وەفا بەلەدی خۆشەویستی خۆی بۆ دەریا دەکاتە پەیامێکی خۆبەخشانە

وەفا بەلەدی سەرکردایەتیی کەمپینەکانی پاککردنەوەی کرد، کە بەشدارییان کرد لە باشترکردنی دیمەنی ژینگەیی، لە ڕێگەیانەوە هەوڵی دا پەیوەندیی دانیشتووان بە دەریا و کەناراوەکانیانەوە بگەڕێنێتەوە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- لە گۆشەیەکی ئارامی گەڕەکەکانی باشووردا، لەو شوێنەی دەریاو وشکانی یەکتر دەگرن، ئەزموونی وەفا بەلەدی وەکو نەمونەیەک بۆ کاری خۆبەخشی دەردەکەوێت کە هەوڵی هێنانەدیی گۆڕانکاری لە ڕاستی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیدا دەدات، بڕیاری دا خۆشەویستیی خۆی بۆ شوێنەکە بگوڕێت بۆ دەستپێشخەریی مەیدانیی بەردەوام، پاراستنی هێڵی کەناراوەکانی کرد بە بەرپرسیارێتییەک کە لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکەی بەشی دەکات.

 

چیرۆکی وەفا بەلەدی، کە دەرچووی قوتابخانەی باڵای بازرگانیی ئەلیکترۆنییە، بە بیرۆکەیەکی سادەوە دەستی پێکرد، بەڵام ئارەزووی هێنانەدیی گۆڕانکارییەکی بەرجەستەی لە خۆدا هەڵگرتبوو، وتی: بیرۆکەکە ئەوە بوو شوێنێکی فەرامۆشکراو و پڕ لە خۆڵوخاشاک هەڵبژێرین و پاکی بکەینەوە تا ببێتە شوێنێکی ئارام، سوودی لێ وەربگرین بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکی هونەری یان وەرزشی.

 

لەم دەستپێشخەرییە تاکەکەسییەوە، کەمپینەکانی پاککردنەوە لە ناوەڕاستی شارۆچکەی ”حەمام ئەنف” دەستیان پێکرد، کە تەنها لە لابردنی خاشاکەکاندا کورت نەبووەوە، بەڵکو گەشەی سەند بۆ ئەوەی چالاکیی هوشیارکردنەوەش بگرێتەوە بە ئامانجی چەسپاندنی کولتووری پاراستنی ژینگە.

 

وەفا بەلەدی کاری کرد لەسەر ڕاکێشانی خۆبەخشان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی داواکاریی بەشداری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەرکەوتوو بوو لە کۆکردنەوەی کۆمەڵە کەسانێک کە بەشدارییان کرد لە گۆڕینی دەستپێشخەرییەکە بۆ کارێکی بەکۆمەڵی بەردەوام، ئیتر هەڵمەتەکان نەبوونە چالاکییەکی وەرزی یان بۆنەیەکی تێپەڕ، بەڵکو بوونە زنجیرەیەک لە دەستپێشخەریی مەیدانی کە ژمارەیەک لە خۆبەخشان تێیدا بەشدار دەبن.

 

خاوەنی چەتر

وەفا بەلەدی ئاماژەی بە ئەزموونی خۆی کرد لە ”سەیرانگای شین” لە شارۆچکەی حەمام ئەنف، لەو شوێنەی خۆبەخشەکان کاریان لەسەر دروستکردنی زبڵدانی دۆستی ژینگە کرد، بە بەکارهێنانی کەرەستەی دووبارە ڕیپۆسێسکراو، لەوانەش پلاستیک، کاغەز و تایەی کۆن، تایەی بەکارهاتووی ئۆتۆمبێلەکان گۆڕدران بۆ زبڵدان، دوای پاککردنەوە، بۆیاخکردن و ڕازاندنەوەیان.

 

وتیشی: لەو کاتەوە تا ئێستا ئێمە کار دەکەین و زیاتر بەرەو پێش دەچین، هیچ ڕۆژێک نەوەستاوین، تەنانەت کاتێک کەمپینی پاککردنەوەشمان نەبێت، کار لەسەر دروستکردنی ئەو ئامێرانە دەکەین کە هاوکاریمان دەکەن لە ئەرکە خۆبەخشییەکانماندا، بێژنگێکی دەستیمان بە هاوکاریی ئاسنگرێکی ناوچەکە دروست کرد، هەروەها زبڵدانی ئاسنیشمان دروست کرد لە ڕێگەی بڕینی هەندێک بەرمیل بۆ دوو کەرت و زیاکردنی دەسک بۆیان، پاشان لەسەر درێژایی کەناراوەکانی حەمام ئەنف داماننان، هێشتا دە دانەی ترمان لەلایە کە لەسەر هێڵی کەناراوەکانی گەڕەکەکانی باشوور دایان دەنێین.

 

لە چوارچێوەی چالاکییە وەرزشییەکاندا، کۆمەڵەکە یەکەم یاریی تۆپی دەستیان لە بەردەم ”کازینۆی حەمام ئەنف” ڕێکخست، کە شوێنەوارێکی مێژوویی و ناسراوە لە تونس، دوای پاککردنەوەی دەوروبەری شوێنەکە، ڕوونی کردەوە، کە کارەکە ڕۆژێکی تەواوی دەخایەند، پاککردنەوە، بێژنگکردنی خۆڵ، ڕزگاربوون لە خۆڵوخاشاکی دەگرتەوە.

 

لە ناخی ئەم ئەزموونە مەیدانییەوە، وەفا بەلەدی ناسناوی ”خاوەنی چەتر”ی بەدەست هێنا، کە لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە ئامادەبوونی ڕۆژانەی بەردەوامی لە شوێنەکانی کاردا، وتی: لە بەیانییەوە تا شەو کارم دەکرد، کاتێک گەرما توند دەبوو، چەترێکم هەڵدەگرت تا بتوانم هاتوچۆ و کار بکەم، لێرەوە چیرۆکم لەگەڵ ناسناوی خاوەنی چەتر دەستی پێکرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنێک چەترێکی لە زیو دروستکراوی پێ بەخشیوە، بە پێزانینێک بۆ ماندووبوونەکانی و بە مەبەستی هاندانی بۆ بەردەوامبوون لە کاری خۆبەخشی.

 

کاری خۆبەخشی بەرپرسیارێتییەکی بەردەوامە

لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی ژنانی تونسی کرد، وەفا بەلەدی داوای کرد بە ورە، کۆڵنەدان و بەشداربوون لە کەمپینەکانی پاککردنەوە و کاری ژینگەییدا چەکدار بن، وتی: پاراستنی پاکوخاوێنیی دەوروبەر گرنگییەکەی لە پاکوخاوێنیی ماڵ کەمتر نییە، بەرپرسیارێتییەکە بەرامبەر کۆمەڵگە و ژینگە.

 

جەختی لەسەر پێویستیی ئەوەکردەوە، کە هەڵمەتەکانی پاککردنەوە و هوشیارکردنەوەی ژینگەیی بە وەرزێکی دیاریکراوەوە نەبەسترێنەوە، بەڵکو لە سەرانسەری ساڵدا بەردەوام بن، هەروەها کەمپینەکانی پاککردنەوە و کەمپینە هوشیارییەکان نابێت وەرزی بن، بەڵکو دەبێت لە سەرانسەری ساڵدا بەردەوام بن، ئێمە سەرنجمان خستە سەر دەریا و کەناراوەکان چونکە وەرزی هاوین و وەرزی دەریایە، بەڵام ئەم کەمپینانە دەبێت لە سەرانسەری ساڵدا بەردەوام بن، چونکە پاراستنی ژینگە بە وەرز یان وەرزێکی دیاریکراوەوە بەستراوە نییە.

 

وەفا بەلەدی لەکۆتایی قسەکانیدا، وتی: کاری خۆبەخشی لە بواری ژینگەییدا بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتییە، داوای لە ژنان کرد بەشداریی چالاکانە لە خزمەتکردنی ژینگە و کۆمەڵگەدا بکەن، جەختی لەسەر گرنگیی کاری بەکۆمەڵ کردەوە لە پێناو پاراستنی دەوروبەر و باشترکردنی ڕاستی ژینگەیی.