کۆمەڵکوژی پاریس، کۆکراوەی سێ کۆمەڵکوژی کوردستان لە پاریسدا

کۆمەڵکوژی پاریس لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ئەنجامدرا، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، وەک سێ شۆڕشگێڕ و پێشەنگی کۆمەڵگەی ئازاد تیرۆرکران، بەو کۆمەڵکوژییە ویسترا پەیامی ترس و خۆبەدەستەوان بڵاوبکەنەوە، بەڵام وەڵامەکەی لای کوردان بەردەوام بوو بە تێکۆشانی ئازادی.

کۆمەڵکوژی پاریس لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ئەنجامدرا، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، وەک سێ شۆڕشگێڕ و پێشەنگی کۆمەڵگەی ئازاد تیرۆرکران، بەو کۆمەڵکوژییە ویسترا پەیامی ترس و خۆبەدەستەوان بڵاوبکەنەوە، بەڵام وەڵامەکەی لای کوردان بەردەوام بوون بوو لە تێکۆشانی ئازادی.

سلێمانی

 

ساکینە جانسز، ڕۆڵەی کۆمەڵکوژی دەرسیم

ژیانی ساکینە جانسز ناسراو بە سارا، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرنسا بە دەستی بەکرێگیراوێكی ئەندامی تۆڕی سیخوڕی تورکیا-میت تیرۆرکرا، بە شەڕ و ململانێدا تێپەڕیوە، لە تەمەنی گەنجییەوە هەتا ئەوکاتەی گیانی لەدەستدا لە تێکۆشانی ئازادی کورد و ژناندا، ئەرکی پێشەنگایەتی لەسەر شان بووە.

 

ساکینە لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری دەرسیمی باکوری کوردستان و لە خێزانێکی عەلەوی لەدایکبووە، هێشتا لە تەمەنی گەنجیدا بوو، کاتێک بە فکری چەپ و سۆسیالیستی ئاشنا بوو، دوای هێرشی چەکداری ١٢ی ئاداری ١٩٧١ بەهۆی بیروبۆچوونە چەپ و سۆسیالیستییەکەیەوە بە تەڤگەری ئازادی کوردان ئاشنا دەبێت و دەست بە خەبات دەکات، کە لەوکاتەدا بە ئاپۆچییەکان دەناسران، ساکینە دواتر دەبێتە کادرێکی پێشەنگی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە و یەکێکە لەو ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکە کەلە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ کۆنگرەی دامەزراندن بەسترا.

 

ساکینە بەتەواوی بە مێژووی کورد و ڕاستینەی ژن ئاشنا بوو، تێکۆشانەکەی لەپێناو ئازادی ژنان و دۆزی کورددا بوو، ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ گروپێک لە هەڤاڵانیدا لە شاری ئەل عەزیز دەستگیردەکرێت، لە سەردەمی کودەتای سەربازی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٨٠دا ئەو لە زیندانی ماکۆ لە ئامەد دەبێت، کەبە ئەشکەنجە دژوار و سەختەکانی بەناوبانگە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ئەشکەنجانەدا، ساکینە لە زینداندا بووە سیمبولی بەرخۆدانی. ئەو ساکینەی بەرخۆدانی بەرامبەر هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە دەکرد، لە هەریەک لە زیندانەکانی ئەلعەزیز، مەلاتیا، دیاربەکر، بورسا و چاناک کالادا زیندانی کراوە.

 

دوای ئازابوونی بەردەوام بوو لە تێكۆشان

دوای ساڵی ١٩٩١ و ئازادبوونی لە زینداندا، ساکینە جانسز، بەردەوام بوو لە تێکۆشان، ئەو گرنگییەکی زۆری دەدا بە تێکۆشانی ژنان، بۆیە لە کارگە و شوێنی کار و هەر جێیەک دەمایەوە، دەستی بە ڕێکخستن کردنی ژنان دەکرد، ساکینە لەگەڵ ژنانی زانکۆکان هەتا ئەو ژنانەی لە کارگەکاندا کاریان دەکرد پەیوەندی دەبەست و هاوڕێیەتی دەکردن، لەلایەکی دیکەشەوە وەک ناوی پەرتووکەکەی، "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" ژیانی پڕ بوو لە شەڕ و تێکۆشان، ساکینە لەهەر جێیەکدا بووایە سازشی لە تێکۆشان و شەڕ دژی نادادپەروەری و بێ مافی نەدەکرد، بەو تایبەتمەندییەیەوە لە هۆش و بیرەوەریدا بووە خاوەن پێگەیەکی بەرز و لەناو تێکۆشانی ژنانی کوردیشدا بووە جێگەی باوەڕی.

 

پێش ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا لەلایەن میتی تورکەوە تیرۆر بکرێت، ساکینە تێکۆشانی لە تاراوگەدا بەردەوامی پێدەدا، ژیانێک کە هەمیشە لەناو شەڕدا گەشەی دەکرد، کۆتایی هێنان بەو ژیانەش هەر لە شەڕدا بوو، لەبەر ئەوەش بووە ئەفسانە و مۆرکێکی بێ نمونە، هەتا ئەمڕۆش کە کۆنفرانسێک لە وڵاتی هیندستان لەسەر ناوی ئەو ببەسترێت، نیشانەی مەزنی شەڕی ساکینەیە.

 

تێکۆشان و شەڕی دڕێژخایەنی ساکینە کەلە دەرسیم و لە ناوەندی کۆمەڵکوژی دەرسیم دەستیپێکرد، هەر لە دەرسیم کۆتایی پێهات لەسەر ئەو خاکەی شەڕی گەورەی تێدا هەڵگیرساندبوو، ئەو شۆڕشگێڕە کە میراتێکی بێ هەمپای لەدوای خۆی بەجێهێشت، بۆ تێکۆشانی ئازادی ڕووناکیی و ڕێنیشاندەرێکە، کەتا ئێستا بەردەوامە.

 

فیدان دۆغان، هەڵقوڵاوی هەناوی کۆمەڵکوژی مەڕەش

 فیدان دۆغان، نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە لە پاریس، لەگەڵ ساکینە جانسز لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە ناوەندی ئەنفۆرماسیۆنی کورد لە پاریس تیرۆرکرا، لە گوندی هانچیبلاغی سەر بە مەرەش لەدایکبووە، فیدان دوای چوار ساڵ لە کۆمەڵکوژی مەڕەش لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٨٢ هاتووەتە دنیاوە، لەلایەن پورە گەورەکەیەوە ناودەنرێت و واتای نەمام دەدات، بەو ئەزموونەی کە لە کۆمەڵکوژی مەرەشدا کۆکراوەتەوە، بووە نەمامگەی ئازادی گەلێک.

 

دوای دوو ساڵ لە لەدایکبوونی فیدان، خێزانەکەی ناچار دەبن بۆ وڵاتی فەرەنسا کۆچ بکەن، فیدان و دوو خوشکی کەلەگەڵ نەنکیدا لە گوند دەمێننەوە، دوو ساڵی سەرەتاییان لە خوێندنگەی گوندەکە خوێند، کاتێک بووە ٩ ساڵ، لەگەڵ خوشکەکانیدا ئەوانیش کۆچیان کرد و لە تەمەنێکی بچوکدا لە خاکەکەی هەڵکەندرا و کۆچبەری شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بوو.

 

فیدان لە گەنجیدا بە تەڤگەری ئازادی کورد ئاشنا دەبێت و لە ناوەندی کلتوری کوردی لە ستراسبۆرگ کاردەکات، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە ژیانی فیداندا وەرچەرخانێک بوو کە بە فکری ئازادی ئاشنای کرد، کۆمپلۆی سەر ڕێبەر ئۆجالان، وەک چۆن هەموو کوردێک پێی کاریگەر بوو، بەهەمان شێوە کاریگەری لە فیدانیش کرد، لەو ساڵانەدا لە ئەوروپا خەباتی گەنجانی بەڕێووەبرد، ئیدی فیدان ناوی لە خۆینا ڕۆژبین، هەڵبژاردنی ناوی ڕۆژبین بە زانایی و هۆشیارییەوە بوو، چونکە لە واتای گەورەی و گرنگی ناوەکە تێدەگەیشت، چونکە هێزە نەودەوڵەتیەکان بەو کۆمپلۆیە دەیانویست ڕۆژی کوردان تاریک بکەن، فیدانیش بە ناوی ڕۆژبین کە واتای هەڵهاتنی ڕۆژ دەدات، ئەڤینی خۆی بۆ ڕۆژ نیشاندا.

 

 

فیدان دۆغان سێ ساڵ لەناو خەباتی گەنجانی ئەوروپادا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا، لە ساڵی ٢٠٠٢دا تەڤگەری ژنانی کەنەکەی لە پاریس بەڕێوەبرد، بە پێکەنین و خەندە گەرمەکەی هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی چالاکییەکاندا بوو، لە تەمەنێکی گەنجدا بوو کاتێک چەندین بەرپرسیاری گرنگی کەوتە سەرشان، ڕۆژبین لەو ساڵانەی کە کاری ڕێکخراوی ئەنفارماسیۆنی کوردستانی لە پاریس بەڕێوەبرد بەتەنها کارە پراکتیکییەکانی دەکرد، ئەو ڕۆژبینەی بە ڕەنج و کارەکانی دەناسرا، لەو ساڵانەدا لە کاری دیبلۆماسیشدا خۆی پێشدەخست، لە ساڵی ٢٠١١شدا بەرپرسیاری دیبلۆماسی ڕێکخراوەکەی کەوتە سەرشان، لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ وەزیرەکاندا ئەنجامیدەدا، ئەو شەڕەی کەلە وڵاتەکەیدا ڕوویدەدا هەوڵیدەدا بە جیهانی ڕابگەیەنێت.

 

"کۆمپلۆی نێودەوڵەتی بۆ سەر گەلی کورد بوو"

لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە بۆ ساڵیادی پلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخرابوو، ڕۆژبین وەها نرخاندنی دەکرد:

"ڕۆژی ١٥ی شوبات بۆ هەر کوردێک وەکوو ڕۆژێکی ڕەش پێناسە دەکرێت، چونکە لە ١٥ی شوباتدا ئەوەی ویستیان بە دیل بیگرن، تەنها جەستەی ڕێبەرەکەمان نەبوو، بەڵکوو هەموو ئایدۆلۆژیای سەرۆک، ڕیباز و فکری سەرۆک بوو کە پەیوەندیدارە بە گەلی کورد و تێکۆشانەکەیەوە، ئەو هێزانە پێشبینیان نەکردبوو کە نە کورد دەتوانێت بێ سەرۆکەکەی بژی، نە سەرۆکەکەشمان ئایدۆلۆژیا و ڕێبازی خۆی بۆ دەوڵەتان و دەوڵەتی تورک و سەرمایەداری بەردەدات"

 

فیدان دۆغان کە مێلیتانێکی نەترس و بوێر و ئازای تەڤگەری ئازادی بوو، لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە ڕێکخراوی ئەنفارماسیۆنی کورد لە پاریس لەگەڵ هەریەک لە ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز لەلایەن میتی تورکەوە بە شێوەیەکەی خیانەتکارانە تیرۆرکرا، ئامانجی بکوژانیش ئەوەبوو بە کوشتنی ئەو سێ شۆڕشگێڕە، ترس و تەسلیم بوون لەناو گەلی کورد بڵاوبکەنەوە، بەڵام تەڤگەری ئازادی کورد بە دەوری سارا، ڕۆژبین و ڕوناهی خڕبوونەوە و جارێکیتر دوپاتیان کردەوە کە سەریان لە بەرامبەر بکوژان نانەوێنن.

 

لەیلا شایلەمەز، تێکۆشان لە پێناو ئازادیدا ئاوارەیکرد لە وڵاتەکەی

لەیلا شایلەمەز، وەکوو کادرێکی پێشەنگی تەڤگەری ئازادی کورد لە ئەوروپا، لەناو خەباتی گەنجاندا ڕۆڵی گێڕا، لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا لەلایەن میتی تورکەوە لەگەڵ ساکینە جانسز و فیدان دۆغان تیرۆرکرا لەکاتێکدا تازە ببووە ٢٤ ساڵ و دڵی بە شەڕ و تێکۆشان پڕ ببوو، بە هەمان شێووەی ساکینە جانسز، کە پێکەوەش تیرۆرکران، ژیانی بە شەڕدا تێپەڕیبوو.

 

لەیلا ١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ لە شاری مێرسین لە باکوری کوردستان لەدایکبووە، لەناو ٧ خوشک و برایدا منداڵی سێیەم بوو، خێزانەکەی لە بنەڕەتدا لە لیجەی ئامەد بوون، بنەماڵەی شایلەمەز بەهۆی تێکۆشانیان لەناو تەڤگەری ئازادی کورددا ڕووبەڕووی زوڵم و زۆرداری دەوڵەت دەبنەوە، بۆیە کۆچ بۆ مێرسین دەکەن، کە لەگەڵ ئەدەنەدا بوونە ناوەندێک بۆ پەنابەرانی کوردستان، لە چوار لای کوردستانەوە، خێزانە کوردەکان بەهۆی زۆرداری دەوڵەتانەوە ڕوویان لەو دوو شارە دەکرد، کۆچکردنی بنەماڵەکەی لەیلاش هەمان هۆکاری هەبوو.

 

لەیلا منداڵی لە مێرسین بەسەربرد، هەر لەوێ دەستی بە خوێندنی سەرەتایی کرد، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لەوێش بەردەوامی بە زوڵمەکانی دا، لەیلا کە هێشتا لە ٨ ساڵی تەمەنیدا بووە، بۆ دووەمجار کەوتەوە ناو کۆچبەری، کۆچی ئەمجارەیان دوورتر بوو، بەرەو ئەوروپا کەوتەڕێ و لە خاکی کوردستان هەڵکەندرا کە لەیلا هەمیشە لە سەرزاری بوو بە حەسرەتەوە باسی دەکرد.

 

لەیلا ئەو ڕقەی هەیبوو، کردی بە تێکۆشانێکی مەزن

کاتێک گەشتنە ئەڵمانیا، هیچ شتێکیان نەبوو، لەیلا و خێزانەکەی لە شاری هالێی ئەڵمانیا نیشتەجێبوون و بە ساڵان تێکۆشان تا لەیلا و منداڵەکانی بخوێنن و پەروەردە ببن، خێزانەکەی لەگەڵ خوێندنی خوێندنگەکانی ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی لە بنەچە کلتورییەکەیان دوورنەکەونەوە، دەیانبردن بۆ ڕێکخراوە کلتورییەکانی کورد، لەیلاش لەناو گروپی هەڵپەڕکێدا جێگەی گرت.

 

لەیلا ژنێکی گەنج بوو، پرسیاری هۆکاری کۆچکردنی لە وڵاتەکەی و کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورکیای لەلا دروستبوو، هەرچەندە پرسیارەکانی زیادی دەکرد، رقی لەیلاش بەرامبەر فاشیزم زیادی دەکرد، لەو سەردەمەشدا بڕیاریدا، ئەو ڕقەی بگۆڕێت بۆ شەڕێکی مەزن و لە ساڵی ٢٠٠٨دا بەشداری خەباتی گەنجان بوو، دوای دووساڵ و لە ٢٠١٠دا ڕووی لە چیاکانی کوردستان کرد، ئیدی لە چیاکانی کوردستان گەریلایەک بوو، دوای ماوەیەک مانەوەی لە چیا، دووبارە بۆ خەباتی گەنجان گەڕایەوە بۆ ئەوروپا و چەندین ئەرکی گرنگی کەوتە سەرشان کە هەموویانی بەجێگەیاند، بۆ ئەوەی هەموو ئەرکەکانیشی بەشێووەیەکی سەرکەوتوو بەدەستبهێنێت، بەهەموو هێزییەوە هەوڵی دەدا، گەلێک زیرەک و بەدیهێنەر بوو.

 

لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا ئەو هەواڵەی گەشتە هەموو کەسێک، دەتوانرێت بوترێت زەمانی ڕاوەستاند، لەیلای لەهەنگی گەلی کوردستان، لەیلای شەڕ، لەیلای تێکۆشان و چالاکی، لەیلا شایلەمەز تیرۆرکرا، بەڵام ئەمڕۆ لە چیاکانی کوردستان، لە ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی شەڕەکەی بە سەرکەوتن کۆتای پێبهێنن، تێکۆشانەکەی بۆخۆیان دەکەنە ڕوناکی، لە کەسایەتی خۆشیاندا، شەڕی لەیلا دەکەن ڕێهەڤاڵی خۆیان.

 

کۆمەڵکوژی پاریس، تەنها تیرۆرکردنی سێ ژنی شۆڕشگێڕ نەبوو، بەڵکو پەیامی ترساندنی گەلی کورد بوو لە تێکۆشانیان بۆ ئازادی و پێکەوەی، لە کەسایەتی سارا، ڕۆژبین و ڕوناهیدا خواسترا سێ کۆمەڵکوژی باکوری کوردستان کۆبکرێتەوە، بەڵام ژنانی گەنج، گەنجانی تێکۆشەر و ئازادیخوازان، ئەمڕۆ لە چوار پارچەی کوردستان و جیهاندا سارا و ڕۆژبین و ڕوناهیان کردووەتە ڕووناکی ڕێگەیان و درێژەیان بە ڕێبازەکەیان داوە بۆ گەشتنە ئامانجەکانیان.

 

ت.پ