سەرهەڵدانی فیلمی دەنگدار لە خەیاڵی بینەر جیاوازتر بوو

سەرەتای فیلمی دەنگدار، ئەو سەرەتایەی چەندین ئەستێرەی سینەمایی توشی بێ ئومێدی کرد

سۆزیار عەلی

 

سلێمانی- دروستکردنی فیلم و ھۆڵەکانی سینەما گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا دروستکرد و بوو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە، لە سەرەتادا تەکنیکی فیلمەکان ھێندە پێشکەوتوو نەبوون و فیلمەکان بێدەنگ بوون، ئەکتەری ناو فیلمەکان، پشتیان بە زمانی جەستە دەبەست بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان و لەگەڵ ئەوەشدا ناو بە ناو لەناو فیلمەکەدا نوسینێک دەردەکەوت و بەشێک لە چیرۆکی فیلمەکەی ڕووندەکردەوە.

 

 بۆ زیاتر چێژ بەخشین بە دیمەنی فیلمەکان، لە ھۆڵەکانی سینەمادا میوزیک دەژەندرا، هەندێک لە ھۆڵە گەورەکان ئۆرکێسترایەکی تایبەت بە پێی دیمەنی فیلمەکان دادەنران و موزیکیان دەژەند، لە ھۆڵە بچوکەکانیشدا زیاتر ژەنیارێکی پیانۆ هەبوو کە پیانۆی دەژەند، بەڵام ئەم شێوازە زۆر بەردەوام نەبوو.

 

بوونی دەنگ و دیالۆگ بووە بەشێک لە فیلمەکان و دروستکردنی کێشە، دیالۆگ لە فیلمەکاندا خەونی زۆر ئەستێرەی سینەمای بەرەو خامۆش بوون برد و بینەرەکان بێ ئومێد دەبوون، کاتێک دەنگی ئەکتەرێک وەک ئەو دەنگە نەدەبوو کە بینەر خەیاڵی کردبوو، بەشێک لە بینەران و سینەماکاران دەیانوت، بۆ دەبێت لە فیلمەکاندا گوێ لە قسەکردنی خەڵک بگرن.

 

لە دەرهێنانی فیلمیشدا کێشە دروستبوو

ھەندێک لە ئەکتەرەکان بەھۆی دەنگیانەوە لە شێوازێکی تایبەتی ڕۆڵگێڕان دووردەکەوتنەوە، لە کاتێکدا شێوەیان بۆ ڕۆڵەکە گونجاو بوو، جگە لە دەنگی ئەکتەران، کاتی بەرھەمھێنانی فیلم بەدەر نەبووە لە کێشە، لە سەردەمی فیلمی بێدەنگدا، لە کاتی وێنەگرتن دەنگ ھەبووە و ھیچ کەس بێدەنگ نەدەبوو، بەڵام لەگەڵ ھاتنی فیلمی دەنگداردا، پێویست بووە ھەمووان خۆیان لەگەڵ بێدەنگی ڕابھێنن.

 

ستافی وەبەرهێنان پێویستیان بە تەکنیکێکی زیاتر ھەبووە تا بتوانن فیلمێکی دەنگدار بەرھەمبھێنن، زۆرێک ھۆڵەکانی سینەماش، نەیاندەتانی فیلم پەخشبکەن، بەھۆی نەبوونی ئامێری پێویست بۆ فیلمێکی دەنگدار، زۆرێکیش لە دەرھێنەر و ئەکتەرەکان نەیاندەتوانی دەنگ و دیالۆگ وەک بەشێک لە فیلم ببینن و بە تەواوی دوورکەوتنەوە لە جیھانی سینەما.

 

لەگەڵ ئەم کێشانەشدا، فیلمی دەنگدار ڕێگە خۆشکەر بوو تا ئەکتەر و دەرھێنەری نوێ بێنە بواری سینەماوە، بە تایبەتی ئەکتەر و دەرھێنەرانی شانۆ. فیلمی دەنگدار ھەژموونێکی بەرفراوان بوو، بە تێپەڕبوونی کات بەشێکی زۆری فیلمەکان بوون بە فیلمی دەنگدار، بەڵام لەوکاتەدا نەیتوانی بە تەواوی کۆتایی بە فیلمی بێدەنگ بھێنن، تا سەردەمی ئێستاش فیلمی بێدەنگ بەردەوامی ھەیە.