ڕەگەزپەرستی قڕکەری پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە

دەستەواژەی "ڕەگەزپەرستی" ناتوانرێت بە تەنھا بە یەک پێناسەیەک شی بکرێتەوە، بەڵکوو چەمكێكی تیۆرییە و ھەڵگری ناوەڕۆكێكی فیكری و سیاسی و كۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی تایبەتە.

ژیان عەلی

 

ناوەندی هەواڵ

ڕەگەزپەرستی، واتا بیرۆکەی خۆبەزلزانی بەسەر خەڵکانێکی تردا کە زۆرجار دەبێتە ھۆی جیاکاری و ڕای پێشینەیی بەرامبەریان بەھۆی جیاوازی ڕەگەز، ڕەنگ، بیر، باوەڕ، کلتوور، زمان و شوناسیانەوە، ئەم چەمکە لە دوای سەرهەڵدانی دەوڵەت-شارەکان و دروستبوونی دەوڵەت–نەتەوە و هاتنە ئاراوەی دەسەڵات لە کەسایەتی پیاوی سەردەستدا پێشدەکەوێت.

 

ئەم جیاکارییە بە هەڕەشە بۆ سەر بەها مرۆییە بنەڕەتییەکان دادەنرێت و دەبێتە هۆی بێبەشکردنی کۆمەڵێک مرۆڤ لە مافەکانیان، بیرۆکەی ڕەگەزپەرستی پێیوایە دەتوانرێت مرۆڤەکان دابەش و پۆلێن بکرێن بەسەر چەند کۆمەڵەیەکدا بەھۆی جیاوازی لە ھەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتی، توانا خۆڕسکی و بیرۆکەی ڕیزبەندی کردنیان بەپێی پلە و پایەکانیان کە لە مێژووی پلەداری و دواتر هاتنە ئاراوەی کۆیلەداری و تا ڕۆژی ئەمڕۆمان بەردەوامە.

 

دەستەواژەی "ڕەگەزپەرستی" ناتوانرێت بە تەنھا بە یەک پێناسەیەک شی بکرێتەوە، بەڵکوو چەمكێكی تیۆرییە و ھەڵگری ناوەڕۆكێكی فیكری و سیاسی و كۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی تایبەتە.

 

جیاکاری ڕەگەزی سپی پێستەکانی بە سەردەستی کۆمەڵگە دادەنا

بەتایبەتی ئەم تێڕوانین و جیاکارییە ڕەگەزگەراییە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا زیاتر زەق دەبێتەوە لە بەینی سوور پێست، جولەکەکان، ڕەشپێست و سپی پێستەکانی ویلایەتە یەکگرتوووەکانی ئەمریکا، سپی پێستەکان هەموو مافێکی ئەو نەتەوانە پێشێل دەکەن و وەکوو کۆیلە لەگەڵیاندا مامەڵە دەکەن و لە کێڵگەکاندا کارییان پێدەکەن، ئەم دۆخە پەرەدەستێنێت و لەسەر دەستی دەوڵەت و دەسەڵات بڵاو دەبێتەوە. بەڵام دواتر هەر لە دژی ئەم جیاکارییە لە ئەمریکای لاتین چەندین بزووتنەوە دژ بە ڕەگەزپەرەستی دروست دەبێت و مێژووی یەک لەو بزووتنەوە دژ بە ڕەگەزپەرستیانە دەگەڕیتەوە بۆ ئەوکاتەی کە ژنێکی گەنجی ڕەشپێست زیندانی کرا، تەنها بە هۆی ئەوەی کە لە پاسدا کورسیەکەی خۆی نەدا بە کەسێکی سپی پێست، پاشان لە ساڵی ١٩٥٧دا مارتین لۆتێرکینگ لەگەڵ ٦٠ ڕێبەری ڕەشپێستی دیکە بزوتنەوەیەکیان ڕێکخست کە بە کۆنفرانسی ڕێبەرانی کریستیانی باشوور بەناو کرا.

 

چەندین نموونەی مێژوویی ڕەگەزپەرستی ئاراستەکراو و رێکخراو، وەک: ھۆلۆکۆست، رێژیمی ڕەگەزپەرستانەی باشووری ئەفریقا، جوڵانەوەی ڕەگەزپەرستییەکان دژی یابانییەکان لە ئەمریکا لە ماوەی جەنگی جیھانیی دووەمدا، جوڵانەوەی دژە سامییەکان کە دژی جولەکەکان بەرپا ببوو لە ئەوروپا بە گشتی و ئەڵمانیای نازی بەتایبەتی، نموونەکانی بەربەچاوی ميژوون.

 

دەوڵەت-نەتەوە ڕەگەزپەرستی بەرهەمهێنا

هەروەها بۆ ڕەنگدانەوەی ڕەگەزپەرەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە چوارچێوەی دەسەڵات و دەوڵەته‌کان کە تاکە گوتاریان ئەوەیە یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان و یەک ڕەگەزە بە شێوازێکی بەرچاو دەبیندرێت، کە بە چەندین دەیەیە نەتەوە جیاوازەکان لە ژێر ئەم گوتارە سیاسی و ئایدۆلۆژییە ڕەگەزپەرست، دینپەرست و نەژادپەرستانەدا دەچەوسێندرینەوە و مافەکانیان بن پێدەکرێن و تا ئاستی سڕینەوە چووە، بەتایبەت ڕەگەزپەرستی لە ئیمپراتۆری عوسمانی (تورکیای ئەمرۆدا) دژی مەسیحیەکان، کۆمەڵکوژییەکانی (ئەرمەنییەکان، کوردەکان، ئاشوورییەکان و یۆنانییەکان) و تا ڕادەیەک بەرامبەر بە عەرەبیش لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە. ئەوەی ئەمرۆ دەبینرێت هێرشە هەموو لایانەکەی دەوڵەتی تورکیایە بۆ سەر گەلی کورد لە کوردستان کە هەم بە ڕێگای دیپلۆماسی و هەمیش بە ڕێگای سیاسی، سەربازی، کۆمەلایەتی بەڕێوە دەیبات.

 

نموونەی کۆتایی و بەرچاوی ڕەگەزپەرەستی لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا لە شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا بوو، کە ڕەنگدانەوەی لە ڕاگەیاندنەکانی ئەوروپادا بە شێوازێکی بەرچاو بەدیدەکرا و لە کاتی ڕووماڵکردنی شەڕەکە باسیان لەوە دەکرد و دەیانگوت ئێرە ئەوروپایە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و نابێت شەڕ تیایدا ڕووبدات و هاوکات لە بە هاناوە چوون و پێشوازیکردنی ئاوارەکانی ئەو شەڕە لە سەر سنوورەکانی خۆیان بە هۆی ئەوەی کە ڕەنگی پێستیان سپی بوو زیاتر دەچوون، بەڵام ماوەیەک بەر لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕە بە هەزاران پەنابەر لە سەر سنوورەکانی بێلاڕووسیا و ئۆکراینا لەناو سەرما و سۆڵەی زستاندا گیریان خوارد و چەندین کەسیش گیانیان لەدەستدا، بەڵام بەپێی پێویست وڵاتانی ئەوروپا نەچوون بە هانایانەوە.