پیسبوونی ژینگەی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

غەززە کە لەژێر هێرشدایە، هێشتا بە بەردەوامی ژینگەکەی پیس دەبێت، سابرین ئافانه، چالاکوانی بواری ژینگه ڕایگەیاند، ژنان هەوڵ دەدەن لە هەموو بارودۆخێکدا ژینگە بە پاکی ڕابگرن.

ڕەفیف سەلیم

 

غەززە-غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کراوەتە سەر، ئەو شارە ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی مرۆیی بووەتەوە، جگە لەوەش قەیرانی ژینگەیش سەریهەڵداوە، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا، ئاوەڕۆ تەقینەوە و داروپەردوو و پاشماوە و دارە بڕاوەکان و زبڵ و خاشاک کە لە ژینگەدا بڵاوبوونەتەوە، تەندروستی زیندەوەران دەخاتە مەترسییەوە.

 

سابرین ئافانه، چالاکوانی ژینگەیی ڕایگەیاند که غەززه دوای تۆپباران و هێرشەکان  پیسبوونی ژینگەیی لێکەوتووەتەوە.

 

هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە زیادی کردووە

سابرین ئافانە ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا سوتەمەنی نەگەیشتووەتە ئەو شارە و هەر بۆیەش ئاو لە ماڵەکاندا نەماوە و وتی: زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکان بڵاوبووەتەوە، منداڵان لەناو ئەو زبڵدانانەدا دەژین و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی لەناو منداڵاندا، لەم دواییانەدا لە شارەکەدا ژمارەی ئەو حاڵەتانە زیادی کردووە کە بەهۆی نەخۆشییەوە جەستەیان برینداردەبن و گیان لەدەست دەدەن.

 

"نەخۆشی زۆر لە شارەکەدا هەیە"

سابرین ئەفانە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێش هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەم زۆرێک لە پڕۆژەکان بۆ ژینگەیەکی پاک و پاراستنی هاوسەنگی ئیکۆلۆژی ئەنجام دەدران بەڵام لە ناوەڕاستی شەڕەکەدا دۆخی ژینگەیی خراپتر بوو و وتی: دۆخی ناوچەکانی باشوور و باکوور، لە کەرتی غەززە جیاوازی نییە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن جۆری نوێ لە مێشوولە پەیدابووە کە تا ئێستا لەوناوچانەدا بوونی نەبووە، نەخۆشیەکانی وەک ئاوسانی جگەری جۆری A، هەوکردنی پەردەی مێشک، سورێژە، سیل و زەردوویی لە نێو دانیشتووانەکەدا زیادیان کردووە، لەغەززە نەک تەنها هەوا پیس بووە، بەڵکو ئاوی ژێر زەوییش پیس بووە، زبڵ زیان بە زەوی دەگەیەنێت و دەچێتە ناو ئاوەوە و تەندروستی گشتی دەخاتە مەترسییەوە.

 

"پیسبوونی ژینگە زیانێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە"

سابرین ئافانه ئاماژی بەوەکرد سەرچاوەی گاز لە غەززە نییە هەر بۆیە ناجارن دار ببڕن، وتی: ئەم دۆخەی ئێستا هەیە ژینگە وێران دەکات و هیچ ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون نییە، لە هەمان کاتدا دوای بۆردوومانەکان، ئەو گازە ڕەشەی کە دروست دەبێت زیانێکی درێژخایەن بە ژیان و سروشت و ژینگە و ئاسمان دەگەیەنێت.

 

"ژنان بەردەوامن لە پاراستنی ژینگە"

سابرین ئافانە باسی لەوەکرد، ژنانی کەرتی غەززە هێشتا سەرقاڵی پاککردنەوەی ژینگەن و وتی: هەموو ئەو ژنانەی لە غەززە چادر دروست دەکەن بەو هیوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا بارودۆخی ژینگە باشتر بێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی کە تیایدا دەژین ڕوویان لە چالاکییەکانی وەک نیگارکێشی و هونەر کردووە.