بەرخۆدانی ژنانی ئێران لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ... ١٣

ژنانی نووسەر و شاعیر لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە هەوڵیان دەدا ملکەچبوونی ژن بۆ دەسەڵاتی پیاوسالاری ڕەت بکەنەوە، پرسە نەتەوەییەکان بە شێوەیەکی جیاواز لە نێوان شیعر و ئەدەب و ڕۆماندا وروژێنران و بابەتی جیاوازیان لەناو بنەماڵە و ململانێ و کۆمەڵگە نووسی.

ئەدەب، شیعر و گۆرانی... یاخیبوون لە دەسەڵاتی ئێران لە ئێران

مالڤا محەمەد

 

ناوەندی هەواڵ- ژنانی نووسەر و شاعیرانی ئێرانی هونەریان بە هەموو شێوەکانیانەوە لە یەکەم شارستانیەتەکانی وڵاتەوە بە میرات وەرگرتووە و بەشدارییان لە گواستنەوەی ئەفسانە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر کردووە، بەردی بناغەی پێشکەوتنی شارستانی وڵاتیان پێکهێناوە و لە ڕێگەی ئەدەب و شیعر و هونەرەوە گوزارشتیان لە خۆیان و یاخیبوون لە دەسەڵات کردووە.

 

ژنانی کۆیلە و ئەدەب

ژنانی کۆیلە لە ئێران لە سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەی کولتووردا کردووە، لەوانە هونەرە جوانەکان، گۆرانی و شیعر. ئەو ژنە کۆیلانە، کە لە حیجازەوە دەهێنران، کاریگەرییەکی ڕوونیان لەسەر پەرەپێدانی هونەری گۆرانیوتن لە شاری تاران هەبوو. دەنانیر کە خۆی شاعیر و گۆڕانیبێژی ڕۆشنبیری بەرز بوو، کۆیلەی شاعیر عەباسی محەممەد بن کیناسا، بە نازناوی "البرمکیة" بوو.

 

دەنانیر بە یەکێک لە خانمە هونەرمەندە یەکەمەکانی سەردەمی خۆی دادەنرا، بوو بە یەکێک لە گۆرانیبێژە ناسراوەکان، کتێبێکی لەسەر گۆرانی نووسی بە ناوی "تەنها گۆرانی" کتێبەکە هێندە بەناوبانگ بوو کە زۆرێک لە کەسایەتییە موزیکییەکان و گۆرانیبێژەکان وەریاندەگرت و سودیان لێبینی.

 

هەروەها ژنان کاریگەریان لەسەر نووسەر و شاعیران هەبوو و ئیلهامبەخش بوون بۆیان، لەو سەردەمەدا چیرۆکی خۆشەویستی ڕۆمانسی و ئەو شیعرانەی کە بەڵگەیان لەسەر بوو، بڵاوبوونەوە و لە ناودارترین چیرۆکەکانیش کە لەو سەردەمەدا بڵاوبوونەوە چیرۆکی "شیرین" بوو، کە لەو سەردەمەدا جگە لە چیرۆکی شەهرەزاد ڕۆمان یان گێڕانەوەی درێژخایەن بوونی نەبوو.

 

ژنانی کۆیلە جگە لەوەی ئیلهامبەخش بوون، بەشێکیان شیعریان دەنووسی و لە دانیشتنەکانیاندا پێشوازییان لە نووسەر و شاعیرانی دیکە دەکرد و کێبڕکێیان لەگەڵ شاعیرە گەورەکاندا کردووە، مێژوو ئەمەی تۆمار نەکردووە تەنها چەند گێرانەوەیەک نەبێت، ئەمەش بەهۆی زاڵبوونی پیاوەوە بوو لە مێژوودا کە هەموو ئەو شتانەیان سڕییەوە هەڕەشەیان لە پیاوسالاری و بەرژەوەندییەکانیان لە کۆمەڵگەدا دەکرد.

 

ژنانی ئازاد و کچە کۆیلەکان بابەتگەلێکی شیعری جۆراوجۆریان وەکوو شیعر، لاوانەوە، ستایش و تەنز و هتد... پێشکەش دەکرد، کە هەموویان لە جۆری وەرگیراوێکی شیعری بوون بە ڕێکخستنی ئاسان، ژنان لە ئەدەبیاتی نامەنووسی کەسی و ئەدەبیاتی واژۆشدا سەرکەوتوو بوون ، واژۆکان تەنیا لە بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی عەباسیدا سنووردار نەبوون و ئەدەبیاتی واژۆکان وەک ئەو وشە کورتەی کە خەلیفە یان وەزیرەکەی واژۆیان کردووە، گرنگییەکی زۆری هەیە.

 

واژۆی ژنان بەشێکی گرنگە لە ئەدەبیاتی فێمینیستدا، نووسینەکانی ژنان بە هێزی دەربڕین و زمان و نەرمیی تایبەتمەند بوون، شاعیران وشەی ئاسان و دەربڕینی نەرم و کورتە ڕستەی دەربڕینیان بەکاردەهێنا.

 

ئەدەبیاتی ئێرانی... لە هونەری ئەفسانە و چیرۆکدا

لە کۆنەوە وێنەی ژن لە ئەدەب و شیعردا بوونی هەبووە، وەک چیرۆکی "وەیس و ڕامین" لەلایەن شاعیری ئێرانی فەخرەدین ئەسعەد ئەلجورجانی، کە گرنگییەکی کەمتر نییە لە چیرۆکی ڕۆمیۆ و جولێت، بەدواشیدا چیرۆکەکانی "شیرین و فەرهاد، خوسرەو و شیرین" هاتە ئاراوە.

 

لە هەموو ئەم چیرۆکانەدا ژن وەک کارەکتەری سەرەکی دەرکەوت کە یەکسانن لەگەڵ پیاودا و ئازا و سەربەخۆ وێنا کران، لە چیرۆکی هەزار و یەک شەودا، کە بەرهەمێکی کلاسیکی ئەدەبییە، کۆمەڵێک چیرۆکی فۆلکلۆری سەدەی ناوەڕاستە، لە بنەڕەتدا بە زمانی عەرەبی نووسراوە، شا شەهریار وەک پیاوێکی ستەمکار و بەهێز و پڕ لە پیاوسالاری وێنا کراوە، کە هەموو ڕۆژێک هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک دەکرد و فەرمانی دەکرد ڕۆژی دواتر سەر ببڕدرێت.

 

شەهرەزاد، وەک ژنێکی فارسی پڕ لە بوێری و حیکمەت وێنا دەکرا و بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە توانی لە ڕێگەی چیرۆکەکانییەوە وردە وردە پاشا بگەڕێنێتەوە سەر هۆشی خۆی. ئەم کتێبە بەدرێژایی سەدەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانەوە کۆکراوەتەوە، بەڵام کرۆکی چیرۆکەکان باس لە کۆمەڵگەی فارسی دەکات و ناوی "هزار افسانا- هەزار و یەک چیرۆکی لێنراوە.

 

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا شەپۆلێکی گەورەی چاپ و بڵاوکردنەوەی سەدان کتێبی ژنە نووسەرانی ئێرانی بەڕێوەچوو، هەر ئەمەش بووە هۆی لە دایکبوونی بزووتنەوەیەکی نوێی فێمینیستیی جیاواز لە ئێراندا، بەو پێیەی بووە دەنگی زیندووی ژنان لە ڕێگەیەوە توانیان پەیوەندی لەگەڵ ژنانی دیکەی ئێرانیدا ببەستن کە بە هەمان ئازاردا تێپەڕیون، وەک یەکەم ڕۆمان لە ئێران کە سیمین دانشور لە بەرجەستەکردنی چیرۆکی ژناندا نووسیویەتی.

 

فروغ فروغزاد (١٩٣٤-١٩٦٧) کە بە سیلڤیا پلاتی ئێرانی وەسف دەکرێت، ڕەخنەی لە سنوورە پیاوسالارییەکانی کۆمەڵگەی ئێران گرتووە و جێگەی تەحەدای ژنانی لەناو ئەو کۆمەڵگەیەدا گرتووە، فروغ فروغزاد یەکێکە لە بەناوبانگترین شاعیرە ئێرانییەکان لە ئەدەبی مۆدێرندا. یەکەم کۆمەڵە شیعری لە ساڵی ١٩٥٥ بە ناوی "دیل" بڵاوکردەوە، کە مشتومڕ و سەرنجی لە دەوروبەری دروستکرد وەک جیابووەوەیەک کە بیرۆکەی فێمینیستی مشتومڕاوی هەبوو. لە ساڵی ١٩٥٨ دوو کتێبی دیکەی بە ناوی "دیوار" و "شۆڕش" بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٦٣دا کۆمەڵە کتێبی "لەدایکبوونی پیرۆز"ی بڵاوکردەوە، کە بەربەستێکی گرنگ لە مێژووی شیعری مۆدێرنی ئێرانی پێکهێنا.

 

شۆڕش خاڵی وەرچەرخانێکی دیکەی بۆ ئەدەبی ئێرانی دیاریکرد، لە ساڵانی دواتردا ماوەیەکی کورتی ئازادی هەبوو کە هەم بڵاوکراوەی سەربەخۆ و هەم چالاکییە فیکرییەکانی دیکەی پەروەردەیی ئەنجامدرا، بەڵام ئەم دۆخە گەشبینانە و وزەبەخشە زۆری نەخایاند، بەو پێیەی ساڵانی هەشتاکان شاهیدی خراپترین دەیەکانی ئەدەبی ئێران بوون، چونکە سەرکوتی ئیسلامی و شەڕ لەگەڵ عێراق و کێشە زەقەکانی ئابووری و لە نێوان شتەکانی تردا، ئاسۆی نووسەران و بەتایبەت لە نێو ئەوانەدا ژنانی تێکدا، بەڵام دووبارە ڕێچکەی ئەدەبی بە هاتنی محەمەد خاتەمی بۆ دەسەڵات لە ساڵی ١٩٩٧دا دیسان گۆڕا.

 

کرانەوەی سیاسی ڕێگەی خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی نەوەی نوێی نووسەرانی گەنج و نووسەرانی وەک زۆیا پیرزاد کە ستایشی ڕەخنەگران و بینەرێکی زۆریان بەدەستهێنا. لەم قۆناغەدا چەندین ڕۆژنامەی ڕیفۆرمخواز دەرکەوتن و بینەرێکی بەرفراوانیان بۆ خۆیان ڕاکێشا. لاپەڕە ئەدەبیەکانیش لایەنگی خەڵک بوون و کۆمەڵێک خەڵاتی ئەدەبی ناحکومی دامەزران. نیوەی ئەو خەڵاتانە بەخشرایە ژنان، لەکاتێکدا نیوەی ئەو ژنانە بۆ یەکەمجار خەریکی نووسین بوون.

 

"بۆ خوێندنەوەی لۆلیتا لە تاران"... ئەدەبیاتی ژنان لە غەریبیدا

ژنان لەگەڵ ئەوەی ئازارەکانی ژنانیان لە وڵاتەکەی خۆیاندا بەرجەستە کرد، لە ڕێگەی ڕۆمان و ئەدەبەوە هەوڵیاندا سنوورەکان بشکێنن و خەبات بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی بکەن، بابەتی جۆراوجۆریان وروژاند لە بنەماڵە و ململانێی نێوان ڕەگەزەکانەوە لە لایەک و لە نێوان ژن و نەریتە بەسەرچووەکانی کۆمەڵگەدا لە لایەکی ترەوە. نووسەران لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە هەوڵیان دەدا ملکەچی ژنان بۆ دەسەڵاتی پیاوسالاری ڕەت بکەنەوە، خستنەڕووی پرسە نەتەوەییەکان لە نێوان ئەو ڕۆمانەی کە لە ئێران نووسراوە و هاوتاکەی لە وڵاتی دەربەدەریدا جیاواز بووە.

 

 بەم شێوەیە نووسین لە کۆمەڵگەی ئێراندا وەک یاخیبوونێک یان وەک کردەیەکی شۆڕشگێڕانە سەیر دەکرا کە تەحەدای دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتەی دەکرد، وەک ڕۆمانی "بۆ خوێندنەوەی لۆلیتا لە تاران"ی ئازەر نەفیسی، ڕۆمانەکە بۆ ئێران وەک بۆمبێک بوو، سەرەڕای قەدەغەکردنی دەسەڵاتداران بۆ ئەم کتێبە، بەڵام کۆمەڵگە ڕێگەیان دەدۆزیەوە بۆ بەدەستهێنانی کتێبەکە و خوێندنەوە و لێکدانەوە.

 

لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ژنانی نووسەری ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتەوە سەیانهەڵدا، ئەوان دەستیان بە قووڵبوونەوە و فراوانبوون کرد، بە تایبەت دوای ئەوەی نەوەی نوێی ژنە نووسەران بۆ دەربازبوون لە دەسەڵاتە سیاسییەکان کە وڵات بەڕێوەدەبەن، وڵاتیان بەجێهێشت ڕاستەوخۆ دەستیانکرد بە نووسین بە زمانە بیانییەکانی وەک ئینگلیزی و فەرەنسی، نووسینەکانی ئەدەبیاتی ژنانی ئێران ناوبانگێکی گەورەی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.

 

ڕۆماننووسەکان بە بوێری و هەوڵدان بۆ شکاندنی سنووردارکردنەکان جیا دەکرانەوە، نووسین لە غەریبیدا بۆ ژنانی ئێرانی بەرجەستەی دیوەکەی تری بزووتنەوەی ڕۆمانی ژنانی لە ناوخۆی وڵاتدا کرد کە پڕە لە دەنگە زۆر گرنگەکان و بەشێکیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەرگێڕدران و بەشێکی دیکەیان بە زمانی فارسی مانەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕۆماننووس و ئەکادیمیستی ئێرانی ئازار نەفیسی کە ڕۆمانی "بۆ خوێندنەوەی لۆلیتا لە تاران" لە ساڵی ٢٠٠٣دا بڵاوکردەوە، توانی ناوبانگێکی بەرفراوان بەدەستبهێنێت، بەتایبەتی لە ئەمریکا، کە لە ڕۆمانە هەرە گرنگەکانی ئەدەبی ژنانی ئێران بوو و باس لە واقیعی وڵات لە دوای شۆڕشی ئیسلامی دەکات.

 

ڕۆمانەکەی بۆ زیاتر لە ٣٢ زمان وەرگێڕدراوە، لەوانەش زمانی عەرەبی و ئەم ڕۆمانە دەتوانرێت بە نزیکتر لە ژیاننامە یان بەڵگەنامە هەژمار بکرێت، ئازار نەفیسی لە زیاتر لە ٥٠٠ لاپەڕەدا یادەوەرییەکانی خۆی لە ئێران لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تا کۆتایی نەوەدەکان و بڕیاردانی بەجێهێشتنی وڵات بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگێڕێتەوە، دیارترین شت کە لە ڕۆمانەکەدا وتی: "یەکەم وانەی دیموکراسی: هەموو تاکێک دەتوانێت چێژ لە مافی ژیان و ئازادی و بەدواداچوونی بەختەوەری خۆی وەربگرێت، گرنگ نییە ئەو تاکە چەندە بێ بایەخ یان نزم بێت".

 

ئازەر نەفیسی بە درێژایی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە نائومێدییەکی ڕوون و بێزارییەکی ئەوپەڕی لەو یاسایانە دەگێڕێتەوە کە دوای شۆڕشی ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا سەپێندران، دوای ئەوە لەسەر دۆخی شەڕی ئێران و عێراق و ترسی هەمیشەیی خەڵك و ژیانی خۆی نووسیوە.

 

ڕۆمانی "زیندانی تاران"... باس لە ژیانی ناو زیندانەکانی ئێران دەکات

لە ماوەی ساڵی ٢٠١٣ فۆتۆگرافەری ئێرانی زەهرا کازمی لەکاتی وێنەگرتنی کەسوکاری دەستبەسەرکراوان لە دەرەوەی زیندانی ئەوین لە تاران دەستبەسەر و کەمتر لە مانگێک دوای دەستگیرکردنی لە زینداندا گیانی لەدەستدا و بە خێرایی تەرمەکەی بەبێ پشکنین بەخاک سپێردرا،  مارینا نیعمەت، دوای ڕووداوەکە بڕیاریدا کە بێدەنگی درێژخایەنی خۆی بشکێنێت و لە ڕۆمانی "زیندانی تاران"دا باسی ئازارەکانی زیندانیانی سیاسی لە زیندانە ترسناکەکەی ئەوین بکات، کە خۆی لە چوارچێوەی دیوارەکاندا بەسەری بردووە لە کاتێکدا سزای دوو ساڵ و دوو مانگ و دوانزە ڕۆژ بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە شۆڕشی ئیسلامی بەسەردا سەپێنرابوو.

 

چیرۆکی مارینا نیعمەت لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢ دەستیپێکرد، لە کاتێکدا کە هێشتا گەنجێکی شانزە ساڵان بوو، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیرکرا، چونکە ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە بڕیاری مامۆستایەک بۆ وانە وتنەوە بە فەرهەنگی ئیسلامی لە پۆلی بیرکاریدا، مامۆستاکە پێی وتووە، "ئەگەر پۆلەکەت بەدڵ نەبوو، دەتوانیت بڕۆیت"، ئەویش پۆلەکەی بەجێهێشت، و زۆربەی قوتابیەکانیش بەدوایدا ڕۆیشتن و لە ئەنجامدا دەستگیرکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، دواتر سزاکە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا، یەکێک لە زیندانییەکان بە ناوی "عەلی" فشاری خستەسەری کە ڕازی بێت موسڵمان بێت و هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، ئەگەرنا زیان بە خێزانەکەی دەگات، بۆیە مارینا نیعمەت بەزۆر ڕازی بوو هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بەڵام دواتر خودی عەلی لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بۆ یەکلاکردنەوەی دەیان کەس لە ناو زیندانەکەدا کوژرا.

 

لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا مارینا نیعمەت کە دوای دوو ساڵ لە زیندان ئازاد کرا و کۆچیکرد بۆ کەنەدا، پێمان دەڵێت "ڕەنگی ئاسمان ناگۆڕێت بۆ هەر شوێنێک بچیت، بەڵام ئاسمانی کەنەدا جیاواز بوو لە ئاسمانی ئێران و ڕەنگەکەی شینتر بوو، پێدەچوو بێکۆتایی بێت، وەک ئەوەی سەرپێچی ئاسۆ بکات".

 

"کچانی ئێران"... مێژووی هاوچەرخی ئێران

زۆربەی ڕۆمانەکانی ژنان گێڕانەوەی ئازارەکانی ژنانە لە کۆمەڵگەی ئێراندا، وەک "ژنان لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، توندوتیژی و دژە توندوتیژی، چەوساندنەوەی یەک لە دوای یەک، خۆپاراستن و زیندانیکردن، ڕەتکردنەوە و قبوڵکردن"، ڕۆمانی "کچانی ئێران" لە نووسینی ناهید ڕەشلان دابەشکراوە بەسەر ٤١ بەشدا، کە لە ساڵی ١٩٤٦ دەستپێدەکات و تا ساڵی ٢٠٠٦ درێژ دەبێتەوە و مێژووی ئێران لە ڕوانگەی پەراوێزخراوەکانەوە دەگێڕێتەوە، ڕۆمانەکە چیرۆکی چینی خێزانی ئێرانی کە لە دۆخێکی کۆنەپەرستی و گۆشەگیریدا دەژین، دەگێڕێتەوە.

 

شیعر داهێنان و جیاکاریی ژنانەیە

ئێران بە شیعری ڕەسەن و زمانە بەهێزەکەی ناسراوە، شیعرەکان بە شێوەزاری ئاخاوتنی لە وڵاتدا بەربڵاون و زۆر بەناوبانگن، ئەو بابەتانەی لە شیعردا باس دەکران، جۆراوجۆر بوون. ژنان جگە لە نووسینی شیعر، پاڵەوانی سەرجەم نووسینەکانی شاعیرانن، لە مێژووی ئێراندا ژن و ڕۆشنبیرەکان زۆرتر شاعیرن. شیعر ئەو میدیایە بوو کە ژنان لە ڕێگەیەوە توانیان بە شێوەیەکی پەسەندکراوتر خۆیان دەرببڕن. تا نزیکەی سەدەی چوارەمی کۆچی هیچ شاعیرێکی ژن نەبوو، بۆ پیاوانیش بە هەمان شێوەبوو، لە سەدەی پێنجەمدا، مەهەستی لە سەردەمی سوڵتان سەنجەری سەلجوقیدا مۆسیقای دەزانی و قیسارەی دەژەند و شیعری دەخوێندەوە.

 

لە سەدەی نۆیەمدا دوو شاعیری ژنی بەناوبانگ هەبوون ئەوانیش، بیجە مونجمە، کە بەراورد و گفتوگۆی جامی دەکرد و جەمیلە ئیسفەهانی کە لە سەردەمی شا عەباسدا لە قاوەخانەکاندا شیعرەکانی دەخوێندرایەوە. شاعیری بەناوبانگی سەدەی دەیەم، کچی شاعیری بەناوبانگی ئەو سەردەمە، هیلالی ئاستەرابادییە. ئەم ژنە، هەرچەندە خاوەنی شیعری زۆر جوانە، بەڵام ناوی نادیارە و لە مێژوودا ناوی نەهاتووە، مێژوونووسانیش بە ناوی کچی هیلالی ئاستەرابادیی بەناوی دەکەن.

 

لە سەدەی سێزدەهەمدا زۆربەی ژن و دایک و کچەکانی فەتح عەلی شا و نەسرالدین شا شاعیر بوون لە سەردەمی قاجاردا، بەناوبانگترینیان شا بیجوم (کچی فەتح عەلی شا) بوو.

 

یەکێک لە بەناوبانگترین شاعیرە هاوچەرخەکان ژیلا حسێنییە کە هاوشێوەی فروغ فروغزادێکی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، نووسینەکانی ئیلهامیان لە کتێبخانەی باوکی وەرگرتووە و لە تەمەنی پانزە ساڵییەوە دەستی بە شیعر نووسین کردووە و بە هەستیارییەکی زۆرەوە وشەی شیعرەکانی ئامادە کردووە.

 

ژیلا حوسێنی ساڵی ١٩٦٤ لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی ئەدەبی هۆگری شیعر لەدایک بووە، لە ڕێگەی شیعرەکانیەوە دەستی لە ئازار و خۆشییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە داوە کە تێیدا دەژی و خەڵکی هانداوە هەست بەو ئازار و خۆشییانە بکەن، شیعرەکانی بە چەندین زمان چاپ و بڵاوکراونەتەوە، جگە لە شیعر و کورتە چیرۆک، چیرۆکی ئەفسانەیشی بۆ منداڵان نووسیوە. بەهۆی ناوەڕۆکی دەوڵەمەندی شیعرەکانی و دەوڵەمەندییان لە بابەتگەلی گرنگدا، لەلایەن زۆر کەسی ناودارەوە ناسرابوو، یەکەم بەرهەمی کتێبێک بوو بە ناوی ڕۆیشت لەگەڵ با "بەر بای چو" کە بە زمانی فارسی نووسیبووی.

 

جگە لە پەروین ئیتیسامی و فروغ فروغزاد، فەخر ئەعزەمی، دایکی شاعیری هاوچەرخ سیمین بێهبەهانی و حەمیدە سپهەری لە نێو بەناوبانگترین شاعیرانی ژنی دوای دەستوور دان.

 

دانشوار سیمین یەکەم ڕۆماننووسی هاوچەرخی شاری شیراز بوو، دوای دوو ساڵ لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی، هاوسەرگیری لەگەڵ نووسەر جەلال ئەلئەحمەد کرد، دوای تەواوکردنی خوێندنی لە زانکۆی ستانفۆرد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەڕایەوە ئێران بۆ کارکردن لە زانکۆی تاران و تا ساڵی ١٩٧٩ بەردەوام بوو لە چالاکییەکانی.

 

هەروەها بیبی فاتمە ئەسترابادی، یەکەم ژنە تەنزنووسە لە ئێران، لە وەڵامی کتێبی "دیسیپلینکردنی ژنان" لە ڕێگەی نووسینەکانی لەسەر هەڵەی پیاوان زیاتر و زیاتر ناوبانگی دەرکرد، وتاری دەنوسی و یەکەم وتاری لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕۆژنامەی تامادۆن بڵاوبووەوە.