زاگرۆسانە؛ هەڵمەتێک بۆ گەڕاندنەوەی ژینگە

شیوا ئەحمەدی، چالاکوانی ژینگەپارێز و بەشداربووی هەڵمەتی زاگرۆسانە، دەڵێت: ئەگەرچی هۆکاری لەناوچوونی ژینگە لە دەرەوەی فاکتەرە مرۆییەکان و سیستمە کۆمەڵایەتییەکان نییە کە مرۆڤ خۆی دروستی کردووە، بەڵام هێشتا مرۆڤ خۆیەتی کە دەتوانێت بەرەنگاریی ببێتەوە.

ژوان کەرەمی

 

پاوە- "زاگرۆسانە" هەڵمەتێکە کە هەموو ساڵێک لە ٢٢ی تشرینی دووەم دەستپێدەکات و ٢٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، کە لە شارەکانی دەوری زاگرۆس لەلایەن کۆمەڵەکانی ژینگەپارێزی و چالاکوانانی سەربەخۆ لە شێوەی نەمام چاندن یان هەر چالاکیەکی دیکە بە ئامانجی پاراستنی ژینگەی زاگرۆس بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەمساڵیش ٢٥ کۆمەڵەی ژینگەپارێزی لە میانی بانگەوازێکی هاوبەشدا پاڵپشتی ئەم هەڵمەتەیان کرد و لە بانگەوازی جیادا پلانەکانیان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند.

 

٥ی کانوونی یەکەم لەسەر بانگەوازی کۆمەڵەی لایەنگرانی سروشتی چرۆ" ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان پەیوەندییان بە کەمپەینی "زاگرۆسانە"ەوە کرد و بەشداری و ئامادەبوونی ژنان لەم بەرنامەیەدا سەرنجڕاکێش بوو، کە زۆرینەی ئامادەبووانیان پێکدەهێنا.

 

هاوڵاتیانی پارێزەری ژینگە لە شاری ڕەوانسەر و دەوروبەریەوە وەڵامی ئەم بانگەوازەیان دایەوە و لە چالاکییەکەدا دەیان داری بەڕوو چێندران، ئەم مەراسیمە سێیەم چالاکیی بەکۆمەڵی نەمام چاندنی کۆمەڵەی ئاماژەپێکراوە لەمساڵدا، کە پێشوازییەکی زۆری لێکرا.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، کۆمەڵەی زیوای پاوە، گروپی شاخەوانی باڵوێزی تەندروستی، چالاکانی سەربەخۆ و هاوڵاتیانی پارێزەری ژینگەی شاری پاوە و دەوروبەری، بە هەڵمەتی نەمام چاندن لە دارستانەکانی ناوچەی "سەردرە"ی پاوە، بەشداری کەمپەینی زاگرۆسانە بوون.

 

بەشداربووانی ئەم چالاکییە لە دارستانەکانی "سەردرە"، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەست بوونەتەوە، نەمامی دار بەڕوو و بادەم و دارونیان چاند.

 

ئامانجیان بەخشینی ژیانە بە ژینگەی زاگرۆس

شیوا ئەحمەدی، یەکێک لە بەشداربووانی هەڵمەتەکە، باسی لە بانگەوازییەکەی کۆمەڵەی ژینگەپارێزی زیوای پاوە کرد و وتی: ئەوانەی ئارەزووی پاراستنی ژینگە و دارستانەکانی زاگرۆسیان هەیە بەشداریان لەم چالاکییە بە کۆمەڵەدا کردووە، پێشبینیم نەدەکرد ئەوەندە بەشداری زۆر بێت و پێشوازییەکی باشی لێبکرێت، جگە لەو ژمارە زۆرەی خەڵک کە ئامادەبوون، هەماهەنگی و دیسیپلینی بەرنامەکە جێگەی دەستخۆشی بوو، ئەوەندە بەسەر کە بیر لەوە بکەیتەوە، ئەم دار بەڕووی ئێستا دەیچێنین، سبەینێ دەگۆڕێت بۆ نەمامێکی جوان کە جوانی ئەم سروشتە چەند هێندە دەکات.

 

شیوا ئەحمەدی سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە پاراستنی ژینگە و وتی: ئەگەر تۆمەتبار نەکرێم بە دەمارگیری فێمینیستەکان، دەمەوێت بڵێم "ژن و ژینگە" دوو وشە و چەمکی جیانەکراوەن، ئێستاش دەبینن ژمارەی بەشداربووانی ژنان لە پیاوان زیاترە و بە جۆش و خرۆشێکی زیاترەوە سەرقاڵی ئەو کارە بەکۆمەڵەن، ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەکی بنەڕەتیتر لە نێوان ژنان و ژینگەدا، ڕاستە ئەو کارە کردەییەی کە دەکرێت کارێکی قورس نییە و دەبێت چاڵێکی بچووک هەڵکەنین، بەڵام تەنانەت بۆ هەڵکەندنی ئەم چاڵە و چاندنی دارێکی بەڕوو یان نەمامەکەی، ژنان هەستێکی زۆریان هەیە و بە حەزێکی گەورەوە ئەنجامی دەدەن.

 

لە کۆتاییدا شیوا دەربارەی ئامانجی هەڵمەتەکە وتی: ئامانجی ئێمە لەم کارە بەکۆمەڵە زیندووکردنەوەی سروشت و بەخشینی ژیانە بە ژینگەی زاگرۆس، لە ڕێگەی ئەم جۆرە چالاکییانەوە بەنیازین و دەتوانین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕۆڵی زیندووکردنەوەی سروشت ببینین، ساڵانە بە ئاگری مەبەست یان بە هۆی خۆمان و فاکتەرە مرۆییەکانەوە، سروشت بە داخەوە لەناودەچێت، بەڵام ئەم جۆرە چالاکی و بەرنامانە، بە پێچەوانەی ئەو وێرانکاریانە، دەبێتە هۆی بوژانەوەی سروشت. ئەرکی هەموو مرۆڤێکە بەم شێوەیە هەنگاوێک بنێت و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نییە، ژن و پیاو، پیر و گەنج و منداڵ، هەرکەسێک دەتوانێت ئەو جۆرە کارانە بکات.