ژنانی پەنابەری سودان لە کامپەکاندا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە
خراپی دۆخی ژیانی ژنانی کۆچبەری سودان لە کامپەکاندا دەبێتە هۆی لەدەستدانی منداڵەکانیان و ڕووبەڕووی چەندین کارەسات و هەژاری دەبنەوە.
لیبیا
لە کەمپەکانی سەبا لە لیبیا، ژنانی کۆچبەری سودان ڕووبەڕووی چەندین سەختی دەبنەوە، ئازارەکانی مرۆڤ و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەردەوامن، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و کەمی شیر و خۆراکی منداڵ، ئەو قەیرانە کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە هەیە، وادەکات دایکان نەخۆش بکەون و منداڵەکانیان لەدەست دەدەن.
لە هەلومەرجی سەختدا هیواکان لەدەست دەچن
پەنابەری سودانی مەها ڕەحمەتوڵا بە دڵتەنگییەوە باسی لە گیان لەدەستدانی کوڕە سێ ساڵانەکەی کرد کە لە کامپی تیوری ژەهراوی بوو وتی: لەبەر ئەوەی خواردن لە کامپەکەدا کەم بوو، لە هەندێک کەسەوە یارمەتیمان وەرگرت، ڕۆژێک کەسێک خواردنی ئامادەکراوی هێنا و لەبەر ئەوەی برسی بووین، هەموومان ناچار بووین بیخۆین، کە گەڕاینەوە بۆمان دەرکەوت کە منداڵەکەم و منداڵەکانی دیکەی ناو کەمپەکە ژەهراوی بوون، ئەو شەوە، کوڕەکەم پێش ئەوەی تەنانەت بگەینە نەخۆشخانە، مرد، بڕیارماندا چیتر ئەو خواردنە ئامادەکراوانە نەخۆین کە بۆ یارمەتی دێنە لای ئێمە، ئێمە تووشی کێشەی خۆراکین، تەنانەت ئەو خواردنانەی کە وەریدەگرین بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش ناکرێت، خواردن بۆ ماوەیەکی زۆر لە کۆگاکاندا بەجێدەهێڵرێت و دواتر دابەش دەکرێت، بەتایبەت لە کامپەکە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و تەندروست، ژیانی ڕۆژانەی ناو کامپ بۆ منداڵەکان لە ململانێیەک بۆ مانەوە زیاتر نابێت.
منداڵان لەبەرچاوی دایکیاندا گیان لەدەستدەدەن
جۆزەفین سەنتینا لە شەڕی خەرتوم هەڵات و لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی چووەتە کامپی تیوری، بەڵام تەنانەت لێرەش نەیتوانی لەو کارەساتە ڕزگاری بێت، ئاماژەی بەوەکرد، منداڵە سێ مانگانەکەی دوای ئەوەی لە کامپەکەدا لە ئاودا نوقم بووە بەهۆی سکئێشەوە گیانی لەدەستدا، هیچ شوێنێکمان نەبووە ڕووی بکەینەوە. کچەکەم نەخۆش بوو، لەبەر ئەوەی پارەمان نەبوو چارەسەرمان نەکرد. هاوبەشەکەم لەسەر قەرزەکان دەستگیرکرا و منیش بە تەنیا لەگەڵ منداڵەکانمدا مابوومەوە. بەهۆی دواکەوتنی دەوام و بارانەوە تەرمی کچەکەم نزیکەی دوو مانگ لە مردووخانە مایەوە، هیوادارم چارەسەرێک بۆ شەڕەکە بدۆزرێتەوە و بتوانین بە سەلامەتی بژین.
هاوارێک بۆ یارمەتی بەپەلە
فاتمە عەبدول کە گوێی لێ ناگیرێت، هەمان ئەو کێشەیەی کە لەگەڵ منداڵەکانیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە دەربڕی و وتی: ٦ مانگ پێش ئێستا هاتووینەتە کامپەکە، بەڵام بارودۆخی ئێرە زۆر سەختە، چاوەڕێی یارمەتیین بۆ دابینکردنی خواردن و جلوبەرگ، شیریش بۆ منداڵەکان نییە، ناتوانم بچمە تەرابلوس بۆ چارەسەر، بەو پێیەی من پارەم نییە و هاوژینەکەم کار ناکات، دۆخی ئێمە باش نییە، بەهۆی نەبوونی پشتیوانییەوە بێدەسەڵاتم و من و منداڵەکانم پێویستمان بە هاوکاری بەپەلەیە.
ئەم بۆچوونانەی ژنان نیشاندەری ئاستی سەختی ڕووبەڕووی ژنانی کۆچبەری سودانی دەبنەوە کە لە کامپی سەبها دەژین و بۆ ئەوەی دۆخەکەیان باشتر بێت، پێویستە چارەسەر بدۆزرێتەوە.