دایکایەتی؛ هێزی گەردوونیی هەڵگری ناکۆکییەکان

دایکایەتی گوزارەیە لە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕەنج و لەلایەن فێمێنیست و تێکۆشەرانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنەوە بە کرێکاری بێ موچە پێناسە دەکرێت، چونکە ئەو ڕەنجەی دایک بە درێژایی قۆناغی دایکایەتی و لە قۆناغی ژنایەتیشدا دەیدات.

تەوار پێنجوێنی

 

ناوەندی هەواڵ- دایکایەتی هێزێکی گەردوونیە، درک بە ناکۆکییە کولتورییە بنیادنراوەکان دەکات و بە بەردەوامی لە ژیانی ڕۆژانەیشدا دەگۆڕێت، دەخوڵقێنێت و زەمینەسازی بۆ گۆڕانکاریش دەکات، واتا جەستەی ژن ئەگەر لە توانایدا بێت کۆرپەلە بۆ منداڵ و نەبوو بۆ هەبوون بگۆڕێت، لایەنی ژیانێکی کولتووری و سروشتیشی هەبێت و بەرگەی هەڵگرتنی جەستەیەکی تر بگرێ کە ڕۆتینی ژیانی تێک بدات، ئازارچەشتنەکانیشی وەک گۆڕانکارییەکی خراپ یان باش لێکبدرێتەوە، ئەوا دەبێت وەک نمونەیەکی "پیرۆزی مێ" لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

 

دایک هێزێکی ڕەهای بەسەر منداڵەوە هەیە، چ منداڵێک هەیە هەستی بەو هێزە نەکردبێت؟... کێ هەیە هەستی بە توڕەیی و لە هەمان کاتدا میهرەبانیی دایک نەکردووە؟... کێ هەستی بە قەرزباری نەکردووە؟..

ئەگەر دایک خاوەن هێزێکی لەو چەشنە بێت و کاریگەرییەکەی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە و نەوەکاندا بخوڵقێنێت، لە بەرامبەردا کولتووری پیاوی سەروەر دایکی سەرکوت کردووە، تا ڕۆڵەکەی بێ کاریگەر بکات، هەروەها لە بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی پەراوێزی دەخات و وەک مۆدێلێکی بێ ڕۆڵیش دەیخاتەڕوو، لە لایەکی دیکەوە وەک هەبوونێکی کولتووری بەهێز لەناوی دەبات و هەموو شتێکیش لە هەستی خستنەوە و دابینکردنی پێداویستی منداڵ و دایکایەتیدا قەتیس دەکات و دەیکات بە ئۆبژەیەک.

 

لە قۆناغی میتۆلۆژیاکانەوە تا سەردەمی زانست کە ئەمڕۆ دەکات، شەڕێکی هەزاران ساڵەی هێز لە نێوان هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو بەڕێوەچووە، هێزی پیاوی باڵادەست، کە بە سیستمێکی پیاوسالار خۆیان ڕێکخستووە، بە هەموو چەشنەکانی مامەڵە و سیاسەت مانەوەی سەروەری خۆی لە شکاندنی سەروەری ژندا وێنا کردووە، بۆ ئەوەی خۆی باڵا بێت، دەبێت ژنەکەی بەرامبەری بکوژێت، بۆیە کاتێک باس لە چەمکی پیرۆزی مێ دەکرێت، چەمکی "کوشتنی دایک"یش وەک یەکێک لە بناغەکانی بیرکردنەوەی پیاوسالاری پێشدەکەوێت.

 

یەکێک لە شێوازەکانی کوشتنی دایک، دەرونشیکارییە، بەپێی تیۆری دەرونشیکاری فرۆید و لاکان، دایک هیچ ڕۆڵیکی بونیادی زمانگرتن، قسەکردن و دەربڕینی لە منداڵدا نییە، لە ڕوانگەی لاکانیشەوە بابەتیبوون ئەو کاتە ڕوودەدات کە منداڵ لە دایک دووردەکەوێتەوە و بە ڕێگەی یاسای باوک دەکەوێتە گۆ، لەو کاتەدا زمان ڕێگەخۆشکەر دەبێت منداڵ خۆی وەک تاکێکی جیاواز لە دایک نیشان بدات و ئارەزووی نوێ وەربگرێت، بەڵام فێمێنیستانی فەرەنسی وەک ئیریگاری و کریستیڤا ئەو یاسایەی باوک بە قڕکەری دایک پێناسە دەکەن.

 

ئیریگاریی فێمێنیست ڕێگەیەکی دیکەی کوشتنی دایک پێناسە دەکات کە ڕێگەی کولتووریە، ئیریگاری دەڵێت: " دەبێت کوشتنی دایک وەک کلیلێک بۆ لێکدانەوەی کولتوور بەکاربهێنرێت، چونکە پیاوسالاری جگە لە زمان، ئەزمون، سەرگوزەشتە و دەنگی دایکانیش سەرکوت دەکات و دەیانخاتە دۆخێکەوە کە شایانی مەراق نەبن، بەم پێیەش هەم لە ڕووی دەروونی و هەم لە ڕووی کولتوورییەوە دووجار دەکوژرێن، چونکە بە ناکارا لە پرۆسەی زمان و خۆبەیانکردنی منداڵدا پێناسە دەکرێن و بێبەشیش دەکرێت لە هەموو کارێکی بەرهەمهێنانی بەها لەو پەیوەندییە کولتووری-کۆمەڵایەتییانەی لە نێوان منداڵ و دایکدا بە ڕێگەی دەنگ و سەرگوزەشتە دروست دەبن.

 

نووسەر، جاکۆلین ڕۆز باس لە کوشتنی دایک دەکات لە بواری سیاسیدا بە دوورخستنەوەیان لە بوارەکە، رۆز پێی وایە دایکان تەنها لە هەندێک کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی چارەسەر نەکراودا وەک ئۆبجێکتێک قسەیان لەسەر دەکرێت، ئەویش یان بە فریشتەکردن یان بە دێوەزمە پێناسەکردنیان باسی دایکان دەکرێت، بەم شێوەیە بەردەوام چاودێری یان دیسپلین دەکرێن، قسەکانیشیان هەستیارانە، بێکەڵک و نەزانانە دەبینرێت، وەک بابەتێکی شایستە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، چونکە پۆتانسێلی باڵادەستی پیاو دەیەوێت پۆتانسێلی ژن و بەکارهێنانی هێزە رەهاکەی بەسەر منداڵەوە وەک بەشێک لە کۆمەڵگە لەناوببات، بەمەش دایک دەرک بە هێزی خۆیان نەکەن و دایکایەتی لە سیاسەتدا دەکوژرێت، لە واقیعیشدا دۆخی بەشدار نەبوونی ژن لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا نمونەی بەرچاوی کوشتنی دایکایەتییە.

 

دەسەڵات، کە پیاو ڕابەرایەتی دەکات، بۆ ملکەچکردنی ژنان، هێزی دایکایەتی و دایکبوون بەکاردەهێنن، بۆیەش بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەموو جۆرە دەسەڵاتدارییەک، دەبێ هەوڵی زیادبوونی ژمارەی ئەو دایکانە بدرێت، کە هێزی داگیرکراوی سیاسیی ڕووبەڕووی لەرزین دەکەنەوە. هاوکات بۆ دەربازبوون لە پرۆسەی وەلانانی ژن لە ژێر ناوی دایکایەتیدا، دەبێت "دایک" پێداگری لەسەر ناسنامەی جەوهەریانەیان تەنها وەک دایک نەکەنەوە و نەبنە هۆکاری پەردەپۆشکردنی دەیان فۆرمی هێزی ژنایەتی و هەبوونیان.