خەونەکەی ناگیهان هاوڕێیانی هێنایانە دی

ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، ناوەندێکی مێژوویی ژنانە، کە خامەی ژنان لە هەناوی خۆیدا کۆدەکاتەوە، ناوەندەکە خەونی ناگیهان ئاکارسەل بوو، کە لە دوای خۆی، هاوڕێیانی خەونەکەیان هێنایەدی و کردیانە دیاری ڕۆحی ناگیهان و تێکۆشانی ئازادی ژنانە.

تەوار عادل/هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، ناوەندێک مێژووی ژنان لە هەناوی خۆیدا کۆدەکاتەوە.

 

لێرە ژنان نووسینەکانیان بۆ مێژوو ئەرشیف دەکەن. ناسنامە و حەقیقەتی ژن، تێکۆشانەکانیان، ئازارەکانیان، تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە بەرامبەریان، لێکۆڵینەوەکانیان، کە بە خامەی ژنان نووسراوەتەوە، کۆدەکرێتەوە.

 

کردنەوەی ناوەندەکە خەونی ناگیهان ئاکارسەل بوو، کە ساڵانێکی زۆر لە خەیاڵیدا گانگەشەی دەکرد و لە باشووری کوردستان ئەو هەڵە ڕەخسا و لەگەڵ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و لەسەر بنەمای تێکۆشان و دەرخستنی راستینەی ژن بە هزری ژنانە پلانی بۆ دانرا و بە هاوکاری ژنانی کورد و بە تایبەت ژنانی باشووری کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ئەگەرچی ناگیهان لە ماوەی سێ ساڵدا لە باشووری کوردستان، لەو پێناوە خەباتێکی بێ وچانی کرد، بەڵام نەیتوانی ئەو خەونەی بە چاوی خۆی ببینێت، لە دوای خۆشی هاوڕێ و هاوڕێبازانی ناگیهان ئاکارسەل خەونەکەیان بەدیهێنا و لە ٢٤-٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا بە مەراسیـمێکی شایشتە ناوەندی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد بە بەشداری ژنانی چوار پارچەی کوردستان و ژنانی بیانی بە ڕووی خوێنەر و سەردانیکاراندا کرایەوە.

 

ناگیهان ئاکارسەل، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بوو، لە ساڵی ١٩٧٦ لە قۆنیای باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە ژیانیدا هەردەم زوڵم و ستەمی دژ بە کورد و ژنان بۆی قبوڵ نەکراو بوو، بۆیە دەستیکرد بە خەباتی لە سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی ڕێبازی حەقیقەتی بە ژنان دەناساند، ئەو خەونی کردنەوەی ئەم ناوەندە بوو، ئەگەرچی نەیتوانی هەبوونی ناوەندەکە ببینێت، بەڵام هاوڕێیانی لەناو ناوەندەکەدا، وەک یەکێک لە دامەزرێنە سەرەکییەکانی ئەم ژوورەیان تایبەت کردووە بە کەرەستە و وێنە تایبەتەکانی ناگیهان ئاکارسەل، تا هەر ژنێک بە دوای مێژووی ژندا بگەڕێت بە ناخی ناگیهاندا تێبپەڕێت و لە واتای تێکۆشان و ئازادی و هزری ژنان تێبگات.

 

بیرۆکەی کردنەوەی کتێبخانەیەک تایبەت بێت بە ژنان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩، کاتێک لە ناوەندی ژنۆلۆژییەوە بە بەشداری ناگیهان ئاکارسەل پێشنیار دەکەن ناوەندێکی ئەرشیف و کتێبخانەی هاوبەش بۆ بەرهەمەکانی ژنانی کورد بکرێتەوە، کە زیاتر بایەخ بدات بە قەڵەمی ئەدەبی، هونەری، نووسین و سیاسی و لایەنەکانی دیکەی ژنان بدات، تا ببێتە سەرچاوەیەکی مێژوویی بۆ کورد، و زیاتر لەبارەی مێژوو و هەبوون و ناسنامەی ژنەوە بزانن.

 

ئەگەرچی ئەم بیرۆکەیە بۆ کوردستان نوێ بوو، بەڵام ناگیهان ئاکارسەل چەندین ناوەندی هاوشێوەی لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بینیبوو، بۆیە ئەو ئەزموونە بۆ کوردستان گوێزرایەوە و لە شاری سلێمانیدا کرایە پڕۆژە و جێبەجێ کرا. چونکە ژنانی چوار پارچەی کوردستان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خاوەن هەبوون و مێژوو و تێکۆشان بوون و مۆرکی خۆیان لە هەموو سەردەمە جیاوازەکان دابوو، بۆ ئێستاش کە ژنانی کورد وەک شەڕڤان و پێشەنگی ئازادی دەناسرێن، دەبوو ناوەندێکیان هەبێت، هەموو ئەو مێژووەی ژنی تیادا کۆبکرێتەوە، چونکە لە ڕابردوودا مێژووی ژن نە نووسراوەتەوە و نە بە گرنگییەوە سەیری کراوە.

 

لە ئێستادا وەک بوارە زانستی و ئاکادیمییەکەی، زانستی ژن- ژنۆلۆژی ڕێنمایی زانستی و تیۆریی ناوەندەکە بەڕێوە دەبات، لە چەند بەشێک پێکهاتووە، وەکو بەشی ئەرشیف، لێکۆڵینەوە، دیجیتاڵکردن، پەرتووکخانە، بەشی هونەر و توێژینەوە، هەروەها بەشێکی بۆ کۆکردنەوەی ئەو توێژینەوە و نووسراوانەیە کە ژنان نووسیویانە، زیاتر لە ٣ هەزار پەرتوک لە بوارەکانی ژنان، مێژوو، وێژە، چیرۆکی منداڵان، ڕۆمان، دەرونناسی منداڵان و توێژینەوەی خوێندکارانی زانکۆ، بە زمانەکانی کوردی بە هەر دوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی و ئەڵمانی هەیە.

 

ناگیهان ئاکارسەل کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی لە کاتێکدا لە ماڵەکەی خۆیەوە دەچوو بۆ ئامادەکردنی پەرتوکخانەکە، تیرۆر کرا، کە دوای خۆشی، جگە لە پەرتوک و نووسین، چاوپێکەوتن و لێکۆڵینەوەکانی، ناوەندێکیشی بۆ ژنانی کورد بەجێهێشت، کە بۆ هەمیشە ژنان شانازی پێوە بکەن و ڕێبازێکی بنیادنا کە ژنان سڵ لە ناسنامەی خۆیان نەکەنەوە و بە ژیانی خۆشیان لە پێناو هەبوونیاندا تێبکۆشن و هەنگاوێک بۆ دواوە نەنێن.