ژنانی حەسەکە: پێویستە چارەسەری بۆ گرتنەوەی ئاو بدۆزرێتەوە

ژنانی شاری حەسەکە گلەیی لە بڕینی ئاوی ئێلۆک دەکەن و دووپاتیان کردەوە کە پیلانێکی پیس لە دژی خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدرێت، ئەوەش لە بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە دیارە.

 

ڕۆنیدا ئاجی

حەسەکە- پڕۆژەی ئاوی ئیلۆک بۆ شارەکانی حەسەکە و تل تەمر، هەرێمەکانی حەسەکە وەک هۆل، ئێریشا، شەدادییە، مەرگەدە و کامپەکانی هۆل، واشۆکانی و سەریکانی گرنگییەکی ستراتیژی هەیە، لەو ناوچانەدا زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتوو هەن، سەبارەت بە گرتنەوەی ئاوی ئەو ناوچانە ژنان ناڕازیبوونی خۆیان دەخەنە ڕوو.

 

"بڕینی ئاو یەکێکە لە پلانەکانی بەئامانجگرتنی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتی"

زەرگا محەمەد، دانیشتووی حەسەکەیە، دەربارەی گرتنەوەی ئاو و بەئامانجگرتنی پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک وتی: خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر بنەمای پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک ژیان دەکەن، بەڵام ئەم پڕۆژەیە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتان ناکات، بۆیە هێزە دەسەڵاتدارەکان و دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەنە سەر ئەم پڕۆژەیە و فشارێکی گەورە دەخەنە سەر خەڵکی مەدەنی، بڕینی ئاویش یەکێکە لە پلانەکانی بە ئامانجگرتنی ئەو پڕۆژەیە،  بەو شێوەیەش دەیانەوێت دانیشتوانی حەسەکە سەرکوت بکەن، بەڵام ئەمە دوورە لە خەون و خەیاڵەکانیان و ئێمە بەرخۆدانی دەکەین".

 

"بەهۆی بڕینی ئاوەوە منداڵەکانمان نەخۆش کەوتوون"

نورا ئەمین، بانگەوازی بۆ ڕێکخستەکانی مافی مرۆڤ کرد کە چارەسەرییەک بۆ گرتنەوەی ئاو بدۆزنەوە و وتی: ماوەی چەند ساڵێکە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئارامی و ئاسایشدا دەژی، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بەم دۆخە ناڕەحەتە، بۆیە ئاو لەسەر ئەو ناوچانە دەبڕێت، چونکە ئاو سەرچاوەی سەرەکی ژیانە، بەم شێوەیە دەیهەوێت خەڵکی تووشی نەخۆشی بکات.

 

نورا دەڵێت: حکومەتی دیمەشق بێدەنگە لەم دۆخەدا، دیارە دەیەوێت هاوڵاتیان لە دژی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەربکەن، لەو کاتەوەشی دەوڵەتی تورکیا سەرێکانی داگیرکردووە، ئاسوودەییمان نەبینیوە، ئاو وەک چەکێک دژی خەڵکی ناوچەکە بەکاردێنێت، ئێمە ئاو لە تەنکەرەکان دەکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوێن نییە منداڵەکانمان نەخۆش دەکەون، پێویستە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ بڕینی ئاوی وێستگەی ئێلۆک.

 

ت.پ