١٠ ساڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر ٩ بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک...٣؛ ژیانی کۆمەڵایەتی

کاتێک ڕووبار دەڕژێت، چەندە بەربەستیشی هەبێت، ڕۆژێک دێت بە ئیرادەی بەهێزی خۆیەوە بەربەستەکان دەبڕێت، کۆمەڵگە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بەندی کۆیلایەتی شکاند و لەژێر چەتری نەتەوەی دیموکراتیکدا بە هاوبەشی گەلان ژیانی کۆمەڵایەتی درێژەپێدا.

 ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لە کۆمەڵگەیەکی سروشتیدا مرۆڤەکان بە یەک ڕۆح دەژیان، هەمووان یارمەتی یەکتریان دەدا. لە سەردەمی بنیادنانی سۆمەرییەکاندا هەموو شتێک گۆڕا، کاتێک چینەکان دروستبوون و کۆمەڵگە دابەشبوو، لەگەڵ پەرەسەندنی سیستمی دەوڵەت-نەتەوەدا دابەشبوونی کۆمەڵگە زیاتر بوو، کۆمەڵگە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتە دەسەڵاتدارەکان بەکاردەهێنرا. ئەو سیستمە نەتەوەیەکی قبوڵ کرد و گەلانی دیکەش لەناودەبران، لە سوریا زۆر پێكهاتە دەژین، بەڵام رژێمی بەعس تەنیا زمانی عەرەبی قبوڵكرد و بەسەر گەلانی دیكەدا سەپاندی. بە شۆڕشی ڕۆژئاوا بەندی کۆیلایەتی شکێندرا، کێ دەتوانێت لە بەردەم دەسەڵات و ئیرادەی ئەو ڕووبارەدا بوەستێت؟ پێکهاتەکان لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا بە پەرەسەندنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان گۆڕی.

 

"ژیانی ڕاستەقینە کۆمەڵایەتیبوونە"

ئەڤین ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی ڕۆژئاوا ئاماژەی بەوەدا کە ژیانی راستەقینە لە سەردەمی كۆمەڵگەی سروشتیدا دوور لە چەمکی پیاوسالاری بووە، "كۆمەڵگە لە سەرەتایدا لە لێگەڕیندا بووە، ئامانجی بوو بە شێوەی کۆمەڵایەتی درێژە بە ژیان بدرێت، چونکە کۆمەڵایەتیبوون سروشتی مرۆڤە و پێویستە وەها بژی، لە کۆمەڵگەی سروشتیدا خۆشەویستی، بەخشین و وەرگرتن، یەکسانی و بەهاکانی ژیان هەبوون. هەر بەو کۆمەڵایەتیبوونە، مرۆڤایەتی چەندین سەرکەوتنی لە ڕووی بیناسازی، زمان و کشتوکاڵەوە بۆ هەزاران ساڵ بەدەستخست، ئەمەش بووە زەمینەیەک بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە ئاسوودەیی بژین، ئەو بەرهەمانەی کە کۆمەڵگە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کۆمەڵگە جارجار بەرهەمی دەهێنا، هۆکاری سەرهەڵدانی هۆشیارییەکی جیاوازی ئەو کۆمەڵایەتیبوونە بوون".

 

"دەوڵەتەکانی دەسەڵاتدات کۆمەڵگە وەک ئامرازێک بۆ قازانج بەکاردەهێنن"

ئەڤین ئه‌حمەد لە درێژەی قسەکانیدا بەم شێوەیە دوا، "ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای کۆمەڵگە بکەین، دەبینین کە کۆمەڵایەتیبوون زۆر لە فۆرمەکەی دوور کەوتووەتەوە، ڕەگەکانیش سەرهەڵدانی دەسەڵاتدارییە، ئەم هزرە، خۆپارێزی و نایەکسانی و کەڵەکەبوونی پارە و بەرهەمی زیادە و قۆرخکاری خوڵقاندووە، دەوڵەت-نەتەوە یەکێکە لە قاچە بنەڕەتییەکانی سەرمایەداری، لەژێر ئەم چەترەدا کۆمەڵگە بووەتە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارەکان بەکاردەهێنرێت. بەمەش ڕۆحی کۆمەڵایەتیکردن لەناو دەچێت و دەرەبەگایەتی بەرەوپێش دەبرێت. دەتوانین بڵێین سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لە ئەوروپاوە دەستیپێکرد، لەژێر هێمای پاراستنی زمان و نەتەوە و فەرهەنگدا، بەڵام بەداخەوە بەم شێوەیە هەڵسوکەوتیان نەکرد، چونکە ئەگەر بتەوێت زمان و کولتوور و نەتەوەکەت بپارێزیت پێویستە ڕێز لە زمان بگیرێت، تا لەگەڵ نەتەوە و کولتوورەکانی تردا بوونی هەبێت، نەک تەنها خۆی و هەژموونەکانی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.

 

ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد کە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە سوریاش بێبەش نەبووە لێی و تەنها نەتەوەی عەرەب و زمانی عەرەبی سەپێندرا بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەشدا و پێکهاتەکانی دیکە ڕەتکرانەوە و کینە لە نێوان نەتەوەکاندا دروستکرا.

 

"کاتێک دیموکراسی زیاد دەکات، دەسەڵات بێواتا دەمێنێتەوە"

ئەڤین ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی ڕۆژئاوا، باسی لە شەڕی سوریا کرد، کە شەڕی و سوریا و شۆڕشی ڕۆژئاوایە، وتی: ئەو شەڕەی لە سوریا کە ساڵانێکە بەردەوامە هیچ گۆڕانکارییەکی بەدینەهێناوە، چونکە تاکە داواکاری گۆڕینی سەرۆک کۆماری سوریا بوو نەک گۆڕینی سیستمەکە. بەڵام شۆڕشی ڕۆژئاوا، کاتێک گەل شۆڕشی کرد، ئامانجی گۆڕینی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە بوو، چونکە سیستمی دەسەڵات ستەمی لە خەڵک دەکرد، سیستمی دیموکراتیکیش پەیوەندی بە بنیادنانی کۆمەڵایەتیبوونەوە هەیە، بۆیە کۆمەڵگە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک وەک بەدیلێک دەبینێت، چونکە دەتوانێت هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە لە باوەش بگرێت و دەیانپارێزێت، خاڵی گرنگتر لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی دیموکراتیک لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئازاد ئەنجام دەدرێت، لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە، چونکە دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان کە داوای ئازادی و دیموکراسییان دەکرد، ئەم سەرکەوتنەیان بەدەستنەهێنا. کەواتە چاوی هەمووان لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوایە، دەیانەوێت بزانن نەتەوەی دیموکراتیک چییە؟ ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت کاتێک دیموکراسی زیاد دەکات دەسەڵات بێواتا دەمێنێتەوە.

 

"هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی پاراستنی مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە"

ئەڤین ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیدا کە بۆ پاراستنی بەها و شوناس و کلتوری هەموو نەتەوەیەکە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و سەرکەوتنێکی مێژووییە کە ئەمڕۆ نوێنەری هەر نەتەوەیەک لە کۆمیتەی ڕەشنووسی هاوپەیمانێتیەکەدا بەشدارە تا ئاگاداری چارەنووسی گەلەکەی بێت.

 

"دوای ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ له‌ شۆڕش و ده‌ستكه‌وته‌كان، هاوپه‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌پارێزێت و مافی هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگە ده‌پارێزێت، بەم سیستمە هەر تاکێک دەزانێت ئەرکی خۆی چییە و بەو پێیە مامەڵە دەکات. داوا لە هەموو لایەک دەکەم کتێبی مانیفێستی ٥ی ڕێبەر ئاپۆ بخوێننەوە، چونکە زۆر پێداچوونەوە لەسەر دەوڵەتەکان کراوە. کاتێک ڕەهەندەکانی نەتەوەی دیموکراتیک دەخوێنینەوە، دەزانین دوای ئەم هەموو ئازارانە شتێکی باش هەیە، خۆمان لە سیستمی دەوڵەت ڕزگار دەکەین و سیستمی کۆمەڵایەتیبوون پەرەپێبدەین".