نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان بازاڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گەرم کردووە

گەنجان، بەکاربەرێکی مادە هۆشبەرەکانن و بێکاری و بێ پڕۆژەیی حکومەتیش تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی لێ کردوون بە نەخۆشی

ناوەندی هەواڵ

 

گەنجان لەهەرێمی کوردستان بەهۆی بێ پلانی حکومەتەوە بێکارن و بونەتە ژێردەستەی سۆشیال میدیا، ئامارەکانیش نیشانی دەدەن کە تەنها لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٦ هەزار و ٩٧٢ کەس کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.

 

لە هەرێمی کوردستان ٢٧ زانکۆی حوکمی و ناحکومی هەن کە تێیاندا زیاتر لە ٣٠ هەزار  خوێندکار کۆتا قۆناغی خوێندن دەبڕن، بەڵام چەندین ساڵیشە دامەزراندن لەم هەرێمەدا ڕاگیراوە و گەنجان بەدەست بێ کاریییەوە دەناڵێنن، ئۆفیسی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە لەعێراق گەنجان بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکانن و توێژەرانی کۆمەڵایەتیش سۆشیال میدیا وەک بێهۆشکەرێکی تری گەنجان بەناو دەکەن.

 

کاتێک باسی گەنج و گەنجبوون دەکەین، تەنھا واتا فزیۆلۆژییەکەی نایگرینە دەست، چوونکە مەرج نییە ھەموو کەسێکی گەنج گەنجانە بیر بکاتەوە و بژی، مەرجیش نییە ھەموو کەسێکی بەتەمەن دوور بێت لە ھەموو پێوانەیەکی گەنجبوون، بەڵام دەبێت  ئەو راستییە ھەست پێبکەین کە ماتە وزەی گەنجبوون ھەمیشە لە گەنجاندا زیاترە و ئەگەر گەنج ھەستی پێ بکات، ئەوا دەتوانێت بیکاتە وزەیەکی دینامیکی مەزن.

 

گەنجان فێری چاوەڕوانی دەستی حکومڕان کراون

ساڵانە زیاتر لە ٣٠ هەزار خوێندکار کۆتا قۆناغی خوێندن دەبڕن، زیاتر لە ١٠٠ هەزار خوێندکار چاوەڕێی دامەزراندنن. لەکاتێکدا زۆرێک لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان بێ بنکەی تەندروستی و خوێندگەن و بەم هۆیەوە چۆڵ دەکرێن، دەرچووانی بەشی کوشتوکاڵ و جیۆلۆجی لەگەڵ هەبوونی بە سەدان هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و کانەی بەردین و کانزاکان بێ هەلی کار ماونەوەتە.

 

بەهۆی سیاسەتی بە چەکدار کردن و دابڕینی گوند لە شارەکان و بە چینیکردنی کارەکان، گەنجان کاری خۆکردەیی هەڵنابژێرن و سیستەمی خوێندن لەم هەرێمە بەقەد ئاستی خاوەن پڕۆژەی خۆیی بوون خوێندکاران لە ڕووی پێشەییەوە پەروەردە ناکات. خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن کامێرا نابین و خوێندن تەواوە دەکەن وەک ئەوەی دەرچووانی بەشی کیمیا بۆنی زۆرێک لە ماددە کیمیاییەکانی پڕۆگرامی خوێندنەکەیان نازانن.

 

گەنجانیش ڕەخنەی ئەوە دەگرن ئەو دامودەزگا سنوردارانەشی کە بۆ کار کردن دەکرێت چانسێک بن بۆ ئەوان بە حزبی کراون و تەنها پارتەکان دەتوانن بڕیاری هەلیکار بدەن نەک زانابوونی پیشەیی.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وزەی گەنجان لەناو دەبات

 بەشێکی زۆری دانیشتوانی کوردستان گەنجن، زۆربەی گەنجانی هەرێمی کوردستان بە خوێندنەوە سەرقاڵن، هەندێکیشیان پڕۆسەکەیان بە نیوەیی وازلێ هێناوە و بەشەکەی تریشی بە سەرکەوتوویی تێیان پەڕاندووە. بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو گەنجان بەکارنەهێنانی کات و کەم خوێندەوارییە، بە هۆی زۆر بەکار‌هێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و شەپۆڵی پۆپجی و یارییە ئەلیکترۆنیەکان کە وەک نەخۆشیەک لە گوندەکانیشدا بڵاوبۆتەوە.

 

خراپ بەکارهێنانی کات بووەتە هۆی کوێرەوەری ئەندێشەیی و کەمی ڕۆشنبیری لەگەنجاندا، ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی وەک توندوتیژی، جیابوونەوە و هەرەسی ئادابە سروشتییەکانی ڕێز و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەنجومەنی دادوەری ئاماری ٨ ساڵی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بڵاوکردووەتەوە کە له‌و ماوه‌دا ٦٢ هه‌زار و ٤٩٠ حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ تۆمار كراوه‌، واتا له‌ یه‌ك ڕۆژدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ٤٠ خێزان لێك هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌.

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یەکێن لە هۆکارەکانی لەڕێلادانە ڕەگەزیەکان و زۆربەی ئەو گەنجانەی لە پەروەردەی بنەماڵەیی و خوێندەواری ڕۆشنبیری بەدوورن بوونەتە هۆکاری دەستدرێژ و گێچەڵ بە ژنان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک ناوەندێکی بێ ڕێزی بە ژنان و هەندێک لە پیرۆزیەکانی کۆمەڵگا بەکاردەهێنرێت.

 

بە بێ سودترین شێوە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردە‌هێنرێت

لە هەرێمی کوردستاندا و بەتایەتی لە ناو گەنجاندا بەشێوەیەکی گشتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی فۆتۆ و پەیامە کەسیەکان بەکاردەهێنرێت بێ هەبوونی ئامانجی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری.

بەربڵاوترین تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکارهێنراو لەم هەرێمە فەیسبوکە کە دەتوانین بڵێن سەرچاوەی زۆرترین کێشە کۆمەڵایەتیەکانی ئەمڕۆیە و هەندێک لە کێشەکانیش بە قوربانی بوونی ژنانی گەنج کۆتایی دێت و تا ئاستی تیرۆری نامووس بە تاوان دەبێت. گەنجان درێخیش ناکەن لە بەکارهێنانی ئینستاگرام و تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک کە بووەتە تۆڕێکی باو لە نێوان گەنجانی کوردستاندا بەو هۆیەی شێوازی بەکارهێنانی ئاسانە و بە دڵی گەنجانە.

 

ڕێژەیەکی زۆر لە گەنجان لە خەونی چوونە ئەوروپادا دەخنکێن

بەهۆی بێ پلانی دامودەزگاکانی حکومەت و بێ وەڵامیان بۆ ڕەخنەکانی گەنجان بەتایبەت دوای ڕوداوەکانی ١٧ شوبات و سەرهەڵدانەکانی بانگەوازی چاکسازی لە مەیدانەکانی تەحریری عێراق، ٢٥٧ هەزار و ٣٠٢ گەنجی عەرەب و کورد لە ماوەی تەنها چوار ساڵدا کۆچی وڵاتی ئەڵمانیایان کردووە. هەروەها ٩٦٦ هەزار و ٥٤٧ گەنج کۆچبەری ٣٠ وڵاتی جیاوازی ئەوروپا بوون و داوای پەنابەرییان کردووە.

 

تەنها لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥ کەسیش بێسەروشوێن بوون.

 

گەنجان هۆکاری چونە هەندەرانیان وەک نەبوونی هۆکاری ژیان و پێویستییەکانی بژێوی لەقەڵەم دەدەن. بەڵام توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئەوە ڕوون دەکەنەوە بێ هیوایی وەک و کاردانەوەیەکی بێ پڕۆژەیی حکومەت و کێشەی گەندەڵی و شەڕە بەردەوامەکانی سارد و گەرم لە هەرێمی کوردستاندا هۆکاری ڕاکردنی گەنجانن و گەنجان ناوی ئەم دیاردەیە دەکەنە "سەرهەڵگرتن".

 

زۆرێک لەو گەنجانەی دەگەنە هەندەران بەهۆی کێشەی بێکاری و بێ لانەیی و نەبوونی ناسنامەوە دەناڵێنن، بەڵام ئامادەنین جارێکیتر ڕوبکەنەوە کوردستان و پەنابەری و غەریبی هەڵدەبژێرن و تا ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بانگەوازی پڕۆژەیەکی بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیەکانی لە هەندەران پێش نەخستووە.

 

مادەی هۆشبەر هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ژیانی گەنج

ماددە هۆشبەرەکان بونەتە هەرەشەیەکی گەورە لەسەر گەنجانی عێراق، ئەم دیاردەیەش وەک دەرئەنجامی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات سەیردەکرێت. ٨ ساڵ بەر لە ئێستا ئۆفیسی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندبوو کە عێراق ڕۆڵی وڵاتی “گوێزەرەوە” دەبینێت، واتە ئەو بڕە ماددە هۆشبەرەی کە هەیە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و دواتر بەرەو وڵاتانی دیکە دەڕوات، بەڵام لە ئێستادا کڕینی ماددەی هۆشبەر بووەتە شتێکی ئاسایی لەم وڵاتە و گەنجانیش سەرەکیترین بەکار‌هێنەرن.

 

ت.پ