گەشەپێدان یان تێکدانی ژینگە؟... قەیرانی دارستان و دروستکردنی ڕێگاوبان
قیر لە دڵی دارستان، پڕۆژەیەک بەناوی گەشەپێدانەوە جێبەجێ دەکرێت، خەریکە هەناسە لە گوندی ئورمانات دەبات، چالاکوانانی ژینگەپارێز هۆشداری دەدەن کە دروستکردنی ڕێگای نوێ نەک هەر ژینگەی سروشتی ناوچەکە لەناو دەبات، بەڵکو شێوازی ژیانی گوندنشینەکانش دەگۆڕێت.

سۆما کەرەمی
جوانڕۆ- داربڕینی بێکۆنتڕۆڵ بووەتە ئاڵەنگاریەکی گەورەی ژینگەی، لەگەڵ کاریگەریە توندەکانی لەسەر ئیکۆسیستەمی سروشتی، ساڵانێکە لە گوندی ئورمانات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە بەرهەمهێنانی خەڵوز، ئاگرکەوتنەوە، پاککردنەوەی زەوی بۆ کشتوکاڵ، بیناسازی، دروستکردنی ڕێگاوبان، دارەکان لەناودەبرێن، ئەم پرۆسەیە لە درێژخایەندا، دەتوانێت ببێتە هۆی پیسبوونی ئاو و هەوا و گۆڕانی کەشوهەوا و زیان بە ژیانی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە بگەیەنێت.
چیاکانی زاگرۆس لە گرنگترین شوێنەکانی ئیکۆلۆژی ئێرانن کە جۆرەکانی وەک دار بەڕوو و هۆڵم تێیدا گەشە دەکەن و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی هاوسەنگی سروشتیدا، ڕەگی ئەم درەختانە ڕێگری لە وەرینی خاک دەکات، بەتایبەتی لە ناوچە لێوارەکاندا، بەڵام لەناوچوونیان خاکەکە بەر باران و با دەکات و بەپیتییەکەی تێکدەچێت و شوێنی نیشتەجێبوونی ڕووەک و ئاژەڵەکان لەناو دەبات، ئەم بارودۆخانە دەتوانن ببنە هۆی مەترسییەکانی وەک زەوی لەرزین و زیادبوونی زریانی تۆز.
بۆیە پاراستنی دارستانەکانی زاگرۆس گرنگییەکی سەرەکیی هەیە، نمونەیەکی ڕوونی ئەم مەترسییە لە ناوچەی بزگورەدا دەبینرێت کە لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان پیس و وێران بووە، درێژەدان بەم چەوساندنەوە زیادەڕۆییە دەبێتە هۆی چارەنوسێکی هاوشێوەی ئەو چارەنوسەی کە لە زۆر شوێنی کوردستاندا ئەزمون دەکرێت، کە لەدەستدانی بەشێکی بەرچاوە لە ناسنامەی سروشتی و ژینگەی خۆیان.
"دروستکردنی ڕێگاوبان و بنکە سەربازییەکان"
لە زۆرێک لە بەرزایەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاهۆ و مارخیلەوە تا کۆساڵان و چیای زیران، دروستکردنی ڕێگاوبان و مۆڵگەکان ڕێژەی لەناوچوونی سروشتی بەشێوەیەکی بەرچاو خێراتر کردوە، پێدەچێت ئەم ڕێگایانە بۆ ئاسانکاری جوڵە داڕێژراون، بەڵام بە کردەوە دەرگا بەڕووی چوونە ژوورەوەی بێ سنووری مرۆڤ بۆ ئەو ناوچانە دەکەنەوە کە پێشتر تەنها دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕۆیشتن پێی دەگەیشتن، ئەم گۆڕانکارییە بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وردە وردە لەناوچوونی ئیکۆسیستەم لەم ناوچانەدا.
بێبایەخکردنی بەرپرسان بۆ ئەم ڕاستیە ئەوە دەردەخات کە پێویستیان پاراستنی ژینگە نییە، بەڵکو بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە تەنانەت ئەگەر وا دابنێین کە گوندی بزگورە بەڕاستی پێویستی بە ڕێگا هەیە، ئایا دروستکردنی بنکەی سەربازی و لەناوبردنی هەزاران دار دەتوانرێت پاساو بێت؟
"ئەو ڕێگایانەی ژیان دەخۆن"
نێرگز مورادی، ناوێکی خوازراو چالاکوانێکی ژینگەپارێزی، باس لە پڕۆژەکانی ژێرخانی دەکات و وتی: بە پشتبەستن بە ئەزمونی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکە، دروستکردن و قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکان لە بەشێکی ئورمانات، کە یەکێکە لە دوا شوێنە ئیکۆلۆژییەکانی ماوەتەوە، دەکرێت لێکەوتەی گەڕانەوەی نەگەڕاوەی هەبێت، ئەم ناوچەیە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر ناسکتر بووە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستی دەبێتەوە لەگەڵ هاتنی ئۆتۆمبێل و گەشتیارانی بێئاگا لەگەڵ هاتنی ئۆتۆمبێل و گەشتیارانی بێ ئاگا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستی دەبێتەوە، لە لەناوبردنی دارستانەکان و لەناوچوونی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ، تا دەگاتە بیناسازیی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و فڕێدانی خاشاکی ڕێکنەخراو، ئەم گۆڕانکارییە تەنانەت کاریگەری لەسەر شێوازی ژیانی گوندنشینان هەیە، بەو پێیەی زۆرێک لە جوتیاران و ئاژەڵدارەکان واز لە زەوی و ئاژەڵەکانیان دێنن و ڕوو دەکەنە دروستکردن یان بەکرێدانی ڤێلا و سەرقاڵبوون بە چالاکییە بازرگانییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ساڵانێک بێبەشبوون و دوورکەوتنەوەی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشەپێدان وایکردوە هەموو پڕۆژەیەکی شارستانی بە جۆش و خرۆشێکی سەرەتاییەوە پێشوازی لێبکرێت، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی کاریگەرییە ژینگەییەکانی بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پاڵپشتییە سەرەتاییە لە کۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ هۆشیارییەکی قووڵتر سەبارەت بەو زیانانەی کە ئەم پڕۆژە ناپایەدارانە بەسەریاندا هێناوە.
ئەو دوپاتی کردەوە، کە زۆربەی ئەو پڕۆژانە لە پێناو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان جێبەجێ ناکرێن، بەڵکو بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گروپە دیاریکراوەکان و ئامانجی سیاسی یان سەربازییەکانن، ڕێگاوبانەکان لە ڕێگەی دارستانەکانەوە بەبێ هیچ پێویستیەک و هەڵسەنگاندنێکی زانستی دروست دەکرێن و ئیکۆسیستەمی هەستیار لەناو دەبەن.
ئاماژەی بە نمونەیەکی ڕوونی لە گوندی بزگورە کرد، کە دوو ڕێگای جیاواز بۆ ئەم گوندە دروستکرا، پڕۆژەیەک کە سەدان داری بەڕووی لەناوبردوە و ئیکۆسیستەمی ناسک پاڵ ناوە بۆ لێواری قەیران، ڕێگاکە نەک تەنها دارەکان دەبڕێت، بەڵکو ڕێگە بۆ قاچاخچییەکان دەکاتەوە، دەبێتە هۆی وەرینی خاک، سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی لەناو دەبات و ئاژەڵە کێوییەکان ئاوارە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە دارستانەکانی هەزاران ساڵە بوونەتە قوربانی ئەو پڕۆژانەی کە هیچ ئایندە و سوودێکیان بۆ سروشت و مرۆڤەکان نییە، چەندین جار وتوومانە ئەگەر گەشەپێدان ڕاستەقینە بێت و پلانی بۆ دانراوە و ئامانجی خۆشگوزەرانی دانیشتووان بێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین، بەڵام ئەم پڕۆژانە ناڕەواون، لە ئورمانات و جوانرۆ، دەیان ڕێگەی دووبارە و هاوتەریب دروستکراون کە دانیشتووانەکە پێویستیان پێی نییە.
ڕونیکردەوە، کە ڕەنگە ئەم ڕێگایانە لەسەر نەخشە جوان دەربکەون، بەڵام لە ڕاستیدا ژیانی دار بەڕوو و سەرچاوەی ئاو و خاکی بەپیت و تەنانەت بژێوی گوندنشینەکان لەناو دەبەن، ئێمە دژی گەشەپێدان نین، بەڵکو داوای گەشەپێدان دەکەین کە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ سروشت، نەک ناکۆکی لەگەڵیدا هەبێت.
"لەبری دروستکردنی ڕێگاوبان با سەلامەتی هاوڵاتیان و پاراستنی سروشت لەبەرچاو بگرین"
نێرگز مورادی جەختی لەوە کردەوە، کە ئورمانات بە ڕووەکی هەمەچەشن و سروشتی ناوازەیەوە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە پێویستی بە بەڕێوەبردنی بەرپرسیارانە هەیە، نەک پڕۆژەیەک کە وا دەردەکەون کە گەشەسەندنن بەڵام لە ڕاستیدا وێرانکەر بن، لەبری دروستکردنی ڕێگای نوێ و ناپێویست، کە تەنها زیان بە ژینگە دەگەیەنێت و هەڕەشە لە ڕۆشنبیری ناوخۆیی دەکات، پێویستە بودجە تەرخان بکرێت بۆ باشترکردنی سەلامەتی ڕێگاوبانەکانی ئێستا، ڕێکارێک کە ژیانی هاوڵاتین ڕزگار دەکات و فشار لەسەر سروشت کەم دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئامانجی ڕاستەقینە خۆشگوزەرانی دانیشتووان بێت، ئەوا دامەزراندنی بنکەیەکی فریاگوزاری ئاسمانی لە ئورمانات زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی خێرا و کارا لە گوندە دوورەکان لە کاتی قەیرانەکاندا ئەنجامبدرێت، جگە لەوەش ئامێری تەیارکردن و بەهێزکردنی گروپەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ پاراستنی دارستانە بەنرخەکان دەبێت لە پێشینەی کارەکانیدا بێت، شتێک کە تا ئێستا پشتگوێخراوە، لە ئەنجامدا زیانەکانی ژینگەی سروشتی ئورمانات ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە بەرپرسان کاریگەری پڕۆژە بەپەلە لەسەر هاوڵاتی و ژینگە لەبەرچاو بگرن پێش جێبەجێکردنی، و پابەندبن بە یاساکانی ژینگە، گەشتیاری بیرکراوە و بەردەوام زیان بە سروشت ناگەیەنێت، بەڵکو دەتوانێت ئابووری ناوخۆی هانبدات و کوالیتی ژیانی دانیشتووان باشتر بکات.
"ئێمە بەدوای ڕێگایەکی سەلامەتدا دەگەڕاین، نەک سروشت لەناوببات"
حەمیدە ڕەحمانی، ژنێکی بەساڵاچوی هاوڵاتی گوندی بزگورە کە هەموو ژیانی لەوێ بەسەر بردوە، بە جۆش و خرۆشەوە باس لە زێدی خۆی دەکات، کە گوندێکی سەوزە و دەورە دراوە بە کانیاوی زۆر و خانووە تەراسییەکان کە هەموو سەردانکەران سەرسام دەکەن، گوندەکە بە دار بەڕووەوە دەورە دراوە و تا چەند ساڵێک لەمەوبەر تەنها بە دوو ڕێگای خاکی سادە دەتوانرا بگەیتە ئەو گوندە.
وتی: وەک هەر گوندێکی تر خەونمان بە ڕێگایەکی قیرتاوەوە دەبینی کە ئاسانکاری بۆ گەشتکردن بکات و سەردانکەری زیاتر بۆ بزگورە ڕابکێشێت، داواکارییەکەمان سادە بوو، ڕێگایەکی سەلامەت کە بەپێی پێوەرە تەکنیکییەکان دروستکرابێت و پاراستنی سروشت بێت، پێشنیارمان بۆ بەرپرسان کرد کە ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆڕانی ژینگە و ئەنجومەنی گوندەکە بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی پڕۆژەکە بە شێوەیەک جێبەجێ دەکرێت کە خزمەت بە هاوڵاتیان بکات بەبێ ئەوەی زیان بە دارستانەکە بگەیەنێت، بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانەی بوو، زۆرێک لە دارەکان بەبێ بەزەییانە بڕدراون ئەمە بۆ ئێمە بە ئازارە و هیچ شتێک نییە کە بتوانین بیکەین.
لە قسە کانیدا بەردەوام دەبێت، وتی: هەر زیانێک بە سروشت بگات ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانمان دەبێت، ئەمانە زیانێکی قەرەبوو نەکراوەن، گوندەکەمان بەهۆی سروشتەکەیەوە جوانە، گەشتیارانیش لە هەموو لایەکەوە دێن بۆ بینینی، ئەگەر ئەم جوانییە لەدەست بدەین، چیمان دەمێنێتەوە؟
حەمیدە ڕەحمانی باسی لە سەختییەکانی ڕابردو کرد، وتی: گەیشتن بە ڕێگای سەرەکی هەمیشە سەخت و مەترسیدار بوو، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا کە بەفر و سەهۆڵ ڕێگاکانیان گرتبوو، هیچ خزمەتگوزاریەکی ڕێگاوبان نەبوو و ئەگەری کردنەوەی ڕێگاکە نەبوو، لەو بارودۆخانەدا گواستنەوەی نەخۆش بۆ کلینیک یان گەیاندنی منداڵ و بەساڵاچووان بۆ شوێنێکی سەلامەت وەک کابوسێک بوو، تەنها ئەو کەسانە دەزانن کە تێیدا ژیاون لەبەر ئەم هۆکارە، هەندێک کەس ئامادەن دوو هێندە زیاتر لە دارەکان ببڕن، چونکە ساڵانێکە لە دۆخێکی سەختدا دەژین، بەڵام ئەگەر پڕۆژەکە بە بیرکردنەوە جێبەجێ بکرایە و ژینگەی لە پێشینەدا بکردایە، ڕەنگە دارێکی زیاتر ڕزگار بکرایە و ئیکۆسیستەمەکە لە مەترسیدا نەدەبوو.