"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئەوەی لە عەفرین دەستی پێکرد، لە باشوری کوردستان درێژەی پێبدات"

لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەناوبرد و سوتاندی، دارەکانی دەبڕیەوە و بەشێکیانی بۆ تورکیا دەگواستەوە، ئێستاش چاوی خستووەتە سەر خاکی باشوری کوردستان و هەمان شت دووبارە دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمیش لێی بێدەنگە و ڕێخۆشکەرێکە بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەناوبرد و سوتاندی، دارەکانی دەبڕیەوە و بەشێکیانی بۆ تورکیا دەگواستەوە، ئێستاش چاوی خستووەتە سەر خاکی باشوری کوردستان و هەمان شت دووبارە دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمیش لێی بێدەنگە و ڕێخۆشکەرێکە بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئۆپەراسیۆنە یەک لەدوا یەکەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان بەردەوامە، لە دوای هێرشەکانی بۆ سەر ئاڤاشین، زاپ و مەتینا، هێرشەکانیشی بە چەندین شێواز بەردەوامە، لە ئێشتادا بە چڕی دەستیکردووە بە بڕینەوەی دارستانەکانی باشوری کوردستان و هەوڵی لەناوبردنی خاکی کوردستان دەدات.

ئەمەش بووەتە هۆی بێزارکردن و توڕەکردنی خەڵکی باشوری کوردستان و زۆریان پێیان وایە حکومەت خۆی ڕێگە خۆشدەکات، نەک تەنها تورکیا، بەڵکو ڕێگە بۆ ئێرانیش دەکاتەوە کە وەک تورکیا دەست بە داگیرکاری بکات.

 

 

فەوزیە عەبدولکەریم، سەرۆکی ڕێکخراوی گەڵا و چالاکوانی بواری ژینگە و ئەندام لە بۆردی ژینگەیەکانی سلێمانی-هەڵەبجە، باس لە هەڵمەتی دار بڕینەوەی دارستانەکانی باشوری کوردستان دەکات کە لەلایەنی دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت.

 

فەوزیە دەڵێت: ئەو تاڵانکردنەی تورکیا ئەنجامی دەدات کارەساتە، تێکدانی سروشتی کوردستان و لەناوبردنی سامانی سروشتیە، تورکیا ئەم ئۆپراسیۆنە بە مەبەست دەکات، و ئەو پەیامە دەدات و دەڵێت من دەتوانم داگیرتان بکەم و کەسیش ناتوانێت هیچ بڵێت، دەوڵەتی تورکیا لە پێشتریشدا سنورەکانی بۆردوومان کرد و زیانی بە جوتیار و دارستانەکان دەگەیاند، تاکە بیانووشی پارتی کرێکارانی کوردستان و گەڕیلاکان بوون، بەڵام دەرکەوتووە کە ئەو دەوڵەتە ئامانجی داگیرکردنی خاکی کوردستان و لەناوبردنی سروشتەکەیەتی.

 

"خاکی کوردستان بێ ساحێبە و گەلەکەی نائومێد بوون"

فەوزیە باس لەوە دەکات بەردەوام دەوڵەتانی داگیرکار هەوڵی لەناوبردنی گوند و زەوی کشتوکاڵی و دارستانەکانی کوردستان دەدەن وەک چۆن لە ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠دا ڕژێمی بەعس گوندەکانی ڕادەگواستە شارەکان تا بتوانن کشتوکاڵ و لادێکانی کوردستان بڕووخێنن و لەناویان بەرن.

 

ئەو ژینگە پارێزە دەڵێت: لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس کورد هیوای بە دەسەڵاتدارە کوردەکان هەبوو کە ژیانێکی باشتر و ئاسایشتریان بۆ دابین بکەن، بەڵام دووبارە و لە ئێستادا تورکیا هەمان شت دووبارە دەکاتەوە و حکومەتی هەرێمیش لێی بێدەنگە، خۆی بە ساحێبی خاکی کوردستان نازانێت.

هەروەها وتیشی "دەبوایە حکومەت کاری بکردایە بۆ دووبارە بوژاندنەوەی لادێکان نەک خۆشی بەشداربێت لە لەناوبردنی وڵاتەکەی، وەک دەبینین حکومەت گرنگی بە لایەنی کشتوکاڵی نادات، هەر بۆیە جوتیارەکانیش بێ بئومێد بوون لە کشتوکاڵ کردن".

 

"بێدەنگی حکومەت ڕێگە بۆ وڵاتانی دراوسێ خۆشدەکات هێرش بکەن"

فەوزیە عەبدولکەریم ئەوەی خستەڕوو، حکومەت ئەگەر بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ نەوتی فرۆشتبێت و داهاتووی چەندین نەوەی لەناو بردبێت، چاوەڕێی ئەوەشی لێدەکرێت کە ڕێخۆشبکات بۆ هاتنە ناوەوەی دەوڵەتی تورکیا تا داگیرکاری بکات.

 

فەوزیە، سەرۆکی ڕێکخراوی گەڵا لە کۆتاییدا دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئەوەی بەسەر عەفرینی هێنا بەسەر خاکی باشووری کوردستانیشی بێنێت، داواش دەکەم چیتر بێ هەڵوێست نەبن لە ئاست داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، چونکە بێ هەوڵوێستیان ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەوڵەتانی دیکەی دراوسێ، وەک ئێران کە چاو ببڕنە خاکی باشووری کوردستان و داگیری بکەن، لە ئێستادا ئێران لە هەوڵی بڕینەوەی داری سەر سنورەکانی پێنجوێنە، دەنگمان ڕێگەگرتنە لە تاڵانکردنی خاکی کوردستان.

 

ت.پ