ ئەو جەنگە ئاوی دیجلە و فورات دەکاتە چەکێک و بە پرۆژەی گاپ سەرچاوەی ئاوی عێراق و سوریا دەخاتە ژێردەستی خۆیەوە، بە دروستکردنی پڕۆژەکە تورکیا دەیەوێت تەواوی ناوچە کوردنشینەکان لەناو ببات، هەبوونی دەستکەوتی ئاو بکاتە خەونی هاوڵاتیانی عێراق و گەلی کورد، بە جۆرێک ئاو بکاتە سەرمایەیەکی سەرەکی بۆ دەوڵەتەکەی خۆی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە ساڵانی ١٩٢٠-١٩٣٠ مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا، بیرۆکەی پڕۆژەی گاپی خستەڕوو، بەڵام لەو سەردەمەدا پێداویستی تەواو بەردەست نەبوو بۆ جێبەجێکردنی، ساڵی ١٩٣٦ بە دامەزراندنی خوێندنگەی کارەبایی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ڕووبار بۆ دەستکەوتنی وزە، دەستیان بە دانانی بناغە بۆ گاپ کرد، لە ساڵی ١٩٧٠شدا بونیادنانی پڕۆژەی گاپیان ڕاگەیاند.

 

لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١دا لەسەر پرسی ئاو کێشە کەوتە نێوان تورکیا و عێراق، بەهۆی ئەوەی تورکیا ویلایەتی موسڵی بە خاکی خۆی دەزانی، هەوڵی دەدا بیخاتەوە سەر کۆماری  تورکیا، لە هەمان ساڵدا تورکیا، سووریا و عێراق ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵییان لەسەر پرسی ئاو واژۆکرد بۆ دابەشکردنی ئاوی دیجلە و فورات لە نێوان خۆیاندا، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ساڵی ١٩٢٣ خرایە ناو ڕێککەوتننامەی لۆزان، لە مادەی ١٠٩ی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنامەکە هاتبوو کە هیچ کام لەم سێ وڵاتە مافی دروستکردنی بەنداویان نییە لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات.

 

لە ساڵی ١٩٤٦ دووبارە پەیماننامەیەک لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆکرا بە ناوی "پەیماننامەی دۆستایەتی"، تێیدا گرنتی پشکی عێراق کرابوو لە ئاوی دیجلە و فوراتدا، ١٩٦٢ تورکیا ڕایگەیاند هەردوو ڕووبارەکە، ڕووباری سنوربڕن و بەمە ڕێگەی بۆ خۆی خۆشکرد تا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبێت.

تورکیا دیجلە و فورات بە ڕووباری نێودەوڵەتی ناناسێنێت

لە ساڵی ١٩٧٠ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لیژنەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەی ئاو، لە ١٩٩٤ گفتوگۆ لەسەر پێشنیارەکانی ئەو لیژنەیە کرا و لە ١٩٩٧ لەلایەن لیژنەکەوە بڕیاردرا، هەموو ئەو ڕووبارانەی بە چەند وڵاتێکدا تێدەپەڕێت بە ڕووباری نێودەوڵەتی ناسێنران و مافی ئەو وڵاتانەی هاوبەشن تیایاندا جێگیرکرا، بەڵام تا ئێستا تورکیا نەچووەتە ژێر باری ئەو ڕێککەوتنە و دیجلە و فورات بە ڕووباری سنووربڕ دەناسێنێت نەک نێودەوڵەتی.

 

لە دوای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەشەوە، تورکیا پرسی ئاوی وەک کارتێکی فشار خستە سەر عێراق بەوەی ئەگەر هاوکاری نەکات بۆ لەناوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، ئەوا پشکی خۆی لە ئاوی دیجلە و فورات پێنادات.

پڕۆژە مەترسیدارەکەی سەر خاکی کوردستان "گاپ"

پڕۆژەی "گاپ" کورتکراوەی سێ وشەی تورکیە، بریتیە لە "پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ" و "پڕۆژەی ئەنادۆڵی مەزن"یشی پێدەوترێت، یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی جیهان.

 

پڕۆژەکە لەسەر دەستی پسپۆڕێکی ئاودێریی ئیسڕائیلی بە ناوی "شارۆن ئالوزوروف" دیزاینی بۆ دانراوە، ئەندازیارەکەشی "یوشع کال" ئیسڕائیلییە، لە ٢٢ بەنداو پێک دێت، ١٧ بەنداوی لەسەر ڕووباری فوراتە و ٥ بەنداوی دیکەی لەسەر ڕووباری دیجلەیە، بە ڕێژەی لە ٪٨٠ پڕۆژەکە پشت بە ئاوی فورات، ٪٢٠ پشت بە ئاوی دیجلە دەبەستێت، ڕووبەری پڕۆژەکە لە ٪١٠ی ڕووبەری گشتی تورکیا پێکدەهێنێت کە پرۆژەکە دەکەوێتە باکوری کوردستان و زۆرترین گوند و ناوچە دەگرێتەوە.

 

بەم پڕۆژەیە کاریگەری لەسەر پشکی ئاو لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، بەجۆرێک ئاوی فورات لەناو خاکی سوریا ٪٤٠ و لە خاکی عێراقدا ٪٧٥ کەمدەکاتەوە.

بەهای ئاو ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە

لە دنیای نوێدا ئاو کە سامانێکی سروشتییە بووەتە کێشەی زۆرینەی دەوڵەتان، ئاو لە سیاسەتی ئابووری و ستراتیژیدا کاری پێدەکرێت، بەشێکی گەورەیە لە دروستکردنی هەژموونی سیاسی و ئابووری بۆ ئەو وڵاتانەی کە بە سامانی ئاو دەوڵەمەندن، یاخود لە دەریاوە نزیکن و خاوەن سەرچاوەی ئاوی گەورەن.

 

ئاستی بەنرخی ئاو بەرامبەر بە نەوت و گازە، وەک بەهای ئەوان مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەسەر پرسی ئاو چەندین ڕێکەوتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و وڵاتانی عێراق، سوریا و تورکیا ئەنجام دراوە، بەڵام تورکیا لەم چەند ساڵەی دوایدا بە گرتنەوەی ئاوی فورات پێشێلی هەموو ڕێککەوتنەکانی کردووە.

تورکیا نیازی چی هەیە؟

دەوڵەتی تورکیا خواستی ئەوەی هەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەرمیلێک ئاو بە نرخی بەرمیلێک نەوت بفرۆشێتەوە بە وڵاتانی چواردەوری، تورکیا ئامانجیەتی ئاو بکاتە کەرەستەیەکی ئابووری، سەرچاوەی داهات و گەشەی ئابووری و بازرگانی دەرەکی و بەستنەوەی بە ناوخۆی تورکیاوە.

 

دەشیەوێت لە ڕێگەی پرسی "ئاو"وە بەشێک لە ڕووبەری خاکی عێراق-قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان ببەستێتەوە بە خاکی تورکیاوە، مێژووی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە کەرەستەی نوێ و ڕێگه‌ی سیاسی-ئابوریی نوێوە دووبارە بکاتەوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتێکی حکومەتی عێراق، کەبە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی ئامادەکراوە، ڕێژەی ئاوی عێراق کە دابینکراوە بۆ هاوڵاتیان لە ساڵی ١٩٧٧ بریتیبووە لە ٥٩٠٠ مەتر سێجا بەڵام دواتر کەمی کردووە، بۆ ساڵی ٢٠٠٩ بریتی بووە لە ٢٤٠٠ مەتر سێجا، بە پێی ڕاپۆرتەکە ئەگەر دابەزینەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت تا سالی ٢٠٤٠ هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات وشک دەبن.

ئامانجە شاراوەکانی پڕۆژەی گاپ چین

بە پێی پلانی دەوڵەتی تورکیا بە پرژەی گاپ دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان) لەڕووی پیشەسازییەوە پێشبخات بەو پێیەی بەهۆی گاپەوە بە هەزاران کەس دەتوانن کاریان دەستبکەوێت و پرژەی کشتوکاڵی لەو ناوچەیە پێشبخرێت، بەڵام پێگەی جوگرافی گاپ دەکەوێتە باکوری کوردستان و زۆرترین گوندی کوردی بەردەکەوێت بۆیە زیانەکانی بەسەر ئەو ناوچانەدا دەبێت کە دەوری پرۆژەی گاپن.

 

تورکا پڕۆژەی گاپ وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بە مەبەستی گۆڕینی ئاو بە نەوت و گازی سروشتی یان کڕینی نەوت و گازی سروشتی بە نرخێکی گونجاو، تێیدا جوگرافیای خاکی کوردستان دەگۆڕێت، جگە لەمانە دەیەوێت لە ڕێگای ئەو پڕۆژەیەوە بازاڕی پیشەسازی تورکیا گەرم بکات و بیگەیەنێتە ئاستی وڵاتانی ئەورووپا.

 

لەوکاتەی ئەم پڕۆژەیە تەواو دەبێت بەشە ئاوی عێراق و سوریا پیس و سوێر دەبێت، ئاستی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان دادەبەزێت، دەبێتە هۆی وشکبوونی ناوچەکانی باشوری عێراق کە فوراتی پێدا تێپەڕ دەبێت، کار لە ئاوی ژێر زەویش دەکات.

٣٥٠ هەزار گوندنشین ناوچەکانیان چۆڵکردووە

پڕۆژەی گاپ بە هەزارەها گوند و ناوچە لەناودەبات، دیاردەی کۆچکردن و بێلانەی هاوڵاتیان زیاد دەکات، تا ئێستا کە بەتەواوەتی پڕۆژەکە تەواو نەکراوە، بەڵام زیاتر لە ٣٥٠ هەزار گوندنشینی دەروبەری ئەو پڕۆژەیە ناوچەکانیان چۆڵ کردووە.

 

لەوکاتەوەی بڕیار لە سەر دروستکردنی پڕۆژەی گاپ دراوە، تورکیا دڵنیایی داوەتە وڵاتانی دراوسێی کە بە دروستکردنی بەنداو، ئاوی پێویستیان بۆ دابین دەکات، بەڵام لە ساڵی پارەوە ئاوی فوراتی وەک فشار بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان گرتووەتەوە و زیانی گەورەی بە ناوچەکانی ڕێڕەوی ئاوی فورات لە سوریا و عێراق داوە.

 

ت.پ