دەستدرێژی سێکسی؛ تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و داهاتووی کۆمەڵگە

دەستدرێژی سێکسی، بە زەبری هێزی جەستەیی یان زۆرەملێی و هەڕەشە دژی کەسەکە ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە ڕۆژێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاری کراوەو هۆشیاری بڵاودەکرێتەوە بەلام هێشتا ئەم تاوانە درێژەی هەیە.

هێرۆ عەلی 

 

ناوەندی هەواڵ- لە قوڵایی هەر کۆمەڵگەیەکدا، برین و ئازاری شاراوە بوونیان هەیە کە زۆرجار بەهۆی شەرم پەردەپۆش دەکرێن، یەکێک لە قێزەونترین و وێرانکەرترین ئەو تاوانانە، دەستدرێژیی سێکسییە، کە یەکێکە لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، تاوانێکە کە بێگەردی دەدزێت، متمانە دەکوژێت و شوێنەوارێکی هەمیشەیی لەسەر دەروون و جەستەی قوربانییەکە جێدەهێڵێت، ئەمە تەنها تاوانێک نییە بەرامبەرتاکێک، بەڵکو هێرشێکە بۆ سەر کۆی مرۆڤایەتی و داهاتووی کۆمەڵگە.  

 

یاسای حاموڕابی وەک یەکێک لە کۆنترین کۆدە نووسراوەکانی یاسایی ناسراو دادەنرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ١٧٥٤ پێش زایین کە لەلایەن حاموڕابیی شەشەمین پاشای شانشینی یەکەمی بابل لە میزۆپۆتامیای کۆن دامەزراوە، کۆدەکە لە ٢٨٢ یاسا پێکدێت کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ڕۆژانە دەگرێتەوە. 

 

یەکێک لە یاساکانیشی یاسای دەستدرێژیە، کە بە پێی یاساکە دەستدرێژیکردنە سەر کچێک بە زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵ لە باوکی دەزانرا، تاوانبار بە مردن سزا دەدرا و کچەکەش بێ تاوان دادەنرا، هەروەها دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکیش بە تاوانی موڵک و ماڵ لە دژی هاوسەر یان باوکی قوربانییەکە دادەنرا، کە تۆمەتبار بە (داوێن پیس) لە قەڵەم دەدرا و ژنەکەش بە هەمان شێوە بەرپرسیار دەبوو، مردنی دەستدرێژیکار و قوربانییەکە بە خنکان دەبوو، بەڵام هاوسەری قوربانییەکە بژاردەی ڕزگارکردنی ژنەکەی هەبوو بە دەرهێنانی لە ڕووبارەکە، پاشان دەیتوانی بیانوو بۆ دەستدرێژکارەکە بدۆزێتەوە، واتا ژن تەنها لە پەیوەندی لەگەڵ پیاواندا پێگەی کۆمەڵایەتی هەبووە. 

 

هەروەها ئاشوورییە کۆنەکان بنەمای چاوێک لە بەرامبەر چاوێکیان پەیڕەو کردووە، بەم شێوەیە باوکی کچێکی دەستدرێژی کراوە سەر دەیتوانی وەک سزایەک دەستدرێژی بکاتە سەر هاوسەری دەستدرێژکارەکە، کە ئەمەش لە بنەڕەتدا دووبارە کردنەوەی دەستدرێژییە. 

 

بە درێژایی بەشێکی مێژووش، دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی نێوان ژن و مێرددا تاوان نەبووە، ئەو بۆچوونەی کە مێرد ناتوانرێت تۆمەتبار بکرێت بە دەستدرێژیکردنە سەرهاوسەرەکەی لەلایەن سێرماتیۆهێڵ لە ساڵانی (١٦٠٩-١٦٧٦) لە کتێبی مێژووی داواکارییەکانی تاجدا باسکراوە، کە لە دوای مردنی لە ساڵی ١٧٣٦ بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا نووسیویەتی "مێرد ناتوانێت" تاوانبار بێت بە دەستدرێژیکردنە سەر ژنەکەی، چونکە بە ڕەزامەندی هەردوولایان و بە گرێبەست ژنەکە خۆی بەخشیوەتە دەست مێردەکەی، کە ناتوانێت پاشگەز بێتەوە، پشتگیری ئەم بۆچوونە دەکرا تا سەدەی بیستەم. 

 

حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە جەنگی جیھانی دووەمدا ڕێژەکەی بەرز بووەوە، بە تایبەت ئەو دەستدرێژییانەی لەلایەن سەربازان و ھاوڵاتیانی مەدەنییەوە کراوەتە سەر ژنان، بەپێی ڕاپۆرتێکی نوسینگەی دادوەری گشتی لە ئەمریکا، (٩٧١) حاڵەتی ئیدانەکردنی تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی ھەبوە لەنێو ڕیزەکانی سوپای ئەمەریکادا لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٤٢ تاوەکو ساڵی ١٩٤٧، هەروەها ڕێککەوتننامەکانی جنێفی ساڵی ١٩٤٩ و هەمووارەکانی دواتر توندوتیژیە سێکسییەکانیان لە کاتی ململانێدا دانپێداناوە. 

 

دەستدرێژی سێکسی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٦ بە شێوەیەکی یاسایی پێناسە کراوە، کە پەرلەمانی بەریتانیا یاسای تاوانە سێکسییەکانی ساڵی ١٩٥٦ی پەیوەست بە تاوانە سێکسیەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٥٧ بۆ ٢٠٠٤ چەسپاند، کە دواتر لە ١ی ئایاری ٢٠٠٤، یاسای تاوانە سێکسییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ جێگەی گرتەوە، تیایدا هەموو ئەو تاوانانە دەگرێتەوە کە لەم بەروارەدا یان دوای ئەم بەروارە ئەنجامدراون، بەشێکی یاسای تاوانە سێکسییەکانی ساڵی ١٩٥٦یش گۆڕانکاری تێدا کرا. 

 

لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٠٨، حکومەتی سکۆتلەندا پڕۆژە یاسای تاوانە سێکسییەکانی پێشکەش بە پەرلەمانی سکۆتلەندا کرد، کە پڕۆژە یاساکە لە ١٠ی حوزیرانی ٢٠٠٩، لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا، یاساکە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

 

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن دەزگای یەکێتیی ئەوروپا بۆ مافە بنەڕەتییەکان بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا، دەرکەوتووە، لە هەر سێ ژنێک، یەکێکیان لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بەرکەوتەی جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی بووە، لە هەر ١٠ ژنێکیش یەکێکیان دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، لە ساڵی ٢٠١٥شدا، دەسەڵاتدارانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نزیکەی ٢١٥ هەزار تاوانی توندوتیژی سێکسییان تۆمار کردووە، کە یەک لەسەر سێیان تاوانی دەستدرێژی سێکسی بووە. 

 

ئەو وڵاتانەی زۆرترین ڕێژەی دەستدرێژی سێکسییان تیادا تۆمار کراوە تا ساڵی ٢٠٢٢، ئەمانە بوون:  

 

١-بۆتسوانا 

٢- لێسۆتۆ 

٣- گرێنادا   

 ٤- سوید   

٥- ئێسواتینی 

٦- ئەفریقای باشوور   

٧- سەینتس کیتس و نێڤیس   

٨- پەنەما 

٩- ئایسلەندا 

١٠- سورینام 

 

ئەو وڵاتانەشی بە پێی ئامارە بەردەستەکان کەمترین ڕێژەی دەستدرێژی سێکسییان تیادا بووە تا هەمان ساڵی ٢٠٢٢، ئەمانە بوون: 

١- عەممان 

٢- بەرمودا 

٣- سعودیە 

٤- میسر 

٥- ئازەربایجان 

٦- سووریا 

٧- مۆزەمبیق 

٨- فەلەستین 

٩- تاجیکستان 

١٠- نەیجیریا 

 

لە دوای هێرشەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر سووریا و عێراق و ئاوارە بوونی هەزاران ژن، بە تایبەت لە شنگال و موسڵ و دەستدرێژییکردنە سەریان، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩حوزەیرانی ٢٠١٥، بڕیاری نەهێشتنی ئەو تاوانەی دەرکرد و ١٩ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی سێکسیی لەکاتی ململانێکاندا دیاریکرد. 

 

یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، بە پێی ماددەی (٣٩٣) ئەو کەسەی كە تاوانی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەركەسی بەرامبەر ئەنجام دەدات، سزا دەدرێت بە بەندكردنی هەتاهەتای ئەگەر قوربانییەکە بمرێت، بۆ حاڵەتەکانی دیکەی توندوتیژی سێکسیش، تۆمەتبار سزاکەی کەمتر نابێت لە ١٠ ساڵ زیندانی ئەگەر زیانبەرکەوتووەکە ژن بوو دەبێت پێبژاردنی ماددی بدات، بە پێی داتا و زانیارییەکان ڕۆژانە توندوتیژی و دەستدرێژی لە عێراقدا ڕوو لە زیادبوونە، ژنانیش بەرکەوتەی یەکەمن و ڕووبەڕووی زۆرترین توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی و ململانێکانی شەڕی عەشایەرین. 

 

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاماری بەشی ڕووداوە سێکسییەکانی بەشی پزیشکی دادوەریی عێراق، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ٤٢١ حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژیی لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە، کە ٣٢٧ حاڵەتیان ڕووبەڕووی ژنان بووەتەوە. 

 

هەروەها بە پێی ئامارە نووسراوەکان لەهەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵانی ٢٠١٥-٢٠٢١، ٩٥٦ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان تۆمارکراون، ئەویش دیاری نەکراوە چ جۆرە دەستدرێژیەکی سێکسی بووە، بۆیە لە دەرەوەی ئەم تۆمارانە، هەندێک ڕووداوی دەستدرێژی هەیە بە زارەکی و دەست لێدان، زیانلێکەوتووەکە ئەمە ناناسێتەوە و هۆشداری ئەوەی نییە کە ئەمەش دەستدرێژی یاخود توندوتیژی سێکسیە و دەبێت داوا تۆمار بکات لەسەری. 

 

زۆرترین حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لەماوەی ئەو حەوت ساڵەدا لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کرابوو کە ٣٦٣ حاڵەتە،  لە پلەی دووەمدا پارێزگای هەولێربوو بە ٣١٩ حاڵەت و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای دهۆک بوو بە ٢٧٤ حاڵەت. 

 

بەڵام لەدوای ئەو ساڵانەوە بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان هیچ ئامارێکیان سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان بەتایبەتی دەستدرێژی سێکسی بڵاونەکردۆتەوە، کە شاردنەوە ئامارەکانیش ڕێگە خۆشکەرە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکان و زیادکردنی توندوتیژیەکان بە رامبەر ژنان. 

 

هەروەها لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەشێکی ژنان لە هەموو کایە و بوارەکاندا رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، بۆیە پێویستە لە رێگەی پەروەردەوە تاکی هۆشیار و بە ئاگا دروستبکرێت، تاکێک کە هەر لە منداڵیەوە ڕابهێندرێت کە چی مافی ئەوە و چۆن خۆی بپارێزێت.