یوسرا ڕەجەب: بە زمانی کوردی لە پەرلەمان شەڕی گەلی کورد و گەلانی عێراقمان کردووە

یوسرا ڕەجەب کاندیدی ژمارە ٢٣ لە بازنەی پێنجی پارێزگای سلێمانی، باس لە کارەکانی دەکات لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا و دەڵێت بە زمانی کوردی شەڕی خاکمان کرد.

 

تەوار پێنجوێنی

گەرمیان- یوسرا ڕەجەب کەمەر، کاندیدی سەربەخۆ، ژمارە ٢٣ لە بازنەی پێنجی پارێزگای سلێمانی، بۆ جاری دووەمە وەک خۆی بەربژێر کردووە، یوسرا لە خولی چوارەم، چوار ساڵی ڕابردوو پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ بووە، چەندین کاری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، داکۆکیکردن لە مافی ژنان و گەشتنی ژنان بە کایەی سیاسی، یاساکانی پەیوەست بە ژن و منداڵ، مافە دەستورییەکانی گەلی کورد و قوتی خەڵک کردووە، وەک خۆی دەڵێت تاکە کاندید بووە کە بە زمانی کوردی داکۆکیکاری گەلی کورد و گەلانی عێراق بووە.

حزبەکان بەرژەوەندی خۆیان پێش بەرژەوەندی گەل داناوە

یوسرا باسی لەوەکرد ماددەی ١٤٠ کە هەموو پارتە سیاسییەکان بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن، لە پەرلەماندا هەوڵی جێبەجێکردنیان داوە، بەڵام هەندێک حزب کە باس لە کوردبوون و دەوڵەتی کوردی دەکات لەپێناو پلە و پۆست و بەرژەوەندی خۆی، بەرامبەر بە عێراق سازشی لێکردووە، هەروەها بە جدییەوە لەگەڵ هەندێک پەرلەمانتاری دیکە کاریان کردووە تا کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت فەراهەم بکرێت، بۆ ئەمەش چەندین ڕێگری هاتە بەردەممان

 

سەبارەت بە پێگەی ژنان وتی: لە پەرلەماندا کارمان لەسەر پێگەی ژن کرد لە کۆمەڵگە و سیاسەتدا، ڕاستە ئێشتا وەک هەبوون ژنان پێشکەوتوون بەڵام لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا ژن بوونی نییە و دۆخی ژنان لە بارێکی خراپدایە، یوسرا ئاماژەی بەوەشدا کە لە عێراقدا کار دەکرێت تا دوای جیابوونەوە منداڵ بدرێتە باوک، ئێمە پێداگری و شەڕی زۆرمان کرد تا جێبەجێ نەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووی پەرلەمان ئاماژە بەوەدەکات هەوڵمان زۆردا و هەندێک لایەنی سیاسی بوونە ڕێگر تا هەوڵەکانمان بۆ گەل سەربگرێت، بۆیە هەستمان بە گرنگی دووبارە خۆهەڵبژاردنەوەمان کرد تا بتوانین کارە تەواونەکراوەکانمان تەواو بکەین، جێی ناهێڵین بۆ کەسێک کە دەزانین ناتوانێت بەڕێوەی ببات.

 

"پەدەکە ڕێگە نادات کار لەسەر قوربانیانی شەڕ و داگیرکاری بکرێت"

دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی چەندین ساڵە و ماوەی ٦ مانگیشە بەشێوەیەکی چڕ هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان و سەروەری خاکی عێراق پێشێلدەکات، یوسرا باس لەوەدەکات چەندین جار لە پەرلەمانی عێراق داوایان کردووە کە سنورێک بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دابنرێت، بەڵام لەلایەن پەرلەمانتارانی لیستی پەدەکەوە هێرش کراوەتە سەریان "دوو کابینەی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی بە جدی کار لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نەکراوە تا تورکیا بوەستێنرێت، داوامان کردووە کە لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی شەڕ و هێرشەکان بدەنەوە و لقی لیژنەکان جگە لە هەولێر، لە دهۆک و سلێمانیش هەبن و بەپێی یاسا ئەوەمان جێبەجێکرد سەرەڕای ئەوەی فراکسیۆنی پەدەکە دژی ئەمە بوو.

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو وتیشی: قازی ئەحمەد، بەرپرسی دۆسیەی قەرەبووی کوردانی هەرێمی کوردستان، چەندین جار ئاماژەی بەوەدا کە دەمانەوێت بچینە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە ڕێگەمان پێنادرێت لە هەولێر دابەزین، لە پەرلەمانیش پرسیارم کردووە کە ئایا حکومەتی هەرێم بۆ ڕازیکردنی دڵی چ دەوڵەتێک ئەم ڕێگرییە دەکات.

 

یوسرا سوپاسی هاوڵاتیانی کرد کە پشتیوانییەکی سەرەکین بۆ بەردەوامیدان بە کارەکانی، وتیشی: بەڵێن دەدەم بە دەنگدەرانم کە تەواوکەری کارەکانم دەرۆم ئەو کارانەی تەواومان نەکردووە تەواوی دەکەین و ڕێگەنادەین لەدوای ئێمە، پەرلەمانتارانی حزبەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵەکانمان بۆ گەل هەڵبوەشێننەوە، خزمەتی زیاتر دەکەین و لە خزمەتی گەلی خۆمان دەبین.

 

ت.پ