پەروەردە لە هەرێمی کوردستان گەشتووە بە کوێ؟

نزیک دەبینەوە لە کۆتای ساڵی خوێندن، بەڵام قوتابییەکان هێشتا کەمتر لە دوو مانگ چوونەتە قوتابخانەکان و بەشێکی زۆریشیان هیچ فێر نەبوون، ئەمەش کاریگەری تەواوی کردووەتە سەر دەروونی خوێندکار و مامۆستاکان، سەرپەرشتیارێکی ئامادەییش باس لە چارەسەرەکان بۆ پڕۆسەی خوێندن دەکات. تەرزە تەها

نزیک دەبینەوە لە کۆتای ساڵی خوێندن، بەڵام قوتابییەکان هێشتا کەمتر لە دوو مانگ چوونەتە قوتابخانەکان و بەشێکی زۆریشیان هیچ فێر نەبوون، ئەمەش کاریگەری تەواوی کردووەتە سەر دەروونی خوێندکار و مامۆستاکان، سەرپەرشتیارێکی ئامادەییش باس لە چارەسەرەکان بۆ پڕۆسەی خوێندن دەکات.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- سەرکەوتن و پێشکەوتنی هەر وڵاتێک پەیوەستە بە ئاستی سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندنەوە، ئەو وڵاتانەی کە سیستمێکی پەروەردە و فێرکردنی باشیان هەیە، پێشکەوتوون، بۆ ئەمەش دەیان وڵاتی ئەوروپی نمونەن.

 

لە کۆی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، قوتابی، مامۆستا، سیستمی خوێندن و بینای قوتابخانەکان کارتێکەری پڕۆسەی خوێندنن، بەڵام ئایا لە هەرێمی کوردستان ئەم کارتێکەرانەی کە لەبەر دەستدان دەتوانن نەوەیەک لە تاکی ڕۆشنبیر و هۆشیار و داهێنەر بەرهەم بهێنێت؟.

 

قوتابخانەکان

ئەگەر پارێزگای سلێمانی بە نمونە وەربگرین، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، لەم پارێزگایەدا هەزار و ٢٧٩ قوتابخانەی یەک دەوامی، ٤٦٦ قوتابخانەی دوو دەوامی، ٣١ قوتابخانەی سێ دەوامی و یەک قوتابخانەی چوار دەوامی هەیە، لە کاتێکدا پارێزگای سلێمانی پێویستی بە ١٠٠ بینای دیکەی قوتابخانە هەیە.

 

ئەم ئامارانە پێمان دەڵێت هێشتا لە ڕووی بینای قوتابخانەوە کەموکورتیمان هەیە، جگە لەوەی بەشێک لە بیناکان نەشیاون، ساڵ نییە هەواڵی داڕوخانی بینای قوتابخانەیەک و کێشەکانی قوتابخانەکان بڵاونەبێتەوە، بیناکان زۆرینەیان گەرمکەرەوە و فێنککەرەوەیەکی کوالێتی باشیان نییە، بۆ ئەم چەند مانگەی خوێندنیش بەڕێوەبەری چەندین خوێندنگە داوای لە کەسوکاری خوێندکاران کردووە فێنککەرەوە بۆ ژووری خوێندکارەکانیان لە قوتابخانە دابین بکەن.

 

سیستمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان

لە چەند ساڵی ڕابردوودا پڕۆگرامی خوێندنی (سیستمی سویدی) خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی نەگونجانی سیستمەکە گۆڕدرا، سیستمی (بریتیش کانسڵ) لە ساڵی ٢٠١٧ هێندرایە هەرێمی کوردستان تا جێبەجێبکرێت، لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠١٩ ڕاهێنان لەسەر سیستمەکە کرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ بە تەواوی جێبەجێنەکرا و بە نا تەواوی مایەوە.

 

لەم هەرێمەدا کە بە سەدان قوتابخانەی دوو دەوامی هەیە، سەدان قوتابخانە بیناکانیان کۆنە، فێنککەرەوەی تێدا نییە و بەشێک لە قوتابخانەکان لە ماڵەکاندان،  لەگەڵ سیستمی بریتیش کانسڵەدا یەک ناگرێتەوە، چونکە پێویستی بە چەندین ئامادەکاری هەیە، کە بۆی نەکراوە.

 

قوتابی و مامۆستا

 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ خوێندن لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە نیوەیدا ڕاگیرا، لە ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ تا ئێستا کەمتر لە مانگێک بەشێوەی ڕۆژ نا ڕۆژێک (تەناوب) خوێندن کراوە، تەنها ١٥ ڕۆژ بۆ وەرزی یەکەم و ١٥ ڕۆژ وەرزی دووەم خوێندن بۆ خوێندکارانی ١ تا ١١ ئامادەیی هەیە.

 

ئەم پڕۆسەیە و خوێندن بەم شێوە پچڕ پچڕە دوای ئەوە دێت، کە خوێندنی ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئەم بڕیارە دراوە.

 

وەک قوتابییەکان باسی دەکەن بڕیارەکە چەندین زیانی بۆیان هەبووە، ژوژیان ئەکرەم، قوتابی پۆلی حەوتەمە لە قوتابخانەی سورێنی بنەڕەتی کچان، دەڵێت کە بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستاوە قوتابییەکان زۆر ماندوون، مامۆستاکان بەهۆی کەمی کاتەوە هەوڵدەدەن زۆرترین وانە بڵێنەوە ئەمەش لای قوتابی زۆر قورسە، ناتوانن بە باشی لە هەموو وانەکان تێبگەن.

 

دیڤان کارزان، قوتابییەکی دیکەیە، باس لە ساردبوونەوەی قوتابییەکان لە خوێندن دەکات، بەهۆی نەبوونی خوێندنەوە بەسەریاندا هاتووە، هەروەها داوا دەکات کە خوێندن بە یەکجاری دەستپێبکاتەوە، یاخود ڕابگیرێت، چونکە لە خوێندنی ئەلکترۆنی فێرنابن و مامۆستاکان هەمان مامۆستاکانی خۆیان نین، ناتوانن بەباشی لە وانەکان تێبگەن.

ناز لوقمان، قوتابییەکی دیکەیە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەهۆی پشووی زۆرەوە فێری هیچ نابن، کە وەزارەتی پەروەردە ئەرکی پەروەردە و فێرکردنە، ئێستا نەک هەر پەروەردە نییە، بەڵکو بە باشیش خوێندنەکە بەڕێوەناچێت.

 

"نەبوونی خوێندن کاریگەری کردووەتە سەر قوتابی و مامۆستا"

تەنها قوتابییەکان نین لە ژێر فشارێکی زۆردان، بەڵکو مامۆستاکانیش لەو پەستانە زۆرە بەدەر نین، خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سورێنی بنەڕەتی کچان، ئەوەدەخاتەڕوو، لە ڕووی پەروەردەییەوە نەبوونی خوێندن چەندین کاریگەری لەسەر قوتابیان و مامۆستاکان دروستکردووە، مامۆستاکان ناتوانن وانەکانی خۆیان بەباشی بڵێنەوە، ماوەیەکی کەم و بابەتێکی زۆرییان هەیە، لە ڕووی دەروونیەوە هیچ ئاسوودە نین.

 

باسی لەوەش کرد، قوتابییەکان لەبەر ئەوەی کچن و خوێندنیش بەپێی پێویست نییە، بەو تەمەنە منداڵەوە پەنادەبەنە بەر هاوسەرگیری، کۆی پڕۆسەی خوێندن جۆرێکە سستبوونێکی تەواوی پێوەدیارە.

 

دەربارەی دەرکەوتنی ئەو کاریگەرییانەی کە بەهۆی نەبوونی خوێندنەوە، تارا بایز، سەرپەرشتیاری ئامادەیی، باس لەوەدەکات، کە سیستمی پەروەردە دەبێت بەپێی پلانێکی درێژخایەن بڕوات بەڕێوە، گۆڕانکاری بۆ باشتربوونی بەسەردا بێت، نەک لەگەڵ هاتنی کابینەی نوێی حکومەت و هاتنی وەزیرێک بڕیارەکانی پێشتر بگۆڕێت.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە بۆ باشترکردنی پڕۆسەی خوێندن و چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای خوێندن، دەبێت لەلایەن وەرزارەتی پەروەردە و ڕاوێژکارانی وەزیری و کەسانی شارەزا و لێهاتووەوە، پلانێکی تۆکمە و درێژخایەن دانبدرێت بۆ کۆی پڕۆسەی خوێندنی هەرێمی کوردستان، بەبێ هیچ جیاوازییەکی ناوچەی و و کارکردن، هەروەها تاکیش ئاستی هۆشیاری خۆی پەرەپێبدات.

 

کۆی بۆچوونی قوتابیان و مامۆستایان و شارەزاییان ئەوە دەخاتەڕوو کە پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لە کەشوهەوایەکی گونجاودا نییە، نە قوتابی و نە مامۆستا دەروونێکی ئارامیان بۆ خوێندن نییە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە خوێندن لەم هەرێمەدا لە ئاستێکی باشدا نییە.

ت.پ