بەرخۆدانی ژنانی ئێران لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ ... ٩

لە ئێران یاساکان بۆ پیاوان دادەنرێن و ژنان لە زۆرێک لە مافەکانیان بێبەش دەکرێن. لەژێر ناوی "هاوسەرگیری" ژنان ناچاری لەشفرۆشی دەکرێن، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵ لە زیادبووندایە.

ڕوخساری شاراوەی یاساکانی باری کەسێتی لە ئێران

 

مالڤا محەمەد

ناوەندی هەواڵ- لە کاتێکدا ژنان لە ئێران کار دەکەن بۆ شکاندنی ئەو سنورانەی لەلایەن کۆمەڵگەوە دانراوە، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی وڵات لە ساڵی ١٩٧٩ەوە بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە و یاسای باری مەدەنی و کەسی پەیوەست کاریکرد، وەک  پێشێلکردنی هەموو جۆرە مافێک لە هاوسەرگیرییەوە بۆ جیابوونەوە، لە نادادپەروەری تا دەستبەسەرکردنی منداڵ، لە یاسای هاووڵاتیبوونەوە تا میرات، لە مافە مەدەنییەکانەوە تا گرنگترین مافە بنەڕەتییەکان.

 

هاوسەرگیری بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت

ژنانی ئێران لەپێناو بوونی هەموو جۆرە مافێکی بنەڕەتی و ئاسایشی یاسایی و ئایندەیەکی ئارام لە ژیانی ڕۆژانەدا باجی قورسیان داوە، ئەو یاسایانەی ژنان بچوک دەکەنەوە و پشتگوێی دەخەن و بە هاوڵاتی پلە دوو پێناسەیان دەکەن لە کۆمەڵگەدا سەپێنراوە هەروەها ئەو یاسایانەی کە هاوسەرگیری وەک تاکە ڕێگەی قبوڵکراو بۆ دامەزراندنی پەیوەندی ڕەوای ژن و پیاو لە ئێران دادەنێن، بوونەتە هۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی توندوتیژی خێزانی.

 

بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٠٧ لە ئێران یەکێتی ژن و پیاو بە واژۆکردنی بەڵگەنامەیەکی نووسراو بە یاسایی کرا. بەپێی بڕگەکانی ئەم هاوسەرگیریانە، پیاو دەتوانێت دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە، مافی جیابوونەوەی هەیە بەبێ مەرج، ژن مافی ئەوەی هەیە "هاوسەرگیری" بکات و مافی ئەوەی هەیە گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام بدات، بەپێی گرێبەستی هاوسەرگیری ژن (ئەگەر مێردەکە ویستی) دەتوانێت داوای جیابوونەوە بکات، موڵک و ماڵی خۆی دابەش بکات و نەفەقە و سەرپەرشتی منداڵەکان بکات. بەڵام لە پراکتیکدا گرێبەستی هاوسەرگیری لەلایەن زۆربەی پیاوانەوە واژۆ ناکرێت.

 

ڕژێمی ئیسلامیی ئێستای ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ەوە حوکمڕانی ئەو وڵاتەی گرتووەتە دەست، دەستووری ئێران لە پێشەکییەکی درێژ و ورد، ١٤ بەش و ١٧٧ بڕگە پێکهاتووە. تەنها ناونیشانی بابەتەکان ڕاستەوخۆ دەنووسرێن، بەڵام ناوەڕۆکی دەستوورەکە نادیارە، بڕگەکانی دەستووری ئێران بەم شێوەیەن؛ بەشی یەکەم پرەنسیپە گشتییەکان، بەشی دووەم زمانی فەرمی وڵات و دەق و ئاڵاکەیەتی، بەشی سێیەم مافی نەتەوەیی و بەشی چوارەم کاروباری ئابووری و دارایی، بەشی پێنجەمیش سەروەری وڵات و گەل و ئەو دەسەڵاتانەی لێیەوە دێن.

 

بەشی شەشەم دەزگای یاسادانانە، بەشی حەوتەم پەرلەمان، بەشی هەشتەم ڕێنوێنی، بەشی نۆیەم دەزگای جێبەجێکردن، بەشی دەیەم سیاسەتی دەرەوە، و بەشی یازدەهەم دەسەڵاتی دادوەرییە. بەشی دوانزەهەم سەبارەت بە ڕاگەیاندنی گشتی و بەشی سێزدەهەم لەسەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایش و بەشی چواردەهەم ڕێساکانی دەستوورن.

 

پیاوان ڕێگەیان پێدەدرێت چەندین جار هاوسەرگیری بکەن

یاسای هاوسەرگیری فرەیی لە ئێراندا ڕێگە بە پیاو دەدات ٤ جار لە یەک کاتدا هاوسەرگیری بکات و "هاوسەرگیری موتعە" سنووردار دەکات، بەپێی یاسای ساڵی ١٩٨٢ هاوسەرگیری دووەم بەبێ ڕەزامەندی کەسی یەکەم ئەنجام نادرێت، هاوژین و بەندێک لە هاوسەرگیرییەکە زیاد دەکرێت و دەبێت هەردوو هاوژینەکە بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. بەپێی پەیڕەوی ساڵی ١٩٨٤یش، دەوترێت هاوسەرگیری فرەژنی بەبێ مۆڵەتی دادگا سزا دەدرێت لە ٦ مانگەوە بۆ ٢ ساڵ، چونکە پێچەوانەی یاسای شەرعییە. مەحمود ئەحمەدی نژاد، سەرۆکی پێشووی ڕژێمی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٨دا، "یاسای پشتیوانی بنەماڵە"ی هێنایە کارنامەی پەرلەمان و گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی پیاوان ئەنجامدا، بەپێی یاسا نوێیەکە پیاو ڕێگەی پێدرا بۆ جاری دووەم بەبێ مۆڵەتی ژنی یەکەمی هاوسەرگیری بکات.

 

هاوسەرگیری موتعە جۆرێکی تری لەشفرۆشییە

ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەی کە بە "هاوسەرگیری موتعە-خۆشی" ناودەبرێت، لەناو یاسای ئێراندا هەیە و یەکێکە لە پرسە مشتومڕاوییەکانی سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نژاد. ژنانی ئێران زۆرجار بەرەنگاری "هاوسەرگیری موتعە" دەبنەوە. چونکە ژن وەک موڵکی جەستەیی سەیر دەکرێت و لەلایەن کۆمەڵگەوە قبوڵ کرا و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. ژنان هاوسەرگیری موتعەیان وەک جۆرێکی تری لەشفرۆشی پێناسە کرد.

 

"هاوسەرگیری موتعە" کە لە ٣٠ خولەک تا ٣ مانگ دەخایەنێت، ماوەیەکی زۆرە وەک پرسێک کە قەیران دروست دەکات هەم لە ئێران و هەم لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، لە بەرنامەی کاردایە. لەکاتێکدا لە وڵاتی ئێران تەمەنی فەرمی هاوسەرگیری کچان ١٣ ساڵە و بۆ کوڕان ١٥ ساڵە، بەڵام لە هاوسەرگیری موتعەدا تەمەنەکە کەمتر دەبێتەوە، ژنانیش لە چەندین ماف بێبەش دەکرێن. لە هاوسەرگیریی موتعەدا ژن وەک موڵک لە دەستی پیاودا بەکاردەهێنرێت. بەم هاوسەرگیرییە پیاوان هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن لە ژن جیاببنەوە، چونکە گرێبەستەکەی زارەکییە و فەرمی نییە، بۆیەش کۆمەڵناسانی شارەزا لەو وڵاتەدا ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بەها کۆمەڵایەتییەکان دەزانن.

 

لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەکاندا یاساکان توندتر دەبن

ساڵانێکە ژنان بەهۆی جیابوونەوە و بەخێوکردنی منداڵەوە لەناودەچن، بە وتەی شارەزایانی ئێران، "هەژاری، بێکاری و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان" هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەن لەو وڵاتەدا. پێگەی ژن لە یاسای بنەماڵەدا بۆ ڕژێمی مەلاکانی ئێران دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە تا ساڵی ١٩٦٨ دۆسیەی جیابوونەوە و هاوسەرگیری لە دادگا مەدەنییەکان یەکلایی دەکرایەوە. جگە لەوەش کاتێک پەرلەمان یەکەم یاسای خێزانی لە ساڵی ١٩٦٧ دەرکرد و دادگای خێزانی دامەزراند، جیابوونەوە تەنها بە فەرمانی دادگا و بەڵگەی ئاشتەوایی بەڕێوەدەچوو.

 

لە ساڵی ١٩٧٦ پەرلەمانی ئێران چەند هەموارێکی دیکەی یاسای پاراستنی بنەماڵەی پەسەند کرد. لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکانی ئەو سەردەمە، ئەو بڕگانە کە بەشێکی مافی ژنانیان لە هەندێک بواردا باشتر کرد، وەک بەرزکردنەوەی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ ١٨ ساڵ، لابردنی بڕگەی ١١٣٣ بە ڕوونی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی جۆرێک لە یەکسانی. لە جیابوونەوەدا لەبری ئازادی تاکلایەنەی پیاوان، قسەی بەشێکی ژنان زیاد کرا. بەڵام پێگەی یاسایی ژنان لە یاساکاندا لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ ڕژێمی مەلاکان هەڵوەشایەوە و هەموو دەقە یاساییەکان بە دروشمی "سەرۆکی ماڵ لە دامەزراوەی بنەماڵەدا پیاوە" پێناسە کردەوە.

 

ئەمڕۆ لە ئێران کە یاساکانی جیابوونەوە لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی دامەزراون و بڕیاری جیابوونەوە پەیوەستە بە دادگاکانی بنەماڵە، جیابوونەوە وەک ڕێوڕەسمێک (تەنها کردەوەیەکی یاسایی) لەلایەن مێرد یان نوێنەرەکەیەوە سەیر دەکرێت. جیابوونەوە تەنها لەسەر داوای پیاو ڕوودەدات و پێویستی بە ڕەزامەندی ژنان نییە، چونکە لەدەرەوەی سیستمی دادگا مافی بێسنووریان پێدەدرێت بۆ جیابوونەوەی ژنان. لە کاتێکدا دادگاکان لە کاتی جیابوونەوەدا هەوڵ دەدەن مێردەکە ڕازی بکەن، لە غیابی ڕازیکردندا جیابوونەوەکە پەسەند دەکەن. هەندێک مافی جیابوونەوە بە ژنان دراوە ئەویش لە هەندێک بارودۆخدا. ماددەی ١١٣٠ لە یاسای مەدەنی دەسەڵاتی زیاتر دەداتە دادگا بۆ بڕیاردان لەسەر جیابوونەوە ئەگەر هاوژینەکە داوای بکات، لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانێت پرۆسەی جیابوونەوە خێراتر بکات بە دانانی پارێزەرێکی ژن.

 

لە ئەنجامدا یاساکانی دژە ژنانی ئێران هەموو جۆرە بەربەستێکیان خستە بەردەم ژنان بۆ ئەوەی مافی جیابوونەوەیان ڕەت بکەنەوە. ئەم جیاکارییە وەک بەشێک لە سیاسەتێکی سەرکوتکەرانەی فراوانتر بۆ پەراوێزخستنی ژنان سەیر دەکرێت.

 

هاوسەرگیری منداڵان بە شتێکی ئاسایی دادەنرێت

حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تەمەنی هاوسەرگیریان دابەزاندووە. لە ئێستادا تەنانەت منداڵی تەمەن ٩ ساڵان دەتوانرێت بە مۆڵەتی دادوەر هاوسەرگیری بکرێت، هاوسەرگیری لە نێوان تەمەنی ١٣ ساڵیدا بۆ کچان و ١٥ ساڵ بۆ کوڕان بە "ئاسایی" دادەنرێت، لەکاتێکدا سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف هاوسەرگیری لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەزانێت و بە "تاوانی هاوسەرگیری منداڵان" ناویدەبات، لەلایەکی دیکەوە، ڕژێمی ئێران بە ناوی ئایین و مۆڵەتی پیاوانی ئایینی، ئەم تەمەنە بۆ کچان بە ١٣ ساڵ و بۆ کوڕان ١٥ ساڵ دادەنێت، هاوکات چاوپۆشی لە لێدوانەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف دەکات.

 

داتا فەرمییەکان ترسناکن

ڕێکخراوی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند کە ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران (لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠) بە ڕێژەی ٪٤٢ زیادیکردووە و دەزگای ئاماری ئێرانیش داتاکانی بڵاوکردەوە کە بوونی ٢٤٢ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری کەم تەمەن پشتڕاست دەکاتەوە، مەعسومە ئەبتەکار، یاریدەدەری حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی پێشووی کۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان و بنەماڵە، ڕایگەیاند کە ساڵانە لانیکەم ٣٠ هەزار کچی خوار تەمەنی ١٤ ساڵ لە وڵاتدا هاوسەرگیری دەکەن،  هەرچەندە پەرلەمانی ئێران کەمێک لاواز بوو، بەڵام ژنە پەرلەمانتارەکان دەنگی گۆڕینی تەمەنی هاوسەرگیریان بەرزکردەوە، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێبازە توندانەی ڕووبەڕوویان بووەوە، ئەمە گۆڕا بۆ ململانێیەکی ڕێکخراوەیی.

 

هەوڵ دەدات تەمەنی هاوسەرگیری زیاد بکات

ساڵی ١٩٦١دا یەکەم هەوڵی هەموارکردنەوەی مادەی ١٠٤١ی یاسای مەدەنی ئێران درا، کە لە نێوان ساڵانی ١٨٩٥-١٨٩٦ پەسەند کراوە. ساڵی ٢٠١٧ پلانی هەموارکردنەوەی ماددەی ١٠٤١ خرایە بەردەم ئەنجوومەنی ئیسلامی، هاوسەرگیریی یاسایی کچان پێش تەمەنی ١٣ ساڵی قەدەغە بوو، بەڵام ئەم بڕیارە هەڵوەشێندراوەتەوە.

 

خەباتی ژنانی ئێران بۆ مافی هاوڵاتیبوون

بێ گوێدانە ئەوەی کە هاوسەرگیرییەکە کاتی بێت یان هەمیشەیی، منداڵی ژنانی ئێرانی کە لەلایەن پیاوی نائێرانییەوە دێنەبوون، وڵاتی ئێران لایەنی دایکی وەرناگرێت و وەک ئێرانی تۆمار ناکرێن، ئەگەر ژنێکی ئێرانی بیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی نائێرانی بکات، دەبێت باوکی و باپیر و داپیر و ئەندامێکی پیاوی بنەماڵەکەی ڕەزامەندی بدەن. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ژنانی ئێران لە تێکۆشاندان بۆ بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیبوون بۆ منداڵەکانیان کە لە هاوژینە نائێرانییەکانیان لەدایکبوون و ئەم بابەتەش چەندین جار وروژێنراوە. لە هەمان کاتدا ئەگەر ژنێکی ئێرانی بەبێ مۆڵەت هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی نائێرانی بکات، مافی هاوڵاتیبوون لەدەستدەدات. دوای زیاتر لە دە ساڵ لە چالاکییەکانی مافی ژنان، لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦، ئەنجومەنی پاسداران کە لە ١٢ یاساناسی ئیسلامی پێکهاتوون، یاسایەکی ڕاستکراوەی پەسەند کرد و لە ١٣ی ئاداری هەمان ساڵدا لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کرا. بەوپێیە "کاتێک ژنان هاوسەرگیری لەگەڵ بیانییەکان دەکەن، پیاوان دەتوانن داوای ڕەگەزنامەی ئێرانی بکەن بۆ منداڵەکانیان کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە" بەمەش دەکرێت مافی هاوڵاتیبوون بەدەست بهێنن.

 

ژنان لە میراتدا مافی یەکسانیان پێ نادرێت

لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە یاساکاندا، بۆ میرات، ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان نەکردووە دەتوانن نیوەی براکانیان لە میراتدا وەبگرن و دوای هاوسەرگیریش ئەگەر کوڕیان نەبێت تەنها چارەکێکی میراتی هاوژینەکانیان بە میرات وەردەگرن. ئەگەر کوڕێکی هەبێت، مافی ئەوەی دەبێت کە موڵک و ماڵ لە هاوژینە جیابووەکەیەوە بە میرات وەربگرێت. منداڵی کوڕان لە ئێران ئەگەر هەردوو دایک و باوکیان لەدەستداوە، لە هەمان بارودۆخدا دوو ئەوەندەی کچان میرات وەردەگرن.

 

لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٠٤دا ئەنجومەنی شورای ڕیفۆرمخوازی ئێران ، کە شوێنی ئەنجومەنێکی نوێ و تاڕادەیەکی زۆر کۆنەپەرستانەیە، دەنگیدا بە ە یاسایەک کە یەکسانی جێندەری لە میراتدا مسۆگەر دەکات. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨یشدا لێژنەی دادوەری ئەنجومەنی شورای ئێران، هەموارێکی یاسایی پەسەند کرد کە پشکی ژنان لە میراتی هاوسەراندا زیادکرد.

 

سبەی: ژنانی ئێران و حیجاب... دەیان ساڵ تێکۆشان