ماڵی ژن بووە مۆدێلی شۆڕشی ژن ...٢

ئیلهام عومەر، ئەندامی بەڕێوەبەری ماڵی ژن لە هەرێمی جەزیرە دەربارەی کاری ماڵی ژن ئاماژەی بەوەدا کە یەکسانی و دیموکراتیک بە بنەما دەگرێت و وتی: ئێمە بە سێ ژنەوە ماڵی ژنمان بنیادنا، ئەمڕۆ هەزاران ژن بەشداری ئەم خەباتەیان کردووە.

"ماڵی ژن یەکسانی و دیموکراتیک بە بنەما دەگرێت"

ڕوناهی نودا

 

قامیشلۆ- لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا پێشکەوتنی زۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ڕوویدا، ژنانی کورد توانیان شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بکەنە شۆڕشی ژن، ئەمڕۆ ژنانی کورد پێشەنگایەتی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک دەکەن کە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دایڕشتووە، بە پێشکەوتنی شۆڕش ماڵی ژن کە ناسنامەی خۆی تێدا پاراست، توانی ڕۆڵی سەرەکی ببینێت، کە یەکەم لقی خۆی لە قامیشلۆ لە ٢٠ی ئاداری ٢٠١١ کردەوە و بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا لە ٦٢ لقدا بڵاوبووەتەوە کە لە پایتەختی سوریا، شام و هەرێمەکانی زۆراڤا لقیان هەیە، ئەمڕۆ ژنانی جیهان هێزی خۆبوون لە شۆڕشی ژنی ڕۆژئاوای کوردستان وەردەگرن و بەو هێزەوە دەگەڕێنەوە بەرەو ڕاستینەی ژن بوون.

ئیلهام عومەر، ئەندامی بەڕێوەبەری ماڵی ژن لە هەرێمی جەزیرە، دەربارەی پێویستی ئاواکردن و کار و خەباتی ماڵی ژن ئاماژەی بەوەدا کە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان لەلایەک شۆڕشیان بەڕێوەدەبرد، لەلایەکی دیکەشەوە دەستی کۆمەڵگەیان گرت و بەو شێوازە گەڕانەوەیان بەرەو خودی ژن دەستپێکرد، "لە تەواوی سوریادا شەڕ هەبوو، زۆر هاوڵاتی سوری بەهۆی ئەوەی هەرێمەکانی ئێمە پارێزراو بوو، دەهاتن و نیشتەجێ دەبوون، کاتێک کۆمەڵگەی ئێمە و ژنانی سوریا هاتنە لای یەک، ئێمە بە پێویستمان بینی کە ماڵی ژن ئاوا بکەین.

ئیلهام عومەر باسی لەوەکرد کە ٦٢ لقی ماڵی ژن هەیە، دوای ڕزگارکردنەوەی هەرێمەکانی عەرەب وەک ڕەققا و تەبقا، دێرەزۆر و مەنبج لەدەست چەتەکانی داعش ماڵی ژنیان تێدا کرایەوە و ماڵی سوریانییش هەیە و لە کامپی کۆچبەرەکانیشدا ماڵی ژن ئاواکراوە و هاوکاری ژنانی کۆچبەر دەکات.

 

بەشی چارەسەر و دادپەروەری لە دەستی ژناندا

ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەری ماڵی ژن باس لەوەدەکات کە ماڵی ژن لەسەر چوار بەند خۆی بەڕێکخستن کردووە، وتی: بەپێی پەیڕەوی ماڵی ژن ئێمە خۆمان لەسەر چوار کۆمیتەی چارەسەر-سوڵح، بەڕێوەبەر، پەروەردە، ڕاگەیاندن و ئەرشیف ڕێکخستووە، دیوانی دادوەریش لە ساڵی ٢٠١١دا ئاواکراوە، ئێستا ماڵی ژن بەشی سوڵح و دیوانی دادوەری پێکەوە گرێدراون، دەتوانین بڵێین ماڵی ژن هەم ماڵی ژنە و هەم ماڵی کۆمەڵگەیە، ناوەندەکەمان خۆسەرە، بەڵام پیاوانیش دێن و کێشەکانیان لەلای ئێمە چارەسەر دەکەن، لە کۆنفرانسی ساڵی ٢٠١٦دا بڕیاردا کە ئەنجومەنی دادوەری ژن دابمەزرێت، ئەنجومەنەکە لەسەر بنەمای جیهانی دامەزرا، هەزاران کەس لە جیهانەوە هاتن و سەردانی ئەنجومەنەکەیان کرد و پرسیاریان لەلا دروستبوو، دامەزراندی ماڵی ژن و بەشی سوڵح و ئەنجومەنی دادوەری ژن لەو پێناوەدا بوو کە دەمانبینی ژنان هەندێک کات نەیاندەتوانی مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، بۆیە بە دامەزراندنی ئەنجومەنی دادوەری ژن توانیمان کێشەکان چارەسەر بکەین و هاوکاری کۆمەڵگە و ژنان بکەین، ئەمەش ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو جیهان.

 

لە ماڵی ژندا یەکسانی و دادپەروەری هەیە

ئیلهام عومەر هێنایە زمان کە ماڵی ژن کێشەکانی کۆمەڵگە، ژن-پیاو، خێزان-منداڵ چارەسەر دەکات، لە هەنگاوی سەرەتادا ماڵی ژن لەلایەن کۆمەڵگەوە پەسەند نەدەکرا، بۆیە هەوڵدرا یەکسانی و دادپەوەری ماڵی ژن نیشانی کۆمەڵگە بدرێت، تا لەلایەن کۆمەڵگەوە پەسەند بکرێت و ببێتە ناوەندێک کە ژن و پیاو باوەڕی بهێنن و بتوانن دادپەروەری لەلای کێ بێت بەو شێوەیە کێشەکان چارەسەر بکرێت.

ماڵی ژن ئەندامەکانی لە دایکان و ئەو ژنانەی تەمەنیان هەیە پێکدێت، لەو بارەیەوە ئیلهام عومەر وتی: لەناو کۆمەڵگەدا ئەو ژنانەی تەمەنیان گەورەیە ڕێزیان لێدەگیرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە و گەلەکەمان ڕێز بداتە خەباتەکە، دایکان جێی خۆیان لەناودا دەگرن، هەروەها دایکان گەنجان پەروەردە دەکەن و کار و ڕێبازیان فێردەکەن، هەروەها دایکان بە ئەزمونە ژیانییەکانی خۆیان کێشەکان چارەسەر دەکەن، لە سەرەتادا هەندێک دایک دەیانوت کە سەردەمی ئێمە بە شێوەیەک بووە، بەڵام ئێمە هەوڵماندا کە گۆڕانکاری دروستبکەین و لە ڕێگەی گفتوگۆوە توانیمان ئەو قاڵبەی ژنانی تێدایە بگۆڕین، دوای داڕشتی یاساکانیش لە ساڵی ٢٠١٤دا ئێمە باشتر توانیمان لە کێشەکانی ژنان نزیک ببینەوە و چارەسەری بدۆزینەوە.

 

"لە ساڵی ٢٠٢١دا ٥٦ ژنمان لە کوشتن و خۆکوشتن ڕزگارکرد"

ئیلهام عومەر باس لە هەڵویستی سەرەتایی خەڵک دەکات بەرامبەر ماڵی ژن کە بە خراپ باسیان دەکرد و دەیانوت ماڵی جیابوونەوەیە تا لەبەرچاو ڕەش ببێت، بەڵام وەڵامی ئەو هەڵوێستانەیان بەوە دایەوە کە ماڵی ژن، ماڵی پەروەردەیە، "وەک ماڵی ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڕەشە دەبینەوە و بەردەوام بەرامبەری لە تێکۆشانداین، ئەگەر ماڵی ژن ماڵی جیابوونەوە بووایە هێندە کەیسی تێدا چارەسەر نەدەکرا، ئێمە لە ساڵی٢٠٢١دا ٥٦ ژنمان لە خۆکوشتن و کوشتن ڕزگار کردووە، ئەوانەشی کە بە خراپ قسە لەسەر ماڵی ژن دەکەن، بۆ ئەوەیە کە ماڵی ژن و ڕۆژئاوا ناشیرین بکەن، ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو دۆسیانەی دێنە بەردەستمان لەسەر بنەماکانی خۆمان چارەسەریان بکەین و ئێشی ژنان نەهێڵین".

 

"ماڵی ژن لە فەرەنسا خەڵاتی وەرگرت"

ئیلهام عومەر رایگەیاند، ماڵی ژن لە فەرەنسا خەڵاتی وەرگرتووە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنان لە شۆڕشی رۆژئاوای کوردستاندا چەندین هەنگاوی گەورەیان بەخۆوە بینی، چونکە ژنان دایک و خوشک و هاوسەر و هاوڕێ بوون و پێشەنگی ژنانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، توانیان دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنن. ماڵی ژن لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە و لە فەرەنسا خەڵاتی وەرگرت، ئەمەش پێناسەی سەرکەوتنی ئێمە دەکات،  زۆرێک لە ژنانی جیهان هاتن و سیستمی ئێمەیان ناسی و خەڵکێکی زۆر کاریگەر بوون و ویستیان لە وڵاتەکانی خۆیاندا ئەم سیستەمە بنیاد بنێن، زۆرێک لە ژنانی جیهان دێنە ماڵی ژن و لەگەڵمان پەروەردە دەبینن، پێشکەوتنی زۆر هەیە و بەردەوامیش دەبێت.

 

"هاوسەرگیری لە تەمەنێکی بچووکدا و فرەژنی سەختی گەورە دروستدەکات"

ئیلهام عومەر باس لە کێشەکانی ڕووبەڕووی ماڵی ژن دەبێتەوە، دەکات و دەڵێت: ئێمه‌ رووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه‌ی جیاواز ده‌بینه‌وه، دوای ئەوەی یاسای ژنان لە ساڵی ٢٠١٤ دەرچوو، هەندێک شت ڕوونتر بوون. بەڵام لە ئێستادا باوترین کێشە کە ڕووبەڕووی دەبینەوە بریتییە لە هاوسەرگیری لە تەمەنێکی بچووکدا و فرەژنییە، ئێمە لە دژی ئەم پرسانە خەبات دەکەین و بەپێی یاسای ژنان نزیک دەبینەوە. بۆ ئەوەی ئەم کەموکوڕیانە لە کۆمەڵگەدا کەم بکەینەوە و گرنگی بە پەروەردەی کۆمەڵگە دەدەین.

 

" ناهێڵین ژن و پیاو تووشی سەختی ببن "

ئیلهام عومه‌ر خستیەڕوو کە پیاوانیش دێن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان له‌ ماڵی ژن و وتی: له‌ هه‌موو شۆڕشه‌كانی جیهاندا، كه‌ شۆڕش ده‌ستپێده‌كات وڵات وێران ده‌بێت. وەک هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رێگەمان نەدا هەرێمەکەمان وێران ببێت، زۆر پیاو هەیە دێنە ماڵی ژن و بۆ ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، داوای چارەسەری دەکەن، پیاوانیش ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە، ئێمە بە کاری ژنانەوە خەریکین،بەڵام هەرچییەک بێت بە یەکسانی و دادپەروەرانە کێشەی هەمووان چارەسەر دەکەین و ناهێڵین ژن و پیاو تووشی سەختی ببن. هەرگیز دەست لە ژن بەرنادەین و پەروەردەیان دەکەین، زۆر پیاویش هەن پاڵپشتی ماڵی ژن و گۆڕانکارییان لە ماڵی ژندا بینیوە، هەموو شتێک بە ئاسان بەرهەم نایەت، ئەوەی ئێستا هەیە، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەیە.

 

"خێزانی دیموکراتیک لەسەر یەکسانی بنیاد دەنرێن"

لە درێژەی قسەکانیدا باسی خێزانێکی دیموکراتیک کرد و وتی خێزانی دیموکراتیک لەسەر یەکسانی بنیاد دەنرێت، پێویستە یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا هەبێت، پێش ئەوەی دەست بە دەوروبەر بکەین دەبێت خێزانەکانمان ڕەچاوی یەکسانی و دیموکراتیک بکەن، تا کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنیاد بنێین، ۆ ئەوەش پێویستمان بە خوێندنەوەی پەرتوکەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەیە".

 

"بە سێ ژن دەستمان پێکرد و ئێستا سەدان ژن لە بوارەکەدان".

ئیلهام عومەر باسی لە دەستکەوتەکانی شۆڕش کرد کە یەکێکیان ماڵی ژنە و وتی: لەگەڵ شۆڕشی رۆژئاوای كوردستاندا، چەندین هەنگاوی گەورەمان ناوە، ماڵی ژنیش چەندین هەنگاوی گەورەی لە کۆمەڵگەدا ناوە، زۆر کەس و ڕۆژنامەنووس و رۆشنبیر و سیاسەتمەدار دێنە سەردانمان و کەریگەرن بە شۆڕشەکەمان، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی ئەرێنییە، ماڵی ژن پێشەنگێکە بۆ کۆمەڵگە و ناوی لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئێمە بە سێ ئەندام دەستمان بەم کارە کرد، ئەمڕۆ هەزاران ژن پەیوەست بوون بەم کارە، دوای ئەوەی هەرێمی دێرەزۆر لە چەتەکان ڕزگاری بوو، ئێمە لەوێ یەکەم ماڵی ژنمان کردەوە و سەدان ژنی عەرەب ڕوویان لە ئێمە کرد تا ببیتە چارەسەر بۆ ئەو ژنانە، بە سێ ژن دەستمان پێکردبێت، بەڵام بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و کاری شەهیدان بووینە سەدان ژن، ئەمڕۆ سەدان ژنی کورد، عەرەب، سوریانی، تورکمان، چەرکەسی، ئێزدی و ئەرمەنی لەم خەباتەدا بەشدارن و مافی ژنان دەپارێزن.

 

سبەی: ئەندامی ئەنجومەنی دادی ژنان لە کانتۆنی قامیشلۆ، حەنیفە محەمەد هەڵسەنگاندن بۆ خەباتی ئەنجومەنی ژنان لە دادوەریدا دەکات.