گەشتی فکری ڕێبەر؛ کاتێک سیاست بە ئاگایی و مرۆڤایەتی دەگات

ئەو سیاسەتەی هەژموونخوازەکان کردیانە پرۆسەیەکی قێزەون، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە بیرو فەلسەفەی خۆی، سیاسەتی کردووەتە بنەمای پێکەوەژیانی گەلان و بە داوای کۆمەڵگەی دیموکراتیک مرۆڤی گەیاندووەتە ئاگایی.

ڕووخسار جەلال

 

ناوەندی هەواڵ- لە وتوێژو گفتوگۆ  سیاسییەکاندا، زۆرجار ناوی  ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان  تەنها وەک ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ باس دەکرێت، بەڵام ئەگەر بە قوڵی لە نووسین و بیری بڕواندرێت، ئەوا دەردەکەوێت کە ئەم کەسایەتییە زیاترە لەوەی کە تەنها لە چوارچێوەی سیاسەتدا سەرنجی بدرێت، چونکە گەشتێکی تایبەتی فکری هەیە کە دەکرێت بە گەشتی “ئاگایی” ناوی ببەین.

 

هاوکاتی دامەزراندنی  پارتی کرێکارانی کوردستان جەختی لەسەر بەرخۆدان و شۆڕش دەکردەوە. ئەم قۆناغە، وەڵامێکی سروشتی بوو بۆ نادادپەروەری و ستەم، ئاگاییەکی بەدەستهێندراو بوو لە بەرامبەر ململا‌نێ و دژایەتییەتییەکان لەبەرامبەر گەلی کورد.

 

لە دوای پلانگێری ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ و زیندانی کردنی لە دورگەی  ئیمراڵی، گۆڕانکارییەکی قوڵ لە بیرکردنەوەکانیدا هەستی پێدەکرێت، لە پەرتوک  بەرگرینامەکانیدا دەست دەکات بە ڕەخنەگرتن لە بنەماکانی دەوڵەت-نەتەوە  و پرسیار دەکات کە ئایا ئازادی ڕاستەقینە لە ناو ئەم چوارچێوە لە سیاسەتی بەڕێوبردنەدا دەستدەکەوێت یاخود نا؟ لە بەرامبەر ئەم پرسیارەشدا ئەو بیرۆکەیە دەخاتە پێش کە کۆمەڵگە دەتوانێت لەسەر بنەمای هاوبەشی، دیموکراتیک و ڕێزگرتن لە جیاوازی درووست بکرێت.

 

هەر بۆیە لەم  دیدگایەدا، شوناس و کولتوور ڕەت ناکرێنەوە، بەڵکو دەبێت لەلایەن تاکەوە پارێزگارییان لێ بکرێت و هەمووان ڕێز لە جیاوازی تاکەکان بگرن، مرۆڤ دەتوانێت زمان، کولتوور و باوەڕەکانی خۆی بپارێزێت، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی دوورکەوتنەوە و جیاکاریی لە کەسانی تر. ئەمە وێنەی کۆمەڵگەیەکی “هەمەڕەنگ” ە، کە تێیدا جیاوازییەکان نەک مایەی دابڕان نین، بەڵکو سەرچاوەی دەوڵەمەندی و تەواوکارین.

 

ژن دەتوانێت ببێتە پێشەنگی کۆمەڵگە

لە هەمانکاتدا، بنەمای بیرۆکە و تیۆرییەکانی ڕێبەری گەلی کورد هەمیشە جەختی لەسەر ڕۆڵی ژنان کردۆتەوە و ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە  کە ژن دەتوانێت ببێتە بنەمای پێشەنگایەتی کۆمەڵگە، چونکە هەر خۆی ئافرێنەری کۆمەڵگەیە ، جگە لەوەش، ئازادی ژنان تەنها بابەتێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پێوانەی ئازادیی هەر کۆمەڵگەیەکە. ئەم فکرەیە بانگەوازی ئەوە دەکات کە ژنان بگەڕێنەوە بۆ سروشتی خۆیان، دوور لەو پێوەرانەی کە تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر هەژموونی سیستمە جیاوازەکاندا بە درێژایی میژوو بۆی دروستکردوون.

 

هەروەها، یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم گۆڕانکارییە، جەختکردنەوەیە لەسەر پاراستنی ژینگە و سیستەمی ئیکۆلۆژی، لە کاتێکدا زۆربەی سیستەمە سیاسییەکان ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکان بە ئامرازێک دەبینن بۆ کەڵک وەرگرتن لێیان بەبێ پاراستنی جەوهەرەکەیان، ئەو بانگەوازی پاراستنی “دایکە سروشت” دەکات، ئەم دیدگایە نیشانەی ئاستێکی بەرزی ئاگاییە کە تێیدا مرۆڤ خۆی بە بەشێک لە سروشت دەبینێت.

 

دەکرێت ئەم گۆڕانکارییە وەک بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی ئاگایی پێشەنگێک ببیندرێت، کە  لە بیرکردنەوەی بەرپەچدانەوە و ململانێ بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و تێگەیشتن هەنگاوی ناوە و لەژیر حوکمی پێوەرە سەپینراوە کۆمەڵاییەتیی و هەژموونخوازییەکان دەرچووە. لێرەدا دەردەکەوێت ئازادی تەنها لە دەرەوە بەدەست نایەت، بەڵکو لە ناو خودی مرۆڤەوە دەخوڵقێت و دەستپێدەکات.

 

ئەم فکرانە کاریگەرییەکی قوڵ لەسەر ژنانی گەنڤ فێرییان کردم کە ئازادی تەنها لە دەرەوە بەدەست نایەت، بەڵکو دەبێت ئازادی فکر یەکەم هەناسەی هەر ئازادییەکی تربێت کە بریارە لە جیهانی فیزیکی بێنە بوون، هەروەها فێری کردم کە دەتوانم خۆم وەک ژنێک کە شوناسی دیارە بپارێزم  و لەهەمانکاتدا بەشێک بم لە جیهانێکی گەورەتر.

 

ئاشنابوون بە فکری ڕێبەر دیدگای نوێ بۆ سیاسەت دەهێنێت

هاوکات ئەم  بیرکردنەوەیە دیدگایەکی نوێی هەیە، چونکە لە پێشوودا ئەگەر سیاسەت وەک پڕۆسەیەکی ناپاک و نەگریس  بووبێت، بەڵام کاتێک بە فکری ڕێبەری گەلی کورد ئاشنا دەبیت،  جۆرێک لە ئەقڵییەت و دیدگای سیاسی دەناسی،  کە زۆر کەم دەبینرێت،  بۆ یەکەمجار هەست دەکەیت، کە دەکرێت جۆرێکی تر لە ڕێبەرایەتیکردنی سیاسی هەبێت، بە دەر لە دەسەڵات و تێڕوانینە سەپێندراوەکان وخوڵقاندنی جیهانێکی  ڕاستەقینە ، فکرێک  کە پەیوەندیدارە بە جەوهەری ئازادی و پاراستنی جەوهەری بوون کە سیستمی ئیکۆلۆژییە.   

 

لەبەرئەوە، لەم ڕۆژەدا، ٤ی نیسان و ڕۆژی لەدایکبوونی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هیوای ئازادی جەستەیی، هاوکاتی ئازادی ڕۆح و فکری دەخوازرێت، بەو هیوایەی ڕێبەرێتی هەموو تاکێکی کورد بکات کە فکر و ڕۆحیان ئازاد بکەن و بگەن بەو ئاستە بەرزە لە تێگەیشتن کە خۆی پێی گەیشتووە.

 

لە کۆتاییدا، گەشتی فکری ڕێبەر ئاپۆ نیشاندەری ئەوەیە کە بەڵێ، دەکرێت سیاسەت بگات بە ئاگایی، ئەگەر لە جەوهەری مرۆڤەوە دەستپێبکات، ئەگەر ئاگایی ڕێبەرێک بەو جۆرە بەرز ببێتەوە،  ئەوا دەکرێت کۆمەڵگەیەک درووست بکرێت کە تێیدا مرۆڤەکان بە ئاشتی، بە ئارامی و بە قبووڵکردنی جیاوازییەکانی یەکترەوە بژین.