لەناوبردنی مێرووەکان و کاریگەرییان لەسەر ژینگە

قڕکەری کشتوکاڵ، کە مێرووەکان لەناودەبات، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە لەناوبردنی دەردی کشتوکاڵ و پاراستنی ڕووەک و زیادبوونی بەرهەمەکان، بەڵام هۆکارێکیشە بۆ پیسبوونی ژینگە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژینگە بەبەردەوامی لەژێر هەڕەشەی هۆکارەکانی پیسبووندایە، لە کۆمەڵێک سەرچاوەی وەک، پیسبوون بە پاشماوەکانی مرۆیی و پیشەسازی، ڕووداوی سروشتی، زیادبوونی ئۆتۆمبێل و هۆیەکانی گواستنەوە، تیشک و قڕکەری کیمیایی، قڕکەری مێرووەکان و دەرمانی کیمیایی، هەروەها یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە لەناوبردنی مێرووەکانە.

 

قڕکەری کشتوکاڵ، کە مێرووەکان لەناودەبات، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە لەناوبردنی دەردی کشتوکاڵ و پاراستنی ڕووەک و زیادبوونی بەرهەمەکان، بەڵام هۆکارێکیشە بۆ پیسبوونی ژینگە.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەمان لە وەرزی بەهار و هاوین جوتیارەکان ڕوودەکەنە کێڵگە کشتووکاڵییەکان بۆ چاندن و دەرمانکردنی بەرهەمەکانیان، دەرمانی قڕکردنی مێرووەکان بەکاردەهێنن بۆ لەناوبردنی ئەو مێرووانەی کە لەسەر لق و پۆپی ڕووەکەکانن، بەڵام ئایا جوتیارەکان ئاگادارن لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دەرمانانە و زانینی ڕادەی زیانەکانی مێرووکوژ؟

 

لەناوبەرە کشتوکاڵییەکان کۆمەڵێک کەرەستەی تێکەڵەی ئاوێتە کیمیاییەکان و ماددە ئەندامییەکان یان نائەندامییەکان و چەندین خاسییەتی تایبەتیان هەیە، کە دەتوانن زاڵبن بەسەر دوورخستنەوە و لەناوبردنی مێرووەکاندا، لەگەڵ ئەو کەرەستانەی کە بۆ ڕێکخستنی ڕووەک یان بە مەبەستی پاراستنی ڕووەکەکان لە هەڵوەرینی گوڵ و بەرەکانیان بەکاریدەهێنن، بەهۆی ئەم کارەوە ژمارەیەکی زۆر مێروو قڕ دەکرێت و لەناودەچێت، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگەی سروشتی دەبێت.

 

زیانەکانی لەناوبردنی مێرووەکان

سەرچاوەی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ژینگە ئاماژەی بەوەداوە، زیاتر لە ٢٥٠ جۆری مێروو خۆڕاگری و بەرگرییان بەرامبەر لەناوبردنی جیهانی مێرووەکان بەدەستهێناوە، هەروەها بەکارهێنانی دەرمانە کیمیاییەکان دەبێتە هۆی کوشتن و لەناوبردنی مێرووی سوودبەخشی وەک هەنگ، وە دەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگەی سروشتی کە ئەمەش کاریگەری خراپیان دەبێت لەسەر ژیانی مرۆڤ، هەندێک جار دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی مرۆڤ و مردنی و تێکدانی هاوسەنگی سروشتی.

 

مێروو و ژینگەپارێزی

هەموو گیانلەبەر و زیندەوه‌رێک ژینگەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و پارێزگاری لێدەکات، یەکێک لەو مێرووانەی کە زۆر گرنگی بە ژینگە دەدات و پارێزگاری لێدەکات مێروولەیە، چونکە زیندەوەرەکان دەخوات و خاکیش شیدەکاتەوە وەک کێڵان تا هەوا بچێتە ناخی خاکەکەوە و دەشبێتە خۆراکێکی گرنگ بۆ زۆرێک لە مێرووەکان و پیتاندنی گوڵ، هەندێکجار دەبێتە هۆی جوڵاندنی ماددە ئۆرگانییەکانی ناو خاک، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە زانکۆی ئەریزۆنای ویلایەتە یەکگرتووەکان لە گۆڤاری زانستی بڵاوکراوەتەوە، پرۆفیسۆر ڕۆناڵد دۆرن دەریخستووە کە مێروولە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوا لادەبات، لەگەڵ ئەوەی سێ مانگ ژیان دەکات.

 

هەندێ لە زاناکان ئەوەیان دەرخستووە کە مێروولە ڕزگارکەری مرۆڤە، چونکە دژە زیندەی سروشتی بەرهەمدێنێت، هەروەها مێروولەی سور ٢٤ کاتژمێر پێش ڕوودانی بوومەلەرزە هەستی پێدەکات.