١٠ ساڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر ٩ بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک...١

شۆڕشی ١٩ی تەمموز کە بۆ هەموو جیان بووە نمونەی ژیانی ئازاد و یەکسان، ماوەی ١٠ ساڵە خۆی لە سەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک ڕێکدەخات و بەڕێوەدەبات، هەموو پێکهاتەکانیش خۆیان بەرگزی لە بوونی خۆیان دەکەن.

بێریتان زنار

          
ناوەندی هەواڵ-
لە هەر چەرخێکدا مێژوو خۆی نوێ دەکاتەوە و ڕووناکی دەداتە جیهان، دەیکاتە هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە تاریکی و پەژارە، یەکەم تۆوی گەنمی چێنراو لە دەوری مرۆڤایەتی گەشە دەکات و تەختی خوداوەندەکان نوێ دەکاتەوە، لەم چەرخەدا تۆو و پریشکی ئاگری ڕووناکی جارێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبووەوە و گەشەی کرد، ڕووناکی بەسەر بەرخۆدان و قارەمانێتی کۆبانێدا درەوشایەوە، ئەوانەی ئومێدی یەکەم ڕووناکییان لە باوەش گرت، شەپۆلی شۆڕشیان لە باوەش گرت و شۆڕشی هیوای مرۆڤایەتییان دەستپێکرد، کۆبانێ بووە سەرچاوەی ڕووناکی و بەرەو عەفرین، حەلەب و جزیرە شەپۆلیدا، بەرگی تاریکی فڕێدرا و بەهار لە مەنبەج، ڕەققە و تەبقا گەشایەوە.

 

١٠ ساڵ بەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوادا تێدەپەڕێت، وەک دایکێک ئومێدی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە و هەموو کلتور و ئایین و نەتەوەکانی لە باوەش گرتووە، هەموو عاشقانی ئازادی لە جیهاندا  کاتێک بینیان کە شۆڕشەکە ئومێد و ڕزگاری مرۆڤایەتییە، هەنگاو بە هەنگاو ڕوویان لە شۆڕش کرد، لە سایەی هەزاران قارەمانەوە تەشەنەی سەند و تا ئێستاش قارەمانانی دۆزی ئازادی بەرگری و بەرخۆدان بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە دەکەن کە بە خوێن بەدەستهاتووە، ژنان جێگەیان لەو شۆڕشەدا گرتووە، سەرەڕای ئاستەنگەکان ئازادیی خۆیان لە پێشکەوتنی شۆڕشدا بینی و زیاتر بەرگرییان لە شۆڕش کرد، لە کۆبانێ لەگەڵ ئارین میرکانەکان ڕێگەی سەرکەوتنیان داڕشت و لە مەنبج و دێرەزۆر کراسە ڕەشەکانیان دادڕی کە تاریکی بۆ بیرکردنەوە و ئایدیاکانیان دەهێنا، لەگەڵ هەڤرین خەلەف ساتەکانی شۆڕشیان بە پیتی زێڕین نووسیەوە.

 

شۆڕشی ژنان لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە کۆبانێ وەک پریشکێکی بچوک دەنگی دایەوە، ماوەی ١٠ ساڵە لەسەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک گۆڕاوە بۆ شەپۆلێکی گەورەی ئاگری شۆڕشگێڕانە و خەریکە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕووناک دەکاتەوە بۆ ڕێی ئازادی.

 

سیستمی دەوڵەت پشت بە قۆرخکردنی ڕەنجی ژنان دەبەستێت
هەر نەتەوەیەک مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاریبکات، بە درێژایی مێژوو هەوڵی مرۆیی بۆ بەڕێوەبردن هەبووە، لە ماوەی چەند هەزار ساڵدا لێگەڕینی مرۆڤ بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بووەتە ئامرازی بنەڕەتی بۆ بەڕێوەبردنی هەژموونی کەسێک یان گروپێک، چونکە سیستمی دەوڵەت و دەوڵەت-نەتەوە قووڵترین پێناسەی ئەمە دەکات و بە ئامانجی دەگرێت، ئەگەر سەرنج بدەین هەموو کۆمەڵگە و گەلان، سەرەتا پێیانوایە "دەبێت دەوڵەتیان هەبێت" ئەمە بۆ گەلی کوردیش ڕاستە بەتایبەت لەم ٢٠٠ ساڵەی دوایدا لە قوڵترین گێژاو بەسەریدا سەپێنراوە، بوون و شوناسیان لەژێر چنگی جینۆساید دایە، زۆرجار ئەم وتەیە دەگوترێت، بەڵام لەسەر چەمک و پێناسەی سیستمی دەوڵەت قوڵبوونەوەی هزری نییە، بەتایبەت کە پێش هەموو شتێک ئەمە بەسەر ڕەنجی ژناندا دەسەپێنێت.

 

بەشێوەیەکی ڕوون سیستمی دەوڵەت-نەتەوە پشت بە هۆشیاری سەرمایەداری دەبەستێت بۆ مانەوەی، وردتر بڵێین، بۆ زۆرترین کار، ڕێکخستنی گونجاوترین سیستمە. بە درێژایی مێژوو، بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەوڵەت-نەتەوە نیشانیداوە کە بۆچی دەوڵەت-نەتەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی، باشترین وەڵامیش دۆخی ئێستای جیهانە کە هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو شەڕانەی ڕوودەدەن، سیاسەتەکانی سەربڕین و جینۆساید، گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، بڵاوبوونەوەی هەموو جۆرە نەخۆشییەک و هەموو خراپەکارییەکانی دیکە، هۆکارەکەی دەوڵەت نەتەوەیە، ئەویش پشت بە ئایدۆلۆژیای سەرمایەداری دەبەستێت کە سیاسەتەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ و کوشتنی ژنانی لێدەکەوێتەوە، هەروەها زاڵبوون بەسەر بڕیار و جەستەی ژناندا ئامڕازێکیەتی، بە گشتی سیستمی دەوڵەت و ئایدۆلۆژیاکەی لەسەر بناغەی قۆرخکردنی کار دامەزراوە و پێناسەی هێرشێکە بۆ سەر بوون و شوناسی ژنیش.

 

سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک کە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بەرجەستە بوو
لە بەرامبەر ئەم دۆخە و شەڕی تایبەتی ئەم سەدەیەدا، تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون "سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکە"، کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بەدیهێنەری بوو، ماوەی ١٠ ساڵ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی ژیان لەسەر ئەم سیستمە بنیادنراوە، شۆڕشی ١٩ی تەمموز بوو بە سیمبولی ژیانی ئازاد بۆ هەموو گەلانی جیهان و ماوەی ١٠ ساڵە خۆی لە سەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک ڕێکدەخات و بەڕێوەدەبات، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەرگری لە خۆی دەکات و لە بەرامبەر هەموو هەڕەشە و هێرشێکی دوژمنکارانەدا بەرگری لە بوونی خۆی دەکات.

 

شۆڕشی ڕۆژئاوا و سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر ٩ بنەما خۆی ڕێکدەخات:
کەسایەتی ئازاد-هاووڵاتیبوونی ئازاد و ژیانی هەرەوەزیی دیموکراتیک
بۆ دامه‌زراندنی سیستمی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیك، یه‌كێك له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كان تاك-هاوڵاتیبوونی ئازاده‌، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی دیموكراتیكه‌. چونکە دژی ئەو سیستمەی کە هەموو شتە کەسییەکان بە تاکگەراییەوە دەبەستێتەوە و بیرۆکەی ئاغایەتی بڵاودەکاتەوە، کە لە سیستمی سەرمایەداریدا بەرجەستە بووە، دەجەنگێت و بنەمای تاكی ئازاد و ژیانی هەرەوەزیی دیموکراتیک کە پشت به‌ ژیانێكی یه‌كسان و هاوبه‌ش ده‌به‌ستێت بەرجەستە دەکات.

 

ژیانی سیاسی و سەربەخۆیی دیموکراتیک
کۆمەڵگە دەتوانێت بوونی هەبێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە دەوڵەت و دەسەڵات و چینایەتی هەبێت، بەڵام ئەو شتەی کۆمەڵگە لەسەر پێی خۆی دەهێڵێتەوە و بوونی خۆی دەکاتە هەمیشەیی سیاسەتە. هەروەک عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد کە پێشەنگی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک دەکات دەڵێت "کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە"، واتە بەبێ ئەخلاق و سیاسەت، بوونی کۆمەڵگەیەک بیری لێ ناکرێتەوە.

 

بۆ یەکەمجار لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٠دا کۆمۆنەکان لە گوندەکان دامەزران، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١١دا تەڤدەم دامەزرا، دواتر ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بە نوێنەرایەتی ٣٥٤ کەس دامەزرا کە ٪٤٠ی ئەنجومەنەکە ژن بوو، دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، یان شۆڕشی ژنان، لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا سیستمی کانتۆن بە سێ بەش دامەزرا: کانتۆنی جزیرە، کانتۆنی کۆبانێ و کانتۆنی عەفرین، دواتر ڕێکخستنەکان بەرەیان سەند و  لە ساڵی ٢٠١٦دا دامەزراندنی فیدراسیۆنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندرا. هاوکات لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە کایەی گشتیدا ڕوویاندا، ژنان لە ژێر چەتری کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنەکانیدا سیستم و ئەنجومەنی تایبەت بە خۆیان دامەزراند.

 

ژیانی کۆمەڵایەتی
یەکێک لەو میتۆدانەی کە سیستم و هۆشیاری سەرمایەداری پەلاماری کۆمەڵگە دەدات، بەرێوەبردن لە رێگەی سیاسەتەکانی دابەشکردنی کۆمەڵگەیە. چونكه‌ له‌ سیستمی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیکدا، یه‌كێك له‌و توخمانه‌ی كه‌ بوونیان گرنگه‌ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگە له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانی یه‌كسان و ئازاد له‌ نێوان هه‌موو توخمه‌كانی کۆمەڵگەدا، بنەمای ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌. ئەو سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەی کە بەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدراون، بوونەتە هۆی دوژمنایەتی نێوان گەلان و ئایین و گروپەکان، سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک لەسەر بنەمای شکاندنی ئەم بیرکردنەوە ڕەگەزپەرستە خۆی ڕێکدەخات. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا هێنده‌یتر قوڵتر بووەوە و بە ڕێگەی نووسینەوەی هاوپه‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی  چەسپا و گه‌یشته‌ لوتکه‌ و کۆمه‌ڵگەکان به‌ هه‌موو پێکهاته‌ و ئایین و بیروباوه‌ڕی جیاوازه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ژیانی ئازاد و یه‌کسانی خۆیان ڕێکخستنی خۆیان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

 

هاوژیانی ئازاد
لە مێژوودا کە هۆشیاری زاڵبوونی پیاوانە لەگەڵ ژندا ون بوو، لە بوون و شوناس و ڕەنجی ژندا دزی کرا، سه‌ره‌تای دژایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت-پیاو دەگەڕێتەوە، چونكه‌ له‌ سیستمی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیکدا كه‌ له‌گه‌ڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا زیندوو بووه‌ته‌وه‌، بنه‌مای ئازادی و یه‌كسانی، پێكه‌وه‌ژیانی ئازادی نێوان ژن و پیاو دروستبوو، لەگەڵ پێشکەوتنی شۆڕش، هەوڵەکان بۆ زاڵبوون بەسەر چەمکی زاڵبوونی پیاو و پیاوسالاری زیادیکرد و لەو بوارەدا پەروەردە بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵدەدات بۆ چەسپاندنی هاوژیانی ئازاد لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا.

 

ئابوری سەربەخۆ
یەکێک لەو خاڵانەی کە سیستمی سەرمایەداری لە ڕێگەیەوە هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگە، ئابوورییە، کە پشت بە ستەمکاریی ڕەنجی ژن و کۆمەڵگە دەبەستێت، ژیانی دیموکراتیک بە ئابوورییەکی سەربەخۆ دوور لە سیستم و هۆشیاری سەرمایەداری پێویستە، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک گرنگی بە ئابوریی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و ئابوری سەربەخۆی ژنان دەدات.

 

پێکهاتەی یاسایی
مێژوو و بەتایبەتی ئەو پرۆسەیەی ئێمە تێیدا دەژین چەندین جار پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو یاسایانەی کە بە حیکمەت و زیرەکی دەوڵەت-پیاو دامەزراون بەس نین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە، بەپێچەوانەوە قەیران و گرژییەکانی ناو کۆمەڵگەیان زیادکردووە، سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک پێکهاتەی یاسایی خۆی لەسەر بنەمای پێوەرە ئەخلاقی و سیاسییەکانی کۆمەڵگە بنیات دەنێت و وەڵامی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەداتەوە. پێکهاتەی یاسا و دادپەروەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر بنەمای یاسای دیموکراتیک دامەزراوە. خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سیستمی یاسایی خۆیان وەک بەدیلێک بۆ یاسای دەوڵەت-نەتەوە کەڵک وەردەگرن کە لە بری ئەخلاق و سیاسەتە.

 

کلتور
لە بنەڕەتدا کولتور پێناسەی هەموو ئەو شتانەیە کە بە دەستی مرۆڤایەتی و لەگەڵ گەشەکردنی مرۆڤایەتیدا دروستبوون. لەبەرئەوەی پەلامارەکانی سیستمی سەرمایەداری و هۆشیاری بە شێوازی جۆراوجۆر بەرەو پێشەوە دەچێت، بۆ هەر نەتەوە و قەوارەیەک کە لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا دەژین، پاراستنی فەرهەنگ کە پێناسەی بوون و شوناسە، یەکانە مسۆگەری هەبوونی هەر پێکهاتە و نەتەوەیەکە.

 

سیستمی بەرگری
بۆ بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك سیستمی به‌رگری دیارده‌یه‌كی حه‌تمییه‌. ستراتیژی بەرگری نەتەوەی دیموکراتیک تەنیا بەرگری چەکداری ناگرێتەوە. چونکە هەموو ئەو شتانەی کە کۆمەڵگە دروستدەکەن بە پاراستن دەمێنێتەوە، ئه‌مه‌ش ده‌توانێت پاراستنی فه‌رهه‌نگ، پاراستنی یاسا، پاراستنی بنەماکانی کۆمەڵگەی ئه‌خلاقی-سیاسی بێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌كه‌نه‌ به‌شی پاراستن.

لەگەڵ شۆڕشی ١٩ی تەمموزدا، هەرچەندە بەرگری چەکداری لە سەرەتاوە بوو، بەڵام لایەنەکانی پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی-سیاسیش لەگەڵ ئەم بەرگرییە چەکدارەدا پەرەیان سەند، هێندەی لە بواری سەربازیدا سەرکەوتن هەبوو، هاوکات لە تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ئەنجومەن و دامەزراوەی تایبەت دامەزرێنرا و تا ئێستا دەستکەوتەکانی ١٠ ساڵی شۆڕش دەپارێزێت و لە هەموو بوارێکدا پاراستن دەکات.

 

دیپلۆماسی
دیپلۆماسی بە هەمان شێوە، پاراستنی کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت لەسەر بنەمای بەهاکانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی و لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی کۆمەڵگە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دەوڵەت-نەتەوە بۆ دابەشکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکان، هەروەها بەشێکی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگەکانە.

 

سبەی: ژیانی سیاسی و سەربەخۆیی دیموکراتیک