بە یەکدەنگ داوای ئازادکردنی زیندانیانی بادینان دەکرێت

چالاکوانان و توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی داوای ئازادکردنی زیندانیانی بادینان دەکەن و دروشمی "سلێمانی لەگەڵ بادینانە"یان وتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە دروشمی "سلێمانی لەگەڵ بادینانە" پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییەتی ڕێکخرا دژ بە سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج ڕۆژنامەنووسی بادینان لە لایەن دادگای هەولێرەوە، و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو زیندانییانە کرا.

 

لە خۆپیشاندانەکەدا چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، پەرلەمانتاران و توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی بەشدارییان تێدا کرد و دروشـی سلێمانی لەگەڵ بادینانەیان وتەوە، لەسەر ناوی پارێزەرانی سلێمانی دیلمامن ساڵح وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا دادگای تاوانەکانی هەولێر  بڕیارێکی نادادپەروەرانە دژی ئازادیخوازان دەکردووە و پێشێلکارییەکی زۆری تێدایە، بۆیە داواکارین دادگای پێداچوونەوە ئەو هەڵەیە ڕاست بکەنەوە و هەستن بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە و ئازادکردنی دەستگیرکروان.

 

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا ئەیهان سەعید برای شڤان سەعیدی زیندانی کراو، وتاری خانەوادەی زیندانیانی بادینانی پێشکەشکردن و وتی: "ئەمە پرۆسەیەکی نا یاسایی و سیاسییە و بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی بادینان، بۆیە ئێمە ڕەتی دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین بە هیچ جۆرێک بێدەنگ نابین و ناترسین".

 

چالاکی و ناڕەزایەتییەکان لە باشوری کوردستان بۆ دەستگیرکردن و سزادانی ڕۆژنامەنووسانی بادینان بەردەوامە و ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی خۆپیشاندانێک ڕیکخرا و لە ڕۆژانی دواتردا فیدراسیۆنی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکوانان دژ بە بڕیاری دادگای هەولێر چالاکی دیکە ڕێکدەخەن.

 

ت.پ