گوڵستان و هێرۆ؛ باخچەیەک لە گوڵزاری ڕۆژنامەگەری ئازاد

"ئێمە شێتی ئازادین"، ئەمە وتەیەکی گوڵستان تارایە، کە دەتوانێت ٢٤ ساڵ خەبات و تێکۆشانی وەک ڕۆژنامەنووسێک، لە ڕاگەیاندنی ئازاددا واتادار بکات، ڕەنج و هەوڵدانەکانی بۆ نیشاندانی ڕاستیەکان لە مێژوودا تۆمار بکات.

نەرمین ئەحمەد

 

سلێمانی- ئەمڕۆ ٤٠ ڕۆژ بەسەر بە ئامانگرتنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادیندا تیدەپەڕێت، ئەوان دوو ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی بوون، کە لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی میدیاییدا، لە ڕێگای سەیدسادق-هەڵەبجە سەر بە پارێزگای سلێمانی لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە کرانە ئامانج و ڕێبین بەکری هاوکاریشیان بریندار بوو.

 

 

مێژوویەک لە تێکۆشانی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد

بە چاو خشاندنێک بە مێژووی مرۆڤایەتیدا شاهیدی ئەوە دەبین کە ڕۆڵی ژنان بە هۆی عەقلیەتی پیاوسالاری نەنووسراوەتەوە و تێکۆشانی ژنان لە ڵاپەڕەکانی مێژوودا شارایەوە.

 

چۆن دەڵێن "مانگ بەردەوام لە پشت هەور نامێنێتەوە"، مێژووی ژنانیش لە سەردەمی ئێستاماندا بە خەبات و تێکۆشانی ژنانی بەرخۆدێر، لە پێناو سەلماندنی بوونیان، شاراوە نامێنێتەوە و ژنان بەردەوامن لە تێکۆشانیان بۆ دەرخستنی ڕاستیی مێژووەکەیان.

 

ژنانی کورد لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا، بە تێکۆشان و خەباتیان لاپەڕەیەکی نوێیان لە پەرتووکی مێژوو کردووەتەوە و بە گیانبەختکردنیان لەسەر ڕێگەی ئازادی، ناویان بە پیتی زێڕین نووسیوەتەوە، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیش، لەو ژنانەن کە بە تێکۆشانیان لە پەنای گەیاندنی دەنگی ڕاستەقینەی حەقیقەت بە ژنان و گەلەکەیان ناویان بە زیندوویی لە مێژوودا دەمێنێتەوە.

 

گوڵستان تارا، کە زۆربەی هاوڕێیەکانی بە "گوڵێ" بانگیان دەکرد، لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری ئیلح لە هەرێمی باتمان لە باکووری کوردستان لە دایکبووە، ئەم خونچەیەی باخچەی ئازادییە بە تێپەڕبوونی ساڵەکانی تەمەنی و بینینی ئەو زوڵم و دڕەندەییەی کە لە بەرامبەر گەلەکەی دەکرێت، زیاتر دەمارەکانی لەناو خاکی وەڵاتەکەیدا قوڵ دەکرد و هێزی خۆی بۆ تێکۆشان لە بەرامبەر دوژمن زیاتر دەکرد، گوڵستان بڕیار دەدات لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئازادەوە بەرپرسیارێتی خۆی وەک ژنێکی کورد لە پێناوی نەتەوە و گەلەکەی بەجێبهێنێت.

 

گەشتی تێکۆشانی گوڵستان تەنها لە باکوور سنوردار نابێت و بە پێنووس و کامێراکەی، دەبێتە دەنگی هەموو گەلی کورد و بە تایبەتی ژنان.

 

گوڵستان ئەو کەسە بوو کە وەک خۆی دەڵێت: ژنی کورد توانیان تابۆکانی کۆمەڵگە بشکێنن، بە هەڵگرتنی کامێراکان لەسەر شانیان، بە گرتنی پێنووس و مایکرۆفۆن لە دەستیان نیشانیاندا ژنان لە هەر بوارێکدا دەتوانن دەنگی ڕاستەقینەی حەقیقەت بن.

 

گوڵستان بە خەباتە بێ وەستانەکەی و خۆپەروەدەکردنەی ئیدی ببوو بە باخچەیەک، کە ژنان تیایدا ژیانێکی بە بۆنی ئازادیان ئەزمون دەکرد، گوڵستان کە لە چەند دەزگای میدیایی کاری کردووە، یەکێک لە وێستگەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و کەناڵی ژن تیڤی بوو.

 

"کارەکتەری خۆڕاگری ڕۆژنامەگەری کورد ئێمەی تا ئەمڕۆ هێناوە"

ئەمە هەڵسەنگاندنێکی گوڵستان تارایە لە بەشدار بوونی لە یەکێک لە بەرنامەکانی ژن تیڤی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەیڵێت، ڕستەیەکە کە کار و خەباتی ڕۆژنامەگەری و خۆڕاگرییە درێژمەودایە نیشان دەدات کە ڕۆژنامەگەری لەسەر بنیاد نراوە، دەشڵێت: بە دڵنیاییەوە وەکو ژنانی کورد، وەکو ڕۆژنامەوان دەتوانین شانازی بەوەوە بکەین، ئێستا لە ڕۆژئاوا و باکووری سووریادا خەباتی ڕۆژنامەگەری بەڕێوە دەبەین، لێرەشدا زۆرێکمان شەهید داوە، واتا تەنها لە بەرەکانی جەنگدا نا، لە ڕێگەی گۆڕینی کۆمەڵگە و گۆڕینی ژنان و زۆرێک گۆڕەپانەکانی تردا شەهیدمان داوە، بۆ ئەم تێکۆشانە شەهید دراوە، لەو ڕوانگەشەوە وەکو ژنانی کورد دەتوانین شانازی بکەین.

 

"دەنگی ئێمە بگەیێنە هەموو جیهان"

گوڵستان کە هێزی کۆمەڵگەی لە جەوهەری ژندا دەبینی، بە گفتوگۆ کردن لە گەڵ ژندا و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانیان لە کاتی هێرشەکان بۆ سەر سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا، توانی هێزی ژنان و کاریگەریان لە پێشەنگایەتی بۆ سەرکەوتن نیشان بدات. ژنانی بەشداربووی بەرنامەکان پێیان دەگووت دەنگی ئێمە بگەیەننە جیهان، گوڵستانیش بەڵێنەکەی بە خەباتی ڕۆژنامەوانی بە جێهێنا و توانی دەنگ و ڕەنگی ئەو ژنانەی کە لە جیهاندا سەمبولی بەرخۆدان بوون، بەرز بکاتەوە.

 

گوڵستان دەڵێت گەر ویستی دەرخستنی حەقیقەتەکان نەبوایە، ئەمڕۆش ئێمە لە سەر ڕێگەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا نەبووین. ئەم خواست و ویستەی گوڵستان ئاسۆی ئامانجەکانی فراوانتر کرد، کۆتا وێستگەی گوڵستان و کامێراکەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئازاددا باشووری کوردستان بوو، لە ساڵی ٢٠٢٠دا شوێنێک کە گوڵستان توانی ببێتە پێشەنگێک لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا، بۆ ئەو کەسانەی کە بە دوای ڕاستیدا دەگەڕان.

 

گوڵستان کە ٢٠ ساڵی تەمەنی لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەری ئازاددا تەرخان کردبوو، هەرچەندە لە کۆمپانیای چەتر وەک ڕاوێژکاری بەرنامەی سیاسی بوو، بەڵام چۆن گوڵێک بۆنی خۆش بێت، هەر کەس لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە، گوڵستانیش بە هاوبەشکردنی ئەزموونە جیاوازەکانی ژیانی لەگەڵ هاوڕێیانی ڕوخسار و بۆنێکی نوێی ژیانی نیشانیان دەدا. هێرۆش یەکێک لەو کەسانە بوو کە توانی لەگەڵ ئەم بۆنە خۆشە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئازاددا خەبات بکات.

 

گۆڵە هێرۆکەی باخچەی ئازادی کوردستان

هێرۆ بەهادین، لە ساڵی ١٩٩٢ لە سەنگاو چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، لە دوای خوێندن و لە ساڵی ٢٠١٨ لە کۆمپانیای چەتر وەک مۆنتێر دەست بەکار دەبێت. لەوێ لەگەڵ ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا یەک دەناسن و شەش ساڵ لە کارەکەیدا، لەپێناو گەیاندنی ڕاستیەکاندا بەردەوام دەبێت.

 

ئیتر باشووری کوردستان وەک باخچەیەک بوو کە دوو گوڵ، هێرۆ و گوڵستان، لە دوو پارچەی جیاوازی کوردستان دەمارەکانیان بە یەک هزر و ئایدۆلۆژیا ئاو دەدا، ئەوان بە خەبات کردن لە پەنای هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بە بارودۆخی گەلەکەیان و ژنان بەجێدەهێنا.

 

گوڵستان وا بیری دەکردەوە کە بوونی ئاستەنگی و بەربەستەکان بۆ ژنان، تەنها کێشەی ئەوان نییە، بەڵکو هەموو کۆمەڵگە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە و لە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ ئاژانسی "ژن نیوز"دا دەڵێت: "ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا کێشەی سەرەکی وەک دیموکراسی و ئازادی هەبێت، ژنان و ئازادیخوازان لەم کۆمەڵگەیانە زۆرترین ئازار دەبینن، هەر بۆیە جێگرتنی ژنان لەناو سیاسەت و پەرلەماندا گرنگە".

 

گوڵستان کە چارەسەری بۆ ئازادبوونی ژنان و بە تایبەت لە باشووری کوردستان لە یەکڕیزی ئەواندا دەدیت، لە هەڵسەنگاندنێکیدا لە بەرنامەی ڕۆژەڤی باشوور لە کەناڵی مەدیا هەبەر ئاماژە بە تیرۆرکردنی فریال سلێمان خالید لە کەرکوک دەکات و دەڵێت: "لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە باشووری کوردستان شاهیدی کوشتنی ژنان دەبین، ئەگەر هێرشەکانی سیها و ئامانجگرتنە سیاسیەکان و بۆردوومانەکان لە بەرچاو بگرین، ئامارەکان زۆرن، بەڵام لەم دوو ساڵی دواییدا، بە ئامانجکردنی کەسایەتییە سیاسیەکان زۆرن، ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی بکەرەکان دەستگیر ناکرێن، یان گەر بکەرەکانیش لە هەندێک لەو دۆسیانەدا دەستگیر کرابن، سزایان چی بووە، بۆ ڕای گشتی و ڕاگەیاندن ڕانەگەیاندراوە.

 

گوڵستان و هێرۆ لەپێناو حەقیقەتدا گیانیان بەختکرد

هەروەها لە یەکێکتر لە بەرنامەی ڕۆژەڤی باشوور باس لە گرتنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و دوخی ڕۆژنامەنووسان دەکات، ''لە باشووری کوردستان بەرامبەر بە ڕاگەیاندنی ئازاد، ڕۆژنامەنووسان و کەسایەتییە دیارەکان ڕقێکی زۆر هەیە، یانیش ترسێکی زۆر هەیە، بە تایبەت پەدەکە ترسی لە ڕۆژنامەنووسان هەیە. هەر بۆیەش پێویستە سەرجەم چین و توێژەکان لە دژی ئەم نادادپەروەرییەی کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسێک دەکرێت، کە تەنها کاری دەربڕینی ڕاستییەکان بووە، یەکبگرن و ڕێگر بن".

 

گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین دوو ڕۆژنامەنووس کە لە بەردەوامی ڕێگەی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد جەستەی خۆیانیان کردە قەڵغان، ناویان بووە ئاوازی ترس بۆ دوژمنان و دەنگیان بووە نەوای ئازادی بۆ ژنان، وەک گوڵستان خۆی دەڵێت:" ئەگەر کارەکتەری بەرخۆدان نەبوایە، ئێمەش ئەمڕۆ لەسەر ڕێگەی ڕۆژنامەگەری ئەڵتەڕناتیڤدا نەدەبووین..."، گوڵستان و هێرۆش پیشانیاندا گەر دەرخستنی ڕاستییەکان بە پێشکەشکردنی گیانیشیان بێت، ئەوان ئامادەن لە پەنای هۆشیارکردنەوەی نەتەوە، ژنان و گەنجانی وڵاتەکەیان گیانیشیان بەخت بکەن.