خوێندنگەکان بەهۆی کەمی مامۆستاوە دەناڵێنن

زۆرینەی خوێندنگەکان لە ئێستادا لەسەر دەستی مامۆستایانی وانەبێژ دەڕۆن بەڕێوە، لە بەرامبەردا خوێندنگە هەیە مامۆستای وانەبێژیشی بۆ دابین ناکرێت و بەدەست کەمی مامۆستاوە دەناڵێنن، ئەمەش کاری کردووەتە سەر سیستمی پەروەردە و فێربوونی خوێندکاران.

 

شنیار بایز

سلێمانی-نەبوونی مامۆستای پێویست بووەتە هۆکاری ئەوەی مامۆستایەک چەند وانەیەکی جیاواز بڵێتەوەو ئەوەش فشارێکە لەسەر مامۆستایان و نەگەیاندنی زانیاری دروست بە خوێندکاران، کەنار لەتیف، مامۆستا لە قوتابخانەی سلێمانی سەرەتایی دەربارەی کەم و کورتییەکانی خوێندنگەو نەبوونی مامۆستا بە ژنهای ڕاگەیاند، ژمارەی مامۆستای دامەزراوەکان لەناو خوێندنگەکاندا تەواون، بەڵام کاتێک مامۆستایەک بە هۆکارێک پشوو وەردەگرێت کەم و کورتی دروست دەبێت ئەوکات هەست بەوە دەکرێت پێویستە مامۆستا دابمەزرێت".

 

"بەهۆی کەمی مامۆستاوە، مامۆستایەک چەند بابەتێک دەڵێتەوە"

مامۆستا کەنار دەڵێت: "لەوکاتەی مامۆستای بابەتێک پشوو وەردەگرێت بەهۆی نەخۆشی یاخود هەر هۆکارێکی دیکە و جێگاکەی بەتاڵ دەبێت، هەروەها مامۆستای دیکە نیە ئەو کە دەرچووی ئەو بەشە بێت، وە بۆ ئەوەی جێگاکەی پڕ بکرێتەوە مامۆستای وانەکانی دیکە بابەتەکەی دەڵێنەوە، بەمەش کەم و کورتی لە وتنەوەی وانەکە و پێدانی زانیاری بە خوێندکاران دروست دەبێت".

 باسی لەوەشکرد، لە خوێندنگەدا هەیە مامۆستای کوردی زانست دەڵێتەوە کە هیچ شارەزاییەکی لەو بابەتەشدا نییە بەڵام بەهۆی نەبوونی مامۆستاوە ناچارە وانەی جیاواز لە پسپۆڕیەکەی خۆی وەربگرێت.

 

"نەبوونی مامۆستا کاریگەری دەکاتە سەر فێربوونی خوێندکارەکان"

دەربارەی ئەو گرفتانەی لە نەبوونی مامۆستاوە سەرهەڵدەدات، مامۆستا کەنار لەتیف وتی: "هەرکاتێک مامۆستایەک چەند بابەتک بڵێتەوە ناتوانێت هەقی تەواوەتی بدات بە بابەتەکان هەرچەند خۆی ماندوش بکات، بەڵام کاتێک تەنها بابەتەکەی خۆی دەڵێتەوە دەتوانێت بە هەموو جۆرێک هەوڵی فێربوونی خوێندکارەکان بدات بە ڕێگای جیاواز، تاقەتی بۆ وتنەوەی بابەتەکەی زۆرتر دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا مامۆستاکان جگە لە وتنەوەی وانە کاری دیکەی خوێندنگەکە دەکەن چونکە خوێندنگەکان نە باخەوانیان هەیە نە کارگوزار بەم شێوەیە مامۆستا ناتوانێت هەموو ووزەکەی لە فێربوونی خوێندکاردا بەکاربهێنێت، بۆیە لەوانەیە بۆشایی لە فێربووندا دروستببێت، یاخود چەندین مامۆستا هەیە دەیەوێت چالاکی بکات بەڵام بەهۆی نەبوونی کات ناتوانێت ئەنجامی بدات، ئەمەش وای کردووە خوێندن و فێربوون لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی خراپدا بێت.

 

"پێویستە دامەزراندن بکرێتەوە"

هەرکات هەوڵدەدرێت بۆ پڕکردنەوەی کەم و کەرتییەکانی خوێندنگەکان، هیچ کەسێک وەڵام ناداتەوە وەک مامۆستا کەنار وتی: "ڕوودەکەینە هەر شوێنێک دەڵێن لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و بە دەستی سەروتر لە خۆمانە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووی دانەمەزراو هەیە و وزەیان لە مامۆستایەک زیاترە کە چەندین ساڵە دامەزراوە".

ئەو مامۆستایە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە خوێندنگە نا حکومییەکاندا چونکە خوێندن بە پارەیە نەک تەنها مامۆستای تەواو دابین کراوە بەڵکو یاریدەدەر بۆ مامۆستاکانیش دابینکراون، بۆیە زیاتر دەرفەتیان دەبێت لە ڕووی زانستی و چالاکیشەوە گرنگی بە خوێندکارەکان بدەن، لە کاتێکدا حکومەت دەتوانێت هەمان سیستم لە خوێندنگە حکومییەکاندا جێبەجێ بکات بەڵام نایکات.

وەک مامۆستایەکی هونەر وتی"کاتێک بمەوێت چالاکییەکی هونەری بۆ خوێندکارەکان بکەم، بەهۆی نەبوونی توانای مادییەوە ناتوانین چالاکییەکە بکەین".

 

"خوێندن بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، پەکی دەکەوێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا کەنار لەتیف ئاماژەی بەوەکرد کە لەم دواییانەدا بەهۆی ئەو بارودۆخە یەک لە دوا یەکانەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، خوێندن لە ئاستێکی خراپدایە، ئەگەر بەم شێوەیەش بەردەوام بێت لە کۆتاییدا پەکی دەکەوێت و دەبێتە هۆی خراپبوونی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا.

 

کاشان فەرحان، یەکێکە لە وانەبێژەکانی شارۆچکەی چەمچەماڵ کە ماوەی سێ ساڵە کۆلێژی هونەری تەواو کردووە و یەکێک بووە لە یەکەمەکانی بەشەکەی بەڵام تا ئێستا دانەمەزراوە، لە ساڵی ٢٠١٩وە وەک وانەبێژێک لە یەکێک لە خوێندنگەکاندا وانە دەڵێتەوە.

 

"ئامانجی وانەبێژان، دامەزراندنە"

کاشان باس لە بارودۆخی خۆی و وانەبێژانی دیکە دەکات و دەڵێت: "مامۆستای وامان هەیە ٩ بۆ ١٠ ساڵە وانەبێژە و تا ئێستا مافی خۆی پێنەدراوە و نەبووەتە فەرمی، لەکاتێکدا ئەرکی خێزانی لەسەر شانە یاخود هەندێکیان لە ڕێگای دوور و لادێکانەوە دێن کە تەنها خەرجی هاتووچۆشیان بۆ دابین ناکرێت".

ئاماژەی بەوەدا، ئەمساڵ وانەبێژەکان ناڕەزایەتی زۆریان دەربڕی بەڵام ئەنجامی نەبوو تەنها بووە هۆی ئەوەی خوێندکارەکان وانەکانیان دوابکەوێت، ئەو بڕیارەی بۆ وانەبێژەکان دیاریکرا تەنها دیاریکردنی بڕێک پارە بوو کە بۆ بڕوانامەی دبلۆم ٣٥٠ هەزار دینارە و بۆ بەکالۆریۆس ٤٠٠هەزار دینارە.

وتیشی: "ئامانجی وانەبێژان دامەزراندن یاخود بوون بە گرێبەست بوو بەڵام حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار جگە لە پێدانی بڕە پارەیەک هیچ هەوڵێکی دیکەی نەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وانەبێژان، چەندین وانەبێژیش کە سوور بوون لەسەر بایکۆتکردنی وانە وتنەوە و بەدەستهێنانی مافەکانیان، لە وانەبێژی دوورخرانەوە، تەنانەت مافی ئەو چەند مانگەشی پێنەدرا کە وانەی تێدا وتبووەوە".

"حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار، گرنگی بە مافی وانەبێژان نادەن"

مامۆستا هێڤار شێرزاد، ماوەی حەوت ساڵە وانەبێژە لە خوێندگەیەکی شارۆچکەی چەمچەماڵ، یەکێک بووە لە دە یەکەمەکەی کۆلێژەکەی و باسی لەوەکرد لە ماوەی وانەبێژیاندا هیچ کارێکیان بۆ نەکراوە تا لەم دواییانەدا بەهۆی ئەو فشارانەی مامۆستایانی وانەبێژ کردیان حکومەت بڕە پارەیەکیان بۆ دابین دەکات، لە کاتێکدا زۆرینەی خوێندنگاکان لەسەر دەستی مامۆستایانی وانەبێژ دەڕۆن بەڕێوە ئەگەر وانەبێژ نەبێت مامۆستای دامەزراو هێندە کەمە بۆشای خوێندنگەکان پڕ ناکەنەوە، وتیشی "خوێندنگەی وا هەیە تەنها بەڕێوەبەرەکەی دامەزراوە هەموو مامۆستاکانی وانەبێژن".

مامۆستا هێڤار لە دڕێژەی وسەکانیدا وتی "هەرچەند بەهۆی پێنەدانی مافەکانمان، هەندێک کات بێهیوا دەبین بەڵام کە دەبینین خوێندکارەکانمان پێویستیان پێمانە، ویژدانمان قبوڵی ناکات واز لە وانەبێژی بهێنین، هەروەها دڵنیام هەموو مامۆستایانی وانەبێژ لە ئێستادا تەنها لەبەر ویژدانی خۆیان وانە دەڵێنەوە، چونکە ئەو بڕە پارەیە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانیش ناکات"