"نەبوونی سووتەمەنی بڕینەوەی داری زیاد کردووە"

بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی لە وەرزی زستاندا هاوڵاتیان زیاتر ڕوو لە بڕینی دارەکان دەکەن، پسپۆڕێکی بواری ژینگەش دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی لەناوچوونی خاک بوینەتەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە وەرزی سەرمادا داربڕینەوە لە گوندەکان و دارستانەکاندا زیاد دەکات، خراپی بارودۆخی ئابووری و نەبوونی نەوت و سووتەمەنی، هۆکارەی سەرەکی دار بڕینەوەیە، کە لەناوچونی دارشتان، ژینگە و پیسبوونی هەوای لێدەکەوێتەوە.

 

ژینۆ خالید، پسپۆری بواری پیسبوونی ژینگە و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ژینگەیەکانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد، کە نەبوونی سوتەمەنی لە ناوچە گوندنشینەکان بووەتە هۆکاری بڕینەوەی دارەکان، دەکرێت بەشێکی بۆ مەبەستی بازرگانی بێت، یان بۆ مەبەستی خۆگەرمکردنەوە بێت لە وەرزی سەرمادا.

 

جێی ئاماژەیە یاسا بۆ بڕینەوەی داری زیندوو چەندین یاسا و باج و سەرپێچی داناوە، بەپێی یاسای ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٢ سزای ئەو کەسانە دەدرێن کە سەرپێچی دەکەن، سزای بڕینەوەی دار لە نێوان ٣ ملیۆن دینار بۆ ٥ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیش، تەنها لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەم/١٢دا، ١٣ کەس بە تۆمەتی بڕینەوەی داری تەڕ و تێکدانی دارستانەکان دەستگیرکراون.

 

گوندنشینان ناچارن داری تەڕ بۆ گەرمکردنەوە ببڕنەوە

نازدار کەریم، گوندنشین، باسی لە بڕینەوەی دارەکان کرد لە نزیک گوندەکان، کە بۆ مەبەستی گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان لە گوندەکاندا پەنا دەبەنەبەر داربڕینەوە، چونکە نەبوونی سوتەمەنی و گرانی نەوت بووەتە هۆکاری ئەوەی گوندنشینان دارەکان ببڕنەوە. لەپاڵ بڕینی داری وشکدا گوند نشینان داری تەڕیش بەکار دەهێنن، بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان، بۆ نانکرد و گەرمکردنی تەنوور، نازدار کەریم وتیشی: لەترسی ئەوەی لەسەر بڕینی دارەکان کەس نەگیرێت، هەنێک لە ماڵەکان ناچار زۆپای دار بەکارناهێنن.

 

ئەو گوندنشینە لە کۆتاییدا وتی: هەبوونی ئەو دارە تەڕانە دیمەنێکی جوان دەدات بە سروشت و پاراستنی ژینگەیە، داواکارین ئەو هاوڵاتیانەی دار دەبڕنەوە بۆ بژێوی ژیانیان و فرۆشتنەوەی دارەکان تەنها داری وشک ببڕنەوە، نەوەک دارە تەڕەکان، ئەو دارە تەڕانە هۆکاری جوانی ژینگەن.

 

"بەپێی یاسا خاوەن پڕۆژەکان ٪٢٥ی پڕۆژەکانیان دەکەنە سەوزایی"

ژینۆ خالید، ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی نەبوونی داتاوە ناتوانرێت ڕێژەی کەمبوون و زیادبوونی دارستانەکان بخرێتەڕوو، هەندێکجار لەڕێگەی وێنە ئاسمانیەکانەوە دەزاندرێت هۆکاری کەمبوونەوەی دارەکان بۆچی دەگەڕێتەوە، وتیشی؛ لە کاتی بۆنەکاندا یان ساڵانە هەڵمەتی نەمام ناشتن ئەنجام دەدرێت، بەڵام گرنگ لەوەدا نیە تۆ چەند دار دەڕوێنی، گرنگ ئەوەیە چۆن تا دەبێتە دارێکی پێگەیشتوو خزمەتیان دەکەیت، چونکە زۆرینەی دارەکان لەسەرەتایی ناشتنیانەوە لەناو دەچێت.

 

ژینۆ خالید ئاماژەی بە یاسای لەبری سەوزکردن بۆ خاوەن پڕۆژەکان کرد، کە هەر خاوەن پڕۆژەیەک دەبێت بە ڕێژەی ٪٢٥ سەوزای لە پڕۆژەکەیدا هەبێت، وتیشی: واباشترە بە پێی بڕی لەناوچوونی کاربۆن بڕیار بۆ سەوزکردنی پڕۆژەکان بدرێت نەک بە ڕێژە دیاریبکەن.

 

"هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی لەناوچوونی خاک دەبێتەوە"

ژینۆ خالید، تیشکی خستەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە ژێر مەترسی لەناوچوونی خاکدان، "خاکی ناوچەی ئێمە خەریکە بەرەو ڕاماڵین دەچێت، ئەوەندە ماددەی خۆراکی تیادانیە تا ڕووەکەکە گەشە بکات، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت ماددەی ئەندامی بۆ خاکەکە زیاد بکەین، پاشان نەمامەکەی تیادا بڕوێنین، چاودێری بکەین و ئاودانی بۆ بکەین".

 

ئەو پسپۆری بواری ژینگەیە هۆشیاری تاکی بە بنچینەی پاراستنی ژینگە دانا و وتی: ئەگەر لە کۆتایی تەمەنیشدا بوویت نەمامێکت بەدەستەوە بوو بینێژە، هۆشیاری تاک بە بەراورد بەساڵی ٢٠١٠ بەرزبووەتەوە، پێویستە هۆشیاری ژینگەیی ببێتە کولتوور و لە ناوەندەکانی خوێندندا بڵاو بکرێتەوە، کە نەمانی ٪٥ی دار لە دارستانەکاندا چ زیانێکی لێدەکەوێتەوە.

 

لە کۆتاییدا ژینۆ خالید، پسپۆری بواری پیسبوونی ژینگە ئاماژەی بەوەدا، ئەرکی لایەنی پەیوەندیدار جێبەجێکردنی یاساکانە، کە ئەو ڕێنماییانەی داندراوە وەک خۆی جێبەجێی بکات، باج و سەرپێچی دابنێت، جەختیشی کردەوە، "چەندێک یاسا هەبێت، ئەگەر تاک هۆشیار نەبێت، دەبێتە هۆکاری لەناوچوونی ژینگەیی".