کەمپەین چییە؟ لە دیارترین کەمپەینە جیهانییەکان ...٢

ساڵانە چەندین کەمپەینی جیاواز و بە ئامانجی جیاواز لە تەواوی جیهاندا ڕێکدەخرێت، هەندێکیان کاتین و هەندێکیشیان بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبن، بەشێکیشیان کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەنجامدراون بەڵام ناوی کەمپەینیان لێنەنراوە، لەبەرامبەردا بە هەمان ئامانج و تایبەتمەندییەکانی کەمپەینەوە کاریان کردووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە دیارترین ئەو کەمپەینانەی کە کاریگەرییان هەبووە:

 

مافی دەنگدان بۆ ژنان

لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، لە یۆنانی کۆن و ڕۆمای کۆماریی و لەو دەوڵەتە دیموکراسیانەی کە لە کۆتایی سەدەی ١٨ لە ئەوروپا دەرکەوتبوون ژنان لە مافی دەنگدان پێشێلکرابوون، پاش سەدان ساڵ لە هەوڵەکانیان توانیان ئەو مافە بەدەستبهێنن.

 

جوڵاندنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی کەمپەیندا نەبووە، بەڵام بەپێی تایبەتمەندی و ئامانجەکانیان دەتواندرێت وەک کەمپەین پۆلێن بکرێت، مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان تا کۆتای سەدەی نۆزدەهەم ژنانی لێ بێبەشکرابوو، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم بووە پرسێکی سیاسی گرنگ، بە تایبەتی خەباتی ژنان لە بەریتانیای گەورە و لە ئەمریکادا چڕ بووەوە بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و یەکسانی ئابووری و سیاسی، بەڵام ئەو وڵاتانە یەکەم کەس نەبوون کە مافی دەنگدان بە ژنان بدەن.

 

خەباتی ژنان بە هەوڵدانی دەیان ساڵە لە ئەمریکا دەستی پێکرد بۆ بەرهەڵستی کردنی ئەو نا دادپەروەییەی بەرامبەریان دەکرا، بە  هەمواری ١٩یەمینی دەستووری ئەمریکا لە ٢٦ی ئابی ساڵی ١٩٢٠ ژنان مافی دەنگدانیان پاش شەڕێکی دەیان ساڵە بەدەستهێنا، کە نابێت لەسەر بنەمای جیاوازی جێندەری مافی دەنگدان سنورداربکرێت، بەڵام ئەم بڕیارە بۆ ژنە سپی پێستەکان بوو، بۆ ژنانی ڕەشپێست لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی دەنگەکانیان سەرکوتکرا.

 

هەردوو ژن و پیاو مافی دەنگدانیان بەدەست نەهێنا تا ساڵی ١٩٢٤ تەنانەت لەو کاتەدا هەندێک لە ویلایەتە ڕۆژئاواییەکان، لەوانە ئەریزۆنا، نیو مەکسیک و یوتا، مافی دەنگدانیان بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان نەداوە تا ساڵانی ١٩٤٠-١٩٥٠ کان.

 

ژنانی خوێندەوار لە ساڵی ١٩٢٩ مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٥ هەموو ژنان ئەو مافەیان پێدرا وە ژنانی کۆچبەری ئەمریکی ئاسیایی مافی دەنگدانیان پێنەدرا تا ساڵی ١٩٥٢ کە یاسای کۆچ و نەتەوە ڕێگەی پێدابوون ببنە هاووڵاتی.

دەنگی ژنی بەریتانیای گەورە یەکەم جار لەلایەن ماری وۆلستۆنکرافت و لە کتێبەکەیدا داکۆکی لە مافی ژن لە ساڵی ١٧٩٢دا باسی لێوەکرا، هەروەها لە ساڵی ١٨٤٠دا لەلایەن بزووتنەوەی چارتیستی-یەوە داواکرا، داواکاری بۆ ژنان بە شێوەیەکی زیاد لەلایەن ڕوناکبیرانی ئازادیخوازی دیاری ئینگلتەرا لە ساڵی١٨٥٠ وە دەستیپێکرد، لە ساڵانی ١٨٧٠دا ئەو ڕێکخراوانە داواکانیان پێشکەشی پەرلەمان کرد. 

 

پاش جەنگی جیهانی یەکەم مافی دەنگدانی ژنان فراوانتر بوو، لە ماوەی ساڵانی ١٩١٤-١٩٣٩ دا ژنان لە ٢٨ وڵاتی دیکە مافی دەنگدانی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان یان مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنی نەتەوەییدا بەدەست هێنا.

 

ئەو وڵاتانەش بریتی بوون لە یەکێتی سۆڤیەت ١٩١٧،  کەنەدا، ئەڵمانیا، نەمسا و پۆڵەندا ١٩١٨، چیکۆسلۆڤاکیا ١٩١٩،  ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەنگاریا ١٩٢٠، بەریتانیای گەورە ١٩١٨-١٩٢٨،  ئیکوادۆر ١٩٢٩، ئەفریقای باشوور١٩٣٠، بەرازیل و ئۆرۆگوای و تایلەند ١٩٣٢، تورکیا و کوبا ١٩٣٤، فلیپین ١٩٣٧.

 

مافی تەواوی ژنان لە ساڵی ١٩٤٩ لە هیندستان بە دەستوور ناسێنرا، لە پاکستان ژنان مافی دەنگدانی تەواویان وەرگرت لە هەڵبژاردنی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٥٦، لە دەیەیەکی تردا کۆی ئەو وڵاتانەی کە مافی دەنگدانیان بە ژنان داوە گەیشتە زیاتر لە ١٠٠ وڵات، بەشێکیان لەبەر ئەوەی نزیکەی هەموو ئەو وڵاتانەی کە پاش جەنگی جیهانی دووەم سەربەخۆییان بەدەستهێناوە مافی دەنگدانی یەکسان بە ژن و پیاو لە دەستوورەکانیاندا مسۆگەر کرد.

 

بەدەستهێنانی مافی یەکسانی کارکردن و مووچە

له‌ ٨ی مارسی ساڵی ١٨٥٧ له‌ شاری نیویۆركی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ٤٠ هه‌زار كرێكار له‌ كارگه‌ی ڕستن و چنین به‌هۆی خراپی ڕه‌وشی كرێكاران و به‌مه‌به‌ستی باشتركردنی هەلومەرجی كاركردن له‌ كارگەکە‌دا، ده‌ستیان به‌ مانگرتن کرد، به‌ڵام  له‌ ئه‌نجامی هێرشی پۆلیس و ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كاركه‌گه‌ ١٢٩  كرێكار كه‌ لەناو کارگەدا مانیان گرتبوو و دەرگاکانیان لەخۆیان داخستبوو سوتان و گیانیان له‌ده‌ستدا. 

 

له‌ ٢٦-٢٧ ئابی ١٩١٠ له‌ شاری كۆپنهاگنی دانیمارك له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژنان له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیستی نێوده‌وڵه‌تی، کلارا زەتکین، یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئه‌ڵمانیا پێشنیاری كرد بۆ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی‌ له‌ ٨ی مارسی ١٨٥٧ له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی كارگه‌ی ڕستن و چنین له‌ نیویۆرك گیانیان له‌ده‌ستدا، ڕۆژی ٨ی مارسی هەموو ساڵێک‌ وه‌ك ڕۆژی جیهانیی ژنانی كرێكار دیارییبکرێت، ئه‌م پێشنیاره‌ بەكۆی ده‌نگی ئاماده‌بووان قه‌بوڵ كرا.

له‌ یەکی كانونی دووه‌می ١٩١٢ له‌ وڵایه‌تی ماسوشستی ئه‌مریكا یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی كاركردن بۆ زیاتر له‌ ٥٤ كاتژمێر له‌ هه‌فته‌یەكدا بۆ  ژنان و منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ ده‌رچوو، له‌و كاته‌دا كاركردن له‌ كارگه‌كانی رستن و چنین له‌ هه‌فته‌یەكدا ٥٦ كاتژمێر بوو.

 

We can do it

کەمپەینی "ئێمە دەتوانین بیکەین-we can do it" یەکێکە لە کەمپەینە هەر دیارەکانی ساڵی ١٩٤٣، کە ئەم کەمپەینە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لە ئەمریکا سەریهەڵدا، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی ئەمریکا داوای بەرهەمهێنانی زیاتری کەلوپەلە جەنگیەکانی کرد.

 

لەم پێناوەشدا خاوەن کۆمپانیاکان ئەم دروشمەیان وەک هاندانێک بۆ بەرزکردنەوەی ورەی کرێکارەکان بڵاوکردەووە، لە چەند ساڵی دواتردا ئەم کەمپەینە دەبێتە سیمبولی ڕێکخراوە فێمێنیزمەکان، بۆ یەکسانی کارکردنی نێوان ژنان و پیاوان.

 

No

یەکێکە لە کەمپەینە بەناوبانگەکانی جیهان، کە لەساڵی ١٩٩٦ لە وڵاتی چیلی ئەنجامدرا، سەرکەوتنی تەواوی بەدەستهێنا.

کەمپەینی "NO- نەخێر" لە وڵاتی چیلی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری حکومڕانی وڵاتی چیلی بوو، کە لە ساڵی ١٩٧٣ لە وڵاتە حکومی دەکرد، سەرۆکی دیکتاتۆری چیلی "ئۆگۆستۆ پینۆشێت" دەیویست لە ساڵی ١٩٨٨ دەنگدانێک ئەنجامبدات، ١٩٨٨ بە دەنگدان بۆ ماوەی ٨ ساڵی دیکە سەرۆکایەتی وڵات بگرێتەوە دەست.

 

بەڵام لەلایەن ڕاستڕەوەکانی ئەو وڵاتە کەمپەینی "نەخێر" ڕاگەیاندرا، بە چەندین ڕێگای جیاواز کاریان دەکرد، هێمای کەمپەینەکەیان پەلکەزێرینە بوو، کە مەبەست لێی کۆبوونەوەی کۆی دەنگە ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنەکان بوو دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری وڵات، لەبەرامبەردا بەرەی "بەڵێ" دروستکرا، دەیانویست دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەردەوام بێت.

 

لە ئەنجامدا دوای هەڵبژاردنەکان دەنگی کەمپەینی "نەخێر" سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ٪٥٦ دەنگەکانی بەدەستهێنا، دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە چیلی کۆتای پێهات.

 

Rock the vote

ئەم کەمپەینە یەکێكە لەو کەمپەینە کاریگەرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تێیدا گرنگی بە بەشداری گەنجان لە سیاسەت دەدات، تا گەنجەکان بتوانن لەڕێگای دەنگدانەوە مافەکانیان بەدەستبهێنن، بەشدارییان لە سیاسەتدا هەبێت و ڕۆڵی گەنجان دەربکەوێت.

"ڕۆک زە ڤۆوت" کەمپەینێكی قەزانج نەویستە تەرخانکراوە بۆ بنیادنانی هێزی سیاسی گەنجان، لە ساڵی ١٩٩٠ ئەم کەمپەینە دامەزراوە، لە چەندین ڕێگای جیاوازی وەک بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ، مۆسیقا، گفتوگۆی ناو پۆلەکان چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، هەر ئەم کەمپەینە بووە هۆکار دەرکردنی یاسای دەنگدان لە ساڵی ١٩٩٦، تا ئێستاش کەمپەینەکە بەردەوامە و ساڵانە چەندین چالاکی جیاواز ئەنجام دەدەن.

 

Me too

یەکێکە لە کەمپەینە جیهانی و بەناوبانگەکان، دژی هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر ژنان تێدەکۆشێت، لە ساڵی ٢٠٠٦ کەمپەینەکە ڕاگەیاندرا.

 تەرانا بورک چالاکوانێکی کۆمەڵگەیی بە ڕەگەز ئەمریکییە، لە ساڵی ١٩٧٣ لەدایک بووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە کاتی کارکردنی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی هۆشیار کردنەوە دەربارەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ، کاتێک باسی دەستدرێژی کردنەکە بۆ تەرانا دەکات، تەرانەش کە پێشتر دەستدرێژی کراوەتە سەر، بە کچە ١٣ ساڵەکە دەڵیت "هەروەها منیش".

 

تەنها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا، چوار ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەکارهێنەر لە ١٢ ملیۆن بڵاوکراوەدا ئەو هاشتاگەیان بەکارهێناوە،

 

ئەم کەمپەینە ئێستا لە زیاتر لە ٨٠ وڵاتدا هەیە، لەوانە ئیسپانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، کەنەدا، فینلەندا، چین، نەرویج، ڕوسیا، ئێران، ئیسرائیل، یابان، ڤێتنام، کۆریای باشور، نەرویج، هیندستان و پاکستان لە کەمپەینەکەدا بەشدارن، لە زۆرینەی ئەو وڵاتانەشدا ناوی کەمپەینەکە کراوە بە زمانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە.

 

Yes we can

ئەم کەمپەینە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن بارک ئۆباما بەکارهێندرا، بۆ هەڵمەتی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەهۆی ئەم کەمپەینەوە توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت،

ئەم کەمپەینە توانی سەرکەوتنێکی گەورە بۆ بارک ئۆباما تۆماربکات.

 

Black lives matter

ئەم کەمپەین لە ساڵی ٢٠١٣ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی کوشتنی ترایڤۆن مارتن ڕێکخرا.

ترایڤۆن مارتن قوتابییەکی تەمەن ١٧ ساڵانی ڕەشپێست بوو، لە شەوی ٢٦ شوباتی ٢٠١٢ لە شاری سنفۆردی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا لەلایەن جۆرج زیمەرمارنی تەمەنی ٢٨ ساڵ دەکوژرێت، ئەمەش کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.

 

بۆیە لە ساڵی ٢٠١٣ کەمپەینی "black lives matter- ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە" بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردەوەی توندوتیژی و جیاکاری ڕەگەزی لەنێوان ڕەشپێست و سپی پێستەکاندا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و بەڕیتانیا ڕێکخرا، بەردەوام چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.

 

March for our lives

کەمپەینی "march for our lives – ڕێپێوانێک بۆ ژیانمان" دژی مافی هەڵگرتنی و پێدانی مۆڵەتی چەک بۆ کەسانی هەرزەکارە، ئەم کەمپەینە لە دەرئەنجامی ڕووداوێکی تەقەکردن لە یەکێک لە قوتابخانەکانی واشنتۆندا لە ساڵی ٢٠١٨ سەریهەڵدا، بۆیە سەرجەم خوێندکارانی و گەنجانی ئەمریکا داوایان دەکرد، مافی هەڵگرتنی چەک لە ١٨ ساڵیەوە بۆ ٢١ ساڵی بەرزبکرێتەوە.

 

ئەم کەمپەینە بە یەکێک لە گەورەترین کەمپەینەکانی ئەمریکا دادەنرێت کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار کەس بەشداریان تێداکرد، گەنجان ڕۆڵێکی تەواو کاریگەرییان لەم کەمپەیەندا هەبوو.

 

Fridays for future

یەکێکە لە کەمپەینە جیهانییەکان ژمارەیەک لە چالاکوانان دژی گەرمبوونی زەوی چالاکی ئەنجام دەدەن، ئامانجی ئەم کەمپەینە فشارخستنە سەر سیاسەتکران و بازرگاکانەکان تا بە جدی کار بۆ ڕێگریکردن لە گەرمبوونی زەوی.

 

تحدي صورة معتقل

یەکێک لە دیارترین کەمپەینەکان کەمپەینی "تحدي صورة معتقل- بەرەنگاری وێنەی دەستگیرکراوان"بوو لە عێراق.

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەخت دەستی پێکرد، ١٣ شار خۆپیشاندانی ئەنجامدا، تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەردەوام بوو، کە چەندین توندوتیژی و کوشتن و دەستڕێژی گولە ئەنجامدا، ئەمە سەرباری ئەوەی ٢٤ هەزار کەس دەستگیرکران بریندار بوون، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیان ناچارکرد دەست لەکار بکێشێتەوە.

 

دەستگیرکردنی زۆرینەی گەنجانی کارای خۆپیشاندان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە و نیشاندانی گەنجان وەک تاوانبارێک چالاکوانانی عێراقی هێنایە دەنگ کەمپەینی "تحدي صورة معتقل" ڕاگەیاند.

 

لە کەمپەینەکەدا گەنجان لەسەرجەم توێژ و تەمەنە جیاوازەکان وێنەی خۆیان بڵاو دەکردووە، ئامانجیان ڕێگریکردن لە دەستگیرکردنی گەنجان بەبێ بنەمای یاسایی، کە لەسەر پارچە کاغەزێک ناو، تەمەن، شار، پیشە و تاوانیان نوسیبوو، لەبەشی تاواندا دەیانووسی "خۆشەویستی وڵات، نیشتیمانمان دەوێت".

 

ت.پ