ساڵانە ئاگری دارستانەکان دووبارە دەبێتەوە... بڵێسەی ئاگر چیای زاگرۆس دەگرێتەوە
ساڵانێکی زۆرە چیاکانی زاگرۆس بە سووڕێکی دووبارەبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانەکەیدا دەناڵێنن، کە بەهۆی لاوازی دەسەڵات و کەمی سەرچاوە و کەمبوونەوەی ڕۆڵی دامەزراوە مەدەنییەکان سووتەمەنییان پێدراوە.
شیلان سەقزی
ناوەندی هەواڵ- هەرچەندە بارانبارینی زۆری بەهار لە چیای زاگرۆس لە سەرەتادا وەک نیشانەیەکی پێشوازی لێکراو بۆ سروشت دەردەکەوێت، بەڵام بارودۆخی کەشوهەوای ئێستا بە خێرایی ڕاستیەکی جیاواز دەردەخات، تا لە بەهاردا ڕووەکەکان چڕتر و گەشاوەتر بن، لە هاویندا زیاتر دەگۆڕێت بۆ یەدەگێکی فراوان و زۆر سووتێنەر، ئەم دژایەتیە لە هۆشدارییە فەرمییەکانی ئەمساڵدا ڕەنگدانەوەی هەبوو.
پارێزگای لوڕستان ڕایگەیاند، کە بارانبارینی باش بەشداری کردووە لە گەشەکردنی ڕووەکی بەرچاو، بەڵام هەمان ئەم بارودۆخانە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە لە چیاکان زیاتر کردووە، بەم شێوەیە چیای زاگرۆس ئەمڕۆ سەوزترە، بەڵام لە هەمان کاتدا لاوازترە، سروشت لە بەهاردا زیندوویی خۆی وەردەگرێتەوە، تەنها بۆ ئەوەی بە یەکەم پریشکی گەرمای هاوین بگۆڕێت بۆ کارەسات.

نەک هەر دارستانەکان دەسوتێن، بەڵکو ژیانی پارێزەرانی سروشتیش لەناو دەچێت، بەشێک لە چالاکوانان و خۆبەخشەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ئاگر یان بەرگریکردن لە ژینگە گیانیان لەدەست دەدەن.
لەسەر ئاستی هۆکارە مرۆییەکان، نەخشێکی دووبارەبووەوە و ڕوون سەرهەڵدەدات؛ سووتانی پاشماوەی بەروبوومەکان (پووش و کۆڵی دروێنە) و دواتر بڵاوبوونەوەی ئاگر بۆ ناوچە سروشتییەکان، لە ساڵی ٢٠٢٥ فەرماندەی یەکەی پاراستنی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاندبوو، کە سووتاندنی پاشماوەی بەروبوومەکانی جوتیاران گرینگترین هۆکار بووە بۆ ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی چیای زاگرۆس.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگر نەک هەر سروشت دەخوات بەڵکو ڕەهەندە سیاسییە بنەڕەتییەکانیش ئاشکرا دەکات، لێرەدایە کە چەمکی "ئیکۆلۆژیای سیاسی" دێتە مەیدانەکەوە، واتە کاتێک پاراستنی دارستانەکان ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە ڕێکخستنی مەدەنی، داوای مافەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و تەنانەت بەرەنگاربوونەوەی بە سیاسیکردنی پرسە ژینگەییەکان.

”کۆمەڵەی سەوزی جیا” لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێکە لە ڕێکخراوە ناحکومییە ژینگەپارێزە دیارەکان، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە چالاکە، بەڵام کۆمەڵەکە و ئەندامەکانی چەندین جار تووشی فشاری ئەمنی بوون، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١١دا هەواڵی دەستگیرکردنی فەرزاد حقشناس، چالاکوانی ژینگەپارێزی بڵاوکردەوە، ساڵی ٢٠١٩ هەڵمەتێکی هاوبەشی سپای پاسداران و ئیتلاعات و پۆلیس بۆ سەر کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵە لە ناوچەیەکی نزیک مەریوان دەستگیرکردنی بە لانیکەم ٢٥ کەسی لێکەوتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بڵاوکرایەوە کە زیاتر لە ٣٥ ئەندامی کۆمەڵەکە لە کاتی کۆبوونەوەی ساڵانەیدا دەستگیرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراون.
ئەم ڕێبازە کە سەرنجی لەسەر ئاسایشە، بەشێکە لە قەیرانی فراوانتر، لە کاتێکدا، پێویستە پاڵپشتی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە و بەهێزکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان بکرێت، لایەنگرانی سروشت ڕووبەڕووی گومان و فشار دەبنەوە.
یادەوەری پێکەوەی چیای زاگرۆس بەتایبەتی لە سنە و کرماشان، پەیوەستە بە ناوی ئەو تاکانەی کە چیتر بە سادەیی وەک چالاکوانی ژینگەپارێزی ناناسرێن، بەڵکو ئێستا وەک "شەهیدانی ژینگە" سەیر دەکرێن، ئەوانەی لە بەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردن لە دارستانەکانی زەوی و دار بەڕوو گیانیان لەدەستدا.
لەسەر ئاستی دەسەڵاتی و بەڕێوەبردن، پرسەکە لە کەموکوڕییەکی تەکنیکی سادە تێدەپەڕێت، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا، کە ئێران بەدەست کەمی کارمەندی تایبەتمەند و نەبوونی بنکەی تایبەت بە فریاگوزاری دارستان و سیستمی لاوازی پاڵپشتی ئاگری ئاسمانی دەناڵێنێت، جگە لەوەش، زۆرجار گروپەکانی ئاگرکوژێنەوە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە گەیشتن بە خێرای سەرچاوە ئاوییەکان یان شوێنەکانی ئاگرکوژێنەوە.
ڕاپۆرتە میدیاییەکان سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی خائیز دەریانخستووە کە هەلیکۆپتەرەکان دوای چەند ڕۆژێک لە کەوتنەوەی ئاگرەکە گەیشتوونەتە شوێنەکە، تەنها دوای فەرمانی ڕاستەوخۆ لە ئاستی باڵای فەرمییەوە ڕەوانە کراون.
لە لوڕستان و ناوچە شاخاوییەکانی دیکە، بەرپرسانی خۆجێیی چەندین جار جەختیان لەسەر پێویستی هەلیکۆپتەری تایبەتمەند و ئاو کردووەتەوە، بۆیە قەیرانەکە تەنها نەبوونی یەک یان دوو ئامرازی لەو جۆرە نییە، بەڵکو نەبوونی سیستەمێکی گشتگیر و پیشەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگری دارستانەکانە، ئەم سیستەمە پێویستی بە پرۆتۆکۆڵی فریاگوزاری دامەزراو، کارمەندانی ڕاهێنراو و هەماهەنگی کاریگەر لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکاندا لەخۆبگرێت.
جگە لەوەش ڕاپۆرتە تەکنیکی و میدیاییەکان تیشکیان خستۆتە سەر کۆبوونەوەی قەرز و دواکەوتنی کارگێڕی، ئەو هۆکارانەی قەیرانەکەیان زیاتر کردووە، لەبری دانانی سیستمی وەڵامدانەوەی خێرا و کاریگەر، هەندێک لە بەرپرسان پێیان باشترە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان بگەڕێننەوە بۆ هەڵسوکەوتی جوتیاران، کەمتەرخەمی هاوڵاتیان، بای لەناکاو، بەڵام ڕاستییەکان ئەوە دەردەخەن کە سووتانی پاشماوەی بەروبوومەکان، درێژخایەنی وشکەساڵی، نەبوونی پشتیوانی ئاسمانی، دواکەوتنی هاتنی هاوکارییەکان و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆبەخشە ژینگەپارێزەکان هەموویان بەشداربوون لەم کارەساتەدا.
لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا ٦٩٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە سرووشتییەکان تۆمار کراوە، ئاگرەکە ٤٦٠ هێکتاری ناوچەی جەیزی سووتاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەزار و ٧٠٤ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە و زیاتر لە ١٢ هەزار هێکتار زەوی سروشتی کاریگەری لەسەر بووە.