پێناسەکردنەوەی ئاشتیی و ڕۆڵی یادەوەریی
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا لە جیهاندا نزیکەی ٤٥ پڕۆسەی ئاشتییی و دانوستاندن، لە ٢٠٢٤ـیشدا ٥٢ دانوستاندن هەبوون.

نۆرا میرینۆ- ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی
ناوەندی هەواڵ- بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا لە جیهاندا نزیکەی ٤٥ پڕۆسەی ئاشتییی و دانوستاندن، لە ٢٠٢٤ـیشدا ٥٢ دانوستاندن هەبوون. لە سەرەتای سەدەی ٢١ـەوە دەیان پڕۆسەی ئاشتیی یان هەوڵی لەم جۆرە لە سەرانسەری جیهاندا ڕووی داوە. لەگەڵ ئەوەشدا، زەحمەتە بزانین ئەم پڕۆسانە و ‘ڕاگەیاندنەکانی ئاشتیی’ چارەسەر بۆ ئەو گەلانە دێنن وا لە بۆ سەردەمێک لە پێناوی پاراستنی بوون و ویستی سیاسییان ڕێکخراون و چەندە بەشداری لە ئاشتییدا دەکەن لەو جیهانەدا کە بە جەنگە بێکۆتاییەکان، ملیتاریزەکردن، سیاسەتەکانی کۆچبەرکردن، گەڕانەوەی نیۆفاشیزم و لەناوبردن لە ڕێگەی فێمیساید، ئیکۆساید و سۆسیسایدەوە بەردەوام قووڵ دەبێتەوە، لەو سەردەمەی بە جەنگی جیهانیی سێیەم ناسراوە.
با هەندێک پێناسە بکەین کە دەشێت ڕووناکیی بخاتە سەر بابەتەکە؛
بەپێی پێناسەی ڤیسێنک فیساس– Vicenç Fisas، پڕۆسەی ئاشتیی “هەوڵێکە لە ڕێگەی دانوستانەوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە کۆتایی بە توندوتیژیی بهێنیت (…) ئەمە ڕەنگە پێویستی بە نێوەندگیری یلایەنی سێیەم هەبێت”. (…) پڕۆسەکە یەک خاڵ نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک قۆناغ و تەوەرە و ماوەیەکی درێژ دەکێشێت، لێرەڕا هەموو لایەنە کاریگەرەکان بەشدار دەبن لە کاتێکی دیاریکراودا، لە هەوڵێکی پێکەوەییدا بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنگەلێک کە ڕێ دەکاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی پێشووی سەردەستی توندوتیژیی و شەڕی چەکداریی، بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی پەیمان یان ڕێکەوتنگەلێک کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و کۆدەنگییەوە کۆتایی بە توندوتیژی فیزیکیی دێنن، بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پێشکەوتن و گەشەسەندن، ئەمە ڕێش خۆش دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو توندوتیژیییە پێکهاتەییانەی بوونەتە هۆی ململانێ لە ڕێی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانەوە.
بەپێی پێناسەی ڤیسێنک فیساس، بەپێی ئامانجە داواکراوەکان، پێنج مۆدێلی سەرەکی پڕۆسەی ئاشتیی هەن:
١. مۆدێلی دووبارە یەکخستنەوە یان یەکگرتنەوە: لەم دۆخەدا دیارە کە گرووپێکی چەکداریی یان ڕێکخراوێک ڕازی دەبێت چەک دابنێت لە بەرانبەر ئاسانکارییەکان بۆ دووبارە یەکگرتنەوە یان یەکخستنەوە لەگەڵ کۆمەڵگە. ئەمە لەگەڵ ئەو بەرنامەیە هاوتەریبە DDR ناسراوە یان بە داماڵینی چەک، دەمۆبیلیزەکردن و دووبارە یەکخستنەوە ناسراوە. ” ئەم (پڕۆسەیە) دوای گەیشتن بە ئاگربەست، جێبەجێکردنی لێبوردن، یەکخستنەوەی بەشێک لە جەنگاوەرەکان لە هێزە چەکدارەکانی حکومەت و دانی هەندێک تایبەتمەندیی سیاسیی یان ئابووریی بە ڕێبەرانی گرووپە دەمۆبیلیزەکراوەکان ڕوو دەدات.
٢. مۆدێلی هاوبەشکردنی دەسەڵات: بە زۆری لەو دۆخەدا دیارە کە گرووپە چەکدارەکان یان ڕێکخراوەکان دەیانەوێت بەشێک بن لە دامەزراوەکان و دەسەڵات. ئەمە مۆدێلێکە و لە وڵاتانی ئەفریقا زاڵە.
٣. مۆدێلی ئاڵوگۆڕ: پێویستی بەرانبەریەکی هەیە لە پرسی ئاشتییدا. لە پڕۆسەی ئاشتیی لە ئێل سالڤادۆر و گواتیمالادا، لە بەرانبەر کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دەیانویست ڕژێمە پەیوەندیدارەکان دیموکراتیک ببن. بۆ چەندین ساڵ، بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوەیی باسک فۆرمولی ‘ئاشتیی لە بەرانبەر دیلەکان’ـی خستە سەر مێز بۆ ناچارکردنی حکومەتی ئیسپانیا بۆ ئازادکردنی دیلەکانیان بەرانبەر دەستبەردان لە خەباتی چەکداریی.
٤. مۆدێلی دانانی ڕێوشوێنی متمانە: مۆدێلێکە و هەر لایەنێک ڕێوشوێنی ” دوولایەنە و بەرانبەریەکی-ئاڵوێر” بەکار دەهێنێت، ئەویش بۆ داکشاندنی تەنگژە. مۆدێلێکە و بە تەنها بەس نییە، بەتایبەتی ئەگەر دۆخە بێمتمانەیی بەردەوام بن. بۆ نموونە لە هیندستان و پاکستان.
٥. مۆدێلی خۆبەڕێوەبردن: “ئاماژە بە بەدەستهێنانی جۆرێک لە خۆبەڕێوەبردن بۆ هەرێمەکان و داوای خۆسەریی یان سەروەرییان هەیە.” هەروەها فیساس ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک پڕۆسەی ئاشتیی بە شێوەی سەرەکیی لایەنە سەرەکییەکانی ململانێ لەخۆ دەگرێت، واتە دەوڵەت و ڕێکخراوی چەکداریی، لەگەڵ بەشداریی ئەگەری نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان، وەک لە نموونەی کۆڵۆمبیادا، لە لایەکەوە بەشداریی حکومەتی کۆڵۆمبیا، لە لایەکی ترەوە بەشداریی FARC، لەگەڵ نێوەندگیریی کووبا، ئەمانە پڕۆسەی “نوخبەگەرا” دەبن. ئەگەر ئەو پێکهاتە بەشدارانە درووست بکرێن وا “دەنگ بە کۆمەڵگە دەدەن” لەگەڵ بەشداریی چالاکی لایەنە خۆجێیەکان، وەک نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، پڕۆسەی “بەشداری پێکردن” دەبن.
ڕەنگە نموونەیەک لە پڕۆسەی بەشداری لە بێچەککردنی ڕێکخراوی ETA لە وڵاتی باسک (یوسکال هێریا)ـدا بیبینین. دوای ئەوەی ETA لە تشرینی یەکەمی ٢٠١١ـدا ڕایگەیاند کۆتایی بە خەباتی چەکداریی دەهێنێت، لە بەهاری ٢٠١٧ پرۆسەی بێچەککردنەکەی تەواو کرد. لە بەرانبەر بێمتمانیی ئەو دەوڵەتانەی ETA لە دژیان شەڕی کرد، واتە فەڕەنسا و ئیسپانیا، بۆ بەشداریی لە پڕۆسەیەکی دوولایەنە بۆ چارەسەری ململانێیەکە کە زیاتر لە ٦٠ ساڵی خایاند (ئەگەر تەنها ساڵانی چالاکی ETA بژمێرین، بەڵام ئەگەر ساڵانی ستەم و نکۆڵیی ناسنامەی باسک بژمێرین کە لە سەدەی ڕابردوودا لە ڕێگەی فرانکیزمەوە شێوەی گرتووە، چەند دەیەیەکی تر، ئەو هەلومەرجەی کە ETA سەری هەڵداوە)، لە کۆتاییدا بێچەککردن و دواتر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە بە یارمەتیی و بەشداریی کۆمەڵگەی مەدەنیی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی باسک، لە ڕێگەی کۆمەڵگە و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان و پێشەنگانی ئاشتیییەوە، تەواو بوو. بەڵام ئایا لە نموونەی باسک-یوسکال هێریادا دەتوانین باسی ئاشتیی بکەین؟ لە بەشی دووەمی وتارەکەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە.
لەگەڵ پێناسەی فیساس لە “پڕۆسەی نوخبەگەرا” و “پڕۆسەی بەشداریپێکردن” یەکێک لە پرسیارەکان کە ڕەنگە هەڵبکەوێتەوە ئەوەیە کە “کێ ئاشتیی بنیاد دەنێت ؟”.
لە ڕابردوویەکی نزیکدا عەبدوڵڵا ئۆجالان لە نووسینەکەیدا کە بۆ کۆنگرەی ١٢یەمی PKK نووسی و ناردی، لە چوارچێوەی بڕیاردان بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێبازی تێکۆشانی چەکداریی و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئۆجالان ئەمەی ئاوا دوا:
” تەنها ئەو کەسانەی شەڕ دەکەن دەتوانن ئاشتیی بەدی بهێنن. نەوەک هێزە دووەم و سێیەمەکان، نەوەک هێزە نێوانگیر و هاوپەیمانەکان، تەنها ئەو هێزانەی بەرپرسیارێتیی شەڕیان لەئەستۆ گرتووە، دەتوانن بەرپرسیارێتیی ئاشتیی لەئەستۆ بگرن. چونکە لانی کەم، ئاشتیی هێندەی شەڕ ڕووداوێکی جددییە. تەنها کەسانی پلەیەک، دەتوانن بەرپرسیارێتی ڕووداوێکی وەها جددیی بگرنە ئەستۆ و خاوەنداریی لێ بکەن”.
ئایا ئەمە دۆخێکی نوخبەگەرانە دەبێت؟ نەخێر، زیاتر دەتوانین بەرپرسیاریتیی ئەو کەسانە ببینین کە چەکیان هەڵگرت بۆ بنیاتنانی ئاشتیی و ئازادیی. لە یەکەم نیگادا ڕەنگە ئەمە دژیەک بێت، بە تایبەتیی بۆ ئەو کەسانەی لە چالاکیی ئاشتخوازانەوە هاتوون و لە ‘کەلتووری ئاشتیی’ـدا پەروەردە بوون. بەڵام هەموو کەسێک دەزانێت، کاتێک ئاماژە بە بزووتنەوە شۆرشگێڕەکان دەکەین کە ڕێگای تێکۆشانی چەکدارییان هەڵبژاردووە، ئەمە بڕیارێک نییە بە شەو و ڕۆژێک درابێت و بێبنەما بووبێت. وەک لە بانگەوازی مێژوویی ‘ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ـدا، کە ئۆجالان لە ٢٧ـی شوبات کردی، هاتووە:
“پەکەکە لە سەدەی بیستەمدا، لە سەدەیەکی هەرە توندوتیژی مێژوودا دامەزرا. ئەو زەمینەیەی پەکەکەی تێدا دامەزرا، زەمینەی دوو جەنگی جیهانی بوو. سەردەمی سۆسیالیزمی بنیادنراو و جەنگی سارد بوو لە جیهاندا. لەم زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کوردان، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بە تایبەتیش قەدەغەکردنی ئازادیی بیرکردنەوە هەبوو…. پەکەکە، درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی سەرهەڵدان و توندوتیژییە لە مێژووی کۆماردا. لەبەر ئەوەی ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە هێز و پشتیوانیی وەرگرت.
هەروەها، لە بەرگی سێیەمی مانیفیستۆی شارستانیی دیموکراتیک “کۆمەڵناسی ئازادیی”ـدا کە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی نووسیویەتی، ئۆجالان بەم شێوەیە باسی دەکات:
“ئەگەر كۆمەڵگه كەوتبێتە دۆخێكەوە كه نەتوانێت لەپێناو بەردەوامبوونی خۆیدا دامەزراوە سیاسیی و ئەخلاقییە پێویستەكان ئاوا بكات و كارایان بكات، واتە خراوەتە ژێر فشاری چەوسانەوە و سەركوتكردنەوە. ئەم ڕەوشەش “دۆخی شەڕە”. لێرەوە دەشێت مێژووی شارستانییەتەكان وەك “دۆخی شەڕ”ـی دژ بە كۆمەڵگه پێناسە بكرێت. كاتێك سیاسەت و ئەخلاق ناتوانن ڕۆڵ ببینن و ئەرکی خۆیان پێک بێنن، مانای وایە، تەنها كارێك كە دەمێنێتەوە، كۆمەڵگه بیكات، بەرگریی خۆییە. چونکە دۆخی شەڕ، دۆخی نەبوونی ئاشتیییە. لەم سۆنگەیەوە، ئاشتیی تەنها لەسەر بنەمای بەرگریی خۆیی واتادار دەبێت. چونکە ئەو ئاشتیییەی بەرگریی خۆیی (زاتی) نەبێت، تەنیا گوزارشت لە ڕادەستبوون و كۆیلایەتیی دەكات، نەك شتێكی تر. هەر ئاشتیییەك بێبەش بێت لە بەرگریی خۆیی و بە تایبەتییش ئەو یارییە بێت كە لیبراڵیزم به ناوی سەقامگیری و تەباییەوە بەسەر گەلان و كۆمەڵگهكانیدا دەیسەپێنێت، بە تایبەتییش ئەو یارییەی بە سەقامگیریی دیموكراسی و تەبایی ناوی دەبات، هەموو ئەمانە جگە لە ڕەوشی پەردەپۆشكردنی ئەو شەڕە چەكدارییە یەكلایەنەی چینی بۆرژوازیی باڵادەست پیادەی دەکات و پەیڕەوکردنی لەژێر دەمامكێكی جیاوازدا، هیچ واتایەكی دیكەی نییە. بەم شێوەیە، ئاشتیییەک بەبێ بەرگریی خۆیی بێت، پێناسەکردنی وەک ئاشتیی ڕاستەقینە، وەك گەورەترین هەوڵی هەژموونگەرایی سەرمایەی ئایدیۆلۆژیی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە…. تەنها كاتێك كۆمەڵگهكان خاوەن بەرگریی خۆیی کارا بن، واتە لە دۆخێكدا كارەكتەری كۆمەڵگهی سیاسیی و ئەخلاقیی بپارێزرێت و گەرەنتی بكرێت، ئەو كاتە ئاشتیی بە واتا ڕاستەقینەكهی خۆی دەگات”.
کاتێک گەیشتینە ئەم خاڵە، پێویستمان بە پێناسەکردنی ئاشتییە.
ئەکادیمیای زمانی ئیسپانیی (RAE) ئاشتیی وەک «ئەو دۆخەی تێکۆشانی چەکداریی لە وڵاتێکدا یان لە نێوان وڵاتاندا نییە»، «پەیوەندیی هاوئاهەنگیی لە نێوان مرۆڤەکاندا بەبێ ناکۆکی و پێکدادان» یان «ڕێککەوتنێک لە نێوان نەتەوەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕێک»، پێناسە دەکات. بەو شێوەیە ڕووبەڕووی پێناسەیەکی ناتەواوی ئاشتیی دەبینەوە کە لە یەک لایەنەوە تەنها دۆخی نەبوونی ناکۆکیی، پێکدادان یان تێکۆشانی چەکداریی و لە لایەکی ترەوە دۆخێک کە لەسەری ڕێک کەوتوون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕێک دەگرێتەوە، چونکە مافەکانی کۆمەڵگە و ویست و خواستی ئەخلاقیی-سیاسیی لەبەر چاو ناگرێت. هەروەها RAE شەڕ وەک «تێکۆشانی چەکداریی لە نێوان دوو یان زیاتر نەتەوەدا یان لە نێوان لایەنەکانی هەمان نەتەوەدا» و «ناکۆکیی و شکانی ئاشتیی لەنێوان دوو یان زیاتر هێزدا» پێناسە دەکات، کەواتە بۆ باسکردنی شەڕ پێویست بە لایەنی کەم دوو دژ هەیە. باشە، چۆن دەتوانین باس لە ئەگەری ئاشتییی بکەین ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان نەزانێت لە دۆخی شەڕدایە؟ ئەم دۆخە بۆ نموونە لە باسک (ئیوسکال هێریا)ـدا بینیمان، کە ڕاستەکانی ئیسپانیا وا دەزانن کە دۆخی شەڕ بوونی نییە، دژی چەمکی ‘پڕۆسەی ئاشتیی’ی خۆیان بوون، تەنها وایان دەزانی کە بە وتەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسپانیا ماریانۆ ڕاخۆی «هێرشی بەشێک لە کۆمەڵگەی باسکی بۆ سەر کۆمەڵگەی ئیسپانیی» بووە.
عەبدوڵا ئۆجالان، لە بەرگی “کۆمەڵناسیی ئازادیی”ـدا ئەمە بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە:
“وشەی ئاشتیی لە هەلومەرجەكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا وشەیەكە لێوانلێوه له تهڵه. هەر بۆیە ئەگەر ڕاست پێناسە نەكرێت، ئەوا بەكارهێنانی زۆر مەترسیدارە. ئەگەر جارێكی دیكە پێناسەی بكەین، ئاشتیی، نە تەواو نەمانی دۆخی شەڕە، نە دۆخی نەبوونی شەڕ و سەقامگیرییە لەژێر باڵادەستیی لایەنێكدا. لە ئاشتییدا لایەنەكان جێگهی باسن. بەڵام باڵابوونی لایەنێك لە ئارادا نییە و پێویستە بەم جۆرەش نەبێت….. هەروەها پێویستە لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی میكانیزمی دامەزراوە سیاسیی و ئەخلاقییەكانی خودی كۆمەڵگه، چەك بێدەنگ بكرێت. ئەم سێ مەرجە زەمینە و بناغەی ئاشتییی بەپرەنسیپانەن. ئاشیتییەكی ڕاستەقینە پشت بەم مەرجە بنەڕەتییانە نەبەستێت، واتای نابێت.
ئەگەر تۆزێكی تر ئەم سێ مەرجە ڕوون بكەینەوە، یەكەمیان؛ بە تەواوی بێچەككردنی لایەنەكان بە بنەما ناگرێت. بانگەشەكانیان هەرچییەك بێت، پەیمانی ئەوە بە یەكتر دەدەن كە لەژێر هیچ بڕوبیانوویەكدا هێرشی چەكداریی ناكەنە سەر یەكتر. هەروەها بەدوای باڵابوونی چەكدارییەوە نین. بەرانبەر بە مافی بەرگریی و پێداویستییەكانی بەڕێزن و پەسندی دەكەن. دووەمیان؛ باڵابوونی كۆتایی لایەنێكیان جێگهی باس نییە. لەوانەیە سەقامگیریی و ئارامییەك جێگهی باس بێت كە لەژێر باڵابوونی چەكدا بەدی هاتبێت، بەڵام هەرگیز ئەم دۆخە بە ئاشتیی ناو نابرێت. تەنیا لە دۆخێكدا لایەنەكان (مافدار یان ناهەق) بەبێ ئەوەی بەسەر یەكتردا زاڵ بن (بە چەك)، دوولایەنە وەستاندنی شەڕ پەسند بكەن، دەشێت ئاشتیی بكەوێتە ڕۆژەڤەوە. سێیەمیان؛ لایەنەكان ڕێزگرتن لە كاروباری دامەزراوە سیاسیی و ئەخلاقییەكانی كۆمەڵگهكان (دیسان هەر پێگەیەكیان هەبێت، كۆمەڵگه یان دەسەڵات) پەسند دەكەن. ئەو مەرجەی بە “ڕێگەچارەی سیاسیی” ناو دەبرێت، لەم چوارچێوەیەدا پێناسە دەكرێت. ئاگربەستێك ڕێگەچارەی سیاسیی و ئەخلاقیی لەخۆ نەگرێت، ناشێت وەك ئاشتیی هەڵسەنگێنرێت.
لە زمانە ڕۆمانییەکاندا، pau (کاتالۆنیی)، paz (ئیسپانیی)، paix (فەڕەنسیی)، pace (ئیتاڵیی)، هەروەها وشەی peace ئینگلیزیی، وا بیر دەکرێتەوە کە ڕەگی ئیتیمۆلۆژیان لە ڕەگی ھیندۆ-ئەورووپییەوە pak- کە واتای پەیمان یان ڕێککەوتن دەدات و لاتینی paxـدا دەبینێتەوە. وشەی ئاشتیی لە ئەڵمانییدا frieden، ڕەگ لەگەڵ freude (خۆشیی) و freiheit (ئازادیی) هاوڕەگ و هاوبەشن. هەروەها هۆڵەندیی vrede (ئاشتیی) ڕەگ لەگەڵ vriend (هاوڕێ) و vrijheid (ئازادیی) هاوبەشن. وشەی سلام عەرەبیی و shalom عیبریی، هەردووکیان وەک شێوازی سڵاو بەکار دێن، لە ڕەگی سامیی s-l-m دێن کە چەمکەکانی ئاشتیی و ئاسایشە. لە زمانی باسکی- ئیوسکێرادا ئەگەرچی واتای ئیتیمۆلۆژیی وشەی bake نەزانرێت، بەڵام وا بیر دەکرێتەوە کە پەیوەندیی لەگەڵ وشە باسکییەکانی تردا هەبێت و دەتوانن واتای “شوێنی هێمن”، “پەناگە” شوێنی کراوە” یان “بێجووڵە” بدەن؛ ئەمانە وشەکانن و پشوودان، هێمنیی، هاوئاهەنگیی و خۆشگوزەرانیی بە بیر دێننەوە. وشەی ئاشتیی لە کوردی و فارسیدا بۆ دەربڕینی ئاشتیی بەکار دێت، لە زمانی کۆنی هوورییەوە هاتووە و واتای ژن دەدا؛ ئەمەش نەریتی ژنانی کورد دێنێتەوە یاد کە لە دۆخی ناکۆکیی لە نێوان دوو هۆز یان دوو کەسدا، هەوڵ بۆ ئاشتیی دەدەن و دەستێوەردان دەکەن، سەرپۆشەکانی سەریان لا دەبەن و فڕێی دەدەنە جەرگەی شەڕەکە تا ناکۆکییەکە ڕابگیرێت.
کەواتە لە زۆربەی نموونەکاندا دەبینین ئاشتیی ئاڕاستەی هاوئاهەنگیی، هێمنیی و دۆستایەتیی یان دۆخی ڕێککەوتوو دەدا. وەک ئۆجالان دەڵێت، “ئاشتیی جگە لە ڕێککەوتنی مەرجداری دیموکراسی و دەوڵەت، هیچی تر نییە”. لەلایەکی ترەوە پەیوەندی ئیتیمۆلۆژی لە نێوان ئاشتیی و ژن لە کوردیی-هوورییدا، ڕۆڵی گرنگی ژنان لە بەدەستهێنانی ئەم دۆخە هێمن و هاوئاهەنگییە وەبیر دێنێتەوە.
لە دیدێكی دیالیکتیکەوە، وەک چۆن ناتوانین باس لە تاریکیی بەبێ ڕووناکیی بکەین، بیرکردنەوە بە تەنیا لە ئاشتیی ڕاست نییە. لێرەدا چەمکی ‘ئاشتیی کەموکوڕیی’ــی فڕانسیسکۆ موونیۆز دێنینەوە. ئەمە “ئاشتییی کەموکوڕە، بەردەوام لە حاڵەتی درووستکردندایە، بەرپرسیاریەتی گشتاندنە، پڕۆسەییە؛ ئاشتییی پارادۆکسە، چونکە لەگەڵ توندوتیژییدا دەژی.” “یەکێک لە جیاوازییە بنچینەییەکانی ئاشتیی کەموکوڕ ئەوەیە کە پێویستی بە توندوتیژیی نییە بۆ بەردەوامبوون. ئاشتیی شێوەیەکی گۆڕینی ناکۆکییەکانە و وەک پێشتر باسم کرد، ناکۆکییەکان دەبێت وەک دەرفەت تەماشا بکرێن و بەڕێوەبردنی ئاشتییخوازانەیان وەک دەربڕینی خوڵقاندنەوەی مرۆیی هەڵبسەنگێنرێت.”
ئاشتیی و یادەوەریی
“ئاشتیی پەیوەندیی بە بێدەنگکردنی تفەنگەکانەوە نییە. پەیوەندیی بە پرۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییەوە هەیە.” – ڕیگۆبێرتا مێنچو
ئاشتیی هەرگیز تەواو نییە، بەردەوام لە پرۆسەی درووستکردندایە. هەر بە هەمان شێوە، ئاشتیی – وەک زۆرێک لە دەوڵەتان لە پرۆسەی ئاشتییدا بانگەوازی دەکەن – مانای کۆتایی تێکۆشان نییە. لەو حاڵەتەدا چیتر باس لە ئاشتیی ناکەن، بەڵکوو باس ڕادەستبوون دەکەن. وەک هەنگاوی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ١٥ گەریلای ژن و ١٥ گەریلای پیاو لە ١١ی تەممووزی ڕابردوودا چەکەکانیان سووتاند – وەها ئاماژەیان بەو هەنگاوە کرد:
“وەک دەزانن، کارەکان بە ئاسانیی، بەبێ بەهایەک و بەبێ تێکۆشان سەرکەوتوو نەبووە. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، هەموو دەستکەوتەکان بە بەهای زۆر و بە تێکۆشانێکی تۆکمە هاتنە ڕۆژی ئەمڕۆ. ئەوەشی کە دێت بێگومان پێویستی بە تێکۆشانێکی زەحمەت دەبێت. ئێمە تەواو درک بەوە دەکەین و بە ئامانجی دڵنیایی دەستکەوتە دیموکراتیکە گەورەترەکان، بە هزر و پارادایمی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، بە خۆمان و هێزی کۆمەڵایەتییەکانیشمان، باوەڕێکی قووڵمان هەیە.
بەم مانایە، سەرەڕای پێداگری حکومەتی تورکیا بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ پێناسە و زمانە ڕەتکەرەوەکەی بۆ ئاشتیی بە دەستەواژەی “تورکیایەکی بێ تیرۆر” بۆ پرۆسەکەی ئێستا، بەڵام ناونانی بزووتنەوەی کورد بە “پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتی” کە لە بانگەوازی ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتەوە سرووشی وەرگرتووە، بە زیادەوە ڕوونکەرەوەیە؛ چونکە نە هەڵوێستیکی ئاسایی و ڕووکەشانەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەت، نە هەڵوێستێکی کلاسیکیی وەردەگرێت بۆ بەدەستهێنانی شتێک لە دانوستاندا لەگەڵ دەوڵەت، نە بەدوای بەدەستهێنانی دەسەڵاتەوەیە، بەڵکوو بە بنیادنان و جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کە ڕەهەندێکی نوێ بە ئاشتیی دەبەخشێت و ڕەهەندێکی نوێ بە پرۆسەکانی دواتر دەبەخشێت. وەک ئۆجالان لە پەیامی مێژووییەکەیدا لە ٩ی تەمووزدا ئاماژەی پێ کردووە – کە یەکەم وێنەی ڤیدیۆیی ئەو بوو لە دوای گیرانی لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ – “سیاسەت بۆشایی ناناسێت؛ بۆیە بۆشایی دەبێت بە پرۆگرامی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ستراتیژی سیاسەتی دیموکراتیک پڕ بکرێتەوە.” بەم شێوەیە گەورەترین کۆمەک بە ئاشتیی دەکرێت، ئاشتیی لە قاڵبە جێگیرکراوەکان دەردەهێنرێت و نەک تەنها بۆ دەوڵەت، بەڵکوو دەبێتە ئاشتیییەک بۆ کۆمەڵگە؛ لێرەدا ڕۆڵی بنەڕەتیی کۆمەڵگە نەک تەنها بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتیی، بەڵکوو بەشداریکردن لە پرۆسەی خودبوونیانەدا. لە هەمان کاتدا، ئەمە پرۆسەیەکی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتییە، بانگەوازێکە بۆ دووبارە دانەوەی مانایەکی نوێ و دووبارە ڕێکخستنەوە وەک کۆمەڵگە لە دەرەوەی دەوڵەت، دەتوانێت وەڵامی بێمتمانەیی ڕەوا و بنەڕەتی کۆمەڵگەیەک بداتەوە بەرانبەر بە دەوڵەت کە ئەوەی ڕووی داوە، لە بیری نەکردووە و ناکات.
گرنگی یادەوەریی لە بنیادنانی ئاشتییدا
یادەوەریی: لە لاتینی memor-ـەوە (بیرهێنانەوە).
بیرهێنانەوە: لە لاتینی re-cordis-ـەوە (دووبارە گوزەرکردن بە دڵدا).
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئاشتیی تەنها ‘نەبوونی چەک’ یان ‘نەبوونی شەڕ’ نییە، گرنگی پێناسەکردنی چەمکی ئاشتیی و پەرەپێدانی تێگەیشتنێکی هاوبەشمان بینی بۆ بنیادنانی. ئاشتیی لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە، دۆخێکە کە نەک تەنها پێویستی بە خۆوەگەڕخستنی لایەنی بەرانبەر نییە، بەڵکوو پێویستی بە جێهێشتنی تێکۆشان و ئامانج و داخوازییەکانیشیەتی. دواتر دەوڵەت گێڕانەوەیەک جێگیر دەکات کە ماوەیەکە و لە ساڵانی شەڕەوە بەرهەمی دەهێنێت؛ گێڕانەوەی سەرکەوتنی ئارامیی. ئەم نموونەیە لە پێداگری حکومەتی تورک بۆ ناونانی پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وەک ‘تورکیایەکی بێ تیرۆر’ دەبینین، یان بەم شێوەیە زۆر ڕوون و بەرچاو لە دۆخی وڵاتی باسک-ئوسکال هێریادا دەیبینین، لەوێ هەردوو حکومەتی ئیسپانیا و باسک گێڕانەوەی ‘دیموکراسی بەسەر تیرۆردا دەیەوە’یان جێگیر کردووە. لە ڕێگای بوارەکانی وەک کۆمەڵی قوربانیانی تیرۆرەوە؛ لە ڕێگای ئامارە فەرمییەکانەوە کە تەنها مردووەکانی یەک لایەن دەژمێردرێن، بە وەدەرنانی ئەو کەسانەی لە ئوسکال هێریادا کوژراون هەم لە ساڵانی دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ و هەم لە پرۆسەی ‘ دیموکراسی’دا، بەبێ لەبیرکردنی زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس کە ئەشکەنجە دراون لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە؛ لە ڕێگای میدیاوە کە ١٤ ساڵ دوای کۆتایی تێکۆشانی چەکداریی و حەوت ساڵ دوای هەڵوەشانەوەی ئیتا، ناونانی گیراوە سیاسیەکانی باسک یان هەر کەسێک کە داوای مافەکانی باسک بکات وەک ‘ئیتارا’- ئاماژەیەکی سووکایەتیە بە ئیتا؛ لە ڕێگای کتێبە لایەنگر و چەواشەکراوەکانەوە کە بانگەوازی ئاشکراکردنی ‘ڕاستیی ڕێکخراوی تیرۆر’ دەکەن؛ و لە ڕێگای فیلمەکانەوە کە میلیتانەکانی ئیتا (وەک لە فیلمی La infiltrada-دا) وەک کەسانی خوێنڕژ و بێئەقڵ نیشان دەدەن، بەبێ لەبەرچاوگرتن یان ڕوونکردنەوەی ڕاستی گەلێک و دەربڕینی ڕێکخراوەیان بۆ بەرگریکردن لە بوونیان. لەم دواییەدا قسەمان لەگەڵ ماڵبەتێکی باسک کرد، ئاماژەی بەوە کرد «بە بوونمان قەرزاری ئیتاین، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئێمە بوونمان نەدەبوو.
بەم شێوەیە، دەوڵەت گێڕانەوەیەک بەرهەم دەهێنێت و گرنگی گێڕانەوەکە ئەوەیە کە پێکهێنانی گێڕانەوەیەکە لە مێژوو، بەم شێوەیە یادەوەرییەک درووست دەکات. بەم جۆرە، ئەگەر بەرهەڵستکاریی ڕێکخراو نەدۆزرێتەوە بۆ ئەم گێڕانەوەیەی ئامانجی درووستکردنی یادەوەرییەکی نزیکتر لە ڕاستییە، دەوڵەت یادەوەریی و ڕاستیی خۆی سەپاندووە. لە دۆخی جێهێشتنی نەک تەنها خەباتی چەکداریی، بەڵکوو بە گشتیی خەبات، درووستکردنی یادەوەرییەک مەحاڵە، تەنها ئەگەر کۆمەڵایەتی و ڕێکخراو بێت دەرفەتی درووستبوونی دەبێت. بۆ نموونە لە کوردستان، سەرەڕای هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ لەملکردنی مەدالیای سەرکەوتوویی لە دژی ‘تیرۆرستە بێویژدان و خوێنڕێژەکان، گەلێکی ڕێکخراو هەیە، هەزاران میلیتانی ڕێکخراو و بزووتنەوەیەکی زیندوو و دینامیک کە دەتوانێت یادەوەری خۆی بپارێزێت و گێڕانەوەی خۆی، واتە گێڕانەوەی نزیکتری مێژوو لە هەقیقەت، پێشکەش بکات.
بە پێچەوانەوە، گێڕانەوەی مێژوو کە وەک یادەوەریی بۆ نەوەی داهاتوو دەمێنێتەوە، دەبێتە گێڕانەوەی دەوڵەت و تەنها ئەو کەسانەی بە دەستی یەکەم ئەمە ژیاون، دەزانن لە ڕاستیدا چی ڕووی داوە یان لانی کەم ئەوەی خۆیان ژیاون، چونکە مێژوو دەبێت لەلایەن هەموو ئەو دەنگانەوە بنیاد بنرێتەوە کە تێیدا ژیاون. نەوەی نوێ، چونکە تەنها گێڕانەوەی دەوڵەت دەزانن، ئەم یادەوەرییە وەردەگرن و دەیکەنە بەشێک لە ڕاستی خۆیان. ئەمەش دووبارە لە دۆخی ئوسکال هێریادا دەیبینین، لەوێ بە خێرایی لە نێوان نەوەکاندا دابڕان لە ڕووی یادەوەرییەوە ڕووی داوە نەک کەلتووریی و سیاسیی. بەم جۆرە، نەوەی نوێ لە ئوسکال هێریا یا نازانن ئیتا و جووڵەی ڕزگاریی نەتەوەیی باسک چی بوون، یا بەپێی گێڕانەوەی دەوڵەت دەزانن کە ئەوان تیرۆرست یان شکستخواردوو بوون، بە شوێنکەوتنی هێڵی گێڕانەوەی سەرکەوتوو و بە شکستخواردوویی دەوڵەت.
ئەم جۆرە یادەوەرییە دەکوژێت. یادەوەریی و هەقیقەتی گەلێک، دەربڕینی هاوچەرخی ئەو کەسایەتییە جەنگاوەر و تێکۆشەرانەی ئیرادەیان هەیە وەک گەل بمێننەوە، لە کوێ دەبن؟ ڕاستگۆیانە، بۆ درووستکردنی یادەوەرییەکی بەستراو بە هەقیقەتەوە، ئازایەتیی ڕەخنە و ڕەخنەدان پێویستە، داننان بە هەڵە و کەموکورییەکانی خۆمان، وەلاوەنانی ئیگۆ و دەربڕینی هەست و سۆز، ڕێگەیەک بۆ چاککردنەوەی یادەوەریی، ڕێزگرتنێک بۆ ئەوانەی ڕۆشتوون و ئەرکێک بۆ ئاییندە، بیرکردنەوە-هەستکردنێکی ئاوا پێویستە.
چۆن دەتوانرێت ئاشتیی لەسەر بنەمای یادەوەرییەکی کوژراو بنیاد بنرێت و چۆن باس لە چارەسەر بکرێت؟ چۆن دەتوانرێت باس لە ئاشتییی بێ یادەوەریی بکرێت؟ لە بەشی یەکەمی ئەم وتارە پرسیم کە ئایا دەتوانرێت باس لە ئاشتیی لە “ئوسکال هێڕیا”ـدا بکرێت؟ بیرکردنەوە-هەستم دەڵێت نا، چونکە ئاشتیی تەنها وەلاوەنانی چەکەکان نییە لە هاوکێشەکە. توندوتیژیی تەنها جەستەیی نییە؛ کوشتنی یادەوەریی، سەپاندنی ڕاستییەکی دیکەیە، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا توندوتیژییە. گەلێک ناتوانێت لە ئاشتییدا بێت، نەک لەگەڵ لایەنی سێیەم، نەک لەگەڵ ڕکابەرێک، بەڵکوو ئەگەر لە یادەوەریی بێبەش بێت یان ئەو یادەوەرییە پارچە و بێنرخ کرابێت، ناتوانێت تەنانەت لەگەڵ خۆشیدا لە ئاشتییدا بێت.
“چونکە دەسەڵات لە بنەڕەتدا لە کەمی یادەوەرییمانەوە سەرچاوە دەگرێت” ناگیهان ئەکارسەڵ
دەوڵەتی ئیسپانیا ئەزموونێکی درێژی هەیە لە کوشتنی یادەوەریی؛ سێ ساڵ شەڕ و بێدەنگی سەپێنراو بە ترس، چل ساڵ دیکتاتۆریەتی فرانکۆ کە یادەوەریی ملیۆنان مرۆڤی کوشت، کاتێک گەورە بووین چەندێکمان زانیمان ئەوەی خێزانەکانمان لە ساڵانی فرانکۆدا بەسەریان هاتووە؟ کاتێک گەورە بووین چەندێکمان زانیمان ئەندامانی خێزانمان لە زیندانەکان بوون یان ئاوارەیی؟ چەندێکمان بە هەڵکەوت زانیمان ئەندامانی خێزانەکانمان لە بەرانبەر هێزەکانی فرانکۆ شەڕیان کردووە؟ ئەمەش تەنها بۆ خاوەن دەرفەتەکانە. زۆرینەی زۆریان ڕووبەڕووی بێدەنگیی، نەزانی، لەبیرچوونەوە بوونەوە. ئایا ئەم بێدەنگیی و لەبیرچوونەوەیەیە کە ڕێگە نادات برینەکە ساڕێژ بێت، ئەم یادەوەریی کوژراوەیە یان دووبارە هەست بە بێهواییکردنە؟ لێدانی کۆتایی ڕاستە لەلایەن پەیماننامەکانی لەبیرچوونەوە لەگەڵ قۆناغی گواستنەوەی گوایا دیموکراسیەوە درا. مێژووناس ئیسماعیل ساز گوتی “مەسەلەکە لەبیرچوونەوەی ڕابردوو بوو بۆ ئەوەی داهاتوو لە ئاشتیی و دیموکراسیدا بنیاد بنرێت”. نەخێر، چۆن ئاشتییی بێ یادەوەریی بنیاد دەنرێت؟ فرانکیزم یادەوەریی بە بێدەنگی مەحکوم کرد و گواستنەوەی دیموکراتیک بە لەبیرچوونەوە زەبری لێ دا. وەک نەوەکانی ئەوانەی فرانکیزمیان ئەزموون نەکردووە، بەردەوام هەست بە کراوەیی برینەکە دەکەین، لە DNA سیاسیی و خێزانییماندا مایەوە؛ ئەندامانی خێزانەکانمان کوژران و خاکەکە پڕە لە تەرم، بەڵام یادەوەریی نییە، بیرمان نییە، کۆمەڵگەیەکین مەحکوم کراوین بە لەدەستدانی یادەوەریی.
ئەکادیمیای شاهانەی ئیسپانیا لەبیرچوونەوە وەک “بڕینی یادەوەریی هەبوو” یان “بڕینی خۆشەویستی هەبوو” پێناسە دەکات. هەندێک لە هاوواتاکانی پێشکەش دەکات “لەبیرچوونەوە”، “گوێنەدان”، “سووکایەتیی”ـیە. دەربڕینەکانی وەک “کەوتنە ناو لەبیرچوونەوە”، “فڕێدانە ناو لەبیرچوونەوە”، “شاردنەوەی لەبیرچوونەوە” ئەم ڕاستییە نیشان دەدات. لە ئیتاڵییدا “dimenticare” لە وشەی لاتینی “mens” (مێشک) دێت و واتای “دەرهێنان لە مێشک”ـە، یان لە پۆرتوگاڵییدا “esquecer”، لە وشەی لاتینیی “cadere” (کەوتن) بەرهەم هاتووە. یۆنانیی کۆن “lethé” لەخۆ دەگرێت. بەگوێرەی ئەفسانەی یۆنانیی، ڕووباری لەبیرچوونەوە کە “Lethé” یان “Leteo”یە، ڕەگی “leth” هەیە کە دیاری دەکات ئەوەی شاراوە، داپۆشراو، شاردراوەیە و ئەمە لە زاراوەی aletheia –هەقیقەتدا دەبینینەوە، وەک “لەبیرنەچووە” یان “نابێت لەبیر بچێت.
لە ئەفسانەی یۆنانییدا، Mnemósine پەری یادەوەریی، دایکی نۆ پەری پارێزەری هونەر و زانستەکان بوو. فەیلەسووفە یۆنانییە کۆنەکان یادەوەرییان بە بیری نەمری گیان بەستبووەوە.
بەم شێوەیە سێکۆچکەی “هەقیقەت – یادەوەریی – ئاشتیی” بنەڕەتە بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پاراستنی نرخەکانمان وەک گەلان و دڵنیایی ژیانێکی ڕێزدار و ئازاد. وازهێنان لە یەکێک لەمانە (هەقیقەت، یادەوەریی، ئاشتیی) واتای وازهێنان لە ئەوانی دیکەشە، چونکە پەیوەندیی نێوانیان دینامیک، ئۆرگانیی و دانەبڕاوە.