بەشداریکردنی ژنان لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا بەرەوپێشبردنی پرسەکانە

بەشداریکردنی ژنان لە ڕۆژنامەگەری و میدیای کوردیدا بە واتای بەرەوپێشبردنی ڕوانگەی ژنانە لەسەر پرسە جیاوازەکان و بەشدارییەکی گەورەیان هەیە لە دیاریکردنی ئەو پرسانەی کە دەبێت لە ڕوانگەی ژنانەوە بوروژێنرێن.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- ١٢٦ ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی میقداد میدحەت بەدرخان، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە لەدایکبوو، ڕۆژنامەکە بە ناوی "کوردستان" دەرچوو و بووە هۆی دەرچوونی سەدان ڕۆژنامە و کەناڵی ڕاگەیاندنی دوای خۆی، ئەم ڕۆژنامەیەش لە بوارەکانی کولتووری، ڕامیاری، زمان، ئابووری و زانستەوە هەوڵی هۆشدارکردنەوەی کۆمەڵ و تاکی دا، لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ ئەم دەستپێکی وەچەرخانە لە کوردستان بووە سەرەتای قۆناغێکی ڕۆشنی ڕۆژنامەگەری، کە تەنانەت زیاتر لە سەدەیەکە هێشتا بەرز دەنرخێنرێت.

 

بۆچی ڕۆژنامەکە لە کوردستان دەرنەچوو؟

لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩دا، ئەو کاتەی عوسمانیەکان دەسەڵاتدار بوون و دژایەتی بەدرخانیەکانیان دەکرد لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکەدا، میقداد بەدرخان چووە قاهیرەی پایتەختی میسر تا لەوێ بتوانێت بە ئازادانە ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو بکاتەوە، چونکە میسر وڵاتێکی یاخی بوو لە دەوڵەتی عوسمانیەکان، دواتریش لەبەر فشاری دەوڵەتی عوسمانی ڕۆژنامەکەیان بردە ئەوروپا.

 

ڕۆژنامەگەری کوردی و پرسە نەتەوەییەکان

لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕۆژنامەی کوردی، دەنگی کوردیش دێتە باسەکەوە و بەرەنگاریەکی توند دروست دەبێت لەسەر پرسی خاوەندارێتی کردنی زمان و کولتوور و شوناس و خاکی کوردی، کە ئەمە شتانێکە بە درێژایی مێژوو لە باوەشی گەلدا دەستدرێژی کراوەتەسەر، گەر لە دروشمی ڕۆژنامەکەوە دەستپێبکەین، کە (كردلی ایقاێ وتحێیل ێنایعە تشویق هانی، ایچون شدمیلك) واتە (كوردان راپەڕین بەرپابكەن ‌و هونەر‌ و زانست فێر بن)ە، ئەمە دروشمێکی بە ئاگاهێنەرەوەیە بۆ تاکی کورد لە هەر بیر و سەردەمێکدا بێت، هۆکاری دژایەتی کردنی وڵاتانی داگیرکەریش، بەرمبەر چوونە پێشەوەی ڕۆژنامەگەری و میدیای کوردی هەر ئەو ترسەیە کە گەر ڕۆژێک کورد بتوانێت لە ڕێی خۆ ئازادکردنی فکریەوە، لە ڕووی جوگرافی و کولتووری و زمانیشەوە ئازاد ببێت و ئیتر لە ژێر دەستی ئەواندا نەمێنین و لەناو نەچین، بۆ ئەمەش زۆر ڕێگا براوەتە بەر لە ڕێی شەڕی گەرم و ساردیشەوە.

 

ئەو داگیرکاریانەی لە ڕووی میدیا و ڕۆژنامەگەریەوە کراوە

کورد بە درێژایی مێژوو، تەنها بە توندڕەوانە لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە داگیر نەکراوە، بەڵکو میانڕەوانەش گەورەترین هەوڵی داگیرکردنی دراوە، لە میدیاکانی ئەمڕۆشدا، بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو ئەوە دەبینرێت کە هەوڵی شێواندن و لەناوبردنی زمان و کولتوور و شوناسی کوردی دەدرێت، بۆ ئەمەش بێگومان دەسەڵاتی کوردی هیچ ڕێگریەک ناکات و بەڵکو خۆشی دەستی هەیە لە پڕۆسەی تێکدانەکەدا. ئەگەر دراما تورکیەکان بە نموونە بهێنینەوە کە بە مەبەستی شۆردنەوەی هونەر و کولتووری کوردی دۆبلاژ دەکرێن و درووینی بەرگێکی تورکیە بۆ ئەقڵ و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی تاکی کوردەکان، یاخود چەندین ناوەندی ڕۆژنامەوانی و میدیایی هەیە کە ئامانجیان ئەوەیە، کورد لە کوردبوون بخەن و بەربڵاوی بسازێنن لە نێوان تاکەکان و هۆشداریان بەلاڕێدا ببەن، بۆیە گرنگە میدیا کوردیەکان یاخود ڕۆژنامە کوردیەکان بڕیار بدەن کە لە ژێر ئەم کاریگەری داگیرکاریە بێنە دەرەوە و خزمەت بە کورد و کوردستان بکەن و بوارەکەیان وەک چەکێک بەکاربهێنن لە دژی داگیرکەران.

 

ژن لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا

ژن هەمیشە لە هەموو کار و بوارەکانی کۆمەڵگەدا خاوەنی بەشە ئەرکی خۆیەتی و ڕۆڵی ژن لە هەموو کایەکانی ژیاندا ڕۆڵێکی کاریگەر و پێویستە، بەڵام هەردەم زەمینەکان بەو جۆرە ساز ناکرێن کە ژنان تیایدا بە ئاسوودەیی و سەربەستی تەواوی توانا و زیرەکی خۆیانی تێدا بەکاربهێنن، بەشداریکردنی ژنان لە ڕۆژنامەگەری و میدیای کوردیدا بە واتای بەرەوپێشبردنی ڕوانگەی ژنانە لەسەر پرسە جیاوازەکان و بەشدارییەکی گەورەیان هەیە لە دیاریکردنی ئەو پرسانەی کە دەبێت لە ڕوانگەی ژنانەوە بوروژێنرێن، ئەم بوارەش بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵێک ژنی چاونەترس و ڕێچکەشکێن بە درێژایی مێژوو بەرەوپێشچوونێکی زۆری بە خۆیەوە دیوە و بەبێ ئەو شۆڕشە رۆژنامەوانیەی ژنان لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دی کردوویانە، ڕۆژنامەگەری کوردی بەم جۆرەی ئێستا بەرفراوان نەدەبوو.

 

لە لایەکەی تریشەوە، بەهۆی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی هاتوونەتە بەردەم ژنانی کوردەوە، ڕێگر بووە لەبەردەم تەواو پێکانی ئامانجە ڕۆژنامەوانیەکانی کۆمەڵگەی کوردی. لەگەڵ ئەوەشدا، هەراسانکردن و هێرشە ئەخلاقی و کەسیەکان بۆ سەر ژنانی ڕۆژنامەوان و میدیاکار، سڵێکی لەناو خێزان و تاکەکاندا دروست کردووە و بۆتە ڕێگرێکی دیکە لەبەردەم ژنان کە لەو بوارەدا داهێنانی خۆیان بکەن و وزەی خۆیان بەکاربهێنن، بەڵام بوونی ژنان لەناو بوارەکەدا سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، ئەوە دەسەلمێنێت کە بواری ڕاگەیاندن دوور نییە لە ژن و ژنانی ڕۆژنامەنووس گوێزەرەوەی هەست و هەڵوێست و ئاگایی ژنانن لە میدیاکانەوە.