پێگەی ژن لە سیاسەتی عێراقدا ...١

عێراق و خاکی میزۆپۆتامیا بە لانکەی مرۆڤایەتی دادەنرێن، لە مێژوودا ژنان بەپێی سەردەم و فەرمانڕەوایەتییە جیاوازەکان بەشداریان لە سیاسەتدا کردووە، یاخود لە هەندێک سەردەمدا بەتەواوەتی ڕۆڵیان لاوازکراوە، بەڵام لە سەردەمانێکیشدا ژنان توانیویانە لێهاتووی خۆیان لە سیاسەتدا نیشانبدەن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ئەگەر لە مێژووی کۆنی عێراقەوە سەیر بکەین، لە سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵگادا ژنان کۆمەڵگا و خێزان و کارەکانیان بەڕێوەبردووە، ئەو شوێنەوارە مێژوویان بۆ سەرەتای دروستبوونی سۆمەرییەکان دەگەڕێنەوە زۆرینەیان پەیکەری خواوەندەکانن، کە هەموویان ژنن.

 

دواتر لە قۆناغەکانی دیکەدا ژنان سەرکوتکراون، لە سەرەتادا ڕۆڵیان کەم کراوەتەوە، بەڵام لە سەردەمەی ئاشوری و ئەکەدییەکاندا ڕۆڵیان تەواو کەمدەکرێتەوە، ژنان وەک موڵکی پیاو سەیردەکرێن.

 

شارستانییەتی سۆمەرییەکان

لەناو گەلی سۆمەرییەکاندا خواوەندی "ئەنوناکی" هەبووە، کە سەرچاوەی خێر و ئاسایش بووە، خواوەند ئینانا هەبووە، کە هێمانی خۆشەویستی، بەپیتی و خێر بووە، هەروەها گەلی بابل خواوەندی عەشتاریان هەبووە، کە ئەویش ژن بووە.

 

بەڵام پێش پێنج هەزار ساڵ هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە، ڕۆڵی ژنان لاواز دەکرێت، لە دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش زانین ڕۆڵی ژن لە شارستانییەتی سۆمەرییەکاندا تەواو لەناوبراوە، تەنانەت لەگەڵ ناوی هیچ پاشایەکدا ناوی هیچ شاژنێک نەنوسراوە، پیاوان تەواو بواری سەربازی و سەرجەم بوارەکانی دیکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.

 

کەمترین ژن لەو فەرمانڕەوایەتیدا ڕۆڵیان هەبووە، یەکێک لەو شاژنانەی ئاماژەیان پێکراوە، شاژن "بوو ئابی"ە، کە هاوژینی پاشا "ئابار کی"بووە، لە ساڵانی دوو هەزار و ٥٠٠ پێش زانین فەرمانڕەوایەتی کردووە.

 

شارستانییەتی ئەکەدییەکان

لە فەرمانڕەوایەتی ئەکەدییەکانیشدا دۆخی ژنان لە سۆمەرییەکان باشتر نەبووە، چونکە تەمەنی ئەم فەرمانڕەوایەتییە کەمتر لە ١٠٠ ساڵ بووە، بۆیە زۆرینەی یاساکانی لە سۆمەرییەکانەوە بۆ ماوەتەوە، دۆخی ژنان تا دەهات بەرەو خراپتر دەچوو، ژنان ببوونە کاڵایەکی پیاوان، هاوژینگیریان لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا پێدەکرا، کە پێی دەوترا "هاوژینگیری سیاسی".

 

شارستانییەتی ئاشورییەکان

لە شارستانییەتی ئاشورییەکاندا پێگەی شەڕیان لەسەر خوداوەندی خۆشەویستی ئینانا زیاد کرد، بەمەش ڕۆڵی ژن لاواز کرا، دەسەڵاتی پیاوسالاری خۆی سەلماند، هاوشێوەی ئەکەدییەکان ئەمانیش ژنیان لە پێناوی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیاندا بەکارهێناوە، لە کاتەکانی دیکەدا بە تەواوی فرامۆشیان کردبوون، بەڵام سەرباری ئەمەش هێشتا چەند شاژنێک توانیویانە دەسەڵات و توانای خۆیان بسەلمێنن. 

 

یەکێک لەو شاژنانەی کە بوونی خۆی سەلماند، لە سەردەمانێکدا کە ژن جگە لە ملکەچبوون و موڵکی پیاوەوە هیچی دیکە نەبووە، شاژن "سمیرامیس" بووە، پاش مردنی پاشا شمشمی ئەکەدی پێنجەم، لە ساڵانی ٨٠٠ پێش زانینی فەرمانڕەوایەتی کردووە بەشێکی زۆر لە نەریتەکانی ئەو سەردەمەی گۆڕی، تیشکی دەخستە سەر ڕۆڵی خواوەندی مێینە، هەوڵی بۆ ژیانێکی ئاینی و ڕۆشنبیری دەدات، کە سروشتێکی سەربازی هەڵکەوتووە، ڕۆڵێک و توانایەکی لێهاتووی هەبووە.  

 

سمیرامیسی شاژنی ئاشورییەکان، هێز و دەسەڵاتێکی تەواوی هەبووە، پڕۆژەی فراوانی بیناسازی ئەنجامدراوە، لەوانەش دروستکردی شاری ئاشور، تونێلێکی بەردی هەڵبەستراو لە ژێر ڕووباری دیجلە، چەندین جەنگی بەڕێوەبردووە، توانیوتەی سنوری دەسەڵاتەکەی بگەیەنێتە شام، میسر و ماد، هەندێک سەرچاوەش باس لە فراوانبوونی دەسەڵاتەکەی تا هیند دەکەن.

 

شاژن زوکوتو، یەکێکی دیکە بووە لە شاژنەکان کە ڕۆڵێکی  کاریگەری لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی ئیمپڕاتۆریەتی ئاشوریدا هەبووە، فەرمانڕەوایی کۆشک و پەرستگاکانیکردووە لە ساڵی ٦٨٠ بۆ ٦٦٠ پێش زانین، لە سەردەمی پاشا عەسرحەدونی کوڕیدا.

 

ژن لە سەردەمی بابلدا

لە ساڵی ١٧٦٣ پێش زانین شا حامورابی ئیمپڕاتۆریەتی بابلی دامەزراند، تەواوی کارگێڕی دەوڵەتەکەی لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرا، ژن هیچ کاریگەری و ڕۆڵێکی پێنەدرا.

 

کاری ژن لەم سەردەمەدا تەنها خزمەتکردنی ماڵ و پیاو بووە، کچان لە دایکەکانیاوە فێری بەڕێوەبردنی ماڵ دەبوون، لە کاتێکدا کوڕان لە باوکیانەوە کاری دەرەوە و دەوڵەتدارییان دەکرد، لەلایەکی تریشەوە ژنان مافی ئەوەیان هەبوو کە خاوەنداری بکەن، کاری کڕین و فرۆشتن و ئیشی تر کار بکەن، بەڵام کرانە شەرەفی پیاو، بێ هیچ هۆکارێک دەکوژران، لە کاتێکدا پیاو مافی هەبوونی چەندین کەنیزەکەی هەبوو.

 

بەڵام لە سەردەمی حامورابیدا لەناوی یاساکاندا ٣٠ ماددەی تایبەت بە ژن و خێزان هەبوو، کە مافی هەڵبژاردنی هاوژین، کارکردن، جیابوونەوە و پەروەردەکردنی منداڵیان هەبووە، ئەگەرچی ئەم یاسایانە لە ئاستی مافەکانی ژندا وەک مرۆڤێک نییە، بەڵام بۆ سەردەمە بە یاسای باش دانراون.

 

مێژووی ناوەڕاست

عەباسییەکان

پاش ڕوخانی دەوڵەتی ئەمەوییەکان لە عێراقدا لەلایەن عەباسییەکانەوە، لە ساڵانی ٧٠٠ زاینیدا عەباسییەکان حکومڕانی عێراقیان کرد، کە دەکرێت بە سەردەمێکی لەبار بۆ بەرەوپێشچوونی ژنان لە سیاسیەتدا دابنرێت، چونکە چەندین ژنی هاتنە مەیدانی سیاسەت.

 

لە ماوەی حکومی دەوڵەتی ئەمەویەکاندا ژنان پێگەی خۆیان لە سیاسەتدا پاراستووە، بەڵام زیاتر لە بواری هونەری و شعر نوسیندا کاریان کردووە، بەڵام لە سەردەمی عەباسییەکاندا ژنان ڕۆڵ و پێگەیەکی کاریگەری و بەهێزیان لە بواری سیاسەتدا هەبووە، ژنان وێرای بواری سیاسی لە نوسین، ڕازاندنەوە و بەرگدووریدا ڕۆڵێکی دیاریان هەبووە، لە بوار خۆشنووسی و نوسیندا دەستێکی باڵایان هەبووە.

 

دایکی سەلەمە، ژنێکی کاریگەری دەوڵەتی عەباسی

لە دامەزراندنی دەوڵەتی عەباسیدا "دایکی سەلەمەی کچی یەعقوبی ئەلمەخزومی"هەیە، کە هاوژینی یەکەم خەلیفەی عەباسی "ئەبو عەباس ئەلسەقح" بووە، ژنێکی زۆر کاریگەر بووە، کە ڕێگری کردووە لە ڕشتنی خوێن و شەڕ لە ناکۆکی نێوان عەلەویەکان، نازناوی "بەهێزکەری ژنان و دروستکەری پیاوان"ی پێبەخشراوە.

 

 یەکێکی دیکە لە ژنە دیارەکان لە بواری سیاسیدا "زەینەبی کچی سلێمانی هاشمی" بووە، ئەو بە ئامۆژگاریکردن بەشداری لە سیاسەتدا کرد،هەروەها لە سەردەمی ململانێی نێوان ئەمەوییەکان و عەباسییەکاندا ڕۆڵی دیاری هەبوو، ناسراو بووە بەوەی بەرگری لە چەوساوە و کۆیلەکان کردووە و یارمەتی هەژارانی داوە.

 

زوبەیدە کچی جەعفەر، هاوژینی خەلیفە هارون ئەلڕەشید، کاری سیاسی کردووە، هاوبەشێکی ڕاستەقینەی هارون ڕەشید بوو، هەمیشە تیشکی خستووەتە سەر ڕاستییەکان و هارونە ڕەشید بەردەوام بۆچوونەکانی وەرگرتووە، بە ڕێزێکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ کردووە، زوبەیدە کاریگەری لەسەر بڕیار و فەرمانەکانی هارون ئەلڕەشید هەبووە.

 

خوزەیرانی کچی عەتا، دایکی هارون ئەلڕەشید یەکێکی دیکە بووە لە ژنەکان کە لە سەرەتادا کەنیزەک بووە، دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ خەلیفە مەهدی سێیەم خەلیفەی عەباسییەکان کردووە، توانیوویەتی منداڵەکانی پەروەردەیەکی گونجاو بکات، ڕۆڵ و کاریگەرییەکان لەسەر هارونە ڕەشید دەرکەوتووە.

 

لە سەردەمی عەباسی و ئەمەویەکانیشدا، ژنان مافی کاری بازرگانی و سیاسییان هەبووە، لە سەردەمی عەباسییەکاندا فرە ژنی ناباو بووە، ژنان پێشکەوتنی زۆریان بەخۆوە دیوە و بۆ هەواڵگری دەوڵەت کاریان کردووە.

 

لە سەرەتای ١٥٠٠ و داگیرکردنی عێراق لەلایەن عوسمانییەکانەوە، تا جەنگی جیهانی یەکەم دۆخی ژنان خراپ دەبێت، نەخوێندەواری لەناوی هاوڵاتیانیدا گەیشتە ٪٩٥.

 

سبەی: پێگەی ژن لە سیاسەتی عێراقدا، لە سەردەمی نوێدا

 

ت.پ