بڕینەوەی دارەکان مەترسی لەسەر ژینگە دروستدەکات

پیسبوونی ژینگە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و زیندەوەران، بەهۆی ئەو چالاکییانەی کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات، هەر لە فڕێدانی زبڵ وخاشاکەوە تا بڕینەوەی دارەکان.

سلێمانی

 

ژینگە، ئەو ناوەندە سروشتییەیە کە زیندەوەران بە هاوسەنگی تێیدا دەژین، هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرماندایە و هەستی پێدەکەین وەک گیاندار، بێ گیان، هێزی کیمیایی و چەند هێزێکی تر ژینگە پێکدەهێنن، تێکچوونی هاوسەنگی هەریەک لەمانە کار دەکاتە سەر ژینگە.

 

پیسبوونی ژینگە و هۆکارەکانی

ژینگە بە هۆی کار و چالاکی مرۆڤ و ڕووداوی سروشتی دەکرێت تووشی پیسبوون ببێت، بەمەش زیان بە مرۆڤایەتی دەگەیەنێت، چەند هۆکارێک هەیە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە وەک، بڕینەوەی دارەکان و پیسبوونی ئاو ئەمەش بەهۆی فڕێدانی زبڵ و خاشاک بۆ ناو ڕووبار و دەریاکان، پیسبوونی هەوا لە ئەنجامی زیادبوونی تۆز و خۆڵ و گازەکان و دووکەڵی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەکە زیان بە ڕووەک و مرۆڤ و گیانەوەران دەگەیەنێت، پیسبوونی خاک لە ئەنجامی ئاودانی خاک بە ئاوی زێراب و فڕێدانی پاشماوە کیمیایەکان، زیادبوونی جەنجاڵی بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و ئۆتۆمبێل و چەندین هۆکاری دیکە ڕوودەدات.

 

لە هەندێک وڵاتدا گرنگی بە ژینگە نادرێت و دارەکان دەبڕنەوە بۆ مەبەستی سوتاندن یان بازرگانی کردن پێوەی، کە ئەمەش زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت، بە تایبەت ئەگەر لەلایەن داربڕێکی شارەزاوە ببڕێتەوە، وە ئەگەری ئەوە هەیە لە کاتی بڕینەوەی دارەکان بەر ستوونی کارەبایی بکەوێت و بەمەش ئاگر کەوتنەوە ڕووبدات.

 

هەروەها بەکارهێنانی "زنجیر مۆر" بۆ داربڕین کە مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستدەکات و لەوانەیە بە هەڵەیەک ببێتە هۆی مردنی، مەترسییەکی تری داربڕین کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاژەڵ و باڵندەکان بێ لانە بن، هۆکاری زیان گەیاندنن بە ژینگە.

 

داربڕین دەبێت هۆی زیادبوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، لە هەندێک وڵاتدا گرنگییەکی زۆر بە چاندنی دار دەدرێت، بۆ دەوڵەمەندکردنی سامانی دارستانەکان و پاراستنی ژینگە، وە چاندنی دار کارێکی ئاسانە کە هەموومان دەتوانین ئەنجامی بدەین و سودێکی زۆری هەبێت بۆ ژینگە و مرۆڤایەتی.

 

مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە

پیسبوونی ژینگە چەند مەترسیەکەی هەیە، لەوانە، تەندروستی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە، قەیرانی نەبوونی ئاوی شیرین دروستدەکات، زیادوونی نەخۆشیەکان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرگەهەوای زەوی، لەدەستدانی بە پیتی خاک بۆ کشتوکاڵ.

 

چۆن ژینگە بپارێزین

پاراستنی ژینگە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگەیە، بایەخ و گرنگیدان بە ژینگە لە سەردەمی نوێدا ڕووی لە زیادبوون کرد، چونکە چەندین کێشە و کارەساتی ژینگەیی سەریهەڵدا، بە چەند ڕێگەیەک دەتوانین پارێزگاری لە ژینگە بکەین و نەهێڵین پیس ببێت وەک، زیادکردنی دووبارە بەکارهێنانەوە، گۆڕینی پاشماوەی فڕیدراو بۆ بەرهەمی نوێ، پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان کە ڕێگە نەدەین پاشماوە فڕێ بدرێتە ناو ئاوەوە، کەمکردنەوەی بەکار‌هێنانی پلاستیک، زیادکردنی ناشتنی دار و درەخت و سەوزایی، ئەمانە لەو هەنگاوە سەرەتاییانەن کە دەکرێت هەر تاکێک ئەنجامی بدات و ژینگە بپارێزێت.