بە سەرهەڵدانی مەدەنی... ژنان یاسا دەسەڵاتدارەکانی ڕژێمی ئێران پێشێل دەکەن

لەگەڵ سەرهەڵدانی مەدەنی و پێشێلکردنی یاسا دەسەڵاتدارەکانی ڕژێم و نەریتەکانی کۆمەڵگە، پابەندنەبوون بە حیجاب یەکێکە لە گرنگترین شێوەکانی سەرهەڵدانی مەدەنی کە حکومەتی ئێران هەست بە بێهێزی دەکات بەرامبەری.

لارا جەوهەری

 

مەهاباد- دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، بە بیانووی ئەوەی کە حیجابەکەی بە شێوەیەکی دروست لەبەر نەکردووە، خۆپیشاندانی بەربڵاو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان چوونە سەر شەقامەکان و دژی ستەم و نادادپەروەری وەستانەوە.

 

ڕاپەڕینی ئەم دواییەی ئێران بزووتنەوەیەکی بێ وێنەیە لە ماوەی حوکمڕانی ڕژێمی ئیسلامیدا، بەڵام کێشەی حیجاب نەک تەنها دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی ئێستا، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی پێش خۆی و ژنان بۆ ئازادی خۆیان لە دژی کولتووری پیاوسالاری لە خێزان و کۆمەڵگەدا تێکۆشانیان دەکرد، ڕاپەڕینەکەی ئەم دواییانە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر شێوازی جلوبەرگ و تەنانەت بەرهەمهێنان و فرۆشگاکانی جلوبەرگی ژنان.

 

ئەمساڵ، بەهۆی گۆڕانی نرخەکانەوە، مانتۆکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوودا زۆر گرانتر بووە و ژنان ڕەتی دەکەنەوە کە مانتۆ داپۆشراوەکان بکڕن کە لەلایەن حکومەتەوە پەسەند کراوە، زۆربەی ژنان بلوسێکی شل و کورت لەبەر دەکەن و بەبێ سەرپۆش و کڵاو دەچنە دەرەوە.

 

لەگەڵ ڕاپەرین شێوازی جلوبەرگ گۆڕانکاری بەسەردا هات

سەبارەت بە فرۆشتنی جلوبەرگ و کۆت و داپۆشین لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا، لاوین ئاین، فرۆشیارێکی جلوبەرگ و مانتۆی ژنان دەڵێت: کڕیارەکانم تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٤٠ ساڵدایە و جۆراوجۆری کاڵاکان لە دوکانەکەدا کڕیارێکی زۆر ڕادەکێشێت، هەروەها جلوبەرگی ژنانیش بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە گۆڕانکاری بەسەرداهات، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێدا، سەرەڕای خۆپیشاندانە بەردەوامەکان، جلوبەرگەکان بەتەواوی لە شێوازی نەریتی خۆیان جیادەکرایەوە، تەنانەت لەو کاڵایانەی کە دەیکڕین، زۆرجار لە تاران بەرهەم دەهێندرێن، وتی: ژنان بەدوای جلوبەرگی کورتدا دەگەڕێن کە پێشەوەیەکی کراوەیان هەبێت، ئەگەر لە بازاڕدا مانتۆیەکی داخراوت دۆزییەوە، دەبێت دوگمە لە پێشەوە هەبێت بۆ ئەوەی بە کراوەیی بمێنێتەوە، پێشتر ژنان مانتۆی داخراویان لەبەر دەکرد، بەڵام دوای ڕاپەڕینەکە، شێوەی مانتۆ گۆڕدراو ژنان ئەومانتۆیەک لەبەر ناکەن کە ڕژێمی ئێران پێی باشترە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت گۆڕانکاری پانتۆڵەکانیش زۆر ئاشکرایە، چونکە چیتر داواکارییەکی زۆر نییە بۆ پانتۆڵە درێژەکان و هەندێک لە ژنان کراسێکی جیاواز لەبەر دەکەن.

 

فرۆشتنی جلوبەرگی کراوە بە ئۆنلاین سنووردار کرا

ساڵی ڕابردوو، ڕژێمی ئیسلامی فرۆشتنی جلوبەرگی کراوە و کورتکراوەی لە ڕێگەی ئۆنلان سنووردار کرد، بەڵام بەرهەمهێنەران ئەم فەرمانەیان ڕەتکردەوە، سەبارەت بە سنووردارکردنی فرۆشتنی ئۆنلاین وتی: لە ساڵی ڕابردووەوە فرۆشتن و ڕیکلامکردنی ئینتەرنێت لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانەوە سنووردار کراوە، بۆ ئەوەی جلی کورت و چاکەتی ژنان کە درێژییەکەی ١٨٠ یان کەمتر بێت، یان کۆتی کراوە بەرهەم نەهێندرێت، بەڵام کۆمپانیاکانی دروستکردن بە نهێنی فرۆشتوویانە بە خاوەن فرۆشگاکان، هەروەها فرۆشتنی لەچک و کڵاوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، فرۆشتنی پۆشاک و جلوبەرگی ژنان بەگشتی کەمی کردووە و دەتوانین بڵێین بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا بۆ نیوە کەمیکردووە، چونکە جگە لە خۆپیشاندانەکان، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان کاریگەری لەسەر کڕین کردووە.