خوێندن بە زمانی بیانی؛ ئاسمیلەکردن لەڕێی پەروەردە

بە پەروەردە کۆمەڵگە بونیاد دەنرێت، تاکی کۆمەڵگە لە منداڵییەوە بە پەروەردە بەڕێکخستن دەکرێت، بەڵام لە باشووری کوردستان بایکۆت و پەکخستنی خوێندن و زاڵکردنی زمانی بیانی لە خوێندنگە ئەهلییەکان، پەروەردە ئاسمیلە دەکات.

هێرۆ عەلی

 

 ناوەندی هەواڵ- پەروەردە، هەوڵێكی گشتگیروهەمەلایەنە بۆپەرەپێدان‌ و كاراكردنی زیاتری‌ لایەنی جەستەیی ‌وعەقڵی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ڕەفتاری مرۆڤ، بۆئەوەی پابەندبوون‌ وبەرپرسیارییەتی لەلای هەر تاكێك دروستبكات.

 

لە پێش مێژوودا پەروەردە بە شێوەیەکی نافەرمی لە ڕێگەی پەیوەندی زارەکی ولاسایکردنەوە ڕوویدەدا، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانییەتە کۆنەکان، داهێنانی نووسین بووە هۆی فراوانبوونی زانست و گواستنەوە لە پەروەردەی نافەرمی بۆ پەروەردەی فەرمی.

 

سەرەتا پەروەردەی فەرمی بۆ کۆمەڵەیەکی دیاریکراو و گروپە ئاینیە دەستڕاگەیشتووەکان بووە، بەڵام دوای هاتنی چاپخانە لە سەدەی پانزەیەمدا، کە کاریگەری لەسەر پەروەردەی گشتی هەبوو، تێچووی بەرهەمهێنانی پەرتووک بە شێوەیەکی بەرچاوکەمی کردەوە، کە پێشتربە دەست نووسرابوون، بەوهۆیەوە بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە نووسراوەکان زیادی کرد، لەوانەش فۆڕمی نوێی وەک ڕۆژنامە و نامیلکە، زیادبوونی بەردەستبوونی میدیای نووسراویش کاریگەری لەسەر زیادبوونی ڕێژەی خوێندەواری گشتی دانیشتووان هەبوو.

 

سەدەی ١٨، ساتێکی گرینگ بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا؛ چونکە شۆڕشی پیشەسازی یەکەم لە ساڵی ١٧٨٦ و شۆڕشی پیشەسازی دووەم لە ساڵی ١٨٥٠ڕوویدا، کە بەهۆیەوە شۆڕش لە بواری پەروەردەی جەماوەریدا لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی و ئەمریکا دەستی پێکرد، وڵاتانی پیشەسازیش لە سەرانسەری جیهاندا پشتگیریان لە دابینکردنی پەروەردەی گشتی کرد.

 

 

لە سەدەی ١٩دا، کۆمەڵەی بەرەوپێشبردنی زانستی مەسیحی چەندین خوێندنگای خێرخوازیان بۆخوێندکارانی هەژار لە تەمەنی ٧ بۆ ١١ ساڵان دامەزراند، ئەم خوێندنگایانە بنەمای پەرەپێدانی چەمکە مۆدێرنەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بوون، کە ڕێگە خۆشکەربوو بۆ بزووتنەوە جیهانیەکان بۆ دابینکردنی خوێندنی سەرەتایی بێ بەرامبەر و ناچاری تا تەمەنێکی دیاریکراو بۆهەمووان.

 

لە سەدەی بیست و سەرەتای ئەم سەدەیەش، سیستەمی پەروەردەیی لە سەرانسەری جیهاندا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات، بۆ ئەوەی داواکارییەکانی کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆزترو پێشکەوتووترلە ڕووی تەکنەلۆژیا و پەروەردەوە دابین بکات.

 

لە میزۆپۆتامیا پەروەردە لە نەخشی دیوارەوە دەستیپێکردووە

لە خاکی میزۆپۆتامیادا پەروەردە و فێربوون و نووسین لە نەخشی سەر دیوارەوە دەستی پێکردووە، کە هەڵکەندراوی سەر تاشە بەردەکان مێژووی بوونی خوێندنگا و وانە خوێندن لە سەردەمە دێرینەکاندا نیشان دەدەن، دواتر سیستمی پەروەردە و فێربوون بە حوجرەکان درێژەی پێدرا و تا بە تێپەڕبوونی قۆناغ و پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان خوێندنگاکان شوێنی پەروەردە و خوێندن و فێربوونیان گرتەوە.

 

سیستمی جیهانی تێڕوانینی جیاوازی بۆ بواری پەروەردە و فێرکردن هەیە، ئاستی بەرەوپێشچوونی پەروەردە، ئاستی پێشکەوتووی کۆمەڵگە دەردەخات، هەمیشەش بۆ شکاندنی بوون و داهێنانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەکخستنی بواری پەروەردەوە هەوڵدراوە کۆمەڵگەکان دوابخەن.

 

خوێندگە ئەهلییەکانی باشووری کوردستان و ئاسمیلەکردن

پەروەردە و سیستمی پەروەردە بەردی بناغەی پێشکەوتنی وڵاتانن، بۆیە گرنگی لەسەر گەشەکردنی لایەنی ئابووری وکولتووری وڕامیاری وکۆمەڵایەتی گەلان هەیە، لە هەرێمی کوردستانیش لەپاڵ خوێندنگە حوکمیەکان خوێندنگە ئەهلییەکان بە زمانەکانی "فارسی، تورکی، ئینگلیزی، عەرەبی، ئەڵمانی، کۆریای باشوور، فەڕەنسی، ئیتاڵی" بوونیان هەیە، بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر لە ٣٠٠ خویندنگەی ئەهلی کراوەتەوە و زمانی خوێندنیان بە بیانییە و زمانی كوردی وەك زمانێكی لاوەكی دەخوێندرێت، بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان بە بێ ئاگایانە لە مەترسییەکانی ئەو جۆرە خوێندنە  منداڵەکانیان بە شانازییەوە دەنێرنە خوێندنگە ئەهلییەکان و خوێندنیان بە زمانی بیانی بێت.

 

 

 

ئەم زاڵکردنی زمانە بیانییە بەسەر زمانی دایک و زمانی نەتەوەیەکدا، ئاسمیلەکردنە بەشێوازی نەرم، لەڕێی پەروەردەوە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێدەکرێت، منداڵان لە زمانی دایکیان بێبەش دەکرێن، مافی خوێندن بە زمانی دایک لە منداڵان دەسەندرێتەوە.

 

دروستکردنی جیاوازی چینایەتی

یەکێکی تر لەو گرفتانەی لەڕێی خویندنگە ئەهلییەکانەوە خزاوەتە ناو کۆمەڵگەی باشووری کوردستان، جیاوازی چینایەتیە بە شێوەیەک بە بەراورد بە بیست ساڵی ڕابردوو ئەم چینایەتییە زیاتر هەستی پێدەکرێت، زیادبوونی کردنەوەی خوێندنگە ئەهلییەکانە کە ئەم جیاوازی چینایەتییەی زەقترکردۆتەوە، بەجۆرێک ژمارەیەکی زۆر لە خوێندنگە و باخچەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، کە لەبەرامبەر بڕێک پارەدا کە بە مانگانە یان ساڵانە دەدرێت، منداڵان یاخود خوێندکاران دەخوێنن، ئەو خێزانانەی کە باری داراییان نەگونجاوە ناتوانن منداڵەکانیان بخەنە خوێندنگە ئەهلییەکان، سەرەڕای ئەوەش زۆرینەی خێزانەکان خۆیان دەخەنە ناڕەحەتییەوە تا منداڵەکانیان بخەنە خوێندگە ئەهلییەکان.

 

بۆیە خوێندنی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان بۆتە جۆرێک لە چاولێکەری و چینی سەرمایەدار منداڵەکانیان دەنێرنە ئەو جۆرە خوێندنگایانە، چونکە زۆرینەی دایک و باوکەکان دەڵێن منداڵی ئێمە بۆ کەمتر بێت لە منداڵی خەڵکی تر و دەیانخەنە خوێندنگا ئەهلییەکان، لە کاتیكدا لە جیهاندا خوێندنگای ئەهلی لەژێر سانسۆری کۆمەڵێک بنەمادایە کە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئاستی خوێندن و درێژەدان و ڕەخساندنی زەمینەیە بۆ بەردەوامبوونیان لە كێبەڕكێیەکان بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی خزمەتی پەروەردەیی، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەوەیە.

 

لە هەرێمی كوردستان خوێندنی ئەهلی وەك هەر وڵاتێكیتر لەلایەن حكومەت و وەزارەتی پەروەردەوە بە شێوازێکی بێپلان زەمینەی بۆ ڕەخساوە، وایان کردووە تەنیا چینێکی کۆمەڵگە لەم خوێندنە سوودمەند بێت، چونکە لەبەرامبەر خوێندن لەو جۆرە خوێندنگایانەدا بڕە پارەیەکی زۆر وەردەگیرێت، ئەمەش وایکردووە چینایەتی لە ناو کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی زەقتر دەربکەوێت، لە هەمانکاتیشدا تەنگی بە خوێندنی حکومی هەڵچنییوە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان خوێندن بازرگانی پێوە دەکرێت، حکومەت و دەسەڵات هێندەی گرنگی بە خوێندنگا ئەهلییەکان دەدات گرنگی بە خوێندنگا حکومیەکان نادات، ساڵانە لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی خوێندکاران خوێندنگا ئەهلییەکانیش ڕوو لە زیادبوون دەکەن، لە کاتێکدا تێچووی خوێندن لە خوێندنگا ئەهلییەکان لە توانای هەموو کەسدا نییە، هەروەها لە خوێندنگا ئەهلییەکاندا زیاتر بایەخ بە زمانی بیانی دەدرێت، وەک لە زمانی کوردی، بە جۆرێک لە هەندێکیاندا بە تەواوەتی زمانی کوردی پەراوێز خراوە و کاتێک کە دەچیتە ئەو خوێندنگانە هەر لە ناوی خوێندنگاکە و تابلۆ و نووسراوی سەر دیوار و پۆلەکان، بە دەگمەن نووسراو و دروشمێک دەبینیت کە بە زمانی کوردی نووسرابێت، لە کاتێکدا زمان یەکێکە لە بنچینە سەرەکیەکانی پێکهاتەی نەتەوەیی هەر گەلێک، ئەگەر گەل بتوانێت زمانی خۆی بپارێزێت و نەهێڵێت لەناو زمانی داگیرکەر یان هەر زمانێکی تر بتوێتەوە و لەناوبچێت، ئەوکاتە کلتووری ئەو گەلە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. خوێندن بە زمانی دایك لە سیستەمی پەروەردەی نوێدا لە هەموو دەوڵەتە نەتەوەییەكان بایەخ و گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت، هەموو نەتەوەیەك لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا پلانێكی تۆكمەی هەیە بۆ پێشخستنی پەروەردە بە زمانی نەتەوەیی، چەسپاندنی ئەو زمانەش لە هەموو بوارەكان و هەموو دەزگاكانی ئەو وڵاتەدا پێویستە ڕەنگ بداتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە خوێندنگە ئەهلییەکاندا هەوڵی لەناوبردنی زمان و کولتووری کوردی دەدرێت، چونکە خوێندکارەکان فێری خۆشەویستی نیشتیمان و سرودە نیشتیمانییەکان ناکرێن، هەروەها شێوازی کارکردنی خوێندنگە ئەهلییەکان بە جۆرێکە تەنها گرنگی بە ڕووکەش دەدەن، هێندەی لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی چالاکی و گەشتەکانیاندان هێندە گرنگی بە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری نادەن، خەڵکیش ڕاستییەکان نازانن، هەروەها بەشێکی خوێندنگا ئەهلیەکان پاڵپشت دەکرێن، هەربۆیە لە کاتی کردنەوەیان ئاسانکاریی زۆریان بۆ کراوە و لە کاتی پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەشدا چاوپۆشییان لێ کراوە.

 

دەوڵەتی تورک لەڕێی پەروەردەوە داگیرکاریی دەکات

لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزارەتی پەروەردە و خوێندنیش دامەزرا و خوێندن بە زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، لە پاڵ خوێندنی حکومیدا لە ساڵی ١٩٩٤، بۆ یەکەمجار خوێندنگای ئەهلیی لە هەرێمی کوردستان بە ناوی زانکۆی ئیشک (ڕووناکی) لە هەولێر کرایەوە، لە سلێمانیش لە ساڵی ١٩٩٧ یەکەم خوێندنگای ئەهلیی بە ناوی کۆلێژی سەلاحەدین کرایەوە، کە هەردووکیان وابەستەی تورکیان، تا ئێستاش بەردەوامن و ساڵانە لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ خوێندکاریان هەیە، بەدەر لەوە لەئیستادا چەندین خوێندنگەو پەیمانگەو زانکۆ هەن کە ڕەنگە هەریەکەیان لەلایەن دەوڵەتێکی دەرەکییەوە بە ئامانجێک لە باشووری کوردستان کرابێتنەوەو بە زمانی بیانی و پەروەردەی بیانی تێیدا دەخوێندرێت.

 

نەدانی موچەو بێبایەخکردنی خوێندن و پەروەردە

هەروەها بە شێوەیەکی گشتی، ڕێژەی بودجەی دابینکراو بو سیستەمی پەروەردە لە هەر وڵاتێکدا، نیشانەی گرنگیی ئەو حکوومەتەیە بۆ بەشی پەروەردە، کە لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا ڕێژەیەکی بەرچاو لە داهاتی نیشتمانیی ئەو وڵاتانە لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە لە ئەمریکادا بودجەی وەزارەتی پەروەردە دووهێندەی بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەیە، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان بودجەی  پەروەردە و بەشی توێژینەوە بە گوێرەی پێوست نییە و زۆر جار یەکسانە لە گەڵ بودجەی دەزگایەکی سیاسی یەکێک لە پارتەکانی ئەم هەرێمە.

 

هەروەها لە لە ساڵی ٢٠١٦وە بەهۆی پێنەدان و دواکەوتنی موچە، مامۆستایان بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن، تا ئێستاش نەتوانراوە قەیرانی مووچە چارەسەر بکرێت، ئەمەش زیانێکی بەرچاو لە پرۆسەی خوێندن و سیستەمی پەروەردەداوە، کە کاریگەریی خراپی لەسەر ئایندەی خوێندکاران دەبێت، دەسەڵاتیش هەر لە سەرەتاوە درکی بەوە کردبوو، بۆمانەوەی خۆیان پێویستیان بە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و بێ زانست و مەعریفە هەیە، بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووش بەرهەم بێنن، دەبێت سەرەتا سیستەمی پەروەردە و فێرکردن ئیفلیج بکەن، ئەو بێباکییەی حکوومەت لە چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و بەدەنگەوە نەهاتنیان، بەشێکە لە پڕۆسەی ئیفلیجکردنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ملکەچ و بێئاگا لە ماف و ئەرکەکانیان، بەبێ پەروەردەیەکی باشیش، ناکرێت کۆمەڵگەیەکی باشتر پێک بێت، سەرئەنجام لە پاش ٣٣ ساڵ بەردەوامی، سیستەمی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان، لەبری پێشکەوتن بەرەو دواوە ڕۆشتووە، بەپێی هەموو ئاماژەکانیش پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەهۆی خەمساردی و بێباکی حکومەتەوە ئیفلیج دەبێت و پەک دەخرێت.