کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی: سەد ساڵی دیکەش ئاگری ناخمان ناکوژێتەوە

١٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی تێپەڕدەبێت، ٣٤ کورد کە چەندین منداڵی تێدابوو کوژران، کەیسی ڕۆبۆسکی لە خەباتی سیاسی سەرباری نەبوونی دادپەروری بەردەوامە، خێزانەکانیش دەڵێن: "نەک دە ساڵ سەد ساڵیش تێپەڕببێت، هەرگیز ئاگرەکەی ناخمان ناکوژێتەوە".

 

مەدینە مەمەدئۆغڵو

شرناخ- شەوی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١، لەنێوان کاتژمێر ٢١:٣٩ و ٢٢:٢٤ هێزەکانی سوپای تورک چوار بۆمبیان هەڵدایە ناو ئەو کۆمەڵە کەسەی لە گوندی ڕۆبۆسکی سەر بە شرناخ تێپەڕدەبوون بەرەو سنووری عێراق، لەنێو کۆمەڵەکەدا ٣٨ گوندنشین کە بەشێكیان منداڵبوون، ٥٠ هێستر هەبوون، لەئەنجامی ئەو هێرشەدا ٣٤ کەس گیانیان لەدەستدا، ١٩ کەسیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بوون.

 

لەناو کۆمەڵە کەسەکەدا تەنها سەروەت ئینجوو برینداربوو، ٢٨ کەس لە خێزانەکەی گیانیان لەدەستدا، ئەم کۆمەڵکوژییە نەبووە بابەتی هەواڵی میدیاکان، تا ئەو کاتەی زانیارییەکان لە ڕۆژی دواتردا لە ماڵپەڕی فەرمی فەرماندەیی گشتی بڵاوکرایەوە دواتر میدیاکان باسیان لێوەکرد، تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا سوتێنران، گوندنشینان ناچاربوون تەرمەکان لە بەتانی بپێچن و چەندین کیلۆمەتر بە هێستر بگوازنەوە.

 

بوڵەنت ئارنچ: چاوەڕێی لێبوردنی فەرمی ناکەین

دوای ڕووداوەکە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-ÎHD و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و پشتیوانی لە چەوساوەکان-MAZLUMDER، کۆمیتەیەکی هاوبەشیان پێکهێنا و لێکۆڵینەوەیان لە هەرێمەکە کرد، شاندی مافی مرۆڤ کۆمەڵکوژیی ٣٤ کەسیان لە قلابان بە لەسێدارەدانی نایاسایی ناوبرد و ڕووداوەکەیان بە کۆمەڵکوژییەکی گشتی ناوبرد، لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢دا بولەنت ئارنچ،  جێگری سەرۆک وەزیران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە "هەڵەیە" بۆ ڕووداوێکی وەها داوای لێبوردنی فەرمی بکرێت، بوڵەنت وتیشی قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان دەکرێتەوە، لەلایەکی دیکەوە کەسوکاری کوژراوەکان قەرەبووەکەی سەرۆک وەزیرانیان قبوڵ نەکرد کە ١٢٣ هەزار لیرە بوو بۆ هەر کەسێکیان، بە "پارەی خوێن و پارەی بێدەنگبوون" بەناویان کرد.

 

ڕەشنووسی لێکۆڵینەوەکان بە دەنگەکانی ئاکەپە-مەهەپە ڕەتکرایەوە

بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، کۆمسیۆنی لاوەکیی قلابان لە ئەنجومەنی گەورەی تورکیا پێکهێنرا، پارتی ئاشتی و دیموکراسی-BDP، کۆمەڵکوژییەکەی گەیاندە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لە سەردانەکاندا تیشکخرایەسەر ئەوەی لە تورکیادا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی پێویست ئەنجامنادرێت.

 

لیژنەی توێژینەوەی مافی مرۆڤی TBMM ڕایگەیاند، ڕەشنووسی لێکۆڵینەوەی هەدەپە لەسەر ڕووداوەکە هیچ مەبەستێکی کۆمەڵکوژییەکەی تێدا نییە، بۆیە بە دەنگی ئاکەپە-مەهەپە ڕەشنووسەکە ڕەتکرایەوە.

 

بۆ لێکۆڵینەوەکان بڕیاری بەدوادانەچوون درا

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٣دا نوسینگەی داواکاری گشتی ئامەد بڕیارێکی نادیاری دەرکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و لە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا دۆسیەکەی ڕەوانەی داواکاری گشتی سەربازی کرد، فەرماندەیی گشتیش بڕیاریدا بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکان نەکات، ئاماژەی بەوەشدا: گومانلێکراوان و هێزە چەکدارەکانی تورک کەلە ڕووداوەکەدا تێوەگلاون لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی گەورەی تورکیا و ئەنجومەنی وەزیراندا بەپێی یاسا ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە، کە دەرکرێت هەڵەش بکەن لەکاتی ئەرکەکەیاندا، یان جێبەجێکردووە کەپێیان دراوەوە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان ناچارکراون هەڵە بکەن، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ کردنەوەی کەیسی کۆمەڵکوژییەکە.

 

خێزانەکان سەردانی دادگای دەستورییان کرد

ئەو خێزانانە دوای ئەوەی بریاری بەدوادانەچوونی لێکۆڵینەوەکان درا لەلایەن داواکاری گشتی سەربازی فەرماندەیی گشتیەوە، لە ساڵی ٢٠١٤دا سەردانی دادگای دەستوورییان کرد، دادگاش ڕای وەزارەتی دادی وەرگرت، لەگەڵ داواکاری شایەتی خێزانەکان، ڕای وەزارەتی داد کەلە ٢٨ لاپەڕە پێکدێت، کە بۆ دادگای دەستووری نێردرا، ڕایگەیاند: دواتر تێگەشتین کە هەڵەیەک هەیە، ئەو هێزەی بەکاردەهێنرێت ناتوانێت بێمافی بنوێنێت، بەو شێوەیە بارێکی ناڕاست دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەت و جێبەجێکارانی یاسا و دەبێت هەڵیبگرن، هەرچۆنێک بێت، مەرجەکانی کەیسەکە ئاماژە بە هەبوونی باوەڕێکی تۆکمە دەکەن کە پێویستە هێز بەکاربێت.

 

"هیچ ووشەیەک بەس نەبوو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی ڕوویدا"

بەم شێوەیە ١٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکیدا تێدەپەڕێت، نە گۆرانی و نە وشەکان بەس نەبوون بۆ باسکردنی ئازاری ئەو کۆمەڵکوژییە، چەندین بەڵگەنامەش سازکرابوون کە ئەنجامی نەگرت، دایکانی رۆبۆسکی دەڵێن: "نە دە ساڵ یان سەد ساڵ تێپەڕبێت، ئەم ئازارە هەمیشە هەمان وەک یەکەم ڕۆژە"، لەلایەکەوە بەردەوامن لە ماتەمینی و لە لایەکەوە تووڕەن لەو دادپەروەرییەی جێبەجێناکرێت.

 

"سەد ساڵیش تێپەڕببێت، پارچەبوونی کوڕەکەم لەبیرناکەم"

بیلال ئینجوی ١٦ ساڵ، یەکێکە لەو ٣٣ کەسەی کۆڵبەرییان دەکرد، تەرمەکەی بە پارچەکراوی بۆ حەلیمە ئینجوی دایکی گەرایەوە، بیلال کە نوری چاوی دایکییەتی و چەندین جار دایکی وتوویەتی "مەڕۆ" بەڵام بیلال لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەکەوێتە ڕێ، حەلیمە دەڵێت ١٠ ساڵ تێپەڕیوە بەڵام بەدەر لە ئێش و ئازار ژیانێکی دیکەی نەدیوە، "منداڵەکانم سەیری وێنەکانی بیلال دەکەن و لێم دەپرسن براکەمان لەکوێیە و چی بەسەرهاتووە، بیلال هێشتا خوێندکار بوو، هەموویان منداڵ بوون هەقی بۆمبارانیان نەبوو، مادام تاوانیان کردووە، بیانکردنایەتە زیندان، ئەکاتە مانگی جارێک یان ساڵی جارێک سەردانمان دەکردن، بەڵام کوشتن چییە؟، ئێمە دە ساڵە بەم ئازارەوە دەناڵێنین، نەک دە ساڵ، تەنانەت سەد ساڵ، ئەم ئازارەی ئێمە، ئاگرەکەی ناو ئێمە هەرگیز ناکوژێتەوە. منداڵەکانمان شایەنی مردن نەبوون منداڵەکان لە نێوان ٢٠-١٥ ساڵیدا بوون، چ گوناهێکیان هەبوو؟ تەنانەت ئەگەر چەند ساڵێکیش تێبپەڕێت ئەو فیشەکانەی لە سنگی کوڕەکەم درابوو بیرم ناچێت".

 

"بە گریانەوە گۆڕەوی کوڕەکەمم دادەکەند"

سەرحەت ئینجوی ١٥ ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەدا گیانی لەدەستدا، دایکی سەرحەد کە ناوی حەلیمەیە، دەڵێت هەر بەیانییەک هەڵدەستم لە خەو، وەکو وابێت ڕۆژی کۆمەڵکوژییەکەیە، وتیشی ئەوانەی بە بەلەم و فڕۆکە وڵاتیان تاڵانکرد، کوڕەکەمیان بۆ دوو دەبە گاز کوشت، "کاتێک کوڕەکەم لە قاچاغ گەڕایەوە دەستەکانی تەقیبوو، قاچەکانی لە قوڕدا بوون، بە گریانەوە گۆرەوییەکانیم دادەکەند، پێم دەوت نەڕۆی تۆ بچوکیت، دایمە پێی دەوتم ئەگەر من نەڕۆم، کێ بەخێومان بکات و چۆن بژین.

 

حەلیمە درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: "منداڵەکانمان بە ٤ فڕۆکە پارچە پارچە کران، ئێمە بە جلوبەرگ و ئێسقانەکانیان ناسیماننەوە، پارچەی کوڕەکەم و پارچەی هێسترەکەی تێکەڵ ببوون، چ گوناهێکیان هەبوو، منداڵەکانمان بە ناهەقی کوژران، دەوڵەت زانیاری هەبوو دەربارەی هەموو شتێک، دادپەروەری و ویژدانیان نییە، دوای کوشتنی سەرحەت، دوو کوڕی دیکەم دەستگیرکران و ڕەوانەی زیندانکران، خوا هەقمان بەسەر کەسەوە ناهێڵێت.

 

دادپەروەری لە جێی خۆی دەمێنێتەوە

ئەرکان ئینجوی ١٣ ساڵ لە کۆمەڵکوژییەکەدا گیانی لەدەستداوە، فەلەک ئینجوی دایکی باس لەوەدەکات کوڕەکانیان بێ تاوان لەناو سەرما و بەفردا کۆمەڵکوژکران و هەموو ساڵێک لە مانگی کانوونی یەکەمدا ئەمە ڕوودەدات، فەلەک باس لە کەیسەکەیان دەکات کە دەچێتە ساڵی ١١یەمین و دەڵێت: "هەموو کەسێک لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکیدا شتێک دەڵێن کە هەقی کۆمەڵکوژییەکە دەستێنن، ئەی بۆچی پرسیاری هیچ ناکەن؟، کینان ئەڤرەن لەسێدارە نەدرا، هەمان شت روودەداتەوە، ئێمە هیچ پێشکەوتنێکمان لە بواری دادپەروەریدا نەبینیوە".

 

ت.پ