وڵاتانی ئەوروپی ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی خۆراک دەبنەوە

حکومەتی فەرەنسا تیمێکی قەیرانی پێکهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵییەکی مێژوویی کە زیاتر لە ١٠٠ شارەوانی وڵاتەکە ئاوی خواردنەوەیان کەم بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزیری گواستنەوەی ئیکۆلۆژی کریستۆف بێچو، ئاماژەی بەوەداوە بە تانکەرەکان ئاوی خواردنەوە دەبەنە ئەو ناوچانەی فەرەنسا کە ڕووبەڕووی بێئاوی بوونەتەوە، چونکە بۆرییەکانی ئاوی تیادا نەماوە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فەرەنساش ڕایگەیاندووە کە ئەوە خراپترین وشکەساڵییە تا ئێستا لە فەرەنسا تۆمارکرابێت، بڕیاردراوە کە لە ٩٣ ناوچەدا بەکارهێنانی ئاو سنووردار بکرێت، پێشبینی دەکرێت بۆ زیاتر لە دوو هەفتەی داهاتوو بارودۆخی وشکەساڵی بەردەوام بێت.

 

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، کۆمپانیای دەوڵەتی وزەی EDF ناچار بووە بەرهەمی هەندێک لە وێستگەکانی کارەبای ئەتۆمی کەمبکاتەوە، چونکە پلەی گەرمی ڕووبارەکان زۆر بەرزە و ناتوانێت ساردکردنەوەی پێویست دابین بکات، ترسی ئەوەش هەیە کە وشکەساڵییەکە نزیکەی هەموو ناوچە وشکەکانی فەرەنسا بگرێتەوە و ببێتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی دانەوێڵە، ئەمەش قەیرانی خۆراک کە بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە دروستبووە زیاد دەکات.

 

ئەوروپییەکان لە ئێستاوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکدا کێشەیان هەیە، چونکە هەناردەی دانەوێڵە لە ڕووسیا و ئۆکراینا لەناو بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی جیهاندا زۆر کەمترە لە بارودۆخی ئاسایی.

 

ئەو شەپۆلە گەرمەی کە لە مانگی حوزەیرانەوە ڕووی لە فەرەنسا کردووە، وایکردووە دار و دارستانەکان زوو گەڵاکانیان بکەوێتە خوارەوە، ئەمەش دیمەنێکی دروستکردووە کە وەک پاییز دەردەکەون، خزمەتگوزاری نیشتمانی کەشوهەوای فەرەنسا رایگەیاندووە، لە مانگی تەمموزدا فەرەنسا تەنها ٩.٧ ملیمەتر باران باریوە، ئەمەش وایکردووە کە وشکترین مانگ بێت کە لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٦١ەوە تا ئێستا فەرەنسا ڕوبەڕووی بووەتەوە.

 

کەمی باران کاریگەری لەسەر سێکتەرە جیاوازەکانی ژیان دەکات

وەزارەتی كشتوكاڵ ئاشكرای كردووە، دروێنەی گەنمەشامی كە بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ خۆراكی ئاژەڵ بەكاردەهێنرێت، پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢١ بەڕێژەی ١٨.٥٪ كەمتر بێت، ناوچە سەرەکییەکانی گەشەکردنی گەنمەشامی بریتین لە ئەلزاس لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و لە ئێستاوە دروێنەکردنەکە لە ئارادایە.

 

بەپێی هەواڵێکی بی ئێف ئێم تیڤی فەرەنسی، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ هەناردەی گەنمەشامی لە فەرەنسا و هەنگاریا و ڕۆمانیا و بولگاریا کەمتر بێتەوە بەهۆی شەپۆلی گەرماوە و ئەو قەبارە نزمانەش نرخەکان بەرز دەکەنەوە.

 

ماڵپەڕی Broadcaster TF1 بڵاویکردووەتەوە، ئاژەڵداری لە چیاکانی ئەلب ناچارن ڕۆژانە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە دۆڵەکان دابەزن بۆ کۆکردنەوەی ئاو بۆ ئاژەڵەکانیان، ئەمەش چەند سەد یۆرۆیەک بۆ پارەی سووتەمەنی هەفتانەیان زیاد دەکات.