کار بۆ کەم کردنەوەی دەردانی کاربۆن دەکرێت لە ژینگەدا

لە لوتکەی کەشوهەوا- COP 27یەکێتی ئەوروپا بەڵێن دەدات پابەندبوونەکانی خۆی سەبارەت بە کەشوهەوا زیاد بکات، چالاکوانانیش دەڵێن بەڵێنەکان لە ئاستی بانگەوازییەکاندا نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا-COP27 لە شەرم شێخی میسر بەڵێنیدا کە زیاتر ڕێژەی دەردانی کاربۆن کەمبکاتەوە تا لە ١٠ ساڵی داهاتوودا بگاتە ٪٥٧.

 

فرانس تیمەرمانس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە میانەی کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، ڕێژەی کەمبوونەوەی دەردانی گازی ژەهراوی لە یەکێتی ئەوروپا ناگاتە ٪٥٧ تا ساڵی ٢٠٣٠، لەکاتێکدا تا ئێستا ڕێژەکە ٪٥٥ بووە، وتیشی: مەهێڵن هیچ کەسێک لێرە و لە دەرەوەی وڵات پێتان بڵێت یەکێتی ئەوروپا پاشەکشە دەکات، ڕێگەمەدەن کە پێتان بڵێن قەیرانی ئۆکرانیا خەریکە پابەندبوونەکانی ئەوروپا لەناودەبات.

 

ئەم قسەیەی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لەکاتێکدایە کە دەنگۆی پاشەکشەی یەکێتی ئەوروپا لە پابەندییەکانی بڵاوبووەتەوە و جەختیشی کردەوە، "یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت بەرەو پێشەوە بچێت نەک پاشەکشە بکات".

 

چیارا مارتینلی لە تۆڕی چالاکیی کەشوهەوای ئەوروپا دەڵێت: ئەم زیادبوونە کە ئەمڕۆ لە COP27  ڕاگەیەندرا، وەڵامی بانگەوازەکانی وڵاتانی لاوازتر نییە، کە بەشێکی گەورەی زیانی گۆڕانی کەشوهەوایان بەرکەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر یەکێتی ئەوروپا کە پێشینەیەکی دوور و درێژی لە دەردانی گازی گەرمخانەیی هەیە، ڕۆڵی پێشەنگایەتی نەگێڕێت لە کەمکردنەوەی دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کێ دەیکات؟