ژنانی غەززە لەپێناو ژیاندا کێڵگەکانی مردن دەبڕن
لەناو داروپەردووی شەڕو برسێتییەک کە باکووری غەززەی خنکاندووە، شوروق سەعدوڵا وەک دەنگی مانەوە هەڵدەستێت، دایکێک کە هاوژینەکەی لەدەستدا و ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و برسێتی و گوللـە بووەوە، بۆتە هێمای خۆڕاگری ژنان کە بۆ ژیانی منداڵەکانیان تێدەکۆشن.
نەغم کەراجە
غەززە – لەو شەڕەدا کە ژیانی فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززەی پێچەوانە کردەوە، ژنان تەنها زیانبەرکەوتووی گەمارۆ و بۆردوومان و ئاوارەبوون نەبوون، خۆیان بینیەوە کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی برسێتی و مردن و بەرپرسیارێتی قورس بوونەتەوە.
لە نێو ئەو هەزاران ژنەی کە بە ناچاری ڕۆژانە شەڕ بۆ مانەوە ئەنجام دەدەن، چیرۆکی شوروق سەعدوڵا دیارە، دایکی سێ منداڵە، لە ژنێکەوە کە بەدوای پارێزراوی خێزانەکەیدا دەگەڕێت، گۆڕا بۆ شەڕکەرێک بۆ بژێوی ژیان، سەرپێچی لە فیشەک و برسێتی دەکات لەکاتێکدا بارگرانییەکانی هەموو خێزانەکەی هەڵدەگرت.
شروق سەعدوڵا تەمەن ٣٢ ساڵ، لە کامپی پەنابەرانی جەبەلیاوە ئاوارە بووە بۆ چادرێک لە ڕۆژئاوای شاری غەززە. لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٤ هاوژینەکەی لەدەستدا، لەکاتێکدا هاوژینەکەی هەوڵیدا لە ڕێگەی دەروازەی نەتزەریمەوە بگەڕێتەوە باکووری غەززە، زیانەکە تاکە لێدانی دڕندانە نەبوو، تەنانەت نەیتوانی بۆ دواجار بیبینێت و ماڵئاوایی لێ بکات، لە باشووری کەرتی غەززە بە خاک سپێردرا لە کاتێکدا ئەو ژنە لە باکوور گیری خواردبوو، لەناو شەڕێکی بێوچاندا لەگەڵ سێ منداڵەکەیدا خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی بژین.
خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی دووبارە ئاوارەبوون و کەمی داهات و ململانێی ڕۆژانە بۆ خۆراک و ئاو بووەتەوە، لەگەڵ خراپتربوونی برسێتی لە باکووری غەززە لە چەند مانگی ڕابردوودا و کەمبوونەوەی یارمەتییە مرۆییەکان، هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لەوەی بەرەو خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان بچێت کە فەڵەستینییەکان بە "خاڵی مردن" ناویان ناوە بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییە زۆرانەی لە نزیکیان ئەنجامدراون.
شروق سەعدوڵا وتی: من نەمدەویست بەدوای شتەکانی خۆشگوزەرانی یان شتێکی تردا بگەڕێم کە لە دەرەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانمان بێت، دەڕۆیشتم، چونکە منداڵەکانم برسی بوون، چوومە دەرەوە و دەزانم ڕەنگە نەگەڕێمەوە، بەڵام دەمزانی مردن لە برسێتی لەناو چادرەکەدا زۆر خراپترە لەوەی ڕووبەڕووی فیشەک ببمەوە لەسەر ڕێگا.
هەر جارێک بەرەو خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان دەڕۆیشت، لەنێو هەزاران پیاودا کە بەدوای کیسەیەک ئارد یان هەندێک خواردنی قوتوودا دەگەڕان، دەستی بە گەشتێکی مەترسیدار دەکرد.
ئەو یەکێک لە ترسناکترین ساتەکانی ژیانی بەبیر دێنێتەوە کاتێک چووە ناوچەی نابلسی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، ئەو ڕێگایەی کە بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری مرۆیی دەیگرنەبەر، لەوێدا گەڕان بەدوای خواردندا لە ماوەی چەند خولەکێکدا گۆڕا بۆ دیمەنێکی خوێناوی.
وتی: لەناکاو بۆردوومانی توندی فڕۆکەکان و تەقەی قەناس بەدەستەکانی تانکەکان دەستیپێکرد، دەیان کەس لە دەوروبەرم کەوتنە خوارەوە، دیمەنەکە لە بەرگەگرتنی مرۆڤ زیاتر بوو، لە هەموو شوێنێک تەرمەکانم بینی کە کەوتبوون، زیاتر لە دوو سەد کەسیش لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کەوتنە خوارەوە.
جەختی لەوە کردەوە، کەلەسەر زەوی پاڵکەوتبووم، بەتەواوی بە خۆڵ داپۆشرابووم، بینیم دەمی قەناس بەدەستەکە ڕاستەوخۆ ئاراستەی کردم، لەو ساتەدا، حیجابەکەم بە دەستم بەرزکردەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە ژنم، پێم وا نەبوو لە ژیاندا بم، پێموابوو ئەوانە دوا ساتەکانمن.
شروق سەعدوڵا لەو ڕۆژەدا، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕزگاری بوو، ل نێو مردوو و بریندارەکاندا لەسەر ئەژنۆکانی خۆی خزاند تا گەیشتە شوێنێکی پارێزراوتر. بەڵام ئەزموونە دڵتەزێنەکە ڕێگری لێنەکرد، بەڵکو هەرکاتێک برسێتی لەناو چادرەکەیدا توندتر بووەوە، دەگەڕایەوە بۆ گەڕان بەدوای یارمەتیدا.
لەگەڵ گواستنەوەی ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان بۆ باشووری کەرتی غەززە، ئەو ڕێگەی خۆی بۆ ڕەفەح گرتەبەر، لەوێ مەترسی و تەحەددیاتەکان زیاتر بوون. ئەوەندەی بیری لە خۆی نەدەکردەوە کە چاوەڕێی دەکرد.
وتیشی: هەر جارێک دەچووم بۆ وەرگرتنی یارمەتی، یەکێک لە منداڵەکانم لەگەڵ خۆم دەبرد، لە شوێنێکی دیاریکراودا بەجێم دەهێشت و پێم دەوت ئەگەر زیاتر لە کاتژمێرێک دواکەوتم، بڕۆرەەە بۆ چادرەکە، منداڵەکانم ئامادە دەکرد بۆ ئەگەری لەدەستدانی من لە هەر ساتێکدا.
ئەو هەوڵی دەدا هاوکارییەکان لەگەڵ چواردە برازا و خوشکەزای بێ باوکدا دابەش بکات، دوای ئەوەی سێ براکەی لە کاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خۆراک بۆ خێزانەکانیان دوای چەند مانگێک لە برسێتی و گەمارۆدان کوژران، هەرچەندە ڕۆیشتنی یارمەتییەکان لە هەندێک کاتدا تا ڕادەیەک باشتر بوو، بەڵام گەیاندنی بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێی بوو، ئاڵۆز و قورس مابووەوە.
ئازاردان و یاریکردن لە بەرامبەر هاوکاریدا
شروق سەعدوڵا لایەنێکی تری ئازارەکان ئاشکرا دەکات، لە خودی برسێتی کەمتر توند نییە، وتی: هەندێک لە ژنان ئازاردەدرێن و فشاریان لەسەرە بۆ وەرگرتنی هاوکاری نەختینەیی یان پارسێلی خۆراک، وتی: جارێک بە بڕێکی کەم هاوکاری پەیوەندیم پێوەکرا، بەڕاشکاوی ڕەتمکردەوە، پێم باشتر بوو بچمە هێڵی پێشەوە و ڕووبەڕووی فیشەک ببمەوە نەک کەرامەتی خۆم پێشێل بکەم یان پێویستیم بقۆزرێتەوە.
ئازارەکانی بە گەڕان بەدوای خۆراکدا کۆتایی نایەت، درێژدەبێتەوە بۆ سەرەتاییترین وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە بەهۆی کەمی سووتەمەنی و گرانی نرخی وزەوە ناچارە بە بەکارهێنانی نایلۆن و پاشماوەی پلاستیک خواردن دروست بکات، هەروەها بەشە غازە سنووردارەکەی کە چەند مانگ جارێک تەنها یەکجار وەریدەگرێت دەفرۆشێت بۆ کڕینی مریشک یان سەوزە بۆ منداڵەکانی، کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لێیان بێبەش کراون.
وتیشی: دەزانم سووتانی پلاستیک زیان بە تەندروستیمان دەگەیەنێت و زیان بە سییەکانمان دەگەیەنێت، بەڵام چی بکەم؟ هەوڵدەدەم هەر جێگرەوەیەم بدۆزمەوە کە بتوانێت یارمەتیم بدات لە خۆراکدانی منداڵەکانم، هەندێکجار ڕۆژێکی تەواو لەسەر ئەو خۆراکە دەژین کە لەلایەن ڕێکخراوە خێرخوازییەکە دابینکراوە.
سەرەڕای ئەو هەموو زیان و ئاوارەبوون و برسێتی و ترسەی بەرگەی گرتووە، شروق سەعدوڵا باسی خۆی ناکات وەک زیانبەرکەوتووێەک، بەڵکو وەک ژنێک کە بەهۆی شەڕەوە ناچار بووە ڕۆڵ بگێڕێت کە هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتووە بەرگەی بگرێت، لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ژنانی فەڵەستینی سەلماندوویانە کە توانای بەرگەگرتنیان هەیە، ئێمە بەرپرسیارێتی ماڵ و منداڵ و خێزانمان لە ئەستۆ گرت و لە بەرامبەر برسێتی و مردن و ستەمدا وەستاینەوە، ئێمە بەدوای قارەمانێتیدا ناگەڕێین، ئێمە تەنها هەوڵدەدەین ژیانی ئەو کەسانە بپارێزین کە خۆشمان دەوێن و هۆکاری نوێ دروست بکەین بۆ بەردەوامبوون.