"ژینگە ئەو ڕووە شارستانیەیە كە ڕووی دەسەڵات دەردەخات"
مامۆستایەكی خانەنشین دەڵێت: سەروەری وڵات پێشێلكراوە و سنورەكان واڵا كراوە بۆ دوژمنان، بە ئارەزووی خۆیان یاری تێدا دەکەن، پێدەچێت میژووی كورد خۆی دووبارە بكاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ژینگەی كوردستان لە ڕووی ئاو و هەوا و نەمانی ڕووبەری سەوزایی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بەرەو مەترسی دەڕوات، هاوكات بەهۆی ڕێگە خۆشکردن بۆ دەوڵەتی تورکیا تا ناوچە سنورییەکان بۆردوومان بکات، لە ماوەی ئەم ساڵدا سەدان دۆنم زەوی دارستانەكانی چیاکان سووتاوە و جگە لەوە بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیا بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان ڕەز و ماڵی گوندنشینەكان بەرەو وێرانی دەچن و دەیان گوندی ناوچە سنوریەكان چۆڵكراون، حكومەتی فیدڕاڵی عێراق لە بەرامبەر ئەو هەموو تاوانەی کە بەرامبەر بە وڵاتەکەی دەکرێت بێدەنگە، ئەمەش سەروەری وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
"تورکیا و دەسەڵاتدارانی باشوور لە ژێر ناوی جیاواز ژینگەی باشوور لەناو دەبەن"
شلێر عەبدولمەجید، مامۆستای خانەنشین لەبارەی تێكچوونی ژینگەی باشووری كوردستان و بۆردوومانەكان وتی: پێویستە گەل هۆشیار بێت لە بەرامبەر ئەو هەموو وێرانكاریانەی ئێستا دەكرێت، جگە لەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆردوومانی ناوچەکان دەکات و زەوی و دارستانەکان دەسوتێنێت، جارێکی دیکە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بە ناوی کردنەوەی پڕۆژە و دروستکردنی ناوچەی نیشتەجێبوون ژینگەی باشوور لەناو دەبەن، لە کاتێکدا تەنها سەرمایەداران سودی لێدەبینن و سودی بۆ هاوڵاتیان تیادا نییە، هەروەها بەشێک لەو ئاگرانەی دەکەوێتە کەس خۆی ناکات بە بەرپرسیار و لە ژێر ناوی 'هۆکارێکی نادیار' ڕووداوەکە کپ دەکەنەوە.
شلێر عەبدولمەجید، وتیشی: ژینگە واتە شارستانی وڵات، بەرای من ژینگە ئەو ڕووە شارستانیەیە كە ڕووی دەسەڵات دەردەخات چونكە هەر دەسەڵاتێک ژینگەكەی پاراست واتە ئەو دەسەڵاتە خەمخۆرە بۆ گەل و نیشتمانی، بەڵام ئەگەر ژینگە بەرەو لە ناوچوون برا بەدڵنیایەوە دەسەڵات لێی بەرپرسیارە، كاتێک ناهێڵێت ژینگەی كوردستانەكەی بەجوانی بهێڵێتەوە و بیپارێزێت ئەوە بە دەسەلاتێكی شكستخواردوو دادەنرێت.
"مێژووی کورد لە دووبارەبوونەوەدایە"
شلێر عەبدولمەجید، ئاماژەی بەوەشکرد، كە سەروەری وڵات پێشێلكراوە و سنورەكان واڵاكراوە بۆ دوژمنان بە ویستی خۆیان یاری تیادا دەکەن، ئەمەش یەكێكە لەو حاڵەتانەی كە هیچی كەمتر نیە لە كیمیابارانكردنی باشووری كوردستان و كەمتر نیە لەوەی لە سەردەمی سەدام حسێن بەسەر گەلی کوردا هات، چونکە ئەو داگیرکەرەش بە هەمان شێوەی ئێستا گوندەکانی وێرانكرد، خەڵكەكەی ئەنفال كرد و كوردستانی كردە بیابان، لە پاش ئەو دەسەڵاتە کوردستان هەوڵی دا وردە وردە خۆی سەوز بکات، بەڵام بەهۆی پرۆژەكان، هاوردەکردنی بەنزینی پیس و هەندێک ماددەی بەسەرچوو، هەروەها ناكۆكی نێوان حزبەكان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و دوژمنان هەمان كارەسات بەسەر كورد دەهێننەوە، پێدەچێت مێژووی كورد خۆی دووبارە بكاتەوە.