سەرەڕای کۆتەکان ژنانی عێراقی بەرامبەر چەقبەستووی تێکۆشان دەکەن
هەڵبژاردن، پرۆسەیەکی دیموکراسی فرەڕەهەندە کە تاك دەتوانێت لێیەوە بەشداریی ناڕاستەوخۆی هەبێت لە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانیدا، بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراقدا بەهۆی چەقبەستووییەوە ڕەگەزی ژن لەم پڕۆسەیە دووردەخرێتەوە، یاخود بە لاواز دەبینرێت تیایدا.
هێرۆ عەلی
سلێمانی- هەڵبژاردن، پرۆسەیەکی دیموکراسی فرەڕەهەندە کە تاك دەتوانێت لێیەوە بەشداریی ناڕاستەوخۆی هەبێت لە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانیدا، ئامرازێكیشە بۆ دەربڕینی ویست و ئیرادەی هاووڵاتیان لە دیاریكردنی سەرکردە و نوێنەرەكانیان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا.
مێژووی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی شارستانیەت و گەشەکردنی بیری مرۆڤایەتی لای یۆنانییەکان، لە دەرئەنجامی ستەمی دەسەڵاتی کەمینەیەكی خۆسەپێن بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگە دا.
لەسەرەتادا تەنها چینی دەسەڵاتدار و خەڵکانێکی تایبەت مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی جیهان وبەرەوپێشچوونی بیری مرۆڤایەتی، ئەم پرۆسەیە تەشەنەی سەند و بووە بابەتێکی سەرەکی و گرنگ.
هەڵبژاردن جگە لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە سیستماتیك کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا میکانیزم و سیستەمی هەڵبژاردن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە.
لە عێراقدا، دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣، ژنان لە ڕێگەی پێنج خولی هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەکەوە ئامادەیی خۆیان لە پەرلەمانی عێراق پاراستووە، کە بەشداریکردنیان لە ئۆرگانەکانی پێشووی حوکمڕانی وەک ئەنجومەنی حوکمڕانی و حکومەتی کاتی و ئینتقالیشی لەخۆگرتووە.
ڕێژەی بەشداریکردنیشیان بەم شێوەیە بووە:
لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، لە ساڵی ٢٠٠٥، ٧٠ ژن هەبوون، ئەم ژمارەیە لە خولی دووەمی ساڵی ٢٠١٠، بۆ ٨٣ ژن بەرزبووەوە، لە خولی سێیەمی ساڵی ٢٠١٤شدا ژمارەکە وەک خۆی مایەوە، لە خولی چوارەمی ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی ژنان بووە ٨٤ ژن و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا کە لە ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بۆ ٩٧ ژن بەرزبووەوە، بەمشێوەیە ژنان بە ڕێژەی ٢٨.٩٪ نوێنەرایەتیان بەدەستهێنا، بەمەش کۆتای ٢٥٪یان تێپەڕاند، کە بە پێی دەستووری عێراقی، بۆ نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دیاریکراوە.
لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٤، پێشنیاری هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێڕاقی، لەلایەن پەرلەمانتار ڕائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراقدا پێشکەشکرا، کە بەپێی پێشنیارەکە لە کاتی جیابوونەوەى ژن لە مافی دایەنی و میرات بێبەش دەکرێت، هاوکات ڕێگەدان بە هاوسەرگیریی منداڵی تەمەن ٩ ساڵ و هاوسەرگیریکردن لە دەرەوی دادگاکان لە پێشنیارەکەدا هاتبوو، ئەمەش ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقدا لێکەوتۆتەوە و پەرلەمانتارانی ژن و ڕێکخراوە مەدەنی و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەن.
هەرزوو ژنانی پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراقدا ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەیان خستەڕوو، لە ١ی ئابی هەمان ساڵدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە شاری بەغدا ساز کرد و تیایدا هاوپەیمانیی ١٨٨، بۆ ڕێگریکردن لە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە ڕاگەیاندرا، لە ڕێگەی چالاکییەکانەوە نارەزایەتی و مەترسییەکانی هەموارکردنەوەکە دەخەنەڕوو، ژنانیش لە هەر ١٥ پاریزگاکەی عێراقدا، بەرهەڵستی ئەم هەموارکردنەوەیە دەکەن.
ئەم بەشدارییەی ژنان لە پەرلەمانی عێراقدا بە ٩٧ پەرلەمانتاری ژن و هاوهەڵوێستی ڕەتکردنەوەی پێشنیاری هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بۆ یەکەمجار لە پەرلەمانی عێراق و دواتر بڵاوبوونەوەی بە کۆمەڵگەدا، دەریدەخات کاتێک ژن لە جومگە سەرەکییەکانی وەک پەرلەمان و یاساداناندا ڕۆڵ دەگێڕن دەتوانن بەرهەڵستکاری هەر بڕیارێک بن کە لە دژی کۆمەڵگە و ژنان بێت، ئەم نمونەیەش دەتوانرێت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا لە بەرچاو بگیرێت.
جێی ئاماژەیە، له کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری وەک عێراقدا، بەشداریكردنی ژنان لە هەڵبژاردنەكان ئاسان نییە، بە هۆی نەبوونی یەكسانی لە نێوان ژن و پیاو و تێڕوانینی نەرێنی كۆمەڵگە بۆ كاری ژنان لە مەیدانی سیاسیدا، شارەزایانیش دەڵێن، پێویستە دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان و میدیاکان بەشداری بکەن لە پەروەردەکردنی کۆمەڵگە، سەبارەت بە گرنگی ڕۆڵ و بەشداری ژنان لە کاری سیاسیدا و کار بۆ باشترکردنی وێنەی ژنان و تیشک خستنەسەر تواناکانیان لە ئاستی سیاسیدا بکەن، چونکە بەشداریكردنی ژنان لە دەنگدان و خۆكاندیدكردن و وەرگرتنی پۆستی سیاسی، واتە هەنگاونان بەرەو كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و دابینكردنی مافەكانی مرۆڤ.