زیانە تەندروستی و ژینگەییەکانی سووتانی زبڵ و خاشاک

ڕیسایکلین پرۆسەیەکە تیایدا پێکهاتەی زبڵ و خاشاکەکان لە یەک جیادەکرێنەوە و دوبارە سودیان لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان نەبۆتە خاوەنی کارگەیەک کە چارەسەری ئەو ڕێژە زۆرەی خاشاک بکات لە شار و شارۆچکەکانیدا.

 

شیلان محەمەد

سلێمانی – سووتانی زبڵ و خاشاکەکانی شار لە ڕووی تەندروستییەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ توشبوونی دانیشتوان بە نەخۆشیە مەترسیدارەکانی وەک کۆلێرا، پەتا، نەخۆشی سییەکان و شێرپەنجە کە لە هەموویان مەترسیدارتر و بەربڵاوترە، هەروەها بۆ ئایندە ئەو سووتانە دەبێتە مەترسییەکی گەورە لە ڕووی پیسبوونی ژینگە بە گشتی، و بە هۆیەوە هاوسەنگی ژینگەی جیهان تێکدەدات.

 

پاشماوەکان نزیکەی نیوەی پێداویستییەکانە

بە پێی سەرچاوەکان، پاشماوەی دانیشتوانی باشووری کوردستان نزیکەی نیوەی پێداویستیەکانیان دەبێت و بەشێکی خواردنەکانیان دەبنە پاشماوە، بەو هۆیەشەوە پاشماوەی کۆڵان و گەڕەک و شار و شارۆچکەکان ڕێژەکەی لە بەرزبوونەوەدایە و پێویستە ڕۆژانەش ئەو پاشماوانە دووربخرێنەوە، بۆ پاراستنی پاکوخاوێنی و دیمەنی ناوچەکەش بپارێزرێت، لە ڕابردوودا کاتێک خۆڵ و خاشاکی شاری سلێمانی کۆدەکرایەوە لە تانجەرۆ بە شێوەیەکی نا تەندروست لە ناودەبران و دەسوتێندران دواجار دەبوو بە زیان بۆ ژینگەی سلێمانی، بەڵام ئێستا کاتێک زبڵ و پاشماوەکان کۆدەکرێتەوە جارێکی دیکە بەکار دێتەوە.

 

کارگەکانی ڕیسایکلین لە باشووری کوردستان

 لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە کاتی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حوکمەتدا یەکێک لەو پرۆژانەی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە دروستکردنی چەند کارگەیەکی ڕیسایکلین بوو لە ئاکرێ، دهۆک، سلێمانی و هەولێر، هەتا ئێستاش هیچ یەک لەو کارگانەی کابینەی نوێ دەستبەکار نەبووە، لە سلێمانی تەنها کارگەیەکی کەرتی تایبەت بە ناوی کارگەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی ڕەق لە سلێمانی دەستی بەکارکردووە بۆ بە تۆز کردنی پاشماوەکان.

ئەم کارگەیە لە توانایدا هەیە چارەسەری خۆڵ و خاشاکی سەنتەری شاری سلێمانی بکات بە بڕی نزیکەی ١٢٠٠ تەن لە ڕۆژێکدا، لە کارگەی چارەسەکردنی خۆڵ و خاشاک هەموو جۆرە زبڵیک وەردەگیرێت، وە بە سێ قۆناغی سەرەکیدا تێدەپەڕێت بۆ چارەسەرکردنی.

یەکەم قۆناغ چارەسەری میکانیکی سەرەتاییە کە جیاکردنەوە یاخود چونیەک کردنی ماددەکانە لەسەر بنەمای قەبارەیان، پاشان چارەسەری بایۆلۆجی دەکرێت، بەجۆرێک ئەو ماددەیەی دەگاتە ئامێرەکان بە گشتی زیاتر لە نیوەی ئاو و تەڕاییە، لە چارەسەری بایۆلۆجیدا ئەو تەڕاییە لادەبرێت یاخود وشک دەکرێتەوە.

پاش وشککردنەوە قۆناغی سێیەمە، کە چارەسەری میکانیکی پێشکەوتووە، لەم قۆناغەدا ئەو پاشماوەیەی لە کارکەوتوو بێت جیادەکرێتەوە، ئاسن و کانزاکانیش بە جیاواز دەکەونە ئامێرەکانەوە، لە کۆتایدا ئەو بەرهەمەی کە دەست دەکەوێت بریتییە لە ئاڕ دی ئێفRDF - ، کە سوتەمەنی جێگرەوەیە و دۆستی ژینگەیە.

 

پێش دوو ساڵ لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بەوەدا کابینەی نوێ بایەخ بە دامەزراندنی کارگەی ڕیسایکلین لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم دەدات بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ هەتا ئێستا هیچ کارگەیەکی ڕیسایکلین لە هەرێم بە فەرمی بنیاد نەنراوە، بە شێوەیەکی گشتی لە باشوری کوردستان ناتەندروستانە مامەڵە لەگەڵ خۆڵ و خاشاکدا دەکرێت و شوێنی فڕێدانی پاشماوەکانیش پارێزراو نییە و زیانی زۆری هەیە بۆ ژینگە و تەندروستی هاوڵاتیان، دەکرێت لە ڕێگەی زیادکردنی کارگەی ڕیسایکلین کێشەی زبڵ و پاشماوەکان چارەسەر بکرێت و ژینگە بپارێزرێت لە نەخۆشی و زیانەکانی.

 

ت.پ