جیاوازیکردنی ڕەگەزی لە پەروەردەدا، درێژەپێدەری نێرسالارییە لە کۆمەڵگادا

جیاوازی ڕەگەزی لە پەروەردەدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگە هەیە، ئەقڵیەتی نێرسالاری باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە و ژنان تەنها وەک کاڵا و جەستە سەیر دەکات، لەو بارەیەوە ژنان بۆ ژنها دەوێن و کاریگەری جیاوازی ڕەگەزی دەخەنە ڕوو.

 

نیگار ڕەشید

گەرمیان- نوسەری فێمێنیستی نایجیری "چیماماندا نگوزی داتیچی" لە نوسینێکیدا دەڵێت: ئەگەر چێشتلێنەرە بەناوبانگەکانی جیهان، ئەوانەی نازناوی فەخری "شێف"یان لێنراوە پیاو نەبوونایە، ئەوا من تا ئێستاش وامدەزانی ژنان بە جیناتێکی تایبەت بە چێشتلێنانەوە لەدایکبوون، هێندە بە چێشتخانەوە بەستراون، تا ئێستاش بیر لەوەدەکەمەوە کە ئەو نەنکە مەزنەم ئەگەر هەمان هەلومەرجی پیاوەکانی سەردەمی خۆی بۆ بڕەخسایە، چ داهێنەرێکی درەوشاوە دەبوو.

 

لە ژیانی ڕۆژانەماندا، لای زۆرینەمان بێئاگایانە ڕووبەڕووی چەندین ووشە و زاراوە و توانج دەبینەوە کە ژنان بە پلە دوو لە قەڵەم دەدەن، لەو جیاکارییە ڕەگەزییەی کە درێژەپێدەری نێرسالارییە، ژنانیش تێیدا دەکرێن بە خزمەتکاری ئەو سیستەمە، هەر لە ڕیکلامێکی پاکژکەرەوەی ناوماڵ و قاپ و جلوبەرگ و کەرەستەکانی چێشتلێنانەوە بیگرە کە ژن ڕۆڵیان تێیدا دەگێڕێت، هەتا دەگاتە دراما و فلیمی نێرسالاری، کە تێیدا ژنی خزمەتکار و گوێڕایەڵ و ملکەچ بە پەسەندترین و جوانترین نموونەی ژن پیشاندەدرێت، لە بەرامبەریشدا پیاوان لە پلەوپایەی دەسەڵات و بەڕێوبەری دارایی و فەرمانڕەواو و خاوندارێتیدان، ئەمانە هەمووی و چەندینی تر لە ڕەفتار و کردار و قسە، ڕۆژانە و بە درێژایی تەمەن دەچنە بنچینەی پەروەردەی تاکەوە و هێدی هێدی کار لەسەر هزر و هۆش و دیدیان دەکات بۆ ئەو جیاکارییەی لە نێوان هەردوو ڕەگەز دەکرێت.

 

لەسەر ئەم پرسە ژنها لە ژنان دەپرسێت، تا چەند پەروەردە بە جیاوازیکردنی ڕەگەزی درێژەپێدەری سیستەمی نێرسالارییە؟

هەر لە تەمەنێکی بچوکەوە هەرچی سنورە بەسەر کچاندا دادەخرێن

میدیا ئەمین، مامۆستا، ئاماژە بەوە دەدات، جیاوازی ڕەگەزی لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا دیاردەیەکی زەقە، وتیشی:  هەندێ جار دەکرێت وا بیربکەینەوە بەپێی ئەو گۆڕانکاریە خێرایەی ناوچەکە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا  لە هەموو ڕوویەکەوە بە خۆیەوەی بینیوە، دیاردەی پیاوسالاریش وون بووە و حوکمی بەسەر ژیانی تاکەکانەوە نەماوە، بەڵام بەداخەوە هەندێک کارەسات ڕاتئەچڵەکێنێت و بیرت دەهێنێتەوە کە هێشتا بەشێکی زۆری مرۆڤەکانی ئێمە هەمان جەوهەری سێ دەیەی پێشوون لە بەرگێکی نوێدا.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشدا: هەڵەی گەورەی ئێمە پەروەردەیە، گەرچی ژنان خۆیان قوربانی سەرەکی ئەم جیاوازییەن، چونکە دایکان پشکی شێریان بەرکەوتووە لە پەروەردەی منداڵدا، بەڵام بە زۆری ئەوان ئەو جیاوازیە پەرەپێدەدەن هەر لە تەمەنێکی زۆر بچوکەوە هەرچی سنورە بەسەر کیژۆڵەکانیاندا دایدەخەن، هەر هەمان دایکیش بێ ئاگایە لە کوڕە هەرزەکارەکەی، لە کوێیە و بە چییەوە کاتەکانی بەڕێدەکات، جگە لە شکاندنی بەردەوامی دەروونی کچان و بەردەوام دووبارەبوونەوەی هەمان چیرۆک، کە تۆ گەورەبوویت و نابێت بەو جۆرە بجوڵێیتەوە.

 

میدیا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دیارە دایکانیش بەو زهنیەتەی ئە پێی پەروەردە کراون هەمان مامەڵە لەگەڵ کچەکانیاندا دەکەن، ئەم گۆرانکارییە بۆ ژنێکی گەنج و بەکارهێنانی دەستەواژەی "چیتر ژنێکی" کە وەکو خەڵاتێک دەبەخشرێت، زۆرێک لە مافەکانیان لێدەسەنرێتەوە، لە کاتێکدا گەورەبوونی کوڕان هەمیشە جێگای شانازی باوانە، ئەمەش هۆکاری تێکچوونی هاوسەنگی ژیانی هەردوولایە لە قۆناغی داهاتوویاندا و زۆر دەرئەنجامی خراپ لەم شکاندن و پیاهەڵدانە بەردەوامە دەکەوێتەوە.

 

ئەکرێ هەر لە منداڵییەوە کچەکەت و کوڕەکەت وەکو یەک پەروەردە بکەیت و فێریان بکەیت خۆیان کەسایەتی خۆیان دروست بکەن:

یەڵدا جاف، پەیکەرساز و چالاکوان، لەو بارەیەوە وتی: پەروەردەی خێزان ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە لەسەر دروستبوونی كەسایەتی تاك، تا دەگاتە تەمەنێک خۆی دەتوانێت بیربکاتەوە و ببێتە خاوەن كەسایەتیەكی تایبەت بەخۆی، جیاوازیکردن لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر ڕیژەکەی دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەر لەمنداڵیەوە ئەم جیاوازیکردنە لەپەروەدەی هەردوو ڕەگەزدا بەرچاوە و دركی پێدەكرێت، زۆر جار بەرگوێمان دەكەوێت پێمان دەڵێن ئەو كوڕە، نابێ ئەوە بكات، یان خزمەتکردن و ئەرکی ڕۆژانەی کوڕەکان لە ماڵەوە بە خوشک دەسپێرن، ئەمە خۆبەخۆ نێرینەکان زاڵ دەكات و ئەبێتە تەواوکەر و درێژەپێدەری  نێرسالاری.

یەڵدا وتیشی: كاتێك هەر لەمنداڵیەوە بەگوێی كوڕەكەتیدا دەدەیت، تۆ كوڕی نابێت بگریت، کەسایەتییەکی رەق بۆ کوڕ دروستدەکات، یاخود ئەرکی پاراستنی خوشکەکەی پێ دەسپێردرێت، كچەكەشت لەسەر ئەوە ڕائەهێنێت كە بە پرسی براكەی بۆ شوێنێك بڕوات، ئەمە وا دەكات نێرینەكانی ئەو خێزانە هەست بەجۆرێك لە موڵكدارێتی مێیینەكانی بكەن.

 

ئەو چالاکوانە پێیوایە چارەسەر دەبێت لە پەروەردەكردنی منداڵەوە دەستپێبكرێت، چیتر ئەو دەستەواژانە بەكارنەهێنرێن كە ژنان کەم دەکاتەوە و پیاویش بە دڕندەیەك یان پاڵەوانێک بەسەر ژنانەوە ئەشوبهێنێت.

 

بۆ دروستبوونی كۆمەڵگايەكی تەندروست پێويستمان بە پەروەردەكردنێكە بێ جیاوازی ڕەگەزیی

چنور حەسەن، توێژەری کۆمەڵایەتی و خوێندکاری ماستەر، ئاماژەی بەوەدا کە خێزان يەكەم دەزگايە منداڵ چاوی تێدا هەڵدەهێنێت، لەوێشەوە فێری بەها ئەخلاقييەكان دەبێت بە باشی يان خراپی، دەشڵێت: كاتێك كەموكورتييەك لە پەروەردەكردندا هەبێت ئەوا كاردەکاتە سەر منداڵ وەكو نايەكسانی لنێوان كوڕ و كچدا، هەر لەسەرەتای لەدايك بوونەوە هەتاوەكو گەورەبوون، زۆربەی خێزانەكان كاتێك كوڕيان دەبێت ئاهەنگ دەگێڕن و شيرينی دابەش دەکەن، بەڵام كاتێك کچيان دەبێت ئەوە ناکەن، ئەم جياوازيیەش ڕۆژ بەڕۆژ  گەورە دەبێت و دەبێتە بەشێك لە كلتووری كۆمەڵگا و بە کەم سەیرکردنی ژنانی لێدەکەوێتەوە، بەمەش ژنان لە ڕووی دەروونییەوە متمانەیان بەخۆیان نابێت و پشت بەخۆیان نابەستن.

ئەو توێژەرە وتیشی: بۆ دروستبوونی كۆمەڵگايەكی تەندروست پێويستمان بە پەروەردەكردنێکی تەندروستە، بە بێ جیاوازیکردنی ڕەگەزی، كە ئەويش لە خێزانەوە دەستپێدەكات، دەبێت خێزان بە شێوازێكی تەندروستانە منداڵەكانيان پەروەردە بكەن و دوور بن لە هەموو جياوازييەكی ڕەگەزی، دوور بن لە هەموو ئەو دەستەواژانەی کە بەهای ژنان کەمدەکەنەوە.

 

لە کۆتاییدا دەتوانین ئەو دەرئەنجامە بەدەست بخەین، کە ژنان دەتوانن وەکو دایک و پەروەردەکار ڕۆڵێکی باڵا ببینن و کار لەسەر دیدی کچ و کوڕەکانیان بکەن، بە یەکسانی ئەرک و ماف و پێگەی خۆیانیان پێ بناسێنن، دایک ئیلهام بەخشە و ڕەگەزی یەکەمە لە پەروەردەی تاکی کۆمەڵگە، بۆیە دیدی ژنان بۆ خۆیان گرنگە، دەشبێت کلتوری نێرسالاری لە بنچینەوە دەسکاری بکرێت لە ڕێگەی  پەروەردەیەکەوە کە لە جیاوازیکرنی ڕەگەزی بە دوور بێت، مافەکانی هەردوو ڕەگەز بپارێزێت و ئاڕاستەیەکی دروستی هەبێت.

 

ت.پ