بەڵێن دەدرێت تا ساڵی ٢٠٤٠ کۆتایی بە پیسبوونی پلاستیک بهێنرێت

وەزیرانی ژینگە و کەشوهەوای ئەندامی "جی-٧" ئامانجیان داناوە کە تا ساڵی ٢٠٤٠ کۆتایی بە هەموو پیسبوونێکی نوێی پلاستیکی لە وڵاتەکانیان بهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزیرانی ژینگە و کەشوهەوا لە "جی-٧" لە شاری ساپۆرۆ لە باکووری ژاپۆن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ گفتوگۆیان کرد، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە چیتر ڕێگە بە پیسبوونی ژینگە نادەن بە پلاستیک.

 

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزیرانی ژینگە و کەشوهەوای "جی-٧"ی وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان ڕێکەوتوون و ڕایانگەیاندووە "ئێمە پابەندین و لەگەڵ نەهێشتنی پیسبوونی پلاستیکین، بەو ئامانجەی تا ساڵی ٢٠٤٠ ڕێژەی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک کەم بکەینەوە بۆ سفر".

 

لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە، قۆناغ بە قۆناغ کۆتای دەهێنین بە پلاستیکەکان. ئەمەش بە بەرەوپێشبردنی بەکارنەهێنانی بەردەوامی پلاستیک و پێشخستنی بەشداریکردنی لە ئابووری و بەڕێوەبردنی پاشماوەی ژینگەیی بە شێوەیەکی دروست بەدی دێت.

 

ستیفی لیمکی، وەزیری ژینگەی ئەڵمانیا دوای دانوستانەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ستایشی بەڵێنە نوێیەکەی کرد، سەبارەت بە چارەسەری پیسبوونی پلاستیک و بە "ئامانجێکی گەورە" ناوی برد.

 

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو ئەڵمانیا، فەرەنسا، کەنەدا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا بەڵێنێکی هاوشێوەیان دا، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ئەندامانی  جی-٧، هاوکات ژاپۆن و ئەمریکا و ئیتاڵیا لەخۆدەگرێت، وادەی ساڵی ٢٠٤٠ دیاری کردوە بۆ ناهێشتنی پیسبوونی ژینگە.

 

پاشماوەی پلاستیک لە جیهاندا لە ماوەی ٢٠ ساڵدا دوو هێندە زیادی کردووە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، تەنها ٪٩ی ئەم پاشماوەیە بە سەرکەوتوویی دووبارە بەکارهێنراوەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایدەگەیەنێت، تا ساڵی ٢٠٤٠بڕی پلاستیک کە دەچێتە ناو زەریاکانەوە سێ هێندە زیاد دەکات.