نەتەوەی دیموکراتیک؛ بنەچەی ژیانی کۆمەڵایەتی میزۆپۆتامیا....٥

سیستمی دەوڵەت -نەتەوە، لەسەر یەک نەتەوە یەک ئاڵا و یەکیەکان دامەزراوە. بۆیە نەخشە جوگرافیەکەیشی وەک زیندانی ھەبونە جیاوازەکان داڕێژرا. کورد گەورەترین زیانی لەم نەخشەیە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

تەوار عادل-لە باسکردنی نەتەوەی دیموکراتیکدا پرسیاری بۆچی و چییە لەسەر چەمکەکە دروست دەبێت. ھەروەھا نەتەوە، گەر نەتەوە بێت؛ دیموکراتیکی بۆچییە؟ ئەمەش تەنها چەمکێک نییە، بەڵکو تێگەیشتن و دنیابینیەکی نوێیە کە لە ئەنجامی ناکۆکی و ناکامیەکانی نێوان نەتەوەکان و بە تایبەت تێکۆشانی نەتەوەیی گەلی کوردەوە دروست بووە. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەلێکی سەرەتایی و سروشتی بوون. ھەمیشە بە گەل و خاکەکەیەوە لە ژێر ھێرشی داگیرکاریدا بووە. ئەم گەلە بۆ خۆپاراستن پێویستی بەخۆڕێکخستن بووە. لەسەر شانۆی مێژوویش خاوەنی چەندین دەسەڵات، قەڵەمڕەو و فیدراسیۆنی ڕێکخراوەیی بووە کە نەک ھەر خۆی پێ پاراستووە، بەڵکو مەترسیە دەرەکیەکانیشی لەناوبردووە. لەوانەش فیدراسیۆنی ماد، قەڵەمڕەوی میتانی، ھوری و چەندانی دیکە بەڵگەی مێژووی بەهێزن و ھێزی پاراستن و گەلەری کۆمەڵگەی کوردی بوون.

 

لە سەردەمی دەوڵەت نەتەوەدا، ھێرشێکی فراوان کرایە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بووە گۆڕەپانی مەرگی فرەڕەنگیەکەی میزۆپۆتامیا. کوشتار، کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی گەلە دێرینەکانی ناوچە لەسەر دەستی نەتەوە دروستکراو و بە دەوڵەت بووەکانی سیستەمی ھەژمونی و ئیمپریالیستی خۆرئاوایی و بەتایبەت ئینگلیز دەستی پێکرد. نەتەوە و پێکهاتەکان بوونە شێوەی ڕێکخستنی شێوازێک لە خەڵک بە ناوی نەتەوەوە. تورکەکان، فارسەکان، عەرەبەکان لە ڕێگەی بە دەوڵەت بوونەوە بوونە نەتەوەی فەرمی. بەڵام ئەم نەتەوەبوونە؛ ئاسایی و گەشەی ناوخۆیی گەل و پێکھاتەکان نەبوون، بەڵکو دروستکردنی دەوڵەتۆچکەی بەکرێگیراو بووە، لەژێر ناوی نەتەوەدا. ھەروەھا شێوەی ڕێکخستنی بە دەسەڵاتبووی دەوڵەتی چینە باڵادەستەکانی ناو نەتەوەیە بۆ شەڕ، کۆمەڵکوژی و کەڵەکەی سەرمایە.

 

ھەربۆیە دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر سێ پایە دامەزراوە، کە؛ سەرمایە، قازانج، پیشەسازییە. ئەم نەتەوەی دەوڵەتانە تەنانەت لەناوخۆیشیدا تەبایی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ڕەگەزی دروست نەکردووە. بەڵکو چینێکی باڵادەستی پیشەسازی ھێرشی سەر ڕەنجی کۆمەڵایەتی، ژینگە و ژنی کردووە و لە ڕێگەی یاساییەوە مافی پاراستنی ھەبونەکانی قۆرخ کردووە بۆ خۆیی و مافی پاراستنی خۆیی و خۆجێی لە تاک، دەوروبەر، نەتەوە و پێکھاتەکانی تری سەندووەتەوە. ھەربۆیە ئەو سیستمەی بۆی و لەسەری دامەزراوە، سیستەمی شەڕ و دەسکەوتی قازانجە. کە ئەمەش لەگەڵ ژیانی سروشتی کۆمەڵایەتێدا ناکۆکە.

 

سیستەمی دەوڵەت نەتەوەش، لەسەر یەک نەتەوە یەک ئاڵا و یەکیەکان دامەزراوە. بۆیە نەخشە جوگرافیەکەیشی وەک زیندانی ھەبونە جیاوازەکان داڕێژرا. کورد گەورەترین زیانی لەم نەخشەیە کرد. بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردووی تەمەنی دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە؛ لەژێر ھێرشی لەناوبردن و قڕکردندا بووە. بەڵام گەلێک بووە ڕادەست نەبووە. بەرخۆدانی کردووە و تێکۆشاوە. خوێن و ڕەنجێکی زۆری لە پێناوی خۆپاراستندا داوە. ٢٩ ڕاپەڕین و سەرھەڵدانی کورد خەڵتانی خوێن و سەرکوت کراوە. کۆمەڵکوژی و تاڵانی و دەستدرێژی بە لوتکە گەشتن، ژن و منداڵ ڕفێنراون و پەروەردە و گەورە کران بۆ جندەخانە و سەربازییە زۆرەملیەکان. منداڵەکان لە قوتابخانە تایبەتەکاندا لە بێکەسیدا پەروەردەکراون وەک دڕندەی جەنگی.

 

لەم چوارچێوەیەدا کورد لە ئاستی نەتەوەیی بووندا لە پاش ماوەو نەیهیشتووە لە پەیوەندی و ڕێکخستنە سەرەتاییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر تێپەرێت، هەربۆیە بە کۆمەڵگەی کوردی دەڵین؛ کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییە! لەکاتێکدا خێڵەکی و پاراستنت هۆز ڕێکخستنە سەرەتایی و سروشتییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، کە بناغەکەی ڕێکخستنی کۆمین و کۆمیناڵیزمە، شەڕی دەوڵەت نەتەوەش لەگەڵ ئەو ڕێکخستنە کۆمیناڵیستییە سروشتییەی کە لەسەر وەک یەکی هاوبەش و هەرەوەزی دامەزراوە.

 

چینی دەرەبەگ و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی کورد، لەپێناو مانەوە و پاراستنی پێگە بەگییەکەیاندا؛ لەناو پەیوەندییە میللیە سەرەتاییەکاندا ماونەتەوە و وەک چینی بەکرێگیراوی کورد ھەمیشە لە خزمەتی داگیرکەراندا بوون و نەیانھێشتووە گەلی کورد بە نەتەوە ببێت و بە ھەوای ئازادی بگات. دوای ٢٩ سەرھەڵدانی کورد و ناکام بوونی؛ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بە دێڕێک ڕەخنەی لەو شکستانە گرت و وتی "کوردستان داگیرکراوێکی نێودەوڵەتییە"، لەسەر ئەو بنەمایەش گۆڕانکاری مێژوویی لە بیر و ھزری کورد و کوردستان و سیستەمی داگیرکاریدا دروستکرد و کوردیشی بۆ بوونە نەتەوەیەکی دیموکراتیک ئاڕاستە کرد.

 

نەتەوەیی بوونی کورد وەک ھەر نەتەوەبوونێکی تر نییە. ئەگەر نەتەوەکانی تر دروستکراوی سیستەمی داگیرکاری و ئیمپریالیستین و بە گوێرەی نەخشە و بەرژەوەندییەکانی قازانجی سەرمایە دروستکراون و بە دەوڵەت کراون. ئەوا نەتەوەبونی کورد لەسەر بنچینەی ئازادی، فرەڕەنگی ناوخۆ و ناسینی جیاوازییە ناوخۆییەکان بۆ ژیانێکی ئازاد دامەزراوە. پایەکانی ژیانێکی ئازاد لەسەر بنچینەی ئابوری ھەرەوەزی، ژنی ئازاد و ژینگەدۆستی دامەزراوە. بەگوێرەی ئەوەش پێکھاتە و سیستەمی ڕێکخستنی ناوخۆیی لەسەر بنچینەی بەشداری، ھاوبەشی، پێکەوەیی، وەک یەکی ڕەگەزی و پاراستنی خۆجێی و زەوا دامەزراوە.

 

سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لەناوخۆدا لەسەر بنچینەی دیموکراسی ناوخۆیی و لە دەرەوەشدا لەسەر بناگەی وەک یەکی لەگەڵ نەتەوەکانی تردا دامەزراوە، بۆیە پێکەوە ژیانی گەلان لایەنی بەڕێوەبەری جوگرافی هەیەو خۆبەڕێوەبەریش دامەزراوەی ناوخۆییە، ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان، پیشەوەران، ژینگەییەکان هیزی پاراستن و بەڕێوەبەری خۆسەرن، تاک لەگەڵ پێکهاتەکان و کۆمەڵگەکەیدا بەشیوەیەکی ڕێکخراو لە بەشداری بەڕێوەبەری کۆمەڵگەدا ڕۆڵ دەگێڕیت، بەمەش جێگەیەک بۆ بێهیوایی و نامۆبوون ناهێڵێتەوە.

 

گەلی کورد، وەک دێرینترین گەلی میزۆپۆتامیا کە بوونی پەیوەستە بە پێکەوەژیانەوە و ناسنامەکەشی ژیانی هەرەوەزییە، بە درێژای مێژووی هەزاران ساڵە تێکۆشاوە و لە پێناویشیدا بە قەرزی گیان و خوێن قوربانی داوە، ئەمڕۆش تێکۆشانی گەلی کورد بە سەردێڕی نەتەوەی دیموکراتیک بەڕێوەدەچێت و سیستمە ڕێکخستنییە بەڕێوەبەریەکەیشی لەسەر شێوازی کۆمین، ژنی ئازاد و گەنج دامەزراوە و پاراستنیش ئەرک و بەرپرسیارەتی تاکەکانی کۆمەڵگەکەیەتی  بە هەموو دەنگ و ڕەنگەکانییەوە.

 

لە نمونەی هەرە بەرچاودا ڕۆژئاوای کوردستانە، کە کۆمەڵگە جیاوازەکانی لەسەر بنچینەی کۆمین و کۆمۆنارەکان بەڕێکخستن بوون و کۆمیناڵیزم شێوازە ھەرە فراوانەکەی کۆمەڵگە و جوگرافیا جیاوازەکانیەتی. ھەربۆیە جیاوازی نەتەوە دەوڵەت لەگەڵ نەتەوەبوونی دیموکراتیکدا، ئەوەیە کە نەتەوەبوونی کورد بە خواست و دوور لە دەستێوەردان و قازانجپەرستی و سڕینەوەی نەتەوەکانی ترە و ئازادی و دادپەروەری و ڕێزی بەرامبەر بناغەی نەتەوەبوونی دیموکراتیکە. چونکە دیموکراتیک بوون واتە ڕێزداری بەرامبەر تاک، کۆمەڵگە جیاوازەکان، ژینگە و پێکھاتە ژینگەییەکانی ناوی و تێگەیشتن لە ھاوبەشی ئێکۆ سیستەمی ژیانێکی ھاوبەش.

 

دۆزی کورد دۆزێکی شاراوەیە لە ژێر پەردەی یاسا و دەستور و سیستەمە فەرمیەکاندا. بۆیە چارەسەری دۆزی نکوڵی لێکراوی کورد، پێویستی بە ھێزی کۆمەڵگە و بە یاسایی کردن ھەیە. دەستپێشخەریەکەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا لە دورگەی ئیمراڵیەوە بە وتی؛ "ئەگەر ھەلومەرجی یاسایی و دیموکراسی بخوڵقێت، من ھێزی تیۆری و پراکتیکی چارەسەری دۆزەکەم ھەیە" تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی سیستمی دەوڵەتی بە یاساکراوی سەپێندراو پێویستی بە گۆڕینی بنچینەیی هەیە، بۆیە ڕوی کردە دەوڵەت و وتی، ھەلومەرجە یاساییەکانی ئازاد چارەسەرکردنی پرسەکە، دەبێتە ھۆکاری پاککردنەوەی زەمینە مینڕێژەکان و چاککردنەوەی پردە ڕووخاوەکان و بەوەش متمانە بەیەککردن بۆ چارەسەری پێشدەخرێت. بۆیە ئەگەر یاساکانی تیرۆر و دەستوری تورکیا نەگۆڕێن و نەبنە دەستور و یاسایەکی کراوە بۆ چارەسەریی؛ کێشەکان بە ھەڵواسڕاوی دەمێننەوە و بێ چارە دەبن.

 

ھەربۆیە لەم پێناوەدا، بۆ ئاسانکاری چارەسەری پرسەکە، لەسەر بنەمای بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی ڕێبەری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، عەبدوڵا ئۆجالان، لە کۆنگرەی ١٢دا پارتی کرێکارانی کوردستان خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی و گۆڕینی شێوازی تێکۆشانی چەکداری ڕاگەیاند.

 

٤// دەستپێشخەریەکانی تێکۆشانی ئازادی کورد و ڕێبەرییەکەی لە پێش ھەنگاوەکانی تورکیا و دەوڵەتەکەیەوەیەتی، تا ئەو چەقبەستوییە زھنیی و ئایدۆلۆژییەی دەوڵەت و کۆمەڵگەی تورکی بشکێنێت و بەرەو ڕێڕەوی دروست و یاسایی چارەسەریی و گەیشتن بە دروستکردنی مێزی گفتوگۆ و پرۆسەکە بگات.

 

بۆیە ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان داواکاری خوڵقاندنی ھەلومەرجی یاسایی و سیاسی دەکات تا دەستئاواڵایی چارەسەری پرسەکە ھەبێت، چونکە بە شیکردنەوەی دەوڵەت، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە یاسا و دەستور ڕێگە دروستکەری کردنەوەی دەرگا داخراوەکانە، وەک چۆن دەشڵێت من مەحکومێکی نایاساییم و گفتوگۆکەرانیش بەھەمان شێوە؛ بەو واتایەی نە ڕووپۆشی یاسایی و نە پاراستنی یاسایی ھەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش دەوڵەت یان ھەر پێکھاتەیەکی باڵادەستی ناو دەوڵەت دەتوانێت بە گوێرەی یاساکانی داگیرکاری دەستوەردان لە پرۆسە و گفتوگۆکاندا بکات، وەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٥دا مێزی گفتوگۆی ئیمراڵی لە دواساتەکانیدا قڵپ کرایەوە و قۆناغێکی شەڕی وێرانکاری بەردەوامی کرد.

 

لە ڕێنمایی ڕێبەری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، عەبدوڵا ئۆجالاندا بۆ کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە، دەلێت: پەکەکە ئەو تەڤگەرەیە کە ڕاستی کوردستانی دەرخست و ئەم بوونەی مسۆگەر کرد. کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە لەناوببات. ئەو هەنگاوەی لەمەودوا دەنرێت، بۆ بەدیهێنانی ئازادییە. کۆمەڵگەی ئازاد ئیتر لەسەر بناغەی کۆمیناڵیتە و ئەخلاق و سیاسەت شێوە دەگرێت. پەکەکە بە بەرخۆدان سیاسەتی نکۆڵیی پووچەڵ کردەوە. ناسنامە و ڕاستیی کوردی لە ڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە پیشاندا، بۆ دۆست و دوژمنی پێناسە کرد، وا دیارە ئیدی ئەم هەنگاوە لە ڕێگەی پەکەکەوە بەدی نایەت، تەنها بە بەرخۆدانیش نابێت، لە قەوارەی نوێدا "ژیان و کۆمەڵگە"، کەلتووری شۆڕشگێڕی، ڕێکخراوی دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک و توێژینەوە و زمان، ڕۆڵی خۆیان دەبێت، ئەمەش بە تێکۆشانی بوون و بنیاتنان بەدەست دەهێنرێت.